هاوسه‌رۆکى یه‌کێتى: ناچینه‌ ژێربارى موچه‌ برین... به‌شدارى حکومه‌ت هه‌ڵده‌په‌سێرین

سه‌رکردایه‌تییه‌کى یه‌کێتى: لێدوانه‌که‌ى لاهور جه‌نگى په‌رۆشى یه‌کێتى ده‌سه‌لمێنێت له‌سه‌ر کێشه‌ى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران

4 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حه‌سه‌ن

‌هاوسه‌رۆکى یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان رایگه‌یاند" ئه‌گه‌ر حکومه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا نه‌گاته‌ رێککه‌وتن و شه‌فاف نه‌بێت له‌ خه‌رجى و داهات، ئه‌وان ناچنه‌ ژێربارى موچه‌بڕین"، سه‌رکردایه‌تییه‌کى یه‌کێتیش ده‌ڵێت:" لێدوانه‌که‌ى په‌رۆشى یه‌کێتى ده‌سه‌لمێنێت". 

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 23ى حوزه‌یرانى 2020 لاهور شێخ جه‌نگی، هاوسه‌رۆکى یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان له‌ په‌ره‌ى خۆى له‌ تویته‌ر نوسیویه‌تى:"ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى کۆده‌بێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر حکومه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا نه‌گاته‌ رێککه‌وتن، شه‌فافییه‌تى نه‌بێت له‌ خه‌رجى و داهات،  یه‌کێتى ناچێته‌ ژێر بارى مووچه‌ بڕین".

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردووه‌ له‌ ئه‌گه‌رى جێبه‌جێنه‌کردنى ئه‌و داواکارییه‌ "هه‌ڵپه‌ساردنى به‌شدارى له‌ په‌رله‌مان و حکومه‌ت، هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت یه‌کێک ده‌بێ له‌ بژارده‌کانمان".
ئه‌ندامێکى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى رایگه‌یاند لێوانه‌که‌ى هاوسه‌رۆکى یه‌کێتى "په‌رۆشییه‌ بۆ فه‌رمانبه‌ران".

له‌تیف نێروه‌یى، ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى له‌ لێدوانێکدا به‌ هاوڵاتى وت" لێدوانه‌که‌ى لاهور جه‌نگى هاوسه‌رۆکى یه‌کێتى په‌رۆشى یه‌کێتى ده‌سه‌لمێنێت له‌سه‌ر کێشه‌ى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران".

ناوبراو پێشیوابوو حزبه‌که‌ى په‌رۆشى که‌مکردنه‌وه‌ى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانه‌، وتیشى:"ئێمه‌ له‌گه‌ڵ برینى موچه‌ى خه‌ڵک نین، بریاره‌که‌ش له‌ کۆبنه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى ده‌رده‌که‌وێت".

ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى تیمى یه‌کێتى له‌ حکومه‌تى هه‌رێم به‌شداربوون له‌ بریارى که‌مکردنه‌وه‌ى له‌سه‌دا 21ى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران بۆ مانگى شوبات، به‌ڵام کادرو به‌رپرسانى دیکه‌ى دژى وه‌ستاونه‌ته‌وه‌، له‌تیف نێروه‌یى وتى:" شتێکى ئاساییه‌ بونى دوو بیرورا بۆ حزبێکى گه‌وره‌ى سیاسى بۆ گۆره‌پانى خه‌بات  له‌سه‌ر پرسه‌ هه‌ستیار و چاره‌سه‌رنه‌کراوه‌کان و هه‌روه‌ک  له‌سه‌ر گۆرانکارى و پێشهاته‌ کوتوپره‌کان له‌ مه‌کته‌بى سیاسى ئه‌و حزبه‌ بۆچونى جیاواز هه‌بێت".

به‌وته‌ى له‌تیف نێروه‌یى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى له‌ ئاینده‌یه‌کى نزیکدا کۆبونه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌دات و په‌یامى فه‌رمى خۆى راده‌گه‌یه‌نێت. 

دوێنێ دووشه‌ممه‌ مه‌کته‌بى سیاسیى یه‌کێتى رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ئاگادارن حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بڕیارى "که‌مکردنه‌وه‌ى موچه‌ى به‌ ناچارى و له‌ژێربارى قه‌یرانێکى قورسى ئابوریدا ده‌رکردوه‌"، به‌ڵام به‌ پێویستى ده‌زانن له‌ قۆناغى داهاتوودا چاکسازى جگه‌ له‌ موچه‌ له‌سه‌رجه‌م که‌رته‌کانى دیکه‌ى وه‌کو نه‌وت و سه‌رجه‌م داموده‌زگاى ئابوورى و وه‌به‌رھێنان بگرێته‌وه‌ و په‌رله‌مانى کوردستانیش بڕیار له‌و رێکارانه‌ بدات.

 ‌
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار