سه‌رۆکى فراکسیۆنى پارتى: لازمه‌ حکومه‌تى هه‌رێم و عێراق رێککبکه‌ون

ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید: گفتوگۆى نێوان هه‌ولێرو به‌غدا ئاڵۆزه‌

4 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم
سه‌رۆکى فراکسیۆنى پارتى له‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌ گه‌شبینییه‌وه‌ ده‌روانێته‌ رێککه‌وتنى نێوان حکومه‌تى عێراق و هه‌رێمى کوردستان و ده‌شڵێت:"لازمه‌ بگه‌ن به‌رێککه‌وتن و گفتوگۆ له‌سه‌ر کۆى مه‌له‌فه‌کانى نه‌وت و گاز و دارایى و داهاته‌کان بکه‌ن"، په‌رله‌مانتارێکى کۆمه‌ڵیش ده‌ڵێت:"گفتوگۆکان ئاڵۆز ده‌بێت".

به‌پێى به‌دواداچونه‌کانى هاوڵاتى که‌ له‌ به‌رپرسێکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ده‌ستى که‌وتووه‌ بڕیاره‌ ئێواره‌ى رۆژى شه‌ممه‌ 20 حوزه‌یران یان رۆژى یه‌کشه‌ممه‌ 21 حوزه‌یران وه‌فدى حکومه‌تى هه‌رێم بچێته‌وه‌ بۆ به‌غدا بۆ دانوسان و گه‌یشتن به‌ رێککه‌وتن.

ئه‌و به‌رپرسه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌ چه‌ند شاره‌زاو پسپۆرێکى دارایى و ژمێریارى له‌گه‌ڵ وه‌فده‌که‌ ده‌بێت، وتیشى:" تا ئێستا دیار نییه‌ مه‌سرور بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌ت ده‌چێت یان نا، به‌ڵام به‌رنامه‌که‌ دارێژراوه‌و  وه‌فده‌که‌ى هه‌رێم به‌ هه‌موو زانیارییانه‌ى به‌غدا داواى کردووه‌ ده‌چێته‌ دانوساندنه‌وه‌".

سه‌رۆکى فراکسیۆنى پارتى له‌ په‌رله‌مانى عێراق ده‌ڵێت:" لازمه‌ هه‌ردوو حکومه‌تى عێراق و هه‌رێم بگه‌نه‌ رێککه‌وتن".
ڤیان صه‌برى، سه‌رۆکى فراکسیۆنى پارتى له‌ په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:" وه‌فدى حکومه‌تى هه‌رێم هه‌ر کات پێویست بووه‌ چووه‌ بۆ به‌غداد و ئه‌مجاره‌ش بۆ رێککه‌وتن و گه‌یشتن به‌ ئیتفاق ده‌چێته‌وه‌و ئه‌وه‌ داواکارى هه‌ردوو حکومه‌تى کازمى و هه‌رێمى کوردستانه‌ که‌ بگه‌نه‌ رێککه‌وتن و لازمیشه‌ رێکبکه‌ون له‌سه‌ر مه‌له‌فاتى نه‌وت و گاز و دارایى و داهات و کۆى مه‌له‌فه‌کان".

به‌پێى نوسراوى فه‌رمى حکومه‌تى عێراق مۆڵه‌تى ته‌نها یه‌ک مانگ دراوه‌ به‌ حکومه‌تى هه‌رێم و سبه‌ینێ هه‌ینى 19ى حوزه‌یران ئه‌و ماوه‌یه‌ کۆتایى پێ دێت، به‌ڵام سه‌رۆکى فراکسیۆنى پارتى جه‌ختى له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ گفتوگۆو دانوسانه‌کان و کاته‌که‌ى په‌یوه‌ندى به‌ حکومه‌تى عێراقه‌وه‌ هه‌بووه‌" وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق کێشه‌ى فه‌نییاتیان هه‌بووه‌و ئه‌وان کۆبونه‌وه‌و دانوساندنه‌کانیان دواخستووه‌ نه‌ک وه‌فدى حکومه‌تى هه‌رێم".
هه‌روه‌ها ڤیان صه‌برى، پێشیوابوو ده‌بێت دانوساندن و گفتوگۆکان بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستورى عێراق بێت.

ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى زانیاریان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى مه‌سرور بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌مجاره‌ ده‌چێته‌ به‌غدا، سه‌رۆکى فراکسیۆنى پارتى وتى:" نازانم، به‌ڵام هه‌ر کات پێویست بێت حکومه‌تى هه‌رێم ئاماده‌یى نیشانداوه‌ بۆ گه‌یشتن رێککه‌وت و لازمیشه‌ رێکبکه‌ون ئه‌وه‌ داواکارى خودى مسته‌فا کازمى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراقیشه‌".

له‌ماوه‌ى دوومانگى رابردوودا وه‌فدى حکومه‌تى هه‌رێم دووجار سه‌ردانى به‌غدادى کردووه‌ به‌سه‌رۆکایه‌تى قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم و وه‌زیرى دارایى و پلانداندان و سه‌رۆکى دیوان و سکرتێرى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌گه‌ڵ چه‌ند شاره‌زایه‌کى دارایى، به‌ڵام ته‌نها ئاڵوگۆرى پێشنیارو داواکارییه‌کانى یه‌کتر کراوه‌.

ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له‌ فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ له‌ په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا به‌ هاوڵاتى وت:" گفتوگۆکانى نێوان عێراق و حکومه‌تى هه‌رێم مه‌له‌فى زۆرى له‌خۆگرتووه‌و ئاڵۆز ده‌بێت، حکومه‌تى هه‌رێم له‌کاتێکى دره‌نگدا ده‌چێته‌ به‌غدا که‌ ماوه‌ى مانگێکى له‌به‌رده‌ستدا بووه‌و هیچیان نه‌کردووه‌".

ناوبراو ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ "حکومه‌تى عێراق داواى داهاتى نه‌وتى ساڵى 2014 تا 2017ى که‌رکوکى له‌ وه‌فدى هه‌رێم کردووه‌ که‌ ئه‌و پارانه‌ چى لێکراوه‌، له‌گه‌ڵ داهاتى خاڵه‌ گومرییه‌کان له‌ 2005 تا ئێستا و بۆیه‌ گفتوگۆکان هه‌ر پرسى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت نییه‌".

به‌پێى به‌دواداچونه‌کانى هاوڵاتى، به‌غدا ئاماده‌یه‌ مانگانه‌ 500 ملیار دینار بداته‌ هه‌رێم له‌به‌رانبه‌ر 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ له‌گه‌ڵ نیوه‌ى داهاتى خاڵه‌ گومرگییه‌ فیدراڵییه‌کان، ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید وتیشى:" تا ئێستا زانیارییه‌کان ئه‌وه‌ن که‌ به‌غدا 500 ملیار دینارى مانگانه‌ زیاتر ناداته‌ هه‌رێم و ده‌رئه‌نجامى گفتوگۆکانیش یه‌کلاییده‌کاته‌وه‌".
ئه‌و ئه‌ندامه‌ى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق وتى:" لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق و وه‌زاره‌تى دارایى چه‌ندین جار کۆبونه‌ته‌وه‌ نازانن چۆن کورتهێنانى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى عێراق چاره‌سه‌ر بکه‌ن، بۆیه‌ به‌غدا له‌مه‌ودوا نه‌وت وه‌رنه‌گرێت زه‌حمه‌ته‌ پاره‌ بۆ هه‌رێم بنێرێت".


 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار