وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى بۆ هاوڵاتى: له‌ مه‌ترسى گه‌وره‌ى کۆرۆناداین

"چونه‌ ده‌ره‌وه‌ به‌بێ ده‌ستکێش و ماسک مه‌ترسییه‌و نازانرێت کێ هه‌ڵگرى ئه‌م ڤایرۆسه‌ن"

5 ساڵ لەمەوپێش



سازدانى: ئارا ئیبراهیم
وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان جه‌ختله‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌"هه‌رێمى کوردستان له‌ مه‌ترسى گه‌وره‌ى تووشبوون به‌ ڤایرۆسى کۆرۆنادایه‌"، و ده‌شڵێت:" ئاماره‌کان تا دێت زیاد ده‌بن و چونه‌ ده‌ره‌وه‌ به‌بێ ده‌ستکێش و ماسک مه‌ترسییه‌و نازانرێت کێ هه‌ڵگرى ئه‌م ڤایرۆسه‌سه‌".

محه‌مه‌د قادر، وته‌بێژى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێم له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت"بڵاوبونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا له‌هه‌رێمى کوردستان زۆر بووه‌و ئاماره‌کان ئاماژه‌ى ئه‌وه‌ن که‌ له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا رێژى تووشبوان زیادى کردووه‌ به‌جۆرێک ده‌بێت له‌سه‌ر ئاستى تاک خۆپارێزى بکرێت، هه‌رکه‌سێک که‌ له‌ ماڵکه‌که‌ى ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ پێویسته‌ ده‌ستکێش و ماسک به‌کاربهێندرێت چونکه‌ نازانرێت ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر شه‌قامه‌ هه‌ڵگرى ڤایرۆسه‌که‌یه‌ یان ناو دیار نییه‌ کێتووش بووه‌".

ناوبراو مه‌ترسى بڵاوبونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆناى بۆ ئه‌وه‌ گه‌رانه‌وه‌ که‌ له‌ئێستادا ئه‌وانه‌ى تووش ده‌بن له‌ناو کۆمه‌ڵگادان" هیوادارین دۆخه‌که‌ له‌ کۆنتڕۆڵ ده‌رنه‌چێت، وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى داواى کردووه‌ که‌ هاوڵاتیان پێویسته‌ پابه‌ندى رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌کان بن".

محه‌مه‌د قادر، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێم باسى له‌وه‌شکرد، ئه‌و ماوه‌یه‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆ قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆى راگه‌یانددووه‌ پێویسته‌ هاوڵاتیان پێوه‌ى بابه‌ند بن، وتیشى:" ئاماره‌کانى ئه‌م شه‌ش رۆژه‌ى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ پێمان ده‌ڵێت قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ درێژده‌کرێته‌وه‌ یان نا".

ده‌رباره‌ى پێداویستییه‌ پزیشکییه‌کان که‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌ به‌رایه‌تییه‌کانى ته‌ندروستى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ گله‌یی له‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ده‌که‌ن، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى وتى:" هه‌موو ئه‌و هاوکارییه‌ پزیشکیانه‌ى هێندراونه‌ته‌ هه‌رێمى کوردستان به‌شێوه‌یه‌کى یه‌کسان و له‌سه‌ر بنه‌ماى ژماره‌ى دانیشتوان و زۆنى شوێنى تووشبوان هاوکارییه‌ پزیشکییه‌کان ده‌گه‌یه‌ندرێت و هاوکارى پزیشکیش له‌نێوان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌کانى ته‌ندروستیدا هه‌یه‌".

ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى له‌ مارکێته‌کاندا قه‌ره‌باڵغى زۆرى هاوڵاتیان ده‌بیندرێت و رێنماییه‌کانى ته‌ندروستى جێبه‌جێ ناکرێت، محه‌مه‌د قادر وتى:" وه‌ک وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى داوامان له‌ لیژنه‌کانى قایمقامییه‌ت له‌ سه‌رجه‌م پارێزگاکان کردووه‌ چاودێرى بکه‌ن و ئه‌وانیش تیمه‌کانیان له‌ کاردان، به‌ڵام ئێمه‌ش ئه‌و حاڵه‌تانه‌ ده‌بینین به‌داخه‌وه‌ پێویسته‌ هاوڵاتیان له‌ دوورى مه‌ترو نیوێک له‌ یه‌که‌وه‌ بن و رێنماییه‌کان جێبه‌جێ بکه‌ن".
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار