رێککه‌وتنى 50 ساڵه‌ى پارتى و تورکیا ریسکه‌که‌ى کرده‌وه‌ به‌ خورى 

ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید: نه‌وتى هه‌رێم له‌لایه‌ن تورکیاوه‌ ره‌هن کراوه‌

4 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم
په‌رله‌مانتارێکى فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ له‌ به‌غدا جه‌ختله‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ رێکه‌وتنى 50 ساڵه‌ى پارتى و تورکیا ریسه‌که‌ى کردووه‌ته‌وه‌ به‌ خورى و حکومه‌تى هه‌رێم نه‌وت راده‌ستى به‌غدا ناکات و ده‌شڵێت:" نه‌وتى هه‌رێم له‌لایه‌ن تورکیاوه‌ ره‌هن کراوه‌".

ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له‌ په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت"دۆسیه‌ى نه‌وت له‌ده‌ستى هه‌رێمى کوردستان نه‌ماوه‌، کاتى خۆى پارتى نه‌وتى راده‌ستى تورکیا کردووه‌و رێککه‌وتنى 50 ساڵه‌ى له‌گه‌ڵ کردووه‌، ئێستا تورکیا خاوه‌نى نه‌وتى هه‌رێمى کوردستانه‌".

ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید، وتیشى:" چۆن دانه‌ غازتوانى قه‌ره‌بووى 2 ملیار دۆلار له‌ حکومه‌تى هه‌رێم وه‌ربگرێت له‌برى ئه‌و ساڵانه‌ى که‌ خه‌مڵاندوویه‌تى قازانج ده‌کات، تورکیاش قازانجى 50 ساڵ له‌هه‌رێمى کوردستان ده‌سه‌نێت، که‌وته‌ نه‌وتى هه‌رێمى کوردستان بۆته‌ ره‌هن لاى تورکیا".

"تورکیا مانگانه‌ 117 ملیۆن دۆلارى له‌ نه‌وتى هه‌رێم ده‌ست ده‌که‌وێت، که‌ بۆ هه‌ر به‌رمیلێک نه‌وت 9 دۆلار که‌متر ده‌دات، ئاماده‌ نییه‌ ده‌ستبه‌ردارى بێت و نه‌وته‌که‌ى ره‌هن کردووه‌"

ناوبراو جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌ حکومه‌تى هه‌رێم بۆیه‌ ناتوانێت نه‌وت ته‌سلیمى به‌غدا بکات" ئه‌گه‌ر  هه‌رێم نه‌وت ته‌سلیم بکات تورکیا سکاڵاى یاسایى له‌ له‌نده‌ن و سویسرایه‌".

ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید باسى له‌وه‌شکرد که‌ تورکیا یه‌کێک له‌ ئه‌دنامانى لیژنه‌ى دارایى بینیبوو" ئێمه‌ ئاماده‌ین پرۆسه‌ى نه‌وتى هه‌رێم رابگرین، به‌ مه‌رجێک حکومه‌تى عێراق ئه‌و سکاڵا یاساییه‌ى که‌ دادگاى سی سى له‌ پاریس کردوویه‌تى نێوده‌وڵه‌تى رایبگرێت".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى کۆمه‌ڵ وتیشى:" ئه‌گه‌ر هه‌رێم نه‌وت راده‌ست بکات ئه‌و قه‌رزه‌ى تورکیا که‌ لاى هه‌رێمى کوردستانه‌ له‌ده‌ستى ده‌چێت له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌وته‌ هه‌رزانه‌ى له‌ده‌ست ده‌چێت".

ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید ئه‌وه‌شى ئاشکرا کرد ئه‌گه‌ر جیاوازى راپۆرته‌که‌ى دیلۆیت و نه‌وتى حکومه‌تى عێراق بکه‌یت 9 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێک جیاوازى هه‌یه‌"مانگانه‌  حکومه‌تى هه‌رێم 13 ملیۆن دۆلار نه‌وت ده‌فرۆشێت و بۆ هه‌ر به‌رمیلێک 9 دۆلار جیاوازى هه‌یه‌ که‌ 117 ملیۆن دۆلار ده‌کات که‌ تورکیا قازانجى تێدا ده‌کات، بۆیه‌ تورکیا به‌هیچ شێوه‌یه‌ک رازى نییه‌ هه‌رێم نه‌وت راده‌ستى عێراق بکات".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ باسى له‌وه‌شکرد چوونى وه‌فدى هه‌رێم بۆ به‌غدا "ته‌نها خۆ ماندووکردنه‌"، چونکه‌ به‌بڕواى ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید، حکومه‌تى عێراق ئاماده‌ نییه‌ داهاتى نه‌وت وه‌ربگرێت له‌ حکومه‌تى هه‌رێم.
هه‌روه‌ها وتیشى:" عێراق تا ئێستا موچه‌ى مانگى حوزه‌یرانى دابه‌ش نه‌کردووه‌ و پاره‌ى لێ زیاد نییه‌ بیداته‌ هه‌رێم و کێشه‌ بۆ خۆى دروست بکات".

ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 1ى ته‌موزى 2020 وته‌بێژى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند بڕیاردراوه‌، شاندى دانوستاندنکارى هه‌رێم سه‌ردانى به‌غدا بکه‌نه‌وه‌و ئاماده‌ن داهاتى نه‌وت ته‌سلیم بکه‌ن نه‌ک نه‌وت 
وته‌بێژى حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ شاندى حکومه‌ت به‌ سه‌رۆکایه‌تیى قوباد تاڵه‌بانی، جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌ت له‌ کۆبوونه‌وه‌ى هه‌فته‌ى رابردووى له‌گه‌ڵ شاندى حکومه‌تى عێراق باسى له‌ بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان، مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى کوردستان و نه‌وت کردووه‌ و "له‌ ئایینده‌یه‌کى نزیکدا شانده‌که‌ سه‌ردانى به‌غدا ده‌کاته‌وه‌".

 هه‌روه‌ها به‌ راشکاوى ئه‌وه‌ى خسته‌روو که‌ " حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئاماده‌یى ده‌ربڕیوه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا رێکبکه‌وێت، ئاماده‌ن داهاتى نه‌وت راده‌ستى به‌غدا بکه‌ن، نه‌ک نه‌وت زائیده‌ن نیوه‌ى داهاتى ناوخۆش به‌ حکومه‌تى عێراق بدرێت له‌به‌رامبه‌ر دابینکردنى شایسته‌داراییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان".
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار