رێكکەوتنێکی چاوەڕوانکراو ئیماراتو ئیسرائیلو قۆناغێکی نوێی ململانێکان
4 ساڵ لەمەوپێش
ئهردهڵان عهبدولڵا
هەفتەی پێشوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەخۆشەویسترین سەکۆیەوە «تویتەر» جریوەیەکی کورتی کردو دووبارە جیهانی تووشی شۆک کرد، ئەمجارەیان جریوەکەی هەڵگری پەیامێکی ئاشتی بوو و تێیدا رایگەیاند: هەردوو دۆستە مەزنەکەی ئەمریکا، ئیمارات و ئیسرائیل، رێكکەوتنامەی ئاشتی واژۆ دەکەن. ئەمەش هەرایەکی گەورەی لەناو میدیای عەرەبی و جیهانییدا دروستکرد. هەرچەندە بۆ چاودێرانی سیاسی، ئەم رێكکەوتنە شتێکی چاوەڕواننەکراو نەبوو، چونکە ماوەی چەندین ساڵە، ئەم دوو وڵاتە پەیوەندی ژێربەژێریان هەیە.
بەڵام بۆچی لەم کاتەدا ئەم رێكکەوتنە خرایەسەر مێزەکەی دۆناڵد ترەمپ؟ کێ سوودمەندو زەرەرمەندە؟ کاردانەوەی وڵاتانی ئیقلمی و جیهانی چۆن بوو؟ ناوچەکە بەرەو کوێ دەچێت؟ ئایا ئەم رێكکەوتنە دەبێتە مایەی ئاشتی زیاتر یان بەپێچەوانەوە ئاگری جەنگێک دەکوژێنێتەوە مەشخەڵی ئاگرێکی گەورەتر هەڵدەکات؟
رێكکەوتننامەی ئیبراهیم
ئەو رێكکەوتنەی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل کە بەسەرپەرشتی ئەمریکا کراوە ناوی لێنراوە «رێكکەوتنامەی ئیبراهیم» بەندە گرنگەکانی ئەم رێكکەوتنە بریتییە لەم خاڵانەی خوارەوە:
١/ راگرتنی لکاندنی زەوییەکانی رۆژئاوای ئوردون» کەناری خۆرئاوا» بەئیسرائیل.
٢/ گۆڕینەوەی باڵیۆزخانەو دەستپێکردن بەپەیوەندی دیپلۆماتی.
٣/ بەهێزکردنی پەیوەندی دیبلۆماتی و ئابووریی و سیاسی و تەکنەلۆژی بەتایبەتی لەڕووی دۆزینەوەی ڤاکسین دژ بەڤایرۆسی کۆرۆنا.
4/ سەرمایەگوازیکردن لەنێوان هەردوو دەوڵەتدا.
بۆچی ناونرا رێكکەوتنامەی ئەبرەهام «ئیبراهیم«؟
لەمیانی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی دۆناڵد ترەمپدا، چەند خولەکێکی بەخشییە دەیڤید فریدمان باڵیۆزی ئەمریکا لەئیسرائیل، ئەم پیاوە رۆڵی گەورەی هەبووە لەم رێكکەوتنەو هەر ئەویش ناوی ئیبراهیم یان ئەبرەهامی هەڵبژاردووە. فردیمان لەمبارەیەوە بە رۆژنامەنووسەکانی راگەیاند: بۆیە ناومان ناوە رێكکەوتننامەی ئیبراهیم، چونکە ئیبراهیم باوکی هەر سێ ئایننە گەورەکانی مەسیحی و ئیسلام و جوولەکەیە. ئەویش توانای ئەوەی هەیە کە رێكکەوتن و هەماهەنگی لەنێوان هەرسێ ئایینە مەزنەکەی جیهاندا بکات.
پەیوەندی نهێنی هەردوولا
دیارە ماوەی چەندین ساڵە ئیمارات و ئیسرائیل پەیوەندی نهێنی یان ناڕاستەوخۆیان هەیە، ساڵی 2012 بۆ یەکەمجار لەمیانی کۆبوونەوەکانی رێخکراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لەنیویۆرک، عەبدوڵلا بن زایدی وەزیری دەرەوەی ئیمارات، چاوی بە بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کەوت. لەساڵی 2014دا، ئیمارات رێكکەوتنێکی بازرگانی لەگەڵ کۆمپانیایەکی بواری ئەمنی کرد، کە بنکەکەی لەئیسرائیلە. هەروەها ساڵی 2017 تیپێکی جۆدۆی ئیسرائیلی بەمەبەستی بەشداریکردنی لەپاڵەوانێتی جۆدۆی جیهانی، سەردانی ئیماراتیان کردو بۆ یەکەمجاریش ئاڵای ئیسرائیل لەئیمارات بەرزکرایەوە. هەروەها ساڵی 2019 بە مەبەستی بەشداریکردن لەکۆنگرەیەکی جیهانی دژ بەگەندەڵی کە لەئیمارات سازکرا، شاندێکی فەرمی حکومەتی ئیسرائیل سەردانی ئیماراتی کرد. جگە لەچەندین پەیوەندی نهێنی تر، هەربۆیە ئەم رێكکەوتنە شتێکی چاوەڕواننەکراو بوو.
کاردانەوەی جیهان و ناوچەکە
هەر لەپاش بڵاوکردنەوەی هەواڵی ئەم رێكکەوتنە، کاردانەوەی گەورەی لەناو جیهاندا لێکەوتەوە. فەلەستینییەکان بەهەردوو باڵی فەتح و حەماسەوە دژی ئەم رێكکەوتنە وەستانەوەو بەخیانەت و پشتکردن لەگەلی فەلەستینیان ناوبرد. حەماس زیاتر رۆیشت و لەبەیانێکدا رایگەیاند: ئەم ریکەوتنە وەکو دیاریی بەخشرایە ئیسرائیل لەبەرامبەر تاوانەکانی دەرهەق بەگەلی فەلەستینی. ئێرانیش بەتوندی دژی ئەم ریکەوتنە وەستایەوەو لەبەیانی وەزارەتی دەرەوەدا هاتووە: ئەم رێكکەوتنە شەرمەزارییەی کەئیمارات لەگەڵ کیانی سەهیۆنی کردوویەتی هەنگاوێکی ترسناکیشە.
گەرچی هەریەک لەبەحرەین و عومان پێشوازییان لە رێكکەوتنەکە کرد، هەروەها میسریش لەزاری عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی وڵاتەوە، پێشوازی لەم رێكکەوتنە کردو لەتویتێکیدا رایگەیاند: ئێمە بەگرنگییەوە سەیری ئەم رێكکەوتنە دەکەین و ئاشتی و خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن بۆ ناوچەکە دەهێنێت. ئوردنیش لەزاری ئەیمەن سەفدیی وەزیری دەرەوەیدا پێشوازی لێکردو رایگەیاند: هیوادارین ئەم رێكکەوتنە کۆتایی بەو سڕبوونە بهێنێت کەماوەی چەندین ساڵە پرۆسەی ئاشتی گرتۆتەوە. فەرەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیاش، دەستخۆشییان لەهەردوولا کردو بەهەنگاوێکی باشیان وەسفکرد. هەروەها جۆ بایدن پاڵێوراوی پارتی دیموکراتی ئەمریکا بۆ سەرۆکایەتی، پشتگیری لەم رێكکەوتنە کردو بەهەنگاوێکی مێژوویی وەسفکرد. رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانیش لەبەیانێکدا پشتگیری ئەم رێكکەوتنەی کردو بەهەنگاوێکی باشی بۆ ئاشتیی و ئارامی ناوچەکە وەسفکرد.
دووفاقیی تورکیا
هەر لەپاش رێكکەوتنەکە تورکیا کەوتە شڵەژان و لێدوانی توند لەدژی ئیمارات، لەزاری سەرۆک و وەزیرەکانیەوە، هێرشی توندیان دەستپێکرد. . ئەردۆغان بەتوندی دژی ئەم رێكکەوتنە وەستایەوەو بەڕۆژنامەنووسانی راگەیاند: بیر لەوە دەکەینەوە کەباڵیۆزخانەکەمان لەئیمارات دابخەین. گەرچی وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش لەبەیانێکدا بەتوندی دژی ئەم رێكکەوتنە وەستایەوەو رایگەیاند: مێژوو ئەم هەڵسوکەوتە مونافیقانەی ئیماراتی لەبیر ناکات، کەدژی گەلی فەلەستینی نواندیان. ئەمەش لەکاتێدا کەتورکیا یەکەمین دەوڵەتی ئیسلامی بوو کەپەیوەندی سیاسی و دیبلۆماتی و سەربازیی و ئابووری بەهێزی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە. ئەمەش دووبارە سیاسەتی دووفاقی و دووڕویی ئەردۆغان پیشان دەدات، لەجیاتی ئەوەی بچێت باڵیۆزخانەکەی لە ئیسرائیل دابخات، کەچی دەڵێت بیر لەداخستنی باڵیۆزخانەکەمان لەئیمارات دەکەینەوە.
کێ سوودمەندە؟
بەبڕوای زۆرێک لەچاودێرانی سیاسی، سوودمەندی یەکەم دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکایە، چونکە دەتوانێت ئەم ریکەوتنە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن بەکاربهێنێت کە دوو مانگی تر دەستپێدەکات. لەلایەکەوە خۆی وەکو کەسێکی ئاشتیخواز پیشانی گەلی ئەمریکا وجیهان بدات، لەلایەکی تریشەوە دەنگی لۆبی ئیسرائیلی بۆخۆی رابکێشێت کە بەهێزترین لۆبییە لەئەمریکا.
لەپاش ترەمپ ئیسرائیل سوودمەندی دووەمە، چونکە توانی ئەو دەرگا داخراوەی کەنداو بۆ خۆی بکاتەوە، ئەوەش لە رێگەی یەکێک لەدەوڵەتە دەوڵەمەندو بەهێزەکانی ناوچەکە کەئەویش ئیماراتە. هەروەها ئەم رێكکەوتنە رێگا خۆشدەکات، تاوەکو ئەوانی تریش دەرگا داخراوەکانیان بۆ ئیسرائیل بکەنەوە. لەئێستادا میدیاکان باس لەوە دەکەن کەبەحرەین و عومانیش دێنە رێزەوە. لەهەمووشی گرنگتر، ئێران دەکرێتە دوژمنی سەرسەختی هەمووان.
ئیماراتیش سوودمەندە، راستە لەئێستادا لەڕووی میدیاییەوە هێرشی توندی دەکرێتە سەر، بەڵام ئەم وڵاتە بەم رێكکەوتننەی هێندەی تر خۆی لەمەعسکەری ئەمریکی-ئیسرائیلی نزیک کردەوەو بەمشێوەیەش پارێزگاری زیاتر لەخۆی دەکات لەبەرامبەر دوژمنە سەرسەختەکانی بەتایبەتی هەریەک لەئێران و تورکیا.
فەلەستینییەکان زەرەرمەندن
گەرچی بەپلەی یەکەم زەرەرمەندی سەرەکی فەلەستینییەکانن، چونکە چەندە ئیسرائیل لەلایەن وڵاتانی عەرەبەوە گەمارۆ بدرێت لەبەرژەوەندی ئەوانە، بەپێچەوانەوە کرانەوەی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل ئەوان بەزەرەر بۆ خۆیان دادەنێن. هەرچەندە هەندێک لەچاودێرانی سیاسی ئەم هەڵوێستەی فەلەستینییەکان بەچەوت دادەنێن و پێیان وایە ئەم رێكکەوتنە دەبێتە پاڵپشتی بۆ فەلەستنییەکان و لەڕێگەی پەیوەندی ئابووریی و دیپلۆماتییەوە دەتوانن فشاری زیاتر بخەنەسەر ئیسرائیل، تاوەکو مافی گەلی فەلەستینی بدات.
ئێران دوژمنی هەمووان
لەئێستادا ئێران بۆتە دوژمنی هەموو دەوڵەتانی کەنداو بەتایبەتی ئیمارات و عەرەبستانی سعودیە، یەکێک لەئامانجە گرنگەکانی ئەم رێكکەوتنەش، بەهێزکردنی بەرەی دژ بەئێرانە، واتە چیتر ئیسرائیل دوژمنی عەرەب نییە، بگرە ئێرانە، ئەمەش بەگشتی بۆ ئێران و دۆستەکانی لەناوچەکدا خراپە.
ئایا دەبێتە مایەی ئاشتی لەناوچەکە؟
هەرچەندە سەرانی هەرسێ وڵات وا ئیدعا دەکەن کەئەم رێكکەوتنە ببێتە مایەی ئاشتیی و خۆشگوزەرانی لەناوچەکە، بەڵام زۆرێک لەچاودێرانی سیاسی پێیان وایە بەپێچەوانەوە ئەم رێكکەوتنە لەناخیدا هەڵگری مەشخەڵی ئاگرو جەنگێکی گەورەیە، چونکە ئەمریکا دەیەوێت لە رێگەی کۆکردنەوەی دۆستەکانی، بەرەیەکی گەورە لەدژی ئێران پێکبهێنێت. هەربۆیە هێندەی تر ململانێی نێوان ئێران و وڵاتانی ناوچەکە زیاتر دەبێت.
سەرچاوەکان:
الاتفاق الإسرائيلي ـ الإماراتي.. عباس يرفض والسيسي يرحب. کەناڵی دۆیچە ڤێللەی ئەڵمانی. www.dw.com/ar
التطبيع: ما الذي نعرفه حتى الآن عن اتفاق السلام بين الإمارات وإسرائيل؟. کەناڵی بی بی سی . www.bbc.com/arabic
«اتفاق إبراهيم» بين إسرائيل والإمارات.. ما سر التسمية؟.کەناڵی الحرة. www.alhurra.com/arabic
اتفاق تاریخي بین الامارات و اسرائیل. الانصات المرکزي.العدد. 7378 الاحد. 16/8/2020