حکومه‌ت بڕینى له‌سه‌دا 21ى موچه‌ ناگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ فه‌رمانبه‌ران

گۆڕان: کۆمپانیاکانى پارتى و یه‌کێتى بارته‌قاى بڕینى له‌سه‌دا 21ى موچه‌ زیانیان له‌هه‌رێم داوه‌

4 ساڵ لەمەوپێش



 ‌شاناز حه‌سه‌ن
فراکسیۆنه‌کانى په‌رله‌مانى کوردستان بۆچونى جیاواز له‌باره‌ى بڕینى له‌سه‌دا 21ى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران باس ده‌که‌ن و جه‌ختله‌وه‌ ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ "حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌و بڕینى موچه‌یه‌ک وه‌ک قه‌رز له‌سه‌ر خۆى هه‌ژمار ناکات و ناگه‌ڕێندرێته‌وه‌ بۆ فه‌رمانبه‌ران".

رۆژى یه‌کشه‌ممه‌ 21ى حوزه‌یرانى 2020 حکومه‌تى هه‌رێم له‌ بڕیارێکیدا له‌سه‌دا 21ى موچه‌ى مانگى شوباتى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى بڕى و ئه‌وه‌یان ئاشکرا کرد که‌ بۆ پله‌ باڵاکان له‌سه‌دا 50یان لێ ده‌بردرێت وه‌ک خۆیان باسی ده‌که‌ن ته‌نها بۆ ئه‌م مانگه‌یه‌

بڕیاره‌که‌ى حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌و که‌سانه‌ ناگرێته‌وه‌ که‌ موچه‌کانیان که‌متر له‌ 300 هه‌زار دینارى مانگانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ مینحه‌ى که‌سوکارى شه‌هیدان هه‌ر وه‌کو خۆى ده‌مێنێته‌وه‌.

بڕیاره‌که‌ى کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێم کاردانه‌وه‌ى جیاوازى له‌سه‌ر ئاستى هاوڵاتیان و شاره‌زایانى ئابوورى لێکه‌وتووه‌ته‌وه‌و نیگه‌رانیى ده‌رده‌بڕن و په‌رله‌مانیش دژى بریاره‌که‌ى حکومه‌ت وه‌ستاوه‌ته‌وه‌ و به‌"سته‌م کردن له‌ فه‌رمانبه‌ران" وه‌سفیان کردووه‌.
سه‌رۆکى لیژنه‌ى دارایى له‌ په‌رله‌مانى کوردستان رایگه‌یاند له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى حکومه‌ت وابریاریداوه‌ برینى موچه‌‌ ته‌نیا بۆ ئه‌م مانگه‌ بێت وتى"به‌هه‌ر هۆکارێک ده‌ست ببرێت بۆ برینى موچه‌ ناره‌وایه‌ و هیچ بیانویه‌کى نیه‌".
زیاد جه‌بار، سه‌رۆکى لیژنه‌ى دارایى له‌ فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌ په‌رله‌مانى کوردستان له‌ لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت" حکومه‌ت باسى له‌وه‌کردووه‌ که‌ برینى موچه‌ ته‌نیا بۆ ئه‌م مانگه‌ ده‌بێت دواتر به‌پێى بارى دارایى حکومه‌ت گۆرانکارى تێداده‌کرێت".

سه‌رۆکى لیژنه‌ى دارایى شێوازى برینى موچه‌که‌ى رونیکرده‌وه‌ که‌ برینى شێوازى موچه‌که‌ له‌ پله‌باڵاکانه‌وه‌ ده‌ست پێده‌کات که‌ زۆرترین موچه‌یان لێده‌بردرێت و تا ده‌گاته‌ موچه‌ى فه‌رمانبه‌رێک که‌ له‌ سه‌دا 21ى موچه‌که‌یان ده‌بردرێت.

زیاد جه‌بار، وتیشى:" ئه‌م بریاره‌ى حکومه‌ت ته‌نیا بۆ ئه‌م مانگه‌یه‌ ناوى نانێت پاشه‌که‌وتى موچه‌ و قه‌رز".

ئه‌ندامه‌که‌ى فراکسیۆنى یه‌کێتى ئه‌وه‌شى دوپاتکرده‌وه‌ " به‌هه‌ر هۆکارێک ده‌ست ببرێت بۆ برینى موچه‌ ناره‌وایه‌ و هیچ بیانویه‌کى نیه‌".
په‌رله‌مانتارێکى فراکسیۆنى گۆڕان ده‌ڵێت له‌ بڕیارى که‌مکردنه‌وه‌ى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران، پرس به‌ په‌رله‌مان نه‌کراوه‌و دژى وه‌ستاونه‌ته‌وه‌.

دابان محه‌مه‌د، ئه‌ندامى فراکسیۆنى گۆران له‌ په‌رله‌مانى کوردستان له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:" ده‌یان ڕێگا هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم بیر له‌ ده‌ستکاریکردنى موچه‌ نه‌کاته‌وه‌، له‌ بازگه‌ى مه‌خمور، سه‌یرانبه‌ن، پاره‌ له‌ کاسبکار و بارهه‌ڵگره‌کان وه‌رده‌گرێت، هه‌فته‌ى پێشوش به‌ هه‌وڵى پۆلیسێک له‌ بنکه‌یه‌کى گومرگى خورماڵ، ڕێگه‌ له‌ بارى قاچاغى جگه‌ره‌ گیراوه‌، هه‌مو ئه‌و پارانه‌ داهاتن بۆ وه‌زاره‌تى دارایى و به‌سن بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ستکارى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران نه‌کرێت".

ناوبراو یه‌کێتى و پارتى تۆمه‌تبار ده‌کات  که‌ داهاتى هه‌رێمى کوردستان له‌رێکه‌ى کۆمپانیاکانه‌وه‌ ده‌به‌ن، دابان وتى:" کۆمپانیاکانى پارتى و یه‌کێتى که‌ خزمه‌تگوزاری(( ئاو و کاره‌با و خۆڵ و خاشاک و عه‌ریزه‌یان وه‌رگرتوه‌)) ...کۆمپانیاکانى ئاسایشى گشتى ((سکیوریتی))، خزمه‌تگوزارى و گواستنه‌وه‌ى نه‌وت و غاز و خاڵه‌ سنورییه‌کان، باج و به‌خشین و ڕسومات، قاچاغى به‌رده‌وام بارته‌قاى له‌ سه‌دا21 ى که‌مکردنه‌وه‌ى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران زیانیان له‌ داهات داوه‌، ئه‌وه‌ خودى داهاتى نه‌وت له‌ولاوه‌ بێت".

هاوکات جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌ 460 خانه‌نشینى پله‌باڵاى نایاسایى که‌ موچه‌کانیان 6 ملیۆن دینارى مانگانه‌ زیاتره‌ نایاساییى و وتیشى:"هه‌زاران که‌س دوو موچه‌ وه‌رده‌گرن له‌ لق و کۆمیته‌ و مه‌ڵبه‌نده‌کان ده‌وام ده‌که‌ن، بون به‌ نه‌زیفى دارایى و خواردنى مافى موچه‌خۆرى ئاسایی، ده‌بوو حکومه‌ت ئه‌مانه‌ نه‌هێڵێت نه‌ک له‌سه‌دا 21ى موچه‌ ببرێت".

کۆمه‌ڵى ئیسلامى دواى بڵاوبنه‌وه‌ى بریاره‌که‌ى حکومه‌ت دژى وه‌ستانه‌وه‌و وه‌ک پارتێکى ئۆپۆزسیۆن به‌ کارێکى دیکه‌ى"نایاسایى" حکومه‌ته‌که‌ى مه‌سرور بارزانى وه‌سفیانکرد.

روپاک ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامى فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ له‌ په‌رله‌مانى کوردستان له‌ لێدوانێکدا به‌ هاوڵاتى وت"هه‌موو شێوه‌یه‌ک دژى که‌مکردنه‌وه‌ى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانین و کارێکى نایاساییه‌ ئه‌و بریاره‌ و ده‌بێت له‌په‌رله‌مان بریار له‌سه‌ر ده‌ستبردن بۆ موچه‌ى خه‌ڵک و موچه‌خۆران ببرێت نه‌ک حکومه‌ت بێ گه‌رانه‌وه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتى ته‌شریعى بریار بدات".

هه‌ر یه‌ک له‌ فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ یه‌کگرتوو ئازادى په‌رله‌مانتارانى سه‌ربه‌خۆ له‌دواى کۆبونه‌وه‌ى خۆیان وه‌ک لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کانى ناو په‌رله‌مان بیروراى خۆیان له‌چه‌ند خالێکدا راگه‌یاند که‌ تێیدا هاتبوو " به‌توندى دژى بڕینى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانین و به‌ بڕیارێکى سته‌مکارانه‌ و نایاسایى ده‌زانین و پێچه‌وانه‌ى یاساى ڕێکخستنى موچه‌یه‌".

راشیانگه‌یاند" له‌ ڕێى په‌رله‌مانه‌وه‌ کار بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌و بڕیاره‌ ده‌که‌ین و داواى کۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان تایبه‌ت:به‌و بابه‌ته‌ ده‌که‌ین، خۆ ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان نه‌چووه‌ ژێربارى ئه‌و داوا ڕه‌وایه‌ى خه‌ڵک، ئه‌وه‌ له‌ ڕێگاى دادگا و داواکارى گشتییه‌وه‌ ڕێگه‌ى لێده‌گرین".

په‌رله‌مانتارێکى فراکسیۆنى پارتى پێیوایه‌ باشترین میکانزمى حزبه‌کانى به‌شدار له‌ حکومه‌ت که‌ پارتى و یه‌کێتى و گۆڕان بووه‌ بڕینى له‌سه‌دا 21ى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران بووه‌. 

رێبوار عبدالرحیم ئه‌ندامى فراکسیۆنى پارتى له‌ په‌رله‌مانى کوردستان له‌ لێدوانێکدا به‌ هاوڵاتى وت" له‌روى پره‌نسیپه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین  هیچ بره‌ پاره‌یه‌ک له‌ هیچ فه‌رمانبه‌رێک که‌منه‌کرێته‌وه‌،  به‌ڵام که‌ بردرا ‌گفتوگۆیه‌کى زۆرى له‌سه‌ر کرا، کێشه‌یه‌کى زۆرى له‌سه‌ر هه‌بوو، له‌میدیا و تۆره‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان ده‌نگۆیه‌کى زۆرى له‌سه‌ر بوو، ئایا به‌ چ میکانیزمێک که‌مکراوه‌ته‌وه‌ ئه‌و له‌سه‌دا 21 ".

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ له‌سه‌دا75ى داهاتى ناوخۆیی به‌هۆى کۆرۆناوه‌ که‌مى کردووه‌ و نرخى نه‌وت دابه‌زى و ئه‌و بره‌ پاره‌یه‌ى له‌ به‌غداوه‌ هات نه‌ما، هه‌موو ئه‌مانه‌ وایکرد ئه‌نجومه‌نى وه‌ه‌زیران به‌تێکراى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌ن  "به‌تایبه‌ت هه‌ر سێ حزبه‌که‌،  (پارتى و یه‌کێتى و گۆران ) پێداگر بوون له‌سه‌ر ‌ باشترین میکانیزم له‌ئێستادا بۆ دابینکردنى موچه‌ى مانگى شوبات به‌شێوه‌یه‌کى کاتى تایاساسى چاکسازى له‌ 1ى7 ده‌چێته‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌، به‌پێویستیان زانى به‌ په‌سه‌ندکردنى که‌له‌سه‌دا21 که‌مبکرێته‌وه‌".
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار