تورکیا؛ دوو پارتە رکابەرەکەی ئاکەپە چاویان لەدەنگەکانی دانیشتوانی باکوری کوردستانە

پارێزگاى ئامه‌د له‌ باکورى کوردستان

4 ساڵ لەمەوپێش



به‌کر شوانى

پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دێڤا) بەسەرۆکایەتیی عەلی باباجان و پارتی ئایندە بەسەرۆکایەتیی ئەحمەد داودئۆغڵو کەهەردووکیان لەهەناوی پارتی دادو گەشەپێدان-ئاکەپەی دەسەڵاتدارەوە لەدایکبوون، لەهەوڵێکی بێوچاندان بۆ پتەوکردنی رێکخستن و ریزەکانیان لەسەرانسەری تورکیادا بەمەبەستی خۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنە گشتییەکانی داهاتووی وڵات کەبڕیاروایە ساڵی ٢٠٢٣ ئەنجامبدرێت. ئەم دوو پارتە بەڵێنی گۆڕینی ئاڕاستەی سیاسەت و گەڕانەوە بۆ سیستەمی پەرلەمانتاری و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد دەدەن. دێڤاو ئایندە بەتایبەتی هەوڵەکانی خۆیان لەشارەکانی باکوری کوردستاندا چڕکردووەتەوەو هەریەکەیان خوازیارە بەشێک لەدەنگەکانی ئاکەپەو پارتی دیموکراسیی گەلان-هەدەپە بەلای خۆیدا رابکێشێت. هەردوو لایەنیش لەهەوڵەکانیاندا لەباکوری کوردستان پشتیان بەدوو پێشهاتی گرنگ بەستووە کەچاوەڕێ دەکرێت لەهەڵبژاردنی داهاتوودا کاریگەریی بەرچاویان بەسەر ئەنجامەکانەوە هەبێت؛ زیادبوونی ژمارەی گەنجانی کورد، بەتایبەتی ئەوانەی کە لەهەڵبژاردنی داهاتوودا دەگەنە تەمەنی دەنگدان و هەروەها ئەو ئاتمۆسفێرەی کە لەئەنجامی گوشارەکانی حکومەتەوە بۆ سەر هەدەپە لەهەرێمەکە هاتووەتە ئاراوە.

وەک دەزانرێت، لەماوەی ١٥ ساڵی رابردوودا دەنگی دەنگدەرانی کورد لەباکوری کوردستان لەنێوان بەرەی کورد، کە لەم سەردەمەدا هەدەپە سەرکردایەتیی دەکات و بەسەر ئاکەپەدا دابەش بووە، بۆیە لێرەدا دەستبەجێ ئەو پرسیارە بەخەیاڵدا دێت کەداخۆ پارتی دێڤای باباجان و پارتی ئایندەی داودئۆغڵو چی بەڵێن و بەرنامەو کارنامەیەکیان هەیە بۆ دوورخستنەوەی دەنگدەرانی کورد لەهەدەپەو ئاکەپەو رازییکردن و راکێشانیان بەلای خۆیاندا؟ بۆ گەڕان بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەدا پێویستمان بەزانینی بۆچوون و سیاسەتی هەردوو پارتی دێڤاو ئایندەیە لەسەر پرسی کورد لەتورکیا.

وەک لەکارنامەی پارتی دێڤاو لێدوانەکانی باباجان لەسەر ماڵپەڕی فەرمیی پارتەکەو لەمیدیاکانی تورکیادا دەردەکەوێت، دێڤا بەپێویستی دەزانێت پرسی کورد بەتەواوی لەچوارچێوەی دیموکراسی و ئازادی و مافەکانی مرۆڤدا بگیرێتە دەست و ئەو پرەستیژەی کورد لەسەر ئاستی جیهان بەدەستی هێناوە، لەسیاسەتی فەرمیی تورکیادا لەبەرامبەر دۆزی کورد رەنگبداتەوە. دێڤا پرسی کوردو شەڕی نێوان پەکەکەو دەوڵەت لەیەکدی جیا دەکاتەوەو دژ بەوەیە هەردووکیان بخرێنە یەک چوارچێوەوە. ئەم پارتە پشتیوانیی خۆی بۆ شەڕی دەوڵەت لەدژی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد ناشارێتەوەو لەبەرامبەر ئەوەدا داوا دەکات لەچوارچێوەی تورکیادا ماف و ئازادییەکانی کورد، بەبەکارهێنان و خوێندنی زمانی کوردیشەوە، دەستبەرو زامن بکرێت.

هاوکات پارتی ئایندە بەسەرۆکایەتیی داودئۆغڵو سەرچاوەی پرسی کورد دەگەڕێنێتەوە بۆ هەبوونی کێماسی لەمافەکانی مرۆڤدا و خراپ بەکارهێنانی ئەو کێماسییانە. ئەو پارتە لەبەرنامەی راگەیاندنیدا پێی وایە دەکرێت بەگرتنەبەری سیاسەتێکی جددی و ئاکارمەندو دیموکراسی هەموو پرسەکانی مافی مرۆڤ لەتورکیادا، بەپرسی کوردیشەوە، چارەسەربکرێن.

بەشێوەیەکی گشتی، هەردوو پارتی دێڤاو ئایندە سیاسەتی خۆیان لەباکوری کوردستان لەسەر دوو بنەمای سەرەکی بەڕێوەدەبەن؛ یەکسانیی هاووڵاتیبوون لەدەستوورداو پەروەدەو خوێندن بەزمانی دایک.

لەهەڵبژاردنە گشتییەکانی مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٨دا هەدەپە ٦٥،٥٪و ئاکەپە ٢١،٥٪ی دەنگەکانی سنووری پارێزگای ئامەدیان بەدەستهێنا و یەکەمیان (٩) و دووەمیان (٣) پەرلەمانتاری لەو شارەوە ناردە ئەنقەرە. لەهەڵبژاردنە ناوخۆیییەکانیشدا کەکۆتایی مانگی ئاداری ساڵی ٢٠١٩ ئەنجامدران، هەدەپە زۆربەی شارەوانییەکانی باکوری کوردستانی بردەوە بەشارەوانیی گەورەی دیاربەکریشەوە، بەڵام هەر دوای چەند مانگێک حکومەتی ئاکەپە سەرۆک شارەوانییە کوردەکانی، بەسەرۆکی شارەوانیی گەورەی دیاربەکریشەوە، دوورخستەوەو قەیومی لەشوێنیان دانا. لەئاتمۆسفێرێکی وەهادا هەردوو پارتی دێڤاو ئایندە شاری دیاربەکری خاوەن نزیکەی دوو ملیۆن دانیشتوویان کردووە بەچەقی هەوڵ و کارەکانیان بۆ پەیداکردنی ئەندام و لایەنگر.

بەپێی نوێترین راپۆرتی ناوەندی لێکۆڵینەوەی راوێست (RAWEST) کە لەباکوری کوردستان لێکۆڵینەوەی مەیدانی ئەنجامدەدات، پارتی دێڤای باباجان زیاتر سەرنجی تووێژی ناوەندو دەنگدەرانی شارنشین و پارتی ئایندەی داودئۆغڵویش زیاتر سەرنجی دەنگدەرانی کۆنسەرڤاتیڤی بەلای خۆیدا راکێشاوە. لەڕاپۆرتی ماڵپەڕی ناوەندی ئاماژە بۆکراودا هاتووە کەپارتی دێڤا چانسی زیاترە بۆ بەدەستهێنانی دەنگی بەشێک لەدەنگدەرانی کوردو هۆکارێکی ئەوەیش دەگەڕێنێتەوە بۆ پشتیوانیکردنی سەرۆک کۆماری پێشوو عەبدوڵا گویل لەپارتی دێڤاو سیاسەتەکانی باباجان. گویل رۆژی ١١ی ئاداری ساڵی ٢٠٠٩ لەکاتی پێشوازیکردنی وەک سەرۆک کۆمار لەشاندێکی سیاسەتمەدارانی پارتی ئاشتی و دیموکراسی-بەدەپە (دواتر قەدەغە کراو هەدەپە شوێنی گرتەوە)، لەقسەکانیدا ئاماژەی کردبوو بۆ هەنگاونان بەرەو چارەسەرکردنی پرسی کوردو ناوی قەزای گویرۆمایکی سەر بەپارێزگای بدلیسی بەکوردی هێنابوو کە نۆرشینە. «ڕاوێست» پێی وایە ئەو هەڵوێستەی گویل لە یادەوەریی کوردەکاندا ماوەتەوەو پارتی دێڤا دەتوانێت لەپاڵ بەرنامەی سیاسیی خۆیدا لەمەڕ پرسی کورد، هیوا لەسەر ئەو هەڵوێستەی گویلیش هەڵبچنێت.

سیاسەتمەدارانی کورد کەپێشتر وەک کاندیدی سەربەخۆ دەچوونە هەڵبژاردنەوە، ساڵی ٢٠١٤ لەسەر لیستی هەدەپە چوونە هەڵبژاردنەوە و بەربەستی ١٠٪ی رێژەی دەنگەکانیان بڕی و گەیشتنە پەرلەمانی تورکیا. پەلامارەکانی داعش لەو ساڵەدا بۆ سەر باشور و رۆژئاوای کوردستان و دواتر شەڕی کۆبانێ و چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو شارە لەو هۆکارانە بوون کە هەستی نەتەوایەتییان لای کورد بووژاندەوەو دەنگدەرانی باکور بەلێشاو دەنگیان بۆ هەدەپە دا. حکومەتی ئاکەپە لەو قۆناغە بەدواوە بەدەستگیرکردن و زیندانیکردنی ژمارەیەکی زۆر لەسیاسەتمەداران و ئەندامان و دەنگدەرانی هەدەپە هەوڵی داوەو دەدات لەکاریگەریی ئەو پارتە کەم بکاتەوە. ئەمەیش هۆکارێکی ترە «راوێست» پێی وابێت کە بەشێکی بەرچاو لەدەنگدەرانی کورد، ئەگەرچی ئەقڵ و دڵیان لای هەدەپەیە، بەڵام بەدوور نازانرێت لەهەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگ بۆ دێڤا بدەن. ئەوە بۆ هەموو ناوەندە سیاسییەکانی تورکیا یەکلایی بووەتەوە کەهەدەپە وەک نوێنەری زۆرینەی دەنگدەرانی کورد لەهەڵبژاردنی داهاتوودا رۆڵێکی یەکلاییکەرەوەی دەبێت لەنێوان پارتەکانی بەرەی دەسەڵات و بەرەی ئۆپۆزسیۆندا، بۆیە پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن، لەسەرووی هەموویانەوە دێڤا، هاوتەریب لەگەڵ پەیداکردنی دەنگدەردا لەباکوری کوردستان، لەگەڵ هەدەپەیشدا لەپەیوەندی و گفتوگۆدایە بۆ ئەگەری کاری هاوبەش لەداهاتوودا. چاودێران وای بۆ دەچن بەرەی کورد زیاتر لەبەرەی ئۆپۆزسیۆن نزیک بێت وەک لەبەرەی دەسەڵات، بەڵام ئایا مەرجەکانی بەرەی کورد بەڕابەرایەتیی هەدەپە بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ بەرەی ئۆپۆزسیۆن چۆن و چی دەبن، ئەوە پرسیارێکە وەڵامەکەی لای داهاتووە.

*بەکالۆریۆسی رۆژهەڵاتناسی، بازنەی تورکیاناسی، زانکۆی بۆن، ئەڵمانیا

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار