حساباتی مەترسیدار
4 ساڵ لەمەوپێش
سوارە محەمەد
لە ١١ی ئابدا فڕۆکەکانی سوپای تورکیا لەناوچەى برادۆست هێرشێکی ئاسمانییان ئەنجامدا. لەو هێرشەدا فەرماندەکانی پاسەوانی سنووری عێراق بەناوەکانی زوبێر حالی و محەمەد رەشید و گەریلایەک، کە ٢٧ ساڵ بوو گەریلاو فەرماندە بوو بەناوی عەگید کارزان شەهید بوون.
وەک دەزانرێت داوی هێرشەکەی تورکیا، هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق هەندێک جموجوڵ و هەوڵیان دەستپێکرد لەناوچەکانی حەفتانین، لەمەتینا و هەروەها لەمدواییەشدا لە برادۆست هەوڵیاندا لەهەندێک شوێندا خۆیان جێگیر بکەن. لە راستیدا ئەو هێزەی سنوور بە هاندان و داوای پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو کارە دەکات. پارتی بەوە دەیەوێت بە ناوی پاراستنی سنوور، هێزەکانی عێراق و گەریلا رووبەڕووی یەکتر بکاتەوە. رووداوەکەى ناوچەى برادۆستیش لەو چوارچێوەیەدا بوو.
لەو ناوچەیەدا لە مانگی تەممووزەوە رۆژەڤێکی بەو جۆرە لە گۆڕێیە و بە دنەدانی پارتی لە نێوان گەریلا و هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراقدا ئاڵۆزی روودەدەن. بۆ ئەوەى کۆتایی بەو ئاڵۆزییە بێت، لە نێوان هێزەکانی گەریلاو هێزەکانی عێراق و پارتی لە ٧ و ٨ی ئابدا دوو چاوپێکەوتن ئەنجامدرا.
لەو چاوپێکەوتنانەدا هێزەکانی عێراق لەلایەن زوبێر حالی و محەمەد رەشیدەوە نوێنەرایەتی دەکران. لەو چاوپێکەوتنانەدا پێشمەرگەکانی پارتیش بەشداربوون. لەئەنجامی ئەو چاوپێکەوتنانەدا هێزەکانی عێراق دەیانخواست لە چوارچێوەی هەستیارییەکانی گەریلادا بجوڵێنەوە. یانی مافیان بەگەریلا دەدا و حەزی رێککەوتن لەلایاندا بەهێز بوو. بەڵام هێزەکانی پارتی هەوڵیاندەدا ناکۆکییەکان قوڵتر بکەنەوەو هێزەکانی عێراق و گەریلا رووبەڕووی یەکتر بکەنەوە.
کاتێک بینیان ئەو ئەنجامەى کە ئەوان دەیانەوێت بۆیان بەدی نایەت، خۆیان لەچاوپێکەوتنەکان کشاندەوەو وتیان «ئێمە خۆمان راستەوخۆ ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ دەکەین». ئیدی چاوپێکەوتن لەنێوان هێزەکانی سنووری عێراق و گەریلادا بەردەوام دەبێت و ئەو چاوپێکەوتنانە بەبەرچاوی هێزەکانی پارتییەوە ئەنجام دەدران. ئەو رووداوەی ١١ی ئابیش بەو شێوەیە پێکهات.
ئەو شوێنەى چاوپێکەوتنەکەى تیادا ئەنجامدرا لەسەرەتادا فڕۆکەى چاودێری لەو ناوچەیەدا نەبوو، بەڵام کاتێک چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەوان ئەنجامدەدرێت لەناکاو فڕۆکەى چاودێری دێتە ئاسمانی ناوچەکەو دوای ماوەیەکى کورت لێیان دەدا. بەو شێوەیەش هەرسێ فەرماندەکە شەهید دەبن. دەبێت بپرسین، هێرشەکەی تورکیا بۆ لەکاتی چاوپێکەوتنەکاندا کە پارتی تیایاندا بەشداربوو رووی نەدا، بەڵام بۆ دواتر ئەو هێرشە روویدا؟ باشە بۆ لەناکاو فڕۆکەى چاودێری دەچێتە ئاسمانی ناوچەى کۆبوونەوەکەو چۆن ئەو زانیارییەى پێدرا؟ باشە لەو رووداوەدا هەروەک لەزۆرێک لە رووداوەکانی تردا بینراوە، رۆڵی پارتی تیادایە یان نا؟ هەر خۆی لەزینی وەرتێشدا هەمان شت روویدابوو. سێ گەریلای ئازادی دوای ئەوەى لەلای پێشمەرگەکانی پارتی دەگەڕێنەوە، لەهێرشکی ئاسمانیدا شەهیدکران. دواتر دەرکەوت سیخوڕییان بەسەرەوە کراوە.
دوای رووداوەکەى برادۆست، ئەوەى پارتی دەیخواست بەدینەهات، هێزەکانی عێراق و گەریلا بەریەک نەکەوتن. وا دیاریشە عێراق وەک ئەوەى کە پارتی دەیەوێت ناجوڵێتەوە. لە راستیدا عێراق لەبەرامبەر هەوڵە داگیرکەرییەکان بۆ سەر خاکی باشوور و عێراق و پەلهاوێشتنەکانی دەوڵەتی فاشیستیی تورک بووەتە خاوەنی هەڵوێستێکى بەهێزتر.
بەڵام ئەوەى بۆ کوردان زۆر شومە، ئەوەیە کە پارتی و تورکیا لەچوارچێوەی پاکتاوکردنی بزووتنەوەى ئازادی (پەکەکە)دا رێککەوتوون. دواى ئەوەى بە سەرپەرشتیاریی دەوڵەتی تورک ئەنجامی ریفراندۆم هەڵوەشێنرایەوە پارتی بەهەموو شێوەیەک خۆی لەتورکیا نزیک کردۆتەوە.
سوپای تورکیا کاتێک هێرشی کردە سەر عەفرین، بەپاساوی ئەوەی «پەکەکە لەوێیە» بە ئەرێکردنی هێزەکانی سەر بەپارتی ئەو کارەی کرد. هەمان شتیش لەکاتی هێرش بۆ سەر سەرێکانی و گرێسپی دووبارە بووەوە. هێرشەکانی سەر مەخمور و شەنگالیش بەو شێوەیە ئەنجامدران. هەر خۆی لەخۆیدا هەموو ئەو هێرشانەى دەکرێنە سەر خاکی باشوور بەو شێوەیە ئەنجامدەدرێن. پارتی دەڵێت «لەبەر ئەوەى پەکەکە لەو شوێنانەیە، ئەو هێرشانەیان تیادا ئەنجامدەدرێت». بەو شێوەیە رەوایی بەهێرشە قڕکەرەکانی تورکیا دەدات و قڕکردنەکە پەردەپۆش دەکات.
پارتی تاوەکو ئێستا لەبارەی قڕکردنەکانی تورکیاوە یەک قسەى نەکردووە. هەر خۆی وەک هێزێکی کوردیش هەرگیزاو هەرگیز باسی باکوور ناکات. باکووری لەمێژە لەبەرچاوی خۆی لاداوە. هیچ بەرپرسیارییەک لەبەرامبەر باکووری کوردستاندا لەئەستۆ ناگرێت. وەک بڵێیت، لەباکووری کوردستان سیاسەتی قڕکردن و سڕینەوە بەڕێوەناچێت. بەڵام ئەوە لەکاتێکدایە دەوڵەتی تورک لەباکووری کوردستان قڕکردن و سڕینەوە ئەنجامدەدات و بەهەموو شێوەیەک هێرش ئەنجام دەدات.
ئەگەر تورکیا لەباکوور قڕکەر نەبوایە، پێویستیی هێرشکردنە سەر پارچەکانی تر لەگۆڕێدا نەدەما. وادیارە پارتیش نەک هێرشە قڕکەرەکانی دەوڵەتی فاشیستیی تورک نەک تەنها لەباشوور، لە رۆژئاوا، لەمەخمور و لەشەنگال رەوا دەکات، بەڵکو هاوکات هەمان سیاسەتی قڕکردن بۆسەر باکووری کوردستان قبوڵ دەکات. تەنانەت مرۆڤ دەتوانێت بە ئاسانی بڵێت، دەوڵەتی قڕکەر زۆرترین بوێری لەوەوە وەردەگرێت.
تورکیا لەلایەکەوە ئەو هێرشانە دەکاتە سەر کوردان و لەلایەکی دیکەشەوە لەگەڵ پارتیدا لە پەیوەندیدایەو بەو شێوەیە رای گشتی فریودەدات و دەڵێت «من دوژمنی کوردان نیم، من دوژمنی پەکەکەم». ئەوە لە کاتێکدایە هەموو کەس ئەوە دەزانێت، کە راستییەکە بەو شێوەیە نییە. راستییەکە ئەوەیە، کە لەساڵی ١٩٢٤ەوە تاوەکو ئێستا، دەوڵەتی تورک لەبارەی کوردانەوە تەنها بیر لە قڕکردن و سڕینەوە دەکاتەوە. هەموو هەوڵەکانیشی بۆ ئەوەیە.
تورکیا لە کاتی شێخ سەعیدی پیراندا قڕکەر بوو، لە کاتی دۆڵی زیلانیشدا قڕکەر بوو، لەکاتی بەرخودانی دێرسیمیشدا قڕکەر بوو، لەکاتی بزووتنەوەى ئازادیشدا قڕکەر بوو. لەکاتی عەفرینشیدا قڕکەر بوو. لەکاتی سەرێکانی و گرێ سپیشدا قڕکەر بوو. لە کاتی داگیرکردنی باشووری کوردستانیشدا قڕکەر بوو. ئەوە راستییەکەیە. بۆ ئەوەش دەبێت پارتی ئیدی دەست لەسیاسەتی پاراستن و بەرگریکردن لەو دەوڵەتە قڕکەرە هەڵبگرێت!.