هەڵوێستی مستەفا کازمی لەبەرامبەر لەشکرکێشیی تورکیا لەنێوان ساڵی 2016و ئێستادا
4 ساڵ لەمەوپێش
ئهردهڵان عهبدوڵا
لەماوەی پێشوودا بەدوای زانیاری لەبارەی کەسایەتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراقدا دەگەڕام، بە رێکەوت چاوم بەوتارێکی کازمی کەوت کە لەساڵی 2016 نووسیویەتی، تێیدا دژی لەشکرکێشی و هاتنی سوپای تورکیایە بۆ ناو خاکی عێراق و رەجەب تەیب ئەردۆغان و حکومەتەکەشی بەئاگرخۆشکەری جەنگی تایەفی تاوانبار دەکات. هەڵوێستی ئەوکاتی کازمی تەواو جیاوازە لەچاو هەڵوێستی ئێستای بەرامبەر بە لەشکرکێشی تورکیا.
وتارەکەی مستەفا کازمی بەناونیشانی « التدخل التركي ومحاذير الوقوع في الأجندات الطائفية» لە 6/1/2016 لەسایتی ئیلاف بڵاوبۆتەوەو پێشتریش لەسایتی « مونیتور» ی بەشی عەرەبی بڵاوبۆتەوە. جێگەی ئاماژەیە لەوکاتەدا مستەفا کازمی بەرپرسی بەشی عێراقی سایتی مونیتوری ئەمریکی بووە. لەوکاتەدا تورکیا بەناوی جەنگی دژ بەداعش پەلاماری شارۆچکەی بەعشیقەی نزیکی شاری موسڵی داو بنکەیەکی سەربازی داناوەو هەتاوەکو ئێستاش لەوێ ماونەتەوە، ئەمەش لەکاتێکدا هیچ کاتێک سوپای تورکیا دژی داعش جەنگی نەکردووە. لەکاتی هاتنی سووپای تورکیاش بۆ بەعشیقە، خەڵکێکی زۆر دژی ئەم هاتنەی سوپای تورکیا بوون و پێیان وابوو بۆ پارێزگاریکردن و دەربازکردنی چەتەکانی داعش هاتووە.
کازمی لەم وتارەیدا دژی لەشکرکێشی سوپای تورکیا دەوەستێتەوە و پێشی وایە کەهاتنی سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی عێراقی دەبێتەهۆی پەرەسەندنی جەنگی تایەفی و هەروەها دژی لێدوانەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیاش دەوەستێتەوەو بەتایەفی تاوانباری دەکات.
کازمی لەوتارەکەیدا دژی لێدوانەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا دەوەستێتەوەو دەڵێت:
رەجەب تەیب ئەردۆغان لەمانگی ئۆکتۆبەری پێشوودا لەکاتی باسکردنی داگیرکردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە، وتی: هۆکاری ئەم داگیرکارییە ئەوەیە کە سوپای عێراق تەنها لەشیعە پێکدێت، تورکیاش ئامادەیە مەشق و راهێنان بەسوننەی عێراق بکات.
دواتریش رەخنەکانی لەحکومەتی تورکیا چڕتر دەکاتەوەو دەڵێت:
هەڵوێستەکانی ئەم دواییەی حکومەتی تورکیا بۆ نموونە ئەو لێدوانەی ئەردۆغان و لەشکرکێشییەکەی بۆ ناو خاکی عێراق، کە هیچ هەماهەنگییەکی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی نەکردبوو، هەموو ئەمانە گوزارشت لەهەڵوێستێکی تایەفی تورکیا دەکەن، هەروەها ئەوە دەردەخەن کە تورکیا پشتگیری سوننە دەکات و دژی شیعەی عێراق و سوریاش دەوەستێتەوە. هەرئەمەش وایکرد کە لەدژی ئەم هەڵوێستەی تورکیا لایەنە شیعەکان ناڕەزایی دەرببڕن، بۆ نموونە لە 9/12/2015 ا» الائتلاف دولة القانون» لەبەیانێکی دژی تورکیا وەستایەوە رایگەیاند: تورکیا جەنگی تایەفی بەهێز دەکات.
کازمی لەکۆتایی وتارەکەیدا دژی ئەوەیە کەدەوڵەتانی ناوچەکە هانی جەنگی تایەفی بددەن و پێشی وایە هەڵگرتنی ناسنامەی تایەفی زەرەر لەهێزو توانای ئەو دەوڵەتانە دەدات. لەمبارەیەوە دەڵێت:
ئا لەم رەوشە ئاڵۆزەی کە ناوچەکەی گرتۆتەوە، پێویستە لەسەر شانی هەموو هێزە ئیقلیمی و جیهانییە بەهێزەکان، لە راستی ئەوە تێبگەن، کە هاندان و یاریکردن بەسۆزی تایەفی کارێکی مەترسیدارە، چونکە ناوچەکە خۆی لەبنەڕەتدا دەکوڵێت و رەوشی ترسناکە. لەکۆتایشدا لە قازانجی هیچ هێزێکی ئیقلیمی نییە کە بەرژەوەندی لەناوچەکەدایە، بێت بەرگی تایەفی بپۆشێت و خۆی بکاتە بەشێک لەمیحوەری تایفی و دژی یەکێکی تر بوەستێتەوە. لەبەرئەوە زۆر گرنگە هێزە ئیقلیمییەکانی ناوچەکە زۆر بەوردییەوە ئاگاداری وتاری سیاسی و هەڵوێست و هەڵسوکەوتەکانیان بن، چونکە رووداوەکانی ناوچەکە خۆی لەخۆیدا هەڵگری ئاگری جەنگی تایفییە و ئەگەری تەقاندنەوەی هەیە.
دیارە وتارەکەی کازمی باسی زۆر شتی تری کردووە کەچۆن ناوچەکە بەسەر میحوەری سوننە و شیعە دابەش بووەو کێشەی تایەفی لەناوچەکە، هیوادارم لەداهاتوودا تەواوی وتارەکە بکەمە کوردی. بەڵام ئەوەی مایەی سەرنجە کاتێک کازمی دێتە سەرکارو پۆستی سەرۆک وەزیران وەردەگرێت، بەداخەوە هەڵوێستی بەرامبەر تورکیا دەگۆڕێت.
تورکیای دۆست
هەر پاش دوو رۆژ لەدەستبەکاربوونی لە 9ی حوزەیرانی ئەمساڵدا مستەفا کازمی چاوی بەفاتیح یەلدز باڵیۆزی تورکیا لەعێراق کەوت، بەپێی بەیانێکی سەرۆکایەتی حکومەتی عیراق، کازمی رایگەیاندووە: دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بەهێز بکەین، بەتایبەتی لەبواری ئابووریی و دژایەتیکردنی تیرۆردا.
دیارە مەبەستی سەرەکی تورکیا لەوشەی « تیرۆر» هێزە کوردییەکانە، لەکاتێکدا کازمی زۆر باش سیاسەت و ستراتیژی تورکیا دەناسێت، کەچی ئاواتەخوازی ئەوەیە کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا بەهێزبکات. ئەم هەڵوێستەی کازمی تەواو پێچەوانەی هەڵوێستی ساڵی 2016یەتی، هەرچەندە راستە لەوکاتەدا رۆژنامەنووسێکی ئاسایی بووەو ئێستاش بەرپرسی حکومەت و قسەکانی حسابی بۆ دەکرێت، بەڵام نەدەبوو بەو شێوەیە هەڵوێستی بگۆڕێت.
هەڵوێستی بەرامبەر بە لەشکرکێشییە نوێکەی تروکیا
لەناوەڕاستی مانگی حوزەیرانەوە، سوپای تورکیا بەشێوەی ئاسمانی و وشکانی خاکی عیراقی بەزاندووەو لەشکرکێشییەکی گەورەی دەستپێکردووەو هەتاوەکو ئیستاش بەردەوامە. بەڵام هەڵوێستی ئێستای کازمی بەرامبەر بەلەشکرکێشی تورکیا، بەپێچەوانەی ساڵی 2016 ەوە زۆر لاوازە. تاکە هەڵوێستی کازمی لەبەرامبەر لەشکرکێشی ئەمجارەی تورکیا، تەنها بانگهێشتکردنی باڵیۆزی تورکیا بووە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عیراق و پێشکەشکردنی ناڕەزایی نامەیەکی ئاسایی، ئەمەش تابڵێیت هەڵوێستێکی لاوازە بەرامبەر بەو ئەجێندا ترسناکەی تورکیا کە لەعیراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە هەیەتی.
ئەوەی هەستی پێدەکرێت چ حکومەتی هەرێمی کوردستان و چ حکومەتی بەغداد، هیچ کاردانەوەیەکی بەهێزیان بەرامبەر بەم لەشكرکێشیەی تورکیا نەنواندووە، لەکاتێکدا دەبوایە ئەوان بەوپەڕی هێزو توانایانەوە دژی ئەم لەشکرکێشییە بوەستانەیەتەوە، هەرچەندە هەڵوێستی حکومەتی بەغداد لەهی هەولێر باشترە.
دوا قسە
کازمی خۆی باش دەزانێت کە هیچ کاتێک تورکیا دۆستی عێراق نەبووە، ئەوەتا ئەمڕۆ بەئاشكرا بەناوی دژایەتیکردنی پەکەکەو تیرۆرەوە، بەشێکی گەورەی خاکی عێراقی داگیرکردووە، هەروەها ئاوی رووباری دیجلەو فوراتی نیمچە وشککردنێک کردووەو جەنگی ئاو لەگەڵ عێراق دەکات، لەهەمووشی خراپتر ئەوەیە تورکیا لەپشتگیریکردنی سوننە توندڕەوەکانی عێراق بەردەوامە، هەروەها باسی نەخشەی تورکیای گەورە دەکات، کە بەشێکی زۆری خاکی عێراق دەگرێتەوە. هەموو ئەمانەش لەسیاسەتی دەوڵەتێکی دۆست ناوەشێتەوە، بگرە زیاتر لەسیاسەتی دەوڵەتێکی دوژمن دەچێت.
دیارە هێشتا زووە تەواوی هەڵوێستی کازمیمان لەبارەی تورکیا بۆ روون بێتەوە، چونکە تەمەنی کابینەکەی کەمە، بەڵام هیوادارین لەداهاتوودا لەبەرامبەر تورکیادا بەم شێوە لاوازە نەبێت، دەنا تورکیا هەنگاوی ترسناکتر دەنێت.
سەرچاوەکان:
التدخل التركي ومحاذير الوقوع في الأجندات الطائفية. سایتی ئیلاف. السبت 09 يناير 2016 -
الکاظمی: حریصون علی تطویر العلاقات مع ترکیا. سایتی ئەنادۆڵی تورکیا بەشی عەرەبی. 9/5/2020
تركيا تواصل انتهاكاتها.. كوماندوز يتوغل شمال العراق. سایتی العربیة. 17 يونيو 2020