تورکیا یەکێک لەدڕەندەترین ئەمیرەکانی داعش دەنێرێتە لیبیا

سوتێنەری فڕۆکەوانی ئەردەنی مەعاز کەساسیبەو تاڵانکەری ئامێری پزیشکی خەستەخانەکانی رۆژئاوای کوردستان لەلیبیایە

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى
 

فەیسەڵ بەلو، یەکێکە لەدڕەندەترین ئەمیرەکانی داعش لەلایەن تورکیاوە رەوانەی لیبیا کرا بۆ هاوکاریکردنی ئەو گروپەی کە ئەنقەرە پاڵپشتی دەکات، ئەوەش وەکو هەوڵێک بۆ دەستبەسەراگرتنی نەوتی ئەو وڵاتە لەڕێگەی کەسانێکەوە کەموڵک و ماڵی خەڵکیان داگیرکردووە لەسوریا.

کۆنە ئەمیرەکەی داعش، یەکێک بووە لەسوتێنەرانیی فڕۆکەوانی ئەردەنی مەعاز کەساسیبە، پێشتریش ئامێری خەستەخانەکانی رۆژئاوای کوردستانی دزیبوو، هەروەها دەستی گرتبوو بەسەر چەندین خانووی ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان.

لیوا خالد مەحجوب کە ئەفسەرێکی پلەباڵای سوپای لیبیایە، شەممەی رابردوو پەردەی هەڵماڵی لەسەر گەیشتنی ئەمیرێکی «ترسناک»ی داعش بۆناو خاکی لیبیا بەپاڵپشتی تورکیا.

 خالد مەحجوب لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، فەیسەل بەلو کە سەرکردەی داعش بووە لە گرێ سپی، یەکێکە لە دڕەندەترین ئەمیرەکانی داعش رەوانەی لیبیا کراوە بۆ هاوکاری هێزەکانی ویفاقی نیشتیمانی کە تورکیا پاڵپشتیان دەکات.

لە گرێ سپیەوە بۆ لیبیا

فەیسەڵ بەلو کە نازناوی ئەمیر ئەبو ئەحمەد بووە لەناو داعش، سەرکردایەتی گروپەکەی کردووە و بەرپرسی کەتیبەی قادسیە بووە لە گرێ سپی لەساڵی 2014، لەو ماوەیەدا چەندین کاری تاوانکارییان دەرهەق بە خەڵکەکەی ئەنجامدابوو.  بەڵام دوای ساڵێک لەلایەن هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دەرکران و بەدەیان چەکداریان لەو شەڕەدا کوژران.

لەماوەی ئەو ساڵەدا کە لە گرێ سپی بوون، چەکدارانی داعش چهندین کاری توندوتیژیی و ئەشکەنجەیان دژ بەخەڵکەکە ئەنجامدابوو لهناو قهزاکهدا، هەروەها دەستیان گرتبوو بەسەر ئۆتۆمبێل و خانووی هاوڵاتیاندا، لەهاوینی 2015دا شهڕڤانان گەیشتنە ناوهندی قهزاکه، ژمارهیهکی زۆریان لێ کوژراو خێزانی زۆرێکیشیان داعش بهرهو حهلهب ههڵاتن کە زۆربەیان بیانی بوون.

بەپێی وتەکانی لیوا مەحجوب، دەزگای هەواڵگری میتی تورکی لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەمیرەکانی داعش کۆبووەتەوە کە فەیسەڵ بەلو دیارترینیانە.

دوێنێ یەکشەممە فڕۆکەیەکی تری پڕ لەچەکداری گروپەکانی سەر بەتورکیا کە لەنێویاندا کۆنە چەکدارەکانی داعش هەن لەفرۆکەخانەی غازی عەنتابی تورکیاوە بەرەو لیبیا فڕی و لەفرۆکەخانەی میسراتە نیشتەوە کە لەژێر دەستی هێزەکانی ویفاقی سەر بە تورکیایە.

بەلو، یەکێکە لە سووتێنەرانی مەعاز کەساسیبە

مەعاز کەساسیبە فڕۆکەوانی ئەردەنی بوو، لەساڵی 2015 بەفڕۆکەکەیەوە کە لەجۆری F-16 بوو و لەسەر ئاسمانی سووریا لەشاری رەققە، لەسەر بنکەیەکی سەرەکی رێکخراوی داعش کەوتە خوارەوە.

مەحجوب وتی «تیرۆریست فەیسەڵ بەلو لەگەڵ سێ کەسی تردا فڕۆکەوان مەعاز کەساسیبەیان لەبەرچاوی دنیا سووتاند، ئێستا لە لیبیایە.

رێکخراوی داعش کەساسیبەیان لەتەمەنی (27) ساڵی بە زیندوویەتی لەنێو قەفەسێکدا داناو ئاگریان لەجەستەی بەردا.

بەپێی وتەی ئەندامێکی پێشووی داعش مەعاز کەساسیبە تا چەند چرکەیەک پێش لەسێدارەدانی نەیدەزانی دەیسووتێنن.

فەیسەڵ بەلو چەندین کردەوەی تاوانکاری بەرامبەر بەخەڵکی مەدەنی لەسوریاو رۆژئاوای کوردستان ئەنجامداوە ئەوەش سەلمێنراوە لە گرتە ڤیدیۆکانی «ئەعماق» کە ئاژانسێکی میدیایی داعشە لەسەر تۆڕی ئنتەرنێت کە پێشتر چاوپێکەوتنی لەگەڵ بەلو ئەنجامداوە.

تورکیا 20 هەزار چەکدار لەسوریاوە رەوانەی لیبیا دەکات

لیوا خالد مەحجوب باسی لەوەکرد کە ئامانجی تورکیا لە رەوانەکردنی چەکدارانی داعش و ئەمیرەکانیان بۆ لیبیا جێبەجێکردنی ئەو رێکەوتنەیە کە لەگەڵ حکومەتەکەی فایز سەراج کردی کەمانگی 11ی ساڵی رابردوو، بۆ دیاریکردنی سنووری ئاوی دەریای سپی ناوەڕاست و هەروەها رێکەوتنی سەربازیی و ئەمنی فراوان.

لەماوەی چەند مانگی رابردوودا تورکیا زیاتر لە (20) هەزار چەکداری لە رەگەزنامەی جیاواز لەسوریاوە بەرەو لیبیا رەوانەکردوە، کەنیوەیان چەکدارە سورییەکانن و نیوەی تریشیان بیانیانی ناو داعش و گروپە ئیسلامیە توندڕەوەکانی ترن.

هەروەها بەهاری ئەمساڵ سوپاى نیشتیمانى لیبیا رایگەیاند کوردێکیان دەستگیرکردوە کە لەلایەن تورکیاوە رەوانەی لیبیا کراوە.

لە 14ى نیسانی رابردوو، لیوا ئهرکان ئهحمهد ئهبوزهید مسمارى، وتهبێژى سوپاى نیشتیمانى لیبیا سهربه هێزهکانى (خهلیفه حهفتهر) لهکۆنگرهیهکى رۆژنامهوانیدا رایگهیاند: «چهکدارێکمان دهستگیرکردووه که له لیبیا شهڕى کردووه لهگهڵ چهکدارهکانى تورکیا، کوردهو سهر بههێزهکانى پێشمهرگهى رۆژە».

وتیشی «چهکدارهکه لهلایهن دهزگاى ههواڵگرى تورکیا هێنراوه بۆ لیبیاو لهچوارچێوهى ئۆپراسیۆنهکانى ئهواندا شهڕى کردووه«.

هەروەها وتی «ئێمه سهرمان سوڕماوه که کوردێک چۆن دهتوانیت تیرۆریست بێت؟ چۆن دهتوانێت شهڕبکات لهگهڵ ئهو لایهنهى که براکیانیان دهکوژن لهکاتێکدا شهڕ بۆ کهرامهت و سهبهخۆیى خۆیان دهکهن.».

فەیسەڵ بەلو دەیان ملیۆن لیرەی لەهاوڵاتیان سەندووە

فەیسەڵ بەلو لەساڵی 2013دا کە ئەمیری کەتیبەی قادسیەی داعش بووە، (300) ملیۆن لیرەی دزیوە لەو بارهەڵگرانەی کە شەکرو جگەرەیان گواستۆتەوە، ئەوەش بەبیانووی کۆکردنەوەی پشتیوانی بۆ داعش، هەروەها ئامێری شتنەوەی گورچیلەو چەند ئامێریکی تری پزیشکی لەیەکێک لەخەستەخانەکان دزیوە.

چوار مانگ لەمەوبەر سەنتەری بەدۆکۆمێنتکردنی تاوانەکان لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند تورکیا فەیسەڵ بەلو، ئەمیری پێشووی داعشی ئازادکردووە کە بەرپرسە لەئەنجامدانی چەندین کردەوەی تاوانکاری بەرامبەر بە هاوڵاتیان. بەلو لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بەتورکیا لەکۆتایی ساڵی رابردوو لەگرێ سپی دەستگیرکرا، دوای ئەوەی ئەو گروپانە بەپاڵپشتی تورکیا سەرێ کانی و گرێ سپیان داگیرکرد.

سەنتەرەکە رایگەیاند کە بەلو لەلایەن فەیلەق شامی سەر بەتورکیاوە دەستگیرکرابوو بەڵام لەژێر فشاری تورکیادا ئازادیان کردووە و لەگوندی بەدیع لەباشوری گرێ سپی نیشتەجێ بووە.

بەپێی سەنتەرەکە فەیسەڵ بەلو چەندین کردەوەی رفاندن و کوشتن و دزینی ئەنجامداوە لەنێوان ساڵانی 2014 – 2015،  ئەوکاتەی کە گرێ سپی لەژێر دەسەڵاتی داعشدا بووە.

راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە بەلو پێنج کەسی یەک خێزانی کوشتووە دوای ئەوەی لە رەققەوە ئاوارەی گرێ سپی بوون.

هەروەها ناوبراو لەشوباتی 2014دا دەستی گرتووە بەسەر (12) ئۆتۆمبێلدا لەناوچەی تەل تەمر، کە (160) سەرنشینیان لەکۆبانێوە بۆ قامیشلۆ گواستۆتەوە،

بەلو بەرپرسی داعش بووە لە گرێ سپی و هەروەها سەرۆکی ئەنجومەنی عەشایەرەکانی ویلایەتی رەققەی داعش بووە. کاتێک هێزەکانی سوریای دیموکرات شاری رەققەیان گرت، فەیسەڵ بەلو بەرەو ئەعزاز هەڵهات و دواتریش لەوێوە رۆیشتە تورکیا.

لەکۆتایی ساڵی رابردوودا بەلو لەگەڵ گروپە سوریەکانی تری سەر بەتورکیا پەلاماری گرێ سپی و سەرێ کانیان دا، بەلو دیسانەوە دەستی کردەوە بە تاڵانکردنی موڵک و ماڵی هاوڵاتیان.

دوای ماوەیەک بەلو دەستبەسەرکرا لەلایەن هێزەکانی سەر بەتورکیاوە دەستگیرکرا لەسەر زۆبوونی سکاڵاکانی سەری، بەڵام لەئازاری ئەمساڵدا لەناو زیندان لەگەڵ بەرپرسانی دەزگای هەواڵگری میت کۆبووەوەو لەنیسانی ئەمساڵدا ئازادکراو دوو هەفتە لەمەوبەریش بەفڕۆکەیەکی تورکی گەیەنرایە شاری تەرابلوسی لیبیا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار