په‌رله‌مان بۆ مه‌سرور بارزانى: بڕینى موچه‌ ناڕه‌وایه‌تیه‌

"حکومه‌تى هه‌رێم له‌ سه‌دا 21ى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى که‌مکرده‌وه‌"

4 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حه‌سه‌ن

سه‌رۆکى لیژنه‌ى دارایى له‌ په‌رله‌مانى کوردستان رایگه‌یاند له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى حکومه‌ت وابریاریداوه‌  برینى موچه‌‌ ته‌نیا بۆ موچه‌ى ئه‌م مانگه‌ بێت و ده‌ڵێت"به‌هه‌ر هۆکارێک ده‌ست ببرێت بۆ برینى موچه‌ ناره‌وایه‌ و  هیچ بیانویه‌کى نیه‌".

زیاد جه‌بار، سه‌رۆکى لیژنه‌ى دارایى له‌ فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌ په‌رله‌مانى کوردستان له‌ لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت" حکومه‌ت باسى له‌وه‌کردووه‌ که‌ برینى موچه‌ ته‌نیا بۆ موچه‌ى ئه‌م مانگه‌ ده‌بێت دواتر به‌پێى بارى دارایى حکومه‌ت گۆرانکارى تێداده‌کرێت و به‌ڵام ئه‌گه‌ر واش بێت به‌هه‌ر هۆکارێک ده‌ست ببرێت بۆ برینى موچه‌ ناره‌وایه‌ و  هیچ بیانویه‌کى نیه".

سه‌رۆکى لیژنه‌ى دارایى شێوازى برینى موچه‌که‌ى رونکرده‌وه‌ وتى" برینى شێوازى موچه‌که‌ له‌ پله‌باڵاکانه‌وه‌ ده‌ست پێده‌کات که‌ زۆرترین موچه‌یان لێده‌بردرێت و تا ده‌گاته‌ موچه‌ى فه‌رمانبه‌رێک که‌ له‌ سه‌دا 21ى موچه‌که‌یان ده‌بردرێت واته‌ موچه‌ زۆره‌کان زیاتریان لێده‌بردرێت وه‌ک له‌ موچه که‌مه‌کان".

زیاد جه‌بار، باسى کردو وتى" ئه‌م بریاره‌ى حکومهت ته‌نیا بۆ ئه‌م مانگه‌یه‌ بۆیه‌ ناوى نانێت پاشه‌که‌وتى موچه‌ و حکومه‌ت خۆشى به‌ قه‌رزارى فه‌رمانبه‌ران نازانێت بۆیه‌ ناوى نانێت  قه‌رز و به‌پێى بارودۆخى دارایى خۆى  گۆرانکارى به‌سه‌ردا دێت، واته‌ که‌ ئه‌گه‌ر بارى دارایى حکومه‌ت باش بێت ئه‌وه‌ لاده‌برێت و که‌ خراپتریش بێت ئه‌وه‌ خراپتر ده‌بێت".

ئه‌ندامه‌که‌ى فراکسیۆنى یه‌کێتى  ئه‌وه‌شى دوپاتکرده‌وه‌ " به‌هه‌ر هۆکارێک ده‌ست ببرێت بۆ برینى موچه‌ ناره‌وایه‌ و  هیچ بیانویه‌کى نیه‌".

له‌باره‌ى کاتى دابه‌شکردنى موچه‌وه‌ وتى" ئه‌ه‌گر ئه‌و بریاره‌ له‌ سبه‌ینێوه‌ بچێته‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌، واش هه‌ر کاتى پێده‌چێت و ماوه‌یه‌کى ده‌وێت تا وه‌زاره‌ته‌کان رێکیده‌خه‌ن".   

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، بە ڕەچاوكردنی ئەو داهاتەی كە ئێستا لەبەردەستی وەزارەتی دارایی و ئابورییه، بڕیاردرا تەمویلكردنی ڕێژەی 79% ( لە سەدا حەفتا و نۆی) خەرجییەكانی موچە و شایستەی دارایی موچەخۆرانی گشت وەزارەت و دەستە و لایەنەكانی نەبەستراو بە وەزارەت و سەرجەم سەرۆکایەتی و دامەزراوەكانی هەرێم بڕیادراوە بە ڕاگرتنـی خەرجکردنی ڕێژەی 21% ( لە سەدا بیست و یەكی) ئەوە کە دەمێنێتەوە لەلایەن وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە لەسەر سەرجەم موچەخۆران جێبەجێ دەكرێت.

هاوکات ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لەسەر بڕیارەكەی حكومەت بۆ كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەران ناڕازیە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی رایگەیاند: كە لە بڕیاری‌ كەمكردنەوەی‌ مووچەی‌ فەرمانبەران ناڕازین.

 ئاشكراشیكرد: كە مەكتەبی سیاسی دیراسەی ئەو پێشهاتە دەكات رێگەیەك هەڵدەبژێرێت كە لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندا بێت.

دەقی بڕیارەکانیکۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم:

ئەمڕۆ یەکشەممە 2020/6/21  ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەشداریی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبونەوەیەکی تایبەتی ئەنجامدا.

لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دۆخی دارایی ئێستای هەرێم و هەوڵەکانی حکومەت بۆ دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرا.    

 

لە دوای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران چەندین كۆبونەوەی ئەنجامدا بە ئاراستەی هەرچی زو دابینكردنی شایستە داراییەكانی موچەخۆرانی هەرێمـی كوردستان له رێگەی دیراسەكردنی سەرجەم ئەگەر و دەرفەتەكان و بە ڕەچاوكردنی ئەو داهاتەی كە ئێستا لەبەردەستی وەزارەتی دارایی و ئابورییه كە بەراورد بە خەرجییەكانی موچە و شایستەی دارایی موچەخۆران، كورتهێنانێكی بەرچاوی تێدایە، بۆیە بە مەبەستی خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو كورتهێنانە كە هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ دواكەوتنـی ناردنی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن حكومەتی فیدراڵی و لێكەوتە دارایی و ئابورییەكانی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە سەرتاسەری جیهانی گرتەوە بە هەرێمـی كوردستانیشەوە، ئەمە سەرەڕای دابەزینی نرخی نەوت. لە كاتێكدا ئەنجومەنی وەزیران پێزانینی خۆی دەردەبڕێت بۆ تێگەیشتنی موچەخۆران لەم بارودۆخە داراییە سەختە و بەتایبەتیش پزیشك و كارمەندانی تەندروستی كە لە هێڵی پێشەوەی جەنگن لە دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا، هەروەها هێزەكانی ئاسایش و ئاسایشی ناوخۆ و پێشمەرگەش، ئەنجومەنی وەزیران لە دوای دیراسەكردنی گشت ئەگەرەكان  بڕیاریدا بە:

یەكەم:

أ: تەمویلكردنی ڕێژەی 79% ( لە سەدا حەفتا و نۆی) خەرجییەكانی موچە و شایستەی دارایی موچەخۆرانی گشت وەزارەت و دەستە و لایەنەكانی نەبەستراو بە وەزارەت و سەرجەم سەرۆکایەتی و دامەزراوەكانی هەرێم.

ب: ڕاگرتنـی تەمویلكردنی ئەو ڕێژەی 21% ( لە سەدا بیست و یەكەی) دەمێنێتەوە لەلایەن وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە لەسەر سەرجەم موچەخۆران جێبەجێ دەكرێت بە ڕەچاوكردنی زۆریی و كەمیی شایستەی دارایی موچەخۆر.

ج: خەرجكردنی تەواوی 100%( لە سەدا سەدی) شایستەی دارایی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی و كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و ئەو موچەخۆرانەش كە شایستەی داراییان (300) سێسەد هەزار دینار و خوارتره.

د: خەرجكردنی تەنیا ڕێژەی 50% (لە سەدا پەنجای) شایستەی دارایی ڕاسپێردراوان بە خزمەتی گشتی و خاوەن وەزیفە باڵاكان و پلە تایبەتەكان  لە (سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و جێگرەكانیان و ئەندامانی پەرلەمان و وەزیرەكان و ئەوانەی بە پلەی ئەوانن و بریكارەكانی وەزارەت و ئەوانەی بە پلەی ئەوانن و ئەوانەی موچەی بریكاری وەزارەت وەردەگرن و خاوەن پلە تایبەتەكان و  ئەندامانی ئەنجومەنی دادوەری و دادگای پێداچونەوە و سەرجەم دادوەران و ئەندامانی داواكاری گشتی و گشت ئەو كەسانەی بەپێـی خشتەی كارپێكراوی موچە، موچە و دەرماڵەی هەردو پلە باڵای (أ) و (ب) وەردەگرن لەسەر میلاكی شارستانی و سەربازی و ئەنجومەن و دەزگای ئاسایش و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ).

هـ: بڕگەی سەرەوە ئەو كەسانەش دەگرێتەوە كە بەو پلە و وەزیفانە خانەنشین كراون  یا لە دوای جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە شایستەی موچەی خانەنشینی دەبن بەو وەزیفە و پلانە.

دوەم:

أ : پێویستە وەزارەتی دارایی و ئابوری ڕێنمایی دارایی پێویست بۆ ئاسانكاری جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە دەربكات.

ب : میکانیزمی هاتو لەم بڕیارە، ڕێکارێکی کاتییە و تەنیا بۆ موچەی ئەمجارەیە کە دابەش دەکرێت .

ج : گشت وەزارەت و دەستە و لایەنەكانی نەبەستراو بە وەزارەت و سەرجەم سەرۆکایەتی و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بڕگەكانی ئەم بڕیارە جێبەجێ دەكەن لەبەر ڕۆشنایی ڕێنماییەكانی وەزارەتی دارایی و ئابوری و بە ڕەچاوكردنی ڕێنماییەكانی خۆپارێزیی وەزارەتی تەندروستی لە كاتی دابەشكردنی موچە.

سێیەم:

ڕاسپاردنی لیـژنەی باڵای دانوستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بۆ گەیشتن بە ئەنجام بە ئاڕاستەی دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان.

چوارەم:

ڕاسپاردنی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ وەرگرتنـی ڕێكاری پێویست بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی ژمارە (2)ی ساڵی 2020 كە لە سەرەتای مانگی تەمموزی 2020دا دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار