پێش کوشتنی هاشمی ٣٠ چالاکوانی عێراق رفێنراون

هێشتا هیچ ئاماژەیەک نییە که‌ رفێندراوانی ‌نێو خۆپیشاندانه‌کان لەژیاندا ماون یان کوژراون

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

 

چارەنوسی زیاد لە (٣٠) چالاکوانی خۆپیشاندانهکانی عێراق هێشتا نادیاره، دوای چهند مانگێک له رفاندنیان لهسهر بەشداریکردنیان لەخۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا لەبەغداو باشوری عێراق دژی گەندەڵی حکومەت.

هەموو هەینییەک خێزانەکانیان لەمەیدانی تەحریری بەغدا خۆپیشاندان دەکەن بۆ بیرخستنەوەی جەماوەر دەربارەی کارەساتەکەیان و تکاکردن لەحکومەت بۆ دڵنیایدان لەوەی چارەنووسیان دەردەخرێتو ئەو کەسانەش دەستنیشاندهکرێن کە تێوەگلاون لەڕفاندنیان.

نزیکەی (30) چالاکوان کە رفێندران لەبەغدا، زیقار، بابل، میسانو پارێزگاکانی دیکەی عێراق هێشتا بێسەروشوێنن که لەخۆپیشاندانە جەماوەریەکاندا چالاکبوون و ناسرابوون بەدژایەتییان بۆ میلیشیا عێراقییهکانی سەر بەئێران.

میلیشیاکانی سەر بەئێران تۆمهتبار دهکرێن

لێکۆڵینەوەکان کە لەلایەن پۆلیس و دەزگای هەواڵگری عێراقەوە کراون، ئاماژەدەکەن بەتێوەگلانی میلیشیاکانی سەر بەئێرانی کەتائیب حزبوڵڵا و حەرەکهت نوجەبا لەم رفاندنانەدا، لەگەڵ ئەو گروپانەی کەهاوپەیمانیانن.

هێشتا هیچ ئاماژەیەک نییە بەوەی ئایا رفێندراوان هێشتا لەژیاندان یان کوژراون، ئهوهش لهکاتێکدایه که مهترسی بۆ سهر چالاکوانه سیاسییهکان لهم مانگهوه زیادی کردووه کار گهیشته کوشتنی هیشام هاشمی کهیهکێک لهوانه دهناسرا پاڵپشتی خۆپیشاندانهکانی دهکرد.

خوێندکارانی زانکۆو هەندێک لاوی خوار تەمەنی (20) ساڵ لەنێو ئەوانەدان کە لەبەغدا رفێندران دوای بەشداریکردن لەخۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا.

لەنێو رفێندراواندا مامۆستای زانکۆ ماجید زەفیری هەیە، کە لەتشرینی دووەم رفێندرا؛ لەگەڵ خۆپیشاندەرو چالاکوان قوتەیبە سودانی؛ ههروهها وێنەگری رۆژنامەوانی ئوسامە تەمیمی، کە لەکانونی یەکەم رفێندرا دوای جێهێشتنی مەیدانی تەحریر.

هەروەها لەنێو بێسەروشوێناندا چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ عەبدولمەسیح رۆمیۆ سارکیس هەیە، کە لەسەرەتای ئازاردا رفێندرا؛ نووسەری بەناوبانگی عێراقی مازن لەتیف لەشوبات و هاوڕێکەی تۆفیق تەمیمی کەچەند رۆژێکی کەم دوای ئەو رفێندرا.

چالاکوان ئیبراهیم جەدوهع و پارێزەر عەلی جاسیب که لەپارێزگای میسان لەباشووری عێراق رفێندرا، ئەوانیش هێشتا بێسەروشوێنن.

کازمی لەکاتی سەردانێکی (17)ی ئایاردا بۆ نووسینگەی وەزارەتی ناوخۆ لەبەغدا، کە لەگەڵ سەرکردە ئەمنیەکان کۆبووهوە، فەرمانیدا بەوەزارەت هەموو هەوڵێک بخاتەگەڕ بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی بێسەروشوێنەکان.

سەرکردەیەکی بەناوبانگ لەهاوپەیمانێتی وەتەنیە، حامید موتڵەک وتی: رفاندنەکان بەشێوەیەکی تایبەت چالاکوانانیان کردۆتە ئامانج کەداوای دەوڵەتێکی مەدەنی و ئازاد دەکەن بەبێ دەستتێوەردانی دەرەکی.

وتیشی ‘’یەک لایەن بەرپرسە لەم رفاندنانە، که ئەو میلیشیایانەن کە نایانەوێت عێراق سەروەریی هەبێت بەداخەوە ئەم میلیشیایانە دەیانەوێت دەوڵەت بڕفێنن، نەک تەنیا چالاکوانان».

ئەگەری زۆرە میلیشیاکان تۆمەتبار بن

پەرلەمانتارێکی عێراق، باسم خەشان باسی لهوهکرد رفاندنی ئەو چالاکوانانەی بەشدارییان لەخۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا دەکرد یەکێکە لەگرنگترین کێشەکان و حکومەت دەبێت هەر زانیارییەکی دەستکەوتووە دەربارەی چارەنووسی ئەو لاوانەو رفێنەرانیان، بیخاتەڕوو وتی ئەگەری زۆرە لایەنە چەکدارەکان تێوەگلابن لە رفاندنیان، «لەبەرئەوەی خۆپیشاندانەکان نیگەرانی کردن و هەڕەشەی گۆڕانکاری ئەرێنی لەگەڵدا بوو بۆ عێراق کەدەکرا لەبەرژەوەندی ئەواندا نەبێت».

تۆڵهکردنهوه لهئهمریکا

میلیشیا توندڕەوەکانی نێو حەشدی شەعبی، سوێندیان خوارد کە تۆڵە لەئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەناوەوەی عێراق بکهنهوه.

کوشتنی هیشام هاشمی، شارهزای بواری گرووپه توندڕهوهکان ترسی ئەوەی هێناوەتە ئاراوە کەعێراق پێدەنێتە قۆناغێکی تاریک و تووندوتیژەوە، لەکاتێکدا بارگرژیەکانی نێوان لایەنەکانی سەر بەئێران و حکومەت دەچێتە قۆناغێکی چڕترەوە.

هاشمی، (47) ساڵ، درەنگانێکی شهوی (7ی تەموز) لەدەرەوەی ماڵەکەی خۆی لەخۆرهەڵاتی بەغدا کوژرا لەلایەن چەند چەکدارێکی دەمامکدارەوە کەماتۆڕیان پێبوو.

شارەزایان دەڵێن کوشتنەکەی ئاماژهی پێشهاتێکی نوێیه لەتووندوتیژی سیاسیدا لەوکاتەوەی خۆپێشاندانەکان لەتشرینی یەکەمدا هەڵگیرسان.

بێلکیس وایڵ لە رێکخراوی چاودێری مافهکانی مرۆڤ وتی «ئەو هێزە چەکدارانەی سەر بەلایەنی جیاوازن خۆپشاندەرانیان کوشتووەو کەسانی دیکەش که دەیانەوێت بەئاشکرا رەخنە لە حکومەت و هێزە چەکدارەکان بگرن، بێئهوهی بهرپرسیار رابگیرێن.»

بێلکیس وتی «ههندێک گروپ هێندە چاونهترس بوون بەجۆرێک کەدەتوانن هەرکەسێک بکوژن بەبێئەوەی هیچ لهسهریان بکهوێت.»

لەماوەی چەندین ساڵدا، هاشمی پەیوەندیی و تۆڕێکی گەورەی پێکهێنابوو لەگەڵ بڕیاربەدەستە باڵاکان و تووندڕەوە کۆنەکان و لایەنە سیاسییە نهیارهکانیداو زۆرجاریش میانگیری دهکرد لهنێویاندا.

ئەوانەی لێیهوە نزیکبوون دهڵێن ئهو دەستڕۆیشتووییه ناوازهیهی ئاستێک لەپارێزبهندی پێبەخشیبوو، بەڵام لەکۆتایی ساڵی رابردوو هاوسەنگییەکە کەمێک لاسەنگ بوو.

ئهوهش بهپشتیوانیکردنی هاشمی بۆ خۆپیشاندانەکانی دژ بەحکومەتێک که بەنزیکییەکی زۆرەوە لەئێران دەبینرا، ئەو میلیشیایانهی ناو حەشدی شەعبی تووڕەکرد کە تاران پشتیوانییان دەکات.

هاشمی بەنێو هەڕەشەکاندا هەنگاوی دەنا بۆ ئەوەی میانگیری بکات لەنێوان خۆپیشاندەران و بەرپرسە باڵاکانی حکومەتدا، تەنانەت لەحاڵەتێکیشدا کە چالاکوانان لەدەرەوەی ماڵەکانی خۆیان تەقەیان لێدەکراو دەکوژران و بەدەیانیش دەڕفێنران.

شرۆڤەکاران دەڵێن خاڵی وەرچەرخانەکە لەکانونی دووەمەوە دەستیپێکرد، کاتێک جەنەراڵی باڵای ئێران قاسم سولەیمانی و جێگری حەشدی شەعبی ئەبومەهدی موهەندیس لەهێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکادا لەنزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کوژران.

میلیشیا تووندڕەوەکانی نێو حەشدی شەعبی، بەتایبەتی ئەوانەی لەئێرانەوە نزیکن، وەک کەتایب حزبوڵا، سوێندیانخوارد کەتۆڵە لەئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەناوەوەی عێراق بکهنهوه.

وەک کەسێک کەپەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ حکومەتی وڵاتان هەبوو، هاشمی وەک ئامانجێک سەیردەکرا، بۆ ماوەی چەند رۆژێکیش لەکۆتاییەکانی کانونی دووەمدا بەغدای بەجێهێشت.

رێناد مەسنور، شرۆڤەکارێکه لە چازام هاوسی لەندەن کە بۆ ماوەی چەند ساڵێک لەگەڵ هاشمیدا کاریکردووە، وتی «هیشام ئاگاداری ئەوە بوو کە ئەم شتانە گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە.»

وتی «کوشتنی ئەبومەهدی موهەندیس هەموو ئەو گروپانەی بهرهڵاکرد کە پێشتر هەوڵی دابوو کۆنتڕۆڵیان بکات و بیانهێنێتە ژێربار. ئێمە هێشتا هەست بەشەپۆله ههژێنهرهکانی دەکەین.»

لەناو تۆڕەکەدا، کەتایب حزبوڵا مستەفا کازمی تۆمەتبارکرد بەبەشداربوون لەهێرشە کوشندەکەداو بەقووڵی دژی دانانی بە سەرهکوەزیرانی عێراق وەستانەوە لەئایاردا.

ئەوانەی لێیەوە نزیک بوون، وتیان هاشمی پێشتر بۆ ماوەی چەندین ساڵ راوێژکاری کازمی بووه، پەیوەندییەک کە خستییه «مەترسییەوە» کاتێک ئهو سەرۆکەی پێشووی هەواڵگری بوو بەسەرهکوەزیران.

هاوکارانی وتیان هاشمی رەخنەی لەئهندامه تووندوتیژهکانی نێو حەشدی شەعبی دهگرت و لانیکەم لەدوو لایەنی تووندوتیژهوه هەڕەشەی لێکرابوو. خێزانەکەی وتیان ناوبراو لەلایەن «دەوڵەتی ئیسلامی» (داعش)ەوە هەڕەشەی لێکراوە.

سیاسەتمهداری عێراق، رائید فەهمی وتی «ئەمە تیرۆری سیاسییە کەهەم بەواتای بێدەنگکردنی ئازادی رادەربڕین دێت، هەمیش وەک ئاڵهنگارییەک بۆ حکومەت و سەرهکوەزیرانەکەیو هەر پلانێکی چاکسازیی و ریفۆرم».

کازمی: بکوژانی هاشمی عێراقی نین

هاشمی تایبەتمەند بوو لەبزووتنەوە تووندڕەوەکانداو تۆڕێکی گەورەی پهیوهندی ههبوو لەگهڵ بڕیاربەدەستە باڵاکان و گروپە چەکدارەکان و لایەنە نهیارهکان، جارجاریش نێوەندگیری دهکرد لەنێوانیاندا.

مستهفا کازمی سهرۆک وهزیرانی عێراق سەردانی خێزانەکەی هاشمی کرد کە هاوڕێ و راوێژکاری بوو، کازمی بە «پاڵەوان» لهقهڵهمیدا.

کازمی، بەدەم لەباوەشکردنی سێ کوڕە چاو پڕ لەئاوەکەی هاشمی تیرۆرکراوهوه، عیساو موساو ئەحمەد، وتی «ئەوانەی لەوشەیەک دەترسن لەترسنۆکێک زیاتر هیچی تر نین. هیشام هیچی نەکردبوو، جگە لەهەوڵدان بۆ یارمەتیدانی عێراقییەکان لەڕێی وشەکانیەوە.»

کازمی وتی «ئەم کردەوەیە کردەوەیەکی عێراقیانە نییە. عێراقییەکان خەڵکی عێراقی ناکوژن».

سەرەکوەزیران بەهاوسهرهکهی هاشمی وت «تۆڵەی دەکەمەوە، بەویستی خودا بکوژانی بەئازادی ناسوڕێنەوە. من برای تۆم، عیساو موساو ئەحمەدیش منداڵی منن».

هاشمی شرۆڤەکارێکی ناوداربوو لەبواری «دەوڵەتی ئیسلامی» (داعش)داو لەمدواییانەشدا قسەی دژی لایەنە چەکدارە خراپەکارەکان لەعێراق دەکرد.

ناوبراو بەهەڕەشەو ترس و تۆقاندن نامۆ نەبوو، بەڵام ئەوانەی لێی نزیک بوون بەئاژانسی فرانس پرێسیان وت هەڕەشەی جددیی زیاتری لەم چەند هەفتەیەی کۆتاییدا لەلایەن گروپەکانی سەر بە ئێرانهوه لێکراوە.

شرۆڤەکاران ترس و نیگەرانی خۆیان دەربڕی کە کوشتنەکەی هاشمی سەردەمێکی تاریک دێنێتە ئاراوە کەتێیدا دەنگە رەخنەگرەکان لەپارتە سیاسی و گروپە چەکدارەکان بەشێوەیەکی تووندوتیژانە بێدەنگدەکرێن.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ داوای دادوەریی کرد بهرامبهر کوشتنی هاشمی و تیشکی خستەسەر ئەو هەڕەشانەی لەلایەن گروپەکانی سەر بەئێرانەوە لێی کرابوون.

پۆمپیۆ لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەواشنتۆن وتی «چەند رۆژێک پێش کوشتنەکەی، چەندین جار لەلایەن ئەو گروپە چەکدارانەی ئێران پشتیوانییان دەکات هەڕەشەی لێکراوە،» بێ ئەوەی راستەوخۆ تاران سەرکۆنە بکات.

ههروهها وتی «داوا لەحکومەتی عێراق دەکەین ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە سامناکه بهزوویی بەسزای خۆیان بگەیەنن.»

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار