‌مه‌کته‌بى سیاسى ناوى کاندیده‌کانى بۆ پۆسته‌ حکومییه‌کان یه‌کلایکرده‌وه‌

دوو به‌رپرسى یه‌کێتى پشتراستى سه‌رجه‌م ناوى کاندیده‌کانیان بۆ هاوڵاتى کرده‌وه‌

4 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم

له‌ 72 کاتژژمێرى رابردوودا مه‌کته‌بى سیاسى یه‌کێتى کاندیدى هه‌شت پۆستى باڵاى بۆ کابینه‌ى نۆیه‌م یه‌کلایکرده‌وه‌و دوو به‌رپرسى یه‌کێتى پشتراستى سه‌رجه‌م ناوى کاندیده‌کانیان بۆ هاوڵاتى کرده‌وه‌.

رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى رابردوو مه‌کته‌بى سیاسى یه‌کێتى سه‌رجه‌م ئه‌و ناوانه‌ى یه‌کلایکرده‌وه‌ که‌ ئیستحقاقى حزبه‌که‌یه‌تى بۆ پۆستى وه‌کیل وه‌زیرو سه‌رۆک ده‌سته‌کان.

به‌رپرسێکى باڵاى یه‌کێتى له‌به‌ر هه‌ستیارى بارودۆخه‌که‌ بۆ هاوڵاتى جه‌ختى له‌و ناوانه‌ کرده‌وه‌و وتى:" پێمانوتراوه‌ قسه‌ نه‌که‌ین له‌به‌ر بارودۆخه‌که‌، به‌ڵام ناوى ئه‌و هه‌شت کاندیده‌ راسته‌و به‌شێکیان نێردراون بۆ ئه‌وه‌ى مه‌رسومى ده‌ستبه‌کاربوونى له‌ سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم بۆ ده‌ربچێت".

هاوکات، یه‌کێک له‌ کاندیده‌کان که‌ ناوى هاتووه‌ بۆ پۆستێکى حکومى ئه‌وه‌ى بۆ هاوڵاتى پشتراستکرده‌وه‌و وتى:" به‌ڵێ سه‌رجه‌م ناوه‌کان راستن و بریاره‌ هه‌مووى پێکه‌وه‌ به‌ نوسراوێک بنێردرێت بۆ ئه‌وه‌ى مه‌رسومى بۆ ده‌ربکرێت".

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ پاکێجى کاندیدانى یه‌کێتى و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بریاره‌ له‌ هه‌فته‌ى داهاتوودا مه‌رسومى بۆ ده‌ربکرێت.

ناوى کاندیده‌کانى یه‌کێتى بۆ پۆستى بریکارى وه‌زارو سه‌رۆک ده‌سته‌ بریتین له‌:

یه‌که‌م: لیوا چه‌تۆ صاڵح، ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتیى بۆ بریکارى وه‌زیرى ناوخۆ.

دووه‌م: احمد موفتى، براى عدنان موفتى سه‌رۆکى پێووشترى په‌رله‌مان و به‌ڕێوبه‌رى گشتیى له‌وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌کان بۆ بریکارى وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌کان.

سێیه‌م: په‌روین حه‌مه‌،  ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتیى بۆ پۆستى سه‌رۆکى ده‌سته‌ى مین.

چواره‌م: د. ره‌هێل فه‌ره‌یدون، سکرتێرى پێشووترى کۆمه‌ڵه‌ى خوێندکاران  بۆ پۆستى بریکارى وه‌زیرى ته‌ندروستى.

پێنجه‌م: ئه‌مه‌ل جلال، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى باڵاى خانمان بۆ سه‌رۆکى ده‌سته‌ى گه‌شتو گوزار.

شه‌شه‌م: على عوسمان، جێگرى پێشووى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ پۆستى بڕیکارى وه‌زاره‌تى   پیشه‌سازى و بازرگانى.

حه‌وته‌م: شیلانى  کاتب عدل، ئه‌ندامى مه‌کته‌بى هه‌ڵبژاردنى یه‌کێتیى بۆ پۆستى بڕیکارى وه‌زیرى داد.

هه‌شته‌م:زێندن مولود، جێگرى لێپرسراوى مه‌ڵبه‌ندى سۆران بۆ پۆستى بڕیکارى وه‌زیرى ئه‌وقاف.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار