ته‌ندروستى چه‌مچه‌ماڵ: کارگێره‌که‌ى مه‌ڵبه‌ندى یه‌کێتى به‌ کۆرۆنا گیانى له‌ده‌ستداوه‌

" خۆى باسى ده‌کرد که‌ هه‌موو رۆژێک نێرگه‌له‌ى کێشاوه‌... به‌ ڤایرۆسى کۆرۆنا گیانى له‌ده‌ستدا"

5 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ته‌ندروستى چه‌مچه‌ماڵ زانیارى له‌سه‌ر گیانله‌ده‌ستدانى کارگێرى مه‌ڵبه‌ندى یه‌کێتى له‌ چه‌مچه‌ماڵ به‌ کۆرۆنا ئاشکرا ده‌کات و ده‌ڵێت:" " خۆى باسى ده‌کرد که‌ هه‌موو رۆژێک نێرگه‌له‌ى کێشاوه‌و به‌هۆى کۆرۆناوه‌ گیانى له‌ده‌ستدا".

فوئاد حه‌مه‌ خان، کارگێرى مه‌ڵبه‌ندى یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان له‌ چه‌مچه‌ماڵ ئه‌مڕۆ گیانى له‌ده‌ستدا، شه‌ریف ره‌حیم، وته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ته‌ندروستى چه‌مچه‌ماڵ له‌لێدوانێکدا به‌ هاوڵاتى وت:" کاک فوئاد حه‌مه‌خان رۆژى 2ى حوزه‌یران سه‌ردانى نه‌خۆشخانه‌ى چه‌مچه‌ماڵى کردووه‌و داخڵمان کردو خۆى باسى کرد که‌ هه‌ست ده‌کات کۆرۆنایه‌تى سیه‌کانى ئازارى هه‌یه‌، که‌ پشکنینمان بۆ کرد پۆزه‌تیڤ بوو حاڵه‌ته‌که‌ى خراپ بوو پێویستى به‌ پلازما هه‌بوو".

ناوبراو وتیشى:" خۆى بۆى باسکردین که‌ رۆژانه‌ نێرگه‌له‌ ده‌کێشێت  که‌ ئه‌وه‌ش شتێکى خراپه‌و زه‌ره‌ر له‌ سییه‌کانى مرۆڤ ده‌دات و به‌تایبه‌ت ڤایرۆسى کۆرۆناش راسته‌وخۆ بۆ سییه‌کان ده‌چێت، بۆیه‌‌ ره‌وانه‌ى سلێمانى کرا".

وته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ته‌ندروستى چه‌مچه‌ماڵ، ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ به‌داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆ 7ى حوزه‌یران فوئاد حه‌مه‌ خان به‌ کۆرۆنا له‌ سلێمانى گیانى له‌ده‌ستداوه‌ که‌ ته‌مه‌نى 47 ساڵ بووه‌.

شه‌ریف ره‌حیم، ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ له‌ 20ى نیسان نه‌خۆشخانه‌که‌یان داخستووه‌ به‌و پێیه‌ى هیچ حاڵه‌تێکى ڤایرۆسى کۆرۆنا نه‌بووه‌، به‌ڵام، وتیشى:" له‌ ئێستادا 7 حاڵه‌تى دیکه‌ تۆمار کراوه‌و چواریان پیاون و سیانیان ژنن و له‌ ئێستادا له‌ نه‌خۆشخانه‌ى چه‌مچه‌ماڵ له‌ژێر چاودێرى ته‌ندروستیدان و پشکنینى دیکه‌شمان کردووه‌و حاڵه‌تى دیکه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا تۆمار ده‌کرێت له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌وانه‌ى تووش بوون به‌رکه‌وته‌ى دیکه‌یان له‌گه‌ڵ خه‌ڵکدا هه‌بووه‌".
 ‌فوئاد حه‌مه‌ خان له‌دایکبووى ساڵى 1972 بوو، جگه‌ له‌ کاروبارى حیزبی، هونه‌رمه‌ند‌ و شانۆکاریى چه‌مچه‌ماڵ  بوو و سه‌رۆکى تیپى شانۆیى (سپى حه‌سار) بووه‌.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار