له‌سه‌دا 99%ى په‌رله‌مانتاران ده‌ستبه‌ردارى موچه‌ى خانه‌نشینى نابن

لە 750 په‌رله‌مانتارى پێنج خولى په‌رله‌مان ته‌نها هەشت په‌رله‌مانتار فۆڕمى ره‌تکردنه‌وه‌ى خانه‌نشینیان پڕکردووه‌ته‌وه‌

4 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حهسهن

پهرلهمانى کوردستان دهرگاى کردهوه بۆ ئهندامهکانى ئێستاو چوار خولى رابردوو ئهوانهى دهیانهوێت موچهى خانهنشینى رهتبکهنهوه فۆرم پڕبکهنهوهو تائێستا لهکۆى (750) یان تهنها ههشت پهرلهمانتار رهتیانکردووهتهوه.

بهپێى یاسا بهرکارهکانى ههرێمى کوردستان، موچهى خانهنشینى پهرلهمانتاران کهمکراوهتهوهو  بهپێى مهرجى تهمهن و ساڵى خزمهت خانهنشینى وهردهگرن که بڕى پارهکهى لهنێوان دوو ملیۆن و (50) ههزار دینار دهستپێدهکات بۆ چوار ملیۆن دینار بۆ ههر مانگێک.

سهرۆکایهتى پهرلهمانى کوردستان له 1ى تهمموز تاکۆتایى ئهم مانگه دهرگاى بۆ ئهندامهکانى کردووهتهوه بۆ ههموو ئهو پهرلهمانتارانهى ئێستاو خولهکانى رابردوو  تا ئهوانهى موچهى خانهنشینى رهتدهکهنهوه فۆرمهکهى پێشکهشى دیوانى سهرۆکایهتى پهرلهمان بکات بهمهبهستى وهرگرتنى رێکارى یاسایى پێویست.

پهرلهمانتاران دهستبهردارى مووچهى خانهنشینییان نابن

لهکۆى پێنج خولى پهرلهمانى کوردستان کهزیاتر له (750) ئهندام پێکدێن  بهپێى بهدواداچوونهکانى هاوڵاتى، تهنها ههشت ئهندامى خولى ئێستاى پهرلهمان (خولى پێنجهم) فۆڕمى رهتکردنهوهى خانهنشینیان پڕکردووهتهوه که سێ ئهندامى فراکسیۆنى گۆڕان و چوار پهرلهمانتارى جوڵانهوهى نهوهى نوێ و یهک پهرلهمانتارى سهربهخۆیه.

لهچوار خولى رابردووى پهرلهمان زیاتر له (650) پهرلهمانتار خانهنشین بوون و بهپێى وتهى بهڕێوهبهرى راگهیاندنى سهرۆکایهتى پهرلهمان هیچ ئهندامێکى چوار خولى رابردوو فۆڕمى رهتکردنهوهى موچهى خانهنشینیان پڕنهکردووهتهوه کهمانگانه بڕى شەش ملیۆن و (200) ههزار دینار وهردهگرن و بۆ مانگێک بڕهکهى دهگاته چوار ملیار و (30) ملیۆن و بۆ ساڵێک بڕى موچهکهیان دهگاته (48) ملیار و (360) ملیۆن دینار.

سهرۆکى یهکێتى پهرلهمانتارانى کوردستان :نهمبیستووهو باسیان نهکردووه تا ئێستا هیچ ئهندامێکى خولهکانى پێشوو واز لهو مافى خانهنشینییهى خۆى بهێنێت

بهڕێوهبهرى راگهیاندنى سهرۆکایهتى پهرلهمانى کوردستان ئاشکراى دهکات هیچ پهرلهمانتارێکى چوار خولى رابردووى پهرلهمان فۆڕمى رهتکردنهوهى موچهى خانهنشینیان پڕنهکردووهتهوه.

سامان ئهحمهد، بهڕێوهبهرى راگهیاندنى سهرۆکایهتى پهرلهمانى کوردستان، لهلێدوانێکدا به هاوڵاتى وت» تائێستا بهفهرمى  تهنها ههشت پهرلهمانتارى ئهم خوله فۆرمى رهتکردنهوهى خانهنشینیان پڕکردۆتهوهو پهسهندکراون».

ههروهها ئاماژهى بهوهشکرد ههر پهرلهمانتارێک لهماوهى ئهو مانگهدا بهئارهزوومهندانه ویستى فۆرمى رهتکردنهوهى خانهنشینى پڕبکاتهوه بیگهڕێنێتهوه بۆ بهشى یاسایى دیوانى سهرۆکایهتى پهرلهمان، ئهوکات کهدیوان سهیرى دهکاتهوهو پهسهنددهکرێت»دهبێته بڕیارێکى یاسایى و ناکرێت پهشیمان ببنهوه«.

بهڕێوهبهرى ڕاگهیاندنى سهرۆکایهتى پهرلهمانى کوردستان، ئهوهشى ئاشکرا کرد پهرلهمانتارى چوار خولى پێشووى پهرلهمانى کوردستان ههیهو موچهى خانهنشینى وهردهگرن، وتیشى:» تائێستا هیچ کهسێک لهئهندامانى خولهکانى رابردوو نههاتووه فۆرمهکه پربکاتهوهو خانهنشینیهکهى رهتبکاتهوه«.

سهرۆکى یهکێتى پهرلهمانتارانى کوردستان دهڵێت: »نهمبیستووهو باسیان نهکردووه تا ئێستا هیچ ئهندامێکى خولهکانى پێشوو واز لهو مافى خانهنشینییهى خۆى بهێنێت».

جهمال قاسم، سهرۆکى یهکێتى پهرلهمانتارانى کوردستان لهلێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى وت:» تائێستا نهمبیستووهو باس نهکراوه هیچ ئهندامێکى خولهکانى پێشووى پهرلهمانى کوردستان کهژمارهیان (650) بۆ (700) ئهندام دهبێت واز لهو حهق و مافه یاساییهى خۆى بهێنێت و خانهنشینى رهتبکاتهوه«.

سهرۆکى یهکێتى پهرلهمانتارانى کوردستان ئهوهشى روونکردهوه «تائێستا لهههرێمى کوردستان ئهوه نییه کهسێک ببێته پهرلهمانتارو بڵێت تهنها رۆڵهکه دهبینم و موچهو ئیمتیازاتهکان رهتبکاتهوه، بهڵام لهوڵاتانى دیکه ئهوه ههیه«.

لهخولى پێنجهمى پهرلهمانى کوردستاندا لهکۆى (111) ئهندامى پهرلهمانى کوردستان تهنها ههشت پهرلهمانتار فۆڕمى رهتکردنهوهى خانهنشینیان پڕکردووهتهوه.

سیروان بابان، پهرلهمانتارى سهربهخۆ لهپهرلهمانى کوردستان یهکێکه لهو ههشت کهسهو لهلێدوانێکدا به هاوڵاتى وت» لهداواکهمدا به روونى و رهوان نووسیومه، من تهنهزول لهو مافهى خۆم دهکهم بهمهرجێک ئهو پارهیه گوزهرانى کهمئهندامانى پێ چاکبکرێت».

ئهوهشى روونکردهوه« ئهم حکومهته جێى متمانه نییه ههرچى ههیه ههڵیدهگرێت و کهس نازانێت چی لێدهکات و چۆن خهرجیدهکات، بۆیه به روونى ئهوهم نووسیوه بهو مهرجه دهستبهردارى موچهى خانهنشینى خۆم دهبم که بهشى کهمئهندامانى پێ زیادبکرێت».

فراکسیۆنى گۆڕان لهپهرلهمانى کوردستان تائێستا سێ پهرلهمانتاریان موچهى خانهنشینیان رهتکردۆتهوه کهپێکهاتوون له( عهلى حهمهساڵح، شایان عهسکهرى، شیرین ئهمین).

شیرین ئهمین، پهرلهمانتارى فراکسیۆنى گۆڕان له لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت» ئهندام پهرلهمان سهرپشککراوه لهوهى موچهى خانهنشنى قبوڵ دهکات یا رهتیدهکاتهوه، فراکسیۆنی گۆڕانیش ئازادى کردووین».

ئهم پهرلهمانتارهى فراکسیۆنى گۆڕان ئهوهشى دووپاتکردهوه« ئهمه لهیاساکهشدا ههیهو لهپهیڕهوى ناوخۆى پهرلهمانیشدا ئاماژهى پێکراوه کهپهرلهمانتار خۆى ئازادهو سهرپشکه، دواى تهواوبوونى خولى پهرلهمانى بگهڕێینهوه سهر کارهکهى پێشومان».

هاوکات، رۆژان محهمهد، ئهندامى فراکسیۆنى یهکێتى و ئهندام لهلیژنهى یاسایى لهلێدوانێکدا به هاوڵاتى وت» ههر پهرلهمانتارێک که فۆرمهکهى پڕکردهوه بهپێى یاسا ناتوانێت موچهى خانهنشینى وهربگرێت، بهڵام دواى تهواوبوونى کارى پهرلهمانتارى بگهڕێتهوه سهر کارهکهى پێشووترى».

رۆژان محهمهد جهختى لهوهکردهوه که رهتکردنهوه یان وهرگرتنى موچهى خانهنشینى  مافى تاکه کهسییه و فراکسیۆنى یهکێتى لهوبارهیهوه ئهندامهکانى ئازاد کردووه.

ههریهکه لهفراکسیۆنهکانى کۆمهڵ و یهکگرتووى ئیسلامى  تائێستا به رهسمى راى خۆیان لهسهر قبوڵکردنى موچهى خانهنشینى یان رهتکردنهوهى رانهگهیاندووه.

ئهبوبهکر ههڵهدنى، ئهندامى فراکسیۆنى یهکگرتوو، لهپهرلهمانى کوردستان لهلێدوانێکدا به هاوڵاتى وت»تائێستا بڕیارمان نهداوه موچهى خانهنشینى قبوڵ بکهین یان رهتبکهینهوه، لهکۆبوونهوه لهگهڵ حزب یهکلاییدهکهینهوه«.

ههروهها روپاک ئهحمهد ئهندامى فراکسیۆنى کۆمهڵى ئیسلامى جهختى لهوهکردهوه وهک فراکسیۆنهکهیان لهسهر ئهو بابهته هیچ قسهیهک ناکهن.

بهپێى بهدواداچوونهکانى هاوڵاتى، که لهدوو پهرلهمانتارى فراکسیۆنى پارتى وهریگرتووهو نهیانویست ناویان بهێندرێت، ئهندامهکانى ئازاد کردووه لهوهى موچهى خانهنشینى رهتبکهنهوه یان وهریبگرن.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار