حەفتانین لینینگرادی کورد
4 ساڵ لەمەوپێش
نەوزاد ساڵح
تاوانەکانی سوپای فاشیزمی تورکیا دەرهەق بەکورد بوونەتە عورفێکی رۆژانەو سایدیزمی رژێمی ئەکەپە بەدرێژایی (٢٨) ساڵی رابردوو مێژوویەکی هەیەو لەئێستاشدا هێرشەکان بەردەوامن، رەنگە ئەمە یەکەم جار نەبێت کەسوپای فاشیزم گورزی گورچکبڕی بەرکەوتبێت و هەر بەردەوامیش دەدات بەهێرشەکانی، ناوچەی حەفتانین بووەتە لینینگرادی کوردکە (پێویستە تورکیا تێبگات لەوەی کە بەپێشکەوتوترین چەکی ناتۆش نەیتوانی ئیرادەی گەریلا بشکێنێت و لەحەفتانین شکستی هێنا)!! ئەمەش لەسەر زەوی بەڕاستی سەلمێنرا کەسوپای تورکیا بەچەکی ئاسمانی و زەمینی بەرامبەر گەریلا شکستی هێناوە.
ئۆپراسیۆنە دۆڕاوەکە
ئۆپراسیۆنی سەربازیی تورکیا بۆسەر باشوری کوردستان بەناوی چنگی پڵنگ بەبەڵگە شکستی هێناوە، راستە هاوڵاتیانی سیڤیلیان شەهیدو بریندار کردووەو گوندنشینانیان کردووەتە ئامانج بەڵام وێڕای شکستی سەربازیی لەبەرچاوی دنیا بەڵکو لەڕووی سیاسی و دیبلۆماسیشەوە رسوایی بۆ ئەم سوپایە ماوەتەوە و هەڵوێستی وڵاتانی فەرەنساو ئەڵمانیاو میسرو سعودیەو ئوردن و کویت لەدژی تورکیا بەردەوامە دەرهەق بەدەستدرێژیەکانی بۆ سەر خاکی عێراقو لیبیاش.
ئامانج لەهێرشەکان بۆسەرخۆرئاواو باشور
هەڵبەتە تورکیا چەندین ئامانجی سیاسی و ئابوریی لەم هێرشانەدا هەیە لەوانەش:-
١-داگیرکردنی باشوری کوردستانو دەستبەسەراگرتنی سامانەکانیەتی.
٢-دابڕانی تاکەکانی هەرێمی بارۆس لەهەرێمەکانی تری کوردستان.
٣-دژایەتی کردن و زیندەبەچاڵکردنی ئەزموونی خۆسەری دیموکراتی لەباکوری خۆرهەڵاتی سوریا.
٤-تێکدانی پێکەوەژیانی کوردو عەرەب و مەسیحی و ئێزیدی و تێکدانی دیموگرافیای ناوچەکە.
٥-هێنانی عەرەبە توندڕەوە تیرۆریستەکانی وەک بەرەی نوسرەو ئەحرار ئەلشام و نیشتەجێکردنیان لەشارو گوندەکانی خۆرئاوای کوردستان.
٦-سڕینەوەی شوناسی کوردی و وێرانکردنی شوێنەوارە دیرۆکی و مێژوییەکان.
٧-شکاندنی ئیرادەی تاکی کوردو هەڵکەندنی لەزێدی خۆی و تاڵانکردنی ماڵ و سامانیان.
٨-زیندوکردنەوەی خەیاڵ پڵاوی وەرگرتنەوەی ویلایەتی موسڵ و لکاندنی بەتورکیاوە.
٩-لێکترازانی هزرو بیری نەتەوەیاتی کورد.
١٠-وێرانکردنی ناوچە گەشتیاریەکان بۆ زیانگەیاندن بەئابوری کوردستان.
زیانی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان
لەمانگی ١/ ٢٠١٥ تاکۆتایی ٢٠١٨ سوپای تورکیا (٣٩) جار بەفڕۆکە و (٤٢٥) جار بەتۆپبارانکردن هێرشی بۆ سەر سنورەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە، هەروەها تەنها لەماوەی پێنج مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠دا (١٣٥) هێرش لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ئەنجامدراوە، بەپێی ئامارەکان لەساڵی ١٩٩٢ـەوە زیاتر لە (١٠٠) هاوڵاتی مەدەنی لەباشوری کوردستان شەهیدبوون، لەساڵانی ٢٠١٧، ٢٠١٨ ،٢٠١٩دا (١٦٥) هاوڵاتی مەدەنی لەباشوری کوردستان شەهیدبوون بەهۆی بۆردومان و تۆپبارانی دەوڵەتی تورکەوە، هەروەها ئاماری رێکخراوی سی پی تی نێودەوڵەتی کەئەرکی پاراستنی مافی مرۆڤەو کار لەسەر کاریگەریەکانی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکات لەهەرێمی کوردستان، تەنها لەماوەی ٢٠١٥ تا ٢٠١٨، (٨٥) هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و (٩٥) هاوڵاتی دیکەش بریندرابوون. لەدیارترین کۆمەڵکوژییەکانیش کەتورکیا ئەنجامیداون لەباشور بریتیە لەکەندەکۆل ساڵی ٢٠٠٠، کورتەک ٢٠١١، زارگەلی ٢٠١٥، شیلادزێ ٢٠١٩، کورتەک ٢٠١٩، شیلادزێ ٢٠٢٠، بۆتێ لەسەرەتای هێرشەکانەوە کە لە ١٥/٦/٢٠٢٠ەوە تائێستا بەردەوامن و زیانی گیانی و ماڵی زۆر بەرامبەر هاوڵاتیانی سڤیل و گوندنشینان کەوتوە جگە لەشەهیدبوونی سەدان هاوڵاتی و برینداربوونی دەیانی تر، بەسەدان ملیۆن دۆلار زیاتر زیان بەدانیشتوانی ناوچەکان کەوتووە بەپێی ئامار بەدواداچوونەکان بەم شێوەیە بووە.
زیانەکان لەسەر ئاستی پارێزگاکان
پارێزگای دهۆک
ا-قەزای ئامێدی
لەکۆی (٣٤٨) گوند (١٩٨) گوند چۆڵکراوە،
(٣٠) هاوڵاتی تائێستا شەهیدبوون و بەدەیان برینداریش هەیە، ژمارەیەک هاوڵاتیش بێسەروشوێنن، بەسەدان دۆنم رەزو باخ سوتاوەو زیانی گەورە بەکەرتی گەشتیاری ناوچەکە کەوتووەو کەرتی کشتوکاڵ زیانی زۆری بەرکەوتوە وێڕای زیان بەپوش و پاوەن و هەنگ و هەنگەوانی و بنێشت و مازوو.......هتد
ب- ناوچەی شیلادزێ (٤٧) هاوڵاتی شەهیدو ژمارەیەک برینداریش هەبووە.
لەکۆی ٩٢ گوند (٨٥) گوند چۆڵکراون.
ج- قەزای زاخۆ
لەساڵی ١٩٩٢ەوە تائێستا زیاتر لە (٥٠) کەس شەهیدو بریندار بوون. هەروەها لەساڵی ٢٠٠٠ لەهێرشی تورکیا لەناوچەی کەندەکۆل سنوری برادۆست زیاتر لە (٤٠) کەس شەهیدبوون و دەیان کەسیش بریندار بوون، هەروەها لە کۆمەڵکوژیەکەی کورتەک و زارگەلی کەدەوڵەتی تورک لەساڵانی ٢٠١١ ، ٢٠١٥ ئەنجامیداوە حەوت کەس لەکورتەک، هەشت کەس لە زارگەلی شەهیدبوون کەبەگشتی (١٥) شەهید و ژمارەیەک برینداری لێکەوتووەتەوە بەدرێژایی (٤٠٠) کم و پانتایی (١٥) کم هێزەکانی تورکیا هاتوونەتە ناو سنوری ئەم قەزایەوە، لە ٥/٦/٢٠٢٠ نزیکەی (٦٦٩) تۆپ و (٧٠) موشەک ئاراستەی ئەم گوندانە کراون و- پێشتر تەنها چوار بارەگای هێزەکانی تورکیا لەم ناوچانەدا هەبوون بەڵام ئێستا (١٨) بارەگای دیکەیان داناوە.
د- (٢٥) گوندی ناحیەی دەرکار تۆپباران کراون و بەسەدان دۆنم گەنم سوتێنراون و تائێستا نزیکەی (٢٠٠) جوتیار ناتوانن بگەڕێنەوە شوێنەکانیان، زیانی گەورەیان بەرکەوتووە.
هـ- لەباتیفا (١٣) گوند تۆپباران کراون و (٢٧) گوند چۆلکراون بەشیوەیەک هاوڵاتیان ناتوانن کەلوپەلەکانیشیان بگەڕێننەوە.
و- زیانی گەورە بەبواری ژینگەو گەشتیاری ناوچەکە گەیشتووە کەبژێوی زیاتر لە (٤٠٠) خێزانی لەسەر بووە هەروەها جگە لەسوتاندنی رەزو باخ و مەڕوماڵات.....هتد
ز-قەزای ئاکرێ ناحیەی دینارتە زیانی زۆری بەرکەوتوەو لەکۆی (٩١) گوند (٢٤) گوند چۆڵکراون، گوندەکانی تریش لەمەترسیدان.
ح- نۆ شەهیدو (٢١) برینداریان هەیە.
ت- قەزای شەنگال بۆردومانی ئەم سنورە بەردەوامەو شەهیدو برینداری رۆژانە هەیە.
پارێزگای هەولێر
قەزای مێرگەسور
ا- لەکۆی (٧٣) گوند (٥٥) گوندیان چۆڵکراون و بەدەیان شەهید و بریندار هەبووە.
ب- جگە لەزیانی مەروماڵات و پوش و هەنگ و وێرانبوونی شوێنە گەشتیاریەکان و ئاوارەبوونی سەدان خێزان.
ج- قەزای چۆمان (١٥) گوندی سەرسنور چۆڵکراون و زیانی زۆر بەمەڕوماڵات و سەروەتی هاوڵاتیان گەیشتوە.
د-قەزای سۆران – ناحیەی سیدەکان
ه- (١٠٤) گوند چۆڵکراون جگە لەشەهیدو بریندار زیان بەمەڕو ماڵات گەیشتوەو ئاوارەبون.
و- قەزای رەواندوز- ناحیەی وەرتێ
چۆڵبوونی گوندی زارگەل –بۆ کرسیکان دەیان بریندار هەبووە، سوتانی رەزوباخ و ئاوارەبون.
پارێزگای سلێمانی
ا-قەزای چوارتا ٢٥/٦/٢٠٢٠ لەلایەن فرۆکەی تورکیاوە ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاب کراوەتە ئامانج کەتیایدا شەهیدو بریندار هەبووە لەگوندی کونەماسی کەزیانی زۆر بەو شوێنە گەیشتوەو هێڵی کارەبای چەندین گوند زیانیان بەرکەوتوە، جگە لەشکانی راگری ڕێگای سەرەکی و سوتانی کۆمەڵێک رەزوباخی دانیشتوان و زیان بەو ناوچە گەشتیاریە گەیشتوە.
ب- قەزای ماوەت
لەئاکامی هێرشی فرۆکەدا بنکەی تەندروستی گوندی سەفرە زیانی زۆری بەرکەوتوەو تەواو وێران بووە.
ج- هێڵی سەرەکی کارەبا زیانی گەورەی بەرکەوتووە.
دۆزینەوەی رێگاچارەکان
١-پێویستە ئەمریکا و هاوپەیمانان رێگا لەفرۆکە تورکیەکان بگرن، چونکە ئاسمانی عێراق لەلایەن ئەوانەوە دەپارێزرێت.
٢-پێویستە پەرلەمانی کوردستان بەهەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر ئەم دۆخە بێتەدەنگ و سکاڵا لەدژی تورکیا لەنەتەوەیەکگرتوەکان و ئەنجومەنی ئاسایش بکه ن.
٣- قەرەبووکردنەوەی زیان لێکەوتوانی ناوچەکە لەلایەن حکومەتی مەرکەزەوە.
٤- هەژمارکردنی شەهیدەکان و قەرەبوکردنەوەی کەسوکاریان ، چارەسەری بریندارەکان.
٥- یەکگرتویی و یەکهەڵوێستی لایەنەکان لەدژی داگیرکاری تورکیا.
سەرچاوەکان
١-راپۆرتی لیژنەی بەدواداچوونی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٩/٦/٢٠٢٠.
٢-راپۆرتی ئامارو داتاکانی وەزارەتی پێشمەرگە.
٣-زانیاریەکانی رێکخراوی سی پی تی تایبەت بەمافی مرۆڤ.