مه‌سرور بارزانى به‌ گه‌ره‌نتى رێککه‌وتن سه‌رۆکایه‌تى وه‌فدى هه‌رێم بۆ به‌غدا ده‌کات

هاوڵاتى ورده‌کارى سه‌ردانى وه‌فدى هه‌رێم بۆ به‌غدا ئاشکرا ده‌کات

5 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم
بڕیاره‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ وه‌فدێکى حکومه‌تى هه‌رێم سه‌ردانى به‌غدا بکاته‌وه‌ که‌ ته‌نها 10 رۆژ له‌به‌رده‌میاندا ماوه‌و له‌سه‌ر ئه‌و واده‌یه‌ى مسته‌فا کازمى بۆ سه‌رکردایه‌تى کوردى دیارى کردووه‌و مه‌سرور بارزانیش به‌ گه‌ره‌نتى رێککه‌وتن ئاماده‌یه‌ سه‌رۆکایه‌تى وه‌فده‌که‌ بکات.
به‌پێى به‌دواداچونه‌کانى هاوڵاتى که‌ له‌ سێ سه‌رچاوه‌ى جیاواز ده‌ستى که‌وتووه‌، بڕیاره‌ حکومه‌تى هه‌رێم رۆژى چوارشه‌ممه‌ یان ئێواره‌ى سبه‌ینێ سێشه‌ممه‌ سه‌ردانى به‌غدا بکات و سه‌رچاوه‌یه‌کیش له‌ حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ مه‌سرور بارزانى گه‌ره‌نتى رێککه‌وتنى له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌وێت و ئه‌وکات سه‌رۆکایه‌تى وه‌فده‌که‌ ده‌کات، وتیشى:" واتا وه‌فده‌کانى پێشتر که‌ چوون سه‌رجه‌م ورده‌کارییه‌کانیان له‌گه‌ڵ به‌غدا باس کردووه‌، سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم ده‌یه‌وێت سه‌رۆکایه‌تى وه‌فده‌که‌ بکات و ئاماده‌یه‌ واژۆى رێککه‌وتنه‌که‌ بکات".

په‌رله‌مانتارێکى کورد: نابێت حکومه‌تى هه‌رێم به‌ به‌رزبونه‌وه‌یه‌کى نرخى نه‌وت پشت له‌به‌غدا بکات


له‌لایه‌کى دیکه‌وه‌، جه‌مال کۆچه‌ر، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق ده‌ڵێت:" عه‌ره‌ب که‌لتوریان وایه‌ حه‌ز ده‌که‌ن ئه‌و که‌سه‌ى ده‌چێت بۆ مفاوه‌زات به‌رانبه‌ر به‌ یه‌ک بن".
جه‌مال کۆچه‌ر، سه‌رۆکى فراکسیۆنى یه‌کگرتوو له‌ په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت" ئه‌وه‌له‌ن عه‌ره‌ب له‌رووى که‌لتورى و عه‌شائیرى خۆیانه‌وه‌ پێیانخۆشه‌ ئه‌وانه‌ى ده‌چن بۆ مفاوه‌زات به‌رانبه‌ر به‌ یه‌ک بن، واتا ناکرێت له‌هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ وه‌زیرێکى هه‌رێم له‌به‌رانبه‌ر وه‌زیرى نه‌وتى عێراق یا دارایى دابنیشێت".
ناوبراو وتیشى:"له‌به‌ر ئه‌و ماوه‌ که‌مه‌ى له‌به‌رده‌م حکومه‌تى هه‌رێمدا ماوه‌ته‌وه‌ گرنگه‌ ئه‌گه‌ر حکومه‌تى هه‌رێم رێککه‌وتنى ده‌وێت له‌گه‌ڵ به‌غدا سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم بچێته‌ به‌غدا".
سه‌رۆکى فراکسیۆنى یه‌کگرتوو ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان نابێت به‌ به‌رزبونه‌وه‌یه‌کى که‌مى نرخى نه‌وتى خاو پشت بکاته‌ به‌غدا، وتیشى:" ئه‌وکاته‌ى نرخى نه‌وت هه‌ر به‌رمیلێکى به‌ 57 دۆلار بوو موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران هه‌ر پاشه‌که‌وتى لێ ده‌کرا".
هاوکات، سه‌رچاوه‌یه‌کى دیکه‌ له‌ سه‌رۆکایه‌تى کۆمارى عێراق ئه‌وه‌ى خسته‌روو که‌ رۆڵى سه‌رۆک کۆمار له‌ پرسى رێککه‌وتنى نێوان هه‌رێم و به‌غدا رۆڵى خۆى ده‌بێت.
هه‌روه‌ها وتیشى:" چه‌ندین جار دکتۆر به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆمارى عێراق له‌گه‌ڵ مسته‌فا کازمى گفتوگۆى له‌سه‌ر چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا کردوه‌و کازمى دڵنیا کردووه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم ئاماده‌یه‌ نه‌وت راده‌ستى به‌غدا بکات".


 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار