ئێران لەڕێگەی دوو رێكکەوتننامەوە پێگەی خۆی بەهێز دەکات

4 ساڵ لەمەوپێش



ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا

لەماوەی پێشوودا  نرخی تمەن هێندە دابەزی،  خەریک بوو ئێران لەمایەپووچییەوە نزیک بکاتەوە. دابەزینی نرخی تمەن وایکرد، کەخەڵکانێکی زۆر لای ئێمەش دەستبکەن بە تمەن کڕین. زۆر چاودێری سیاسی لەو باوەڕەدا بوون، کەئێران لەمایەپووچی نزیکبۆتەوە. لێ ئەوەی جێگەی سەرنج بوو، دووبارە ئێران لە رێگەی دوو رێکەوتننامەی گرنگەوە، پێگەی خۆی لەناوچەکەو جیهان بەهێزکردەوە. یەکەمیان لەگەڵ کۆماری چین، دووەمیان لەگەڵ رژێمی ئەسەد لەسوریا. یەکەمیان کاردانەوەی زۆری لەناوەوەو دەرەوەی وڵات لێکەوتەوە، چونکە زۆر هەمەلایەنەو کەرتەکانی ئابووری و سیاسی و سەربازیی و ئەمنییەکان دەگرێتەوە، لەهەمووشی گرنگتر بۆ ماوەی (25) ساڵە. هەروەها لەگەڵ زلهێزێکی جیهانیشە کەئەویش چینە. دووەمیان لەگەڵ رژێمی ئەسەدە، کەیەکێکە لەبنەما سەرەکییەکانی سیاسەت و ستراتیژی ئێران لەناوچەکە.

لێرەدا هەوڵدەدەم تیشکێک بخەمەسەر هەردوو رێکەوتنەکە و کاریگەرییان بەسەر رەوشی گشتی ناوچەکەو جیهان بخەمەڕوو.

ئێران و چین دوو دۆستی ناچار بەیەک

پەیوەندی ئێران و چین زۆر کۆنەو دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا، ئەمەش بەهۆی ئەوەی هەردووکیان خاوەنی شارستانی کۆن بوون. لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێرانیشدا، پەیوەندی نیوان هەردوولا زۆر بەهێز بووە. ئەمەش کۆمەڵێک هۆکار رۆڵی هەبووە:

 لەڕووی سیاسییەوە هەردووکیان دژی سیاسەتی ئەمریکان لەناوچەکەو جیهان. لەهەمووشی گرنگتر، هەردووکیان رووبەڕووی سزای ئەمریکا بوونەتەوە. لەڕووی ئابووریشەوە، چین پێویستی بەنەوت و گازو بازاڕی ئێران هەیە، لەبەرامبەریشدا ئێرانیش پێویستی بەپارەو تەکنەلۆژیای چینی هەیە، بەتایبەتی لەئێستادا کە رووبەڕووی سزا قوورسەکانی ئەمریکا بۆتەوە. لەئیستادا چین یەکەم دەوڵەتی جیهانە لەڕووی سەرمایەگوزارییەوە لەئێران و لەساڵی 2010-ەوە بڕی (18.6) ملیار دۆلار سەرمایەگوزاری کردووە، لەکاتێکدا کۆی گشتی سەرمایەگوزاری بیانی لەئیران (28) ملیار دۆلار بووە. ساڵی 2017 چین رۆژانە (630) هەزار بەرمیل نەوتی لەئێران کڕیوە، هەرچەندە ئەمساڵ بەهۆی قەیرانی دارایی و ڤایرۆسی کۆرۆنا بڕەکە بۆ (200) هەزار بەرمیل دابەزیوە. لەڕووی بازرگانیشەوە، ماوەی چەندین ساڵە چین یەکەمین شەریکی بازرگانی ئێران، ساڵی پار بەبڕی نۆ ملیار دۆلار هەناردەی ئێران چووە بۆ چین کەزیاتر نەوت و گاز بووە. لە بەرامبەریشدا چین بڕی (11) ملیار دۆلار شمەکی هەناردەی ئێران کردووە. واتە میزانی بازرگانی لەبەرژەوەندی چینە.

رێکەوتنێکی مێژوویی و گرنگ

ئەم پەیوەندییە میژووییە ئەمساڵ هەنگاوی گەورەتری نا و رێکەوتنی «25 ساڵەی»ی لێکەوتەوە. ئەم رێکەوتنە یەکێکە لەڕێکەوتننامە گرنگەکانی مێژووی نوێی ئێران، چونکە بۆ ماوەی (25) ساڵە، واتە ماوەیەکی زۆر، هەروەها هەموو لایەنەکانیش دەگرێتەوە. لەکاتێکدا ئێران لەگەڵ هیچ دەوڵەتێک رێکەوتننامەیەکی لەم شێوەیەی نەکردووە. هەرچەندە هەموو  ناواخنی رێکەوتنامەکە بەتەواوی ئاشكرا نەکراوە، بەڵام ئەوەندەی کەمیدیاکانی ئێران و چین و جیهانیش باسیان لێوە کردووە، رێکەوتنەکە لە (18) لاپەڕەو کۆمەڵێک بڕگەی گرنگ پێكهاتووە کەگرنگترینیان:

چین لەماوەی (25) ساڵی داهاتوودا بەبڕی (400) ملیار دۆلار سەرمایەگوزاری لەئێران دەکات. (280) ملیار دۆلار لەکەرتی «نەوت، گاز  و سامانی سروشتی دەبێت» (120) ملیار دۆلاریشی لەدروستکردنی ژێرخانی ئابووری دەبێت وەکو دروستکردنی «هێڵی شەمەندەفەر، بەندەرو فرۆکەخانەو بیناسازیی«. لەبەرامبەریشدا ئێران بۆ ماوەی (25) ساڵ نەوت و گازی خۆی بەچین دەفرۆشێت و پارەکەشی دەچێتە بانکێک لەشاری شەنگهای.

لەڕووی سەربازیی و ئەمنییشەوە پەیوەندییەکان بەهێزتر دەکرێن، هەرچەندە هەندێک لەمیدیاکان باسیان لەوەکرد کەئێران رێگە دەدات کە چین بنکەی سەربازیی دابنێت، بەڵام ئەمەش لەزاری وتەبێژی حکومەتەوە رەتکرایەوە. هەروەها مەسەلەی فرۆشتنی دورگەی کیش لەکەنداوی فارسیش باسکرا، بەڵام ئەمەش لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە رەتدەکرێتەوە.

گرنگی بۆ چین

هەمیشە ئێران گرنگی گەورەی بۆ چین هەبووە، لەڕووی نەوت و گازەوە، ئێران سەرچاوەیەکی گەورەی ئەم سامانەیە. لەڕووی بازاڕیشەوە، ئێران یەکێکە لەبازاڕە باشەکانی رۆژهەڵاتی ناڤین. بەڵام لەهەمووی گرنگتر پێگەی جوگرافیی ئێرانە، چونکە دەکەوێتە سەر کەنداوی فارسی، کەزۆرترین نەوت و گازی جیهانی تێدایە، هەروەها سنووری بەئاسیای ناڤین و دەریای قەزوینەوە هەیە، کە ئەمیش لەڕووی ستراتیژی و سیاسەتی دەرەکی چین، زۆر گرنگە. بەم رێکەوتنە بەتەواوی چین بەسەر ئەم دوو ناوچەیەدا زاڵ دەبێت و پێگەی خۆی لەبەرامبەر ئەمریکا بەهێزتر دەکات. هەربۆیە ئەمریکا زۆر دژی ئەم رێکەوتنە بوو.

گرنگی بۆ ئێران

گرنگی بۆ ئێران زۆرە، چونکە لەئێستادا خۆی لەبەردەم سزا قورسەکانی ئەمریکادا دەبینێتەوە، ڤایرۆسی کۆرۆناش هێندەی تر ئابووری داڕما، هەموو ئەمانەش وایکرد کە نرخی تمەن لەبەرامبەر دۆلادار هاڕە بکات. ئا لەم کاتەدا ئەم رێکەوتنە، دەرگایەکی ئەفسووناوییە بۆ ئێران بۆ ئەوەی کەمێک هەناسە بدات و ئابوورییەکەی لەداڕمان رزگاربکات.

کاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەکی

گەرچی ئەم رێکەوتننە چ لەناوخۆی وڵات  چ لەدەرەوە، ناڕەزایی زۆری لێکەوتەوە، ئەوەی مایەی سەرنج بوو هەڵوێستی ئەحمەدی نەژادی سەرۆکی پێشووی ئێران بوو کەزۆر دژی ئەم رێکەوتننامەیە وەستایەو رایگەیاند:

ئەم رێکەوتنە بەشێکی زۆری بڕگەکانی نهێنێی و دوور لەچاوی گەلی ئێرانەوە کراوە، هەموو رێکەوتنێکی نهێنیش لەبەرژوەندی گەلی ئێران نییە. جێگەی ئاماژەیە ئەحمەدی نەژاد ماوەیەکە دژی حکومەتی ئێرانی قسە دەکات و بەنیازیشە، دووبارە خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار هەڵبژێرێتەوە.

  گەرچی رەزا بەهلەوی کوڕی شای ئێرانە،  کەیەکێکە لەنەیارە سەرسەختەکانی کۆماری ئیسلامی. لەئەمریکاوە لەتویتێکیدا رەخنەی توندی لەم رێکەوتنە گرت  و رایگەیاند: رژێمی ئێرانی  لەتاران، هەموو سەروەت و سامانی ئێرانی تاڵانفرۆش کردووەو رازییش بووە بەهاتنی سوپای بیانی بۆ ناو وڵاتەکەمان.

گەرچی حکومەتی ئێرانی هەموو ئەم تۆمەتانە رەتدەکاتەوەو داکۆکی  لە رێکەوتنامەکە دەکات بەتایبەتی حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران.

رێکەوتنی لەگەڵ سوریا

رێکەوتنێکی تر کە بووە مایەی گرنگی پێدانی میدیای ناوچەکەو جیهان، رێکەوتننامەی سەربازیی بوو لەگەڵ سوپای بەشار ئەسەد لەدیمەشق.

لە 8ی ئەم مانەگەدا تەلەڤزیۆنی سوریا دیمەنی واژۆکردنی رێکەوتننامەیەکی سەربازیی بڵاوکردەوە، کەتێیدا عەلی عەبدوڵڵا ئەیوب وەزیری بەرگری سوریاو لیوا محەمەد باقر، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئێران واژۆی رێکەوتننامەیەکیان کرد، بەپێی ئەم رێکەوتنە بێت سوپای ئێرانی هاوکاریی سوپای سوریا دەکات، تاوەکو هێزو توانا سەربازییەکانی بەهێزتر بکات و پشت بەسیستەمی بەرگری  ئاسمانی ئێرانی ببەستێت بۆ ئەوەی پارێزگاری لەئاسمانی سوریا بکات و  دژی هێرشی دوژمنانی بێتەوە بەتایبەتی تورکیا و ئیسرائیل.

گرنگی ئەم رێکەوتنە بۆ ئێران

ئەم رێکەوتنە هێندەی تر پێگەی سەربازیی و سیاسی ئێرانی لەسوریا بەهێزتر کرد، چونکە لەماوەی پێشوودا زیاتر باسی رۆڵی روسیا دەکرا. بەڵام ئەم رێکەوتنە هێندەی تر دەستی ئێرانی لەسوریا ئاوەڵاتر کرد. ئێران لەڕێگەی ئەم رێکەوتنەوە کۆمەڵێک پەیامی بۆ دۆست و نەیارانی نارد:

بە ئەمریکیی و ئیسرائیلییەکانی وت، کەچیتر ناتوانن هەروا بەئاسانی پەلاماری هێزەکانی لەسوریا بدەن، چونکە سیستەمی دژە فرۆکەی ئێرانی ، سیستەمێکی بەهێزە. هەروەها دەرچوونی هێزی ئێرانیش لەسوریا، بوو بەشتێکی مەحاڵ. هەروەها پەیامێکیش بوو بۆ تورکیا، کەئێران بەهەموو شێوەیەک بەردەوامە لەداکۆکیکردن و بەرگریکردن لەڕژێمی ئەسەد ، هەروەها دژی هەوڵی داگیرکاری تورکیا دەوەستێتەوەو ترسێکی گەورەشە بۆسەر هێزی ئاسمانی تورکی، کە چیتر بەو ئاسانییە ناتوانێت پەلاماری سوریا بدەن. لەکۆتاییشدا پەیامێک بوو  بۆ روسیا، چونکە ئەم رێکەوتنە بەبێ ئاگاداری ئەوان کراوە، هەروەها وازهێنانی سوریاش لەسیستەمی بەرگری روسی و پشتبەستن بەسیستەمی بەرگی ئێرانی، مانای پشتکردنی لەمۆسکۆ و رووکردنە لەتاران.

گرنگی بۆ سوریا

ئەم رێکەوتنە بۆ رژێمی ئەسەد گرنگ بوو، چونکە ماوەیەکە هێزە ئاسمانییەکانی تورکیاو ئیسرائیل، هێرشی توند دەکەنەسەر سوپای سوریا . دیارە هێزی ئاسمانی تورکی و گروپە تیرۆریستەکان کەتورکیا پشتگیرییان دەکات، مەترسی گەورەن بۆ سەر سوریا.  ئەم رێکەوتنە بەرگریی ئاسمانی سوریا بەهێزدەکات، ئەمەش لەبەرژەوەندی رژێمی ئەسەدە

دوا قسە

بەدڵنییایەوە ئێران لەڕێگەی ئەم دوو رێکەوتنەوە پێگەی خۆی لەناوچەکەو جیهان بەهێزکردەوە، بەڵام راستە رێکەوتنی لەگەڵ چین لەڕووی ئابوورییەوە هاوکاری دەکات، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە لەئێستادا لەناوخۆی ئێراندا ناڕەزایی گەورە لەدژی هەیە. زۆرێک لەچاودێرانی سیاسی لەو باوەڕەدان کە رۆحانیش بەهەمان دەردی عادل عەبدولمەهدی بچێت، چونکە ئەویش بەهۆی رێکەوتنامەی لەگەڵ چین، رووبەڕووی دژایەتی زۆر بووەوەو لە دواجاردا حکومەتەکی رووخا. هەربۆیە بەشێکی زۆری ئەم رێکەوتننامەیە بەنهێنی ماوەتەوە، تاوەکو کاردانەوەی زیاتری لێنەکەوێتەوە.

گەرچی رێکەوتنی لەگەڵ رژێمی ئەسەد، تەنها بەرگری لەمانەوەی ئێران دەکات لەسوریا، هەرچەندە ئەم مانەوەیەش لەڕووی ئابووریی و سیاسییەوە، زۆر لەسەر ئیران دەکەوێت.

سەرچاوەکان:

Robert Espey. Irans Außenhandel stark geschrumpft. www.gtai.de

نيويورك تايمز: شراكة كاملة مرتقبة بين الصين إيران. سایتی العربیة.

سامي زرقا. ما الأوجه الخفية لشراكة إيران العميقة مع الصين؟.

www.akhbaralaan.net

خيانة ونهب».. تسريب تفاصيل اتفاق الربع قرن السري بين إيران والصين.سایتی الحرة.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار