تورکیا؛ قوڵبوونەوەی تەنگژەی ئابووری لەسایەی سیستمی سەرۆکایەتیدا
بهکر شوانى
4 ساڵ لەمەوپێش
بهکر شوانى
پاش ئەوەی لەڕیفراندۆمی مانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٧دا مادەی (١٨) لەدەستوور هەموارکرایەوەو سیستەمی حوکمڕانی لەپەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی گۆڕدرا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ٩ی مانگی تەمموزی ساڵی ٢٠١٨ وەک سەرۆک کۆماری ژمارە ١٨ی تورکیا سوێندی یاسایی خواردو بەدەسەڵاتێکی بێسنوورەوە دەستبەکاربوو. سەرۆکایەتیی کۆمار لەماوەی ئەو دوو ساڵەدا نزیکەی هەموو جومگە گرنگەکانی وەک دادوەری و سوپاو ئابووری خستەژێر رکێفی خۆیەوەو لەسۆنگەی ئەو سیاسەتەوە بەرەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا لەبری سیستەمی سەرۆکایەتی، دەستەواژەی «دەسەڵاتی تاکەپیاو» بۆ وەسفکردنی دەسەڵاتی ئەردۆغان بەکاردەهێنن.
ئابووری لەو کەرتە ستراتیژییانەی دەوڵەتە کەسەرۆکایەتیی کۆمار لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا زۆرترین دەستتێوەردانی تێدا ئەنجامداوەو ئەو گەشەسەندنە ئابوورییەی (١٥) ساڵی رابردوو کەوەک گەورەترین دەستکەوتی دەسەڵاتی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکەپە) دەبیندرا، ئێستا لەگەڵ تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر گۆڕینی سیستەمی سەرۆکایەتیدا لەپاشەکشەی بەردەوامدایە بەجۆرێک کەڕێژەی بێکاری لەبەرزبوونەوەدایەو داهاتی میللی تادێت لەکەمی دەدات و وەبەرهێنەرانی بیانی بەچاوی ترس و گومانەوە بۆ تورکیا دەڕوانن. ئەوانەیش پێشهاتگەلێکن کەچاودێران و ئابووریناسانی تورکیایی و رۆژئاوایی و بەر لەهەمووانیش کۆمەڵگەی تورکیای تووشی خەیاڵ شکاندن و راڕایی و نیگەرانییەکی بێسنوور کردووە.
ئەردۆغان لەسەرەتای دەستبەکاربوونیدا بەڵێنیدا لەسایەی سیستەمی سەرۆکایەتیدا ئابووری بگەیەنێتە کەنارێکی ئارام و کاری زیاتر بکات بۆ راکێشانی سەرمایەداران و وەبەرهێنەرانی بیانی و پەرەپێدانی کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵی، بەڵام دیمەنی ئابووریی دوای دوو ساڵی سیستەمی حوکمڕانی سەرۆکایەتی زۆر دوورە لەو بەڵێن و دیمەنە رەنگینانەی کە سەرۆک کۆمارو تیمەکەی و لایەنگرانی شێلگیرانە بانگەشەیان بۆی دەکرد. هاوتەریب لەگەڵ سیاسەتی ئابووریی سەرۆکایەتیی کۆماردا کە بەلای چاودێرانەوە سیاستگەلێکی تاکڕەوانەو هەڵەن، کۆمەڵێک تەنگژەی تری وەک دۆسیەی راهیب برونسۆنی ئەمریکایی و ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکاو ئێران و تێکچوونی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و یەکێتیی ئەوروپاو دواجاریش تەشەنەسەندن و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەریی راستەوخۆو درێژخایەنیان بەسەر پاشەکشەی ئابووریی تورکیاوە هەیە.
بەپێی زانیارییەکانی بەشی ئابووریی هەندێک لەمیدیاکانی تورکیا، تەمموزی ساڵی ٢٠١٨ کاتێک پێ نرایە سیستەمی سەرۆکایەتییەوە، نرخی دۆلارێک (٤،٧٣) لیرەی تورکی بوو، بەڵام ئەو نرخە لەم رۆژانەدا (٦،٨٥) لیرەیە بەرامبەر بەدۆلارێکی ئەمریکی
یەکێک لەدەرهاویشتە بەرچاوەکانی ماوەی دوو ساڵی سیستەمی سەرۆکایەتی، دابەزینی نرخی لیرەی تورکییە بەرامبەر بەدۆلاری ئەمریکی. بەپێی زانیارییەکانی بەشی ئابووریی هەندێک لەمیدیاکانی تورکیا، تەمموزی ساڵی ٢٠١٨ کاتێک پێ نرایە سیستەمی سەرۆکایەتییەوە، نرخی دۆلارێک (٤،٧٣) لیرەی تورکی بوو، بەڵام ئەو نرخە لەم رۆژانەدا (٦،٨٥) لیرەیە بەرامبەر بەدۆلارێکی ئەمریکی. هەموو بانگەوازەکانی ئەردۆغان بۆ هاووڵاتیانی تورکیا بەوەی بەدەرهێنانی دۆلار یۆرۆکانیان لەماڵ گۆڕینەوەی بەلیرە وەک ئەرکێکی نیشتیمانی هاوکاربن لەسەقامگیرکردنی نرخی لیرەدا، بێئەنجام بوون، چونکە تاکی تورکیایی بەئەزموون فێر بووە کەهەمیشە ماڵی سپی بۆ رۆژی رەش هەڵبگرێت. بانکی ناوەندیش ئەگەرچی بەکەمکردنەوەی نرخی سوو توانی رێژەی هەڵاوسان لە ٢٤٪وە بۆ ١٢٪ دابگرێت، بەڵام ئەو رێژەیە لەژێر کاریگەریی ئەو هۆکارانەی کە لەسەرەوە باسکران، دیسان روو لەهەڵکشانەو ئەنجامیش خۆی لەشکانی زیاتری نرخی لیرەدا پێشاندەدات. رێژەی بێکاریش کەکاریگەریی بەسەر ملیۆنان هاووڵاتیی تورکیاوە هەیە، لەسایەی سیستەمی سەرۆکایەتیدا ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار کردووە. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی دەوڵەت، لەکاتێکدا رێژەی بێکاری لەتەمموزی ساڵی ٢٠١٨دا ١٠،١٪ بووە، ئێستا بەرزبووەتەوە بۆ ١٣٪و بەو هۆیەوە چوار ملیۆن کەس بێکارن. لەسەر ئاستی تەمەنیش بەرزترین رێژەی بێکاری لەناو تووێژی گەنجاندایە کە لەم رۆژانەدا سنووری ٤٠٪ی تێپەڕاندووە. چاوەڕێ دەکرێت رێژەی بێکاری بەشێویەکی گشتی زیاتربکات و لەم کاتەیشدا هیچ بەربەستێک لەئاسۆدا بەدیناکرێت بۆ پێشلێگرتنی.
هەر لەسیستەمی حکومڕانیی سەرۆکایەتیدا تێچوونە گشتییەکانی دەوڵەت گەیشتووە بەئاستێکی پێوانەیی. بەپێی دوایین ئاماری بودجەی مانگی ئایار کە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەو داراییەوە بڵاوکراوەتەوە، بڕی کورتهێنانی بودجە لەمانگی ئایاری ئەمساڵدا (١٧،٣) ملیار دۆلار بووە. بڕی کورتهێنانی بودجەی مانگەکانی کانوونی دووەم تائایاری ٢٠٢٠ لە (٩٠) ملیار لیرەی تورکی تێپەڕیوە. کورتهێنانی بودجە کاریگەریی راستەوخۆی بەسەر داهاتی تاکەوە هەیە کەپێچەوانەی (١٥) ساڵ دەسەڵاتی ئاکەپەوە، لەم دووساڵەی دواییدا لەپاشەکشەی بەردەوامدایە. ئەگەرچی حکومەت لەماوەی دووساڵی رابردوودا هەشت پاکێجی پشتیوانیکردنی بەمەبەستی بووژاندنەوەی ئابووری راگەیاندووەو خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام کێرڤی داهاتی تاک لەوڵاتدا بەردەوام روو لەدابەزینە.
رەوتی خراپی ئابووری کاری لەداهاتیی میللیش کردووە. لەکاتێکدا لەچارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨دا تورکیا (٨٨٣،٩) ملیار دۆلار داهاتی ناسافیی ناوخۆی هەبووە، ئەو ژمارەیە لەچارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠دا دابەزیوە بۆ (٧٥٨) ملیار دۆلار. کۆی پێشهاتە نەرێنییەکانی بواری ئابووری لەسایەتی سیستەمی سەرۆکایەتیدا نیگای سەرمایەداران و وەبەرهێنەرانی بیانیی لەسەر تورکیا دوورخستووەتەوەو تورکیا لەم کاتەدا لەسەرەوەی لیستی دەوڵەتانی مەترسیداردایە بۆ سەرمایەو وەبەرهێنەرانی بیانی (Credit Rating Scale). گەورەترین گرفت لەم بوارەدا کەڵەکەبوونی سەدان ملیار دۆلار قەردی دەرەکییە بەسەر کەرتی تایبەتەوە کەتەگەرەو بەربەستی گەورەی بۆ وەبەرهێنانی نوێ دروستکردووە. ماڵپەڕی «Seeking Alpha» کەماڵپەڕێکی تایبەت بەئابووری و دارایی جیهانییە، لەنوێترین راپۆرتدا پێیوایە تەنگژەیەکی قوڵی ئابووری نزیک دەبێتەوەو ئاماژەی کردووە هەرەسهێنانی کەرتی بیناسازی و کەمبوونەوەی دەستکەوتی دراوی سەخت لەکەرتی گەشتوگوزار کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە نزیکەی بەتەواوەتی پەکی کەوتووە.
بەچاوگێڕان بەبۆچوون و پێشبینییەکانی ناوەندە ئابوورییەکانی تورکیاو ئەوروپادا هیچ ئومێدێک بەدیناکرێت بۆ سەرکەوتنی ئەو سیاسەتە ئابوورییانەی کە حکومەتی تورکیا ماوەی دوو ساڵە پەیڕەویان دەکات
بەچاوگێڕان بەبۆچوون و پێشبینییەکانی ناوەندە ئابوورییەکانی تورکیاو ئەوروپادا هیچ ئومێدێک بەدیناکرێت بۆ سەرکەوتنی ئەو سیاسەتە ئابوورییانەی کە حکومەتی تورکیا ماوەی دوو ساڵە پەیڕەویان دەکات. بەتایبەتیش دەستوەردانی راستەوخۆی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی کۆمار لەدامەزراوەکانی وەک بانکی ناوەندی و دامەزراوەی رێکخستن و چاودێریکردنی بانکداری و بۆرسەکان جۆرێک لەپشێویو بێبەرنامەیی بۆ ئابووریی تورکیا خوڵقاندووەو ئەنجامی پێچەوانەی ئەو بەڵێنانەی لێکەوتووەتەوە کەسیستەمی سەرۆکایەتی سەبارەت بەدابینکردنی خۆشگوزەرانی و سەقامگیریی ئابووری بەهاووڵاتیانی دەدا.
سەرباری گشت ئەو زانیاری و داتاو فاکتانەی کە سات بەسات لەمیدیای ئۆپۆزسیۆنی تورکیاو میدیاکانی ئەوروپادا دەربارەی تەنگژەکانی ئابووریی تورکیا دەخرێنەڕوو، ناوەندە ئابووری و میدیاکانی دەسەڵاتی سەر بەدەسەڵاتی ئاکەپەو نزیک لەحکومەت، بەسوودوەرگرتن لەهەموو کەناڵەکانی راگەیاندن و بەچەندین زمان تابلۆیەکی زۆر گەش و پڕ لەبەڵێن و ئومێدی گەشەی بەردەوامی ئابووری دەخەنە بەرچاوی رای گشتی کە لەوانەیە مایەی خۆشحاڵیی لایەنگران و هەوادارانی ئەردۆغان و ئاکەپە بێت لەدەوەرەی تورکیا، بەڵام هاووڵاتی تورکیایی لەژیانی راستەقینەی رۆژانەدا لەسەر پێستی خۆی هەست بەئازارەکانی داڕمانی ئابووری وڵات دەکات و پێشبینیش دەکرێت ئەو ئازارانە دواجار رۆڵی گەورەیان هەبێت لەدەستنیشانکردنی داهاتووی سیاسیی وڵاتدا.
*بەکالۆریۆسی ڕۆژهەڵاتناسی، بازنەی تورکیاناسی، زانکۆی بۆن، ئەڵمانیا