موسه‌نا ئه‌مین: دابه‌شکردنى موچه‌ ئه‌رکى حکومه‌تى هه‌رێمه‌ نه‌ک به‌غدا

"حکومه‌تى هه‌رێم له‌ماوه‌ى 30 رۆژدا له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق رێکنه‌که‌وێت، خه‌تاى هه‌رێمه‌"

5 ساڵ لەمەوپێش



سازدانى: شاناز حه‌سه‌ن
ئه‌ندامێکى کورد له‌ په‌رله‌مانى عێراق ده‌ڵێت دابه‌شکردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم ئه‌رکى حکومه‌تى هه‌رێمه‌ نه‌ک به‌غدا و ده‌شڵێت:" حکومه‌تى هه‌رێم له‌ماوه‌ى 30 رۆژدا له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق رێکنه‌که‌وێت، خه‌تاى هه‌رێمه‌".

به‌پێى نوسراوه‌ فه‌رمییه‌که‌ى حکومه‌تى عێراق که‌ له‌ 19ى ئایار 2020 ره‌وانه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم کراوه‌ ته‌نها 18 رۆژ له‌به‌رده‌م هه‌رێمدایه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ رێککه‌وتن.

موسه‌نا ئه‌مین، ئه‌ندامى فراکسیۆنى یه‌کگرتوو له‌ په‌رله‌مانى عێراق، له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى، ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد حکومه‌تى هه‌رێم و عێراق له‌سه‌ر یاساى 2019ى بودجه‌ى عێراق رێککه‌وتن که‌ حکومه‌تى هه‌رێم رۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستى به‌غدا بکات، به‌ڵام به‌هۆى پابه‌ندنه‌بونى حکومه‌تى هه‌رێم به‌و یاساییه‌وه‌ نه‌توانرا بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان ره‌وانه‌ بکرێت.
هاوڵاتى: حکومه‌تى عێراق ماوه‌ى 30رۆژى دیاریکردووه‌ بۆ رێککه‌وتن؟ته‌نها 18 رۆژ له‌به‌رده‌م حکومه‌تى هه‌رێمدا ماوه‌، پێتان وایه‌ ده‌گه‌نه‌ ڕێکه‌وتن؟
موسه‌نا ئه‌مین: ئه‌وه‌ زیاتر وه‌فدى هه‌رێم ده‌توانن وه‌ڵامى ده‌قیق بده‌نه‌وه‌، به‌ڵام ده‌بێت بیکه‌ن و ده‌شتوانن بیکه‌ن که‌ خۆیان بیانه‌وێت، چونکه‌ پێشتر هاتون و سه‌ردانیان کردووه‌ و کۆمه‌ڵێک بیرۆکه‌یان پێیه‌، که‌ ئه‌وه‌ چوارچێوه‌یه‌که‌ بۆ رێککه‌وتن، راسته‌ ده‌بێت به‌یاسا رونکرده‌وه‌ بۆ ده‌ستور بکرێت، به‌ڵام له‌ بنه‌ما ده‌ستوریه‌کاندا به‌شى ئه‌وه‌نده‌ى تێدایه‌ بتوانرێت رێککه‌وتن بکرێت.
هاوڵاتى: پێتانوایه‌ پرسى موچه‌ په‌یوه‌ندى به‌ حکومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌ یان حکومه‌تى فیدڕڵى عێراق؟
موسه‌نا ئه‌مین: پرسى موچه‌ و قوتى خه‌ڵک، پرسى ده‌وڵه‌تى عێراقه‌ به‌ هه‌رێم و به‌غداشه‌وه‌،  وه‌ به‌ پله‌ى یه‌که‌م  به‌رپرسیارێتى و ئه‌رکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌، ئه‌گه‌ر داهاته‌کانى هه‌رێم له‌حاڵه‌تێکدا به‌شى ئه‌وه‌ نه‌کات موچه‌ى پێدابین بکات،  ئه‌وکات ده‌بێت له‌ حکومه‌تى فیدراڵییه‌وه‌ به‌شى  ئه‌وه‌ى بۆ بنێردرێت بتوانێت ئه‌رکه‌کانى خۆى راپه‌رێنێت.
هاوڵاتى:پرۆژه‌ بودجه‌ى عێراق بۆ ساڵى2020 گۆرانکارى تێداده‌کرێت به‌هۆى دابه‌زینى نرخى نه‌وته‌وه‌؟
موسه‌نا ئه‌مین: بێگومان بودجه‌ى ئه‌مساڵ جیاواز ده‌بێت له‌گه‌ڵ بودجه‌ى ساڵانى رابردوو،  له‌به‌ر ئه‌وه‌ى داهاتى عێراق وه‌ک خۆى نه‌ماوه‌، به‌ڵام تائێستا بودجه‌ نیه‌ ته‌نیا ره‌شنوسه‌ و به‌ڵام ماده‌م نرخى نه‌وت به‌م شێوه‌ى ئێستا زۆرشکاوه‌ له‌چاو جاراندا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ گۆرانکارى به‌سه‌ردا دێت، چونکه‌ هه‌م داهات گۆراوه‌ و هه‌م خه‌رجیه‌کانیش گۆراون به‌جۆرێکى تر هه‌م رێککه‌وتنى نێوان هه‌رێم و به‌غداش ده‌گۆرێت، بۆیه‌ بودجه‌ى 2020 ره‌نگه‌ جیاوازبێت له‌ بودجه‌ى ساڵه‌کانى پێشووتر.
هاوڵاتى: پێتانوایه‌ په‌سه‌ندکردنى بودجه‌ ئه‌گه‌ر رێککه‌وتن بکرێت له‌گه‌ڵ به‌غدا، بۆ حکومه‌تى هه‌رێم و هاوڵاتیان سوودى هه‌بێت؟
موسه‌نا ئه‌مین: سوده‌که‌ى به‌پێى رێککه‌وتنه‌که‌ى نێوان هه‌رێم و به‌غدا ده‌بێت تائێستا نه‌کراوه‌، به‌ڵام خۆى بونى یاساى بودجه‌ بێگومان بۆ عێراق گرنگه‌ و  به‌گشتى و بۆ هه‌رێمیش به‌تایبه‌تى، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى به‌پێى ئه‌و یاساى بودجه‌یه‌ حکومه‌تى فیدراڵیى داهاتى نه‌وت ده‌دات به‌ هه‌رێمى کوردستان، ئه‌گه‌ر یاساکه‌ نه‌بێت رێککه‌وتنێکى نوێ ده‌وێت بۆیه‌ بونى  بودجه‌ باشترینه‌ بۆ هه‌رێم، به‌ڵام به‌مه‌رجێک وادابرێژرێت له‌ به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵکى هه‌رێم بێت.
هاوڵاتى: ئه‌گه‌ر رێککه‌وتنه‌کانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا دواکه‌وت یان هه‌ر نه‌گه‌یشته‌ رێککه‌وتن، پێتان وایه‌ به‌غدا  هیچ بره‌ پاره‌یه‌کى تر بۆ هه‌رێم بنێرێت؟
موسه‌نا ئه‌مین: به‌پێى کۆتا بریارى حکومه‌تى فیدراڵیى ده‌بێت له‌ماوه‌ى 30رۆژدا رێککه‌وتنى له‌گه‌ڵدا بکات، ئه‌گه‌ر رێککه‌وتن نه‌کرێت، حکومه‌تى هه‌رێم هۆکارى رێکنه‌که‌وتنه‌که‌ بێت،  بێگومان کێشه‌ دروست ده‌بێت  بۆ ئه‌و داهاته‌ى له‌به‌غداوه‌ دێت.

هاوڵاتى: حه‌وت وه‌زاره‌تى کابینه‌که‌ى کازمى ته‌واو نه‌کراوه‌، په‌رله‌مانى عێراق که‌ى ئه‌م پرسه‌ یه‌کلایده‌کاته‌وه‌؟
موسه‌نا ئه‌مین:بێگومان رێکنه‌که‌وتن له‌سه‌ر کاندیده‌کان هۆکارى سه‌ره‌کى دواکه‌وتنى ئه‌و کاندیدانه‌ بوو، ده‌نگنه‌دان پێیان سه‌ربارى ره‌تکردنه‌وه‌ى  ئه‌و کاندیدانه‌شى که‌ هێنرابون، هه‌ندێکى ره‌تکرانه‌وه‌ و هه‌ندێکیان هه‌ر کاندیدى بۆ نه‌هێنرابوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى رێککه‌وتنى  له‌سه‌ر نه‌کرابو هه‌ندێکیشى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى رێککه‌وتنیش کرابوو له‌ناو په‌رله‌ماندا ره‌تکرانه‌وه‌.
نازانرێت که‌ى ده‌کرێت، به‌ڵام ده‌بێت به‌ زوترین کات بکرێت، حکومه‌ت ئێستا به‌پێى یاسا ده‌سه‌ڵاتى به‌رێوه‌بردنى کۆبونه‌وه‌کان و بریاره‌کانى هه‌یه‌، چونکه‌ دوو له‌سه‌ر سێى حکومه‌ت پێکهاتووه‌، ئه‌و سێ یه‌که‌شى که‌ماوه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌بێت به‌م نزیکانه‌ کاندیدى بۆ ئاماده‌بکرێت و ده‌نگى له‌سه‌ر بدرێت.

هاوڵاتى: تائێستا له‌ کابینه‌که‌ى کازمى ته‌نها یه‌کێتى و پارتى پۆستى وزاریان هه‌یه‌ و به‌شدارن، ئایا لایه‌نه‌ کوردستانیه‌کانى ترى ناو په‌رله‌مانى عێراق به‌شداریان پێناکرێت؟
موسه‌نا ئه‌مین: ئه‌وه‌ ئه‌و یه‌کریزییه‌ هاوپه‌یمانیه‌ ناراستیه‌یه‌ که‌ هه‌موو جارێک پارتى و یه‌کێتى  باسى ده‌که‌ن، کاتێک که‌ دێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى که‌ بیانه‌وێت شتێک ده‌ستخه‌ن له‌به‌غدا باسى یه‌کریزى ده‌که‌ن و  هه‌موو لایه‌نه‌کان له‌گه‌ڵ خۆیان کۆده‌که‌نه‌وه‌ و کۆه‌ملێک به‌لێن ده‌ه‌دن و کۆمه‌لێک دارشتنى جوان به‌کارده‌هێنن، به‌ڵاک کاتێک دێته‌ سه‌ر دابه‌شکردنى پۆسته‌کان،  و بگره‌ دواى وه‌رگرتنى سه‌یر ده‌کرێت له‌نێوان خۆیاندا دابه‌ش ده‌کرێت، واش خۆیان له‌نێوان خۆیاندا ناکۆکیان هه‌یه‌، هه‌ر ئه‌و ناکۆکیه‌ بوه‌ هۆکارى ئه‌وه‌ى  له‌ حکوه‌متى پێشوو 5وه‌زاره‌تمان هه‌بێت له‌م حکومه‌ته‌ 3وه‌زاره‌تمان هه‌بێت، تائێستاش یه‌کێکیان دانرابێت.

هاوڵاتى: به‌و پێیه‌ى دوو وه‌زاره‌تى کورد ماوه‌ و کاندیدى بۆ دانه‌نراوه‌، هیچ رێککه‌وتنێک له‌نێوان ئێوه‌ و لایه‌نه‌کانى تردا نیه‌ بۆ وه‌رگرتنى پۆسته‌کان؟
موسه‌نا ئه‌مین: ئێمه‌ له‌راستیدا چاودێر نه‌بوین له‌سه‌ر وه‌رگرتنى پۆست،  و پۆستى وزاریمان هه‌بێت بۆ ئه‌و پۆسته‌ش زۆر هه‌وڵمان نه‌داوه‌، هه‌میشه‌ گفتوگۆکانى ئێمه‌ ئه‌وه‌نده‌ى پرسى موچه‌ و بودجه‌ و ده‌ستکه‌وته‌کانى خه‌ڵک بوه‌ نه‌ک باسى پشکى حزبى، له‌کاتێکدا ئه‌وه‌ش حه‌قى شه‌رعى هه‌ڵبژاردنه‌ و مافى ده‌نگده‌ره‌کانى ئێمه‌یه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و دوو حزبه‌ى تر که‌له‌کاتى هه‌ڵبژاردنیشدا ته‌زویریان کرد، ئێستاش هه‌ر به‌و ده‌نگه‌ ته‌زویرانه‌ ده‌چن له‌وێش پۆسته‌کان بۆ خۆیان داده‌نێن به‌بێ حساب کردن به‌داخه‌وه‌ بۆهێزه‌ سیاسییه‌کانى تر.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار