دۆخــی ئێران کۆڵەکەکانی کۆمــــاری ئیسلامی خستووەتە لەرزە

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى

 

ئێران، بەهۆی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی ، نزیکەی (42) ساڵە لەژێر کۆمەڵێک گەمارۆی ئابوری و سەربازیی نێودەڵەتیدایە کەزۆربەی هۆکاری سەرەکییەکانیشی بۆ نەیاربوونی سیستمی حوکمڕانیی ئەو وڵاتە دژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەگەڕێتەوە، بەڵام لەڕاستیدا ناتوانرێت تەنها ئەمەریکا تۆمەتبار کرێت بەهۆکاری دۆخی خراپی ئێستای ئێران لەئاستی ناوخۆی وڵاتەکەیان لەکاتێکدا هەردوو باڵی ریفۆرمخوازو محافزکار گیرۆدەی لەدەستدانی متمانەی خەڵک بوون، چونکە بەرهەمی کۆماری ئیسلامی بۆ دانیشتوانی ئەو وڵاتە بووەتە دۆلاری (25) هەزار تمەنی و بێکاریی (13) ملیۆن کەس و بەپێی راپۆرتێکی ناوەندی ئامارو زانیارییەکانی ئێران، حکومەت بۆ رێگریی لەهەژاری نزیکەی (50) دۆلاری خستووەتە سەر هەژماری بانکیی (60) ملیۆن لەدانیشتوانی ئێران لەکاتێکدا ژمارەی گشتی خەڵکی ئێران (80) ملیۆن کەسە، بەزمانێکی دیکە زیاتر لە (75%)ی ئەو وڵاتە لەچینی هەژار پێکدێت.

کۆماری ئیسلامی لەساڵی (1978) بەدروشمی نا بۆ رۆژهەڵات نا بۆ رۆژئاوا، بەڵێ بۆ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دوای رووخانی سیستمی پاشایەتی لەئێران کۆڵەکە و بناغەی کۆمارێکی بەناو ئیسلامی دامەزراندو دوای ماوەیەک لەدەسەڵات بووە خاوەنی دوو باڵ کەپێناچێت کۆماری ئیسلامی بەرەو کەناری ئارام بەرن، باڵی ریفۆرمخوازو محافزکار کە لەهەناوی سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا لەدایک بوون، بەپێی پێناسەیەکی کورت باڵی ریفۆرمخواز کە محەمەد خاتەمی، سەرۆک کۆماری (16)ساڵ پێش ئێستای لە دوو خولی چوار ساڵەدا بەدەستەوە بوو رۆڵی پێشەنگ دەبینێت لەکاتێکدا هەموو چالاکییەکی میدیایی و رێکخراوەیی لێ قەدەغە کراوە،  جگەلەوەش زۆربەی سەرکردە و پێشەنگەکانیان لەچوارچێوەی سەرکوتی بزوتنەوەی سەوزدا لەزیندانن و یان لەماڵەکانیاندا دەستبەسەر کراون،   لەبەرامبەردا باڵی محافزکار کەخۆیان بەخاوەنی راستەقینەی کۆمارەکەو لەسەر رێبازی (روحەڵڵا خومەینی) دامەزرێنەرو رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەزانن و لەئێستاداو دوای مەرگی خومەینی ئەوان (عەلی خامنەیی)، رێبەری ئێستای کۆماری ئیسلامی و یەکێک لەدامەزرێنەرانی سەرەکیی کۆمارەکە بەپێشەنگ و سەرۆکی خۆیان دەزانن.

دوو باڵەکەی کۆماری ئیسلامی حاشا لەدۆخی خراپی خۆیان ناکەن

ئەحمەد تەوەکولی کە سەر بەباڵی محافزکارەو ئەندامی ئەنجومەنی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەو پێشتر بەڕکابەری سەرەکی (عەلی ئەکبەر هاشمی رەفسنجانی) و  محمەد خاتەمی بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆماری لە دوو خوڵی هەڵبژاردنەکانی پێشووتری سەرۆک کۆماریی ناسراوە، رایگەیاندوە؛ شێوازی ئیدارەدان و بەڕێوبردنی کۆماری ئیسلامی ئێران بووەتە هۆی ناشیرینکردنی ناوی (ئیسلام)، ئەم لێدوانە دەنگدانەوەی زۆری لەمیدیاکانی ئەو وڵاتە لێکەوتەوە، هاوکات رۆژنامەی (سەدای ئیسڵاحات) کە سەر بەحزبی ریفۆرمخوازی (ئیسڵاحات)ە لەسەروتارێکی هەفتەی رابردوویدا بڵاویکردەوە ریفۆرمخوازان هیچ هیوایەکیان بۆ سەرکەوتن لەهەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆک کۆماری نەبێت، چونکە کەموکوڕییەکانی رابردووی ئەو لایەنە بووەتە هۆی بێهیوابوون و دەبێت باجی پشتیوانیکردن لەحکومەتەکەی حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران بدەن، هەموو ئەمانەش ئاماژەن کەدۆخی کۆماری ئیسلامی بەمحافزکارو ریفۆرمخوازەوە باش نییەو کۆڵەکەکانی لەئاستی ناوخۆدا کەوتووەتە لەرزین و هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ رازیکردنی لایەنگرانیان.

لەلایەکی دیکەوە محەمەد عەلی ئەبتەحی، وتەبێژی نوسینگەی حکومەتی سەردەمی خاتەمی رایگەیاندوە؛ حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران لەخراپترین دۆخی خولی سەرۆک کۆماریی لەمێژووی کۆماری ئیسلامیدایەو سەرەڕای قەیرانە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان زیاترین هێرشی دەکرێتەسەر، تەنانەت ئەو هێرشانە بەراورد ناکرێت بەسەردەمی محەمەد خاتەمی، سەرۆک کۆماری پێشووتر کە لایەن بەرامبەر بەیاساو رێسا خستبوویە ژێر گوشارەوەو بەرەنگاری دەبوونەوە، لەئێستادا زۆر بەتوندی و لەڕێگەی سۆسیال میدیاوە بێڕێزیی بە رۆحانی دەکرێت و تەنانەت پەرلەمانیش کەزۆرینەیان محافزکارن بەهۆشداریی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران هێرشەکانیان بۆ سەر رۆحانی راگرتووە، بۆیە ساڵی کۆتایی خولی سەرۆک کۆماریی رۆحانی قورسترین سەردەم دەبێت لەمێژووی کۆماری ئیسلامی ئێراندا.

پیاوی دیپلۆماسی دەرەوە دەبێتە فریادڕەسی ناوخۆ؟

هەرچەندە محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران کە بەپیاوی یەکەمی دیپلۆماسی لەوڵاتەکەی لەقەڵەمدەدرێت، رەتیکردووەتەوە خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماریی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی وڵاتەکەی بپاڵێوێت، بەڵام بەپێی خوێندنەوەکان؛ باشترین بژاردەی باڵە میانڕەوەکانی نێو محافزکاران و ریفۆرمخوازانە بۆ بوون بەسەرۆک کۆمار، چونکە سەرەڕای ئەوەی بەڕوونی رایگەیاندووە سەر بەهیچ باڵێکی سیاسیی کۆماری ئیسلامی ئێران نییە بەڵام لەلایەن عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران و ریفۆرمخوازان و میانڕەوەکانەوە پشتیوانیی لێدەکرێت و لەبەرامبەردا تەنها باڵی توندڕەوی نێو محافزکاران دژایەتیی توندی ئەو دەکەن لەکاتێکدا ئەو باڵە هیچ کاندیدێکی بۆ سەرۆک کۆماریی نییە و  ئەمەش رێگر نابێت بۆ سەرکەوتنی زەریف لەهەڵبژاردنەکاندا، بۆیە بەئەگەری بەهێز سەرەڕای ئەوەی زەریف خۆی خوازیاری بەشداریی لەو پڕۆسەیەدا نییە، کۆدەنگیی هەیە بۆ ئەوەی وەک کاندیدێکی بەهێز پۆستی سەرۆک کۆماری لەئێران دەستنیشان بکرێت و رەنگە ئەوەش ببێتەهۆی گەرموگوڕتربوونی هەڵمەتی بانگەشەکان و زیادبوونی ئاستی بەشدارایی خەڵک لەهەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئەو وڵاتە کەنزیکەی (10) مانگی ماوە بۆ بەڕێوەچوونی .

حکومەت دەیەوێت پشکی نەوت رادەستی خەڵک بکرێت

دوای دوو هەفتە لەچاوەڕوانی، حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند هەواڵێکی خۆشی بۆ هاوڵاتییان و ئابوریی وڵاتەکەی پێیەو ئاشکرای کرد کەحکومەت بەپێی پلانێک پشکی پاڵاوگەکانی نەوت بەبەهای (190) هەزار ملیار تمەن کەدەکاتە نزیکەی سێ ملیارو (800) هەزار دۆلار بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشدەکات و لەگەڵ لێدوانەکەی رۆحانی بەهای هەر دۆلارێکی ئەمەریکی لە (25) هەزار تمەنەوە بۆ (21) هەزار تمەن و کەمتریش دابەزی، بەڵام پلانەکەی حکومەت لەلایەن عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە راگیراو ژمارەیەک لەپسپۆرو شارەزایانی ئابوریش ئاماژەیان بەوەکرد کەفرۆشتنی ئەو پشکانە دەبێتە هۆی ئەوەی سەرمایەداران گەمە بەنرخی ئەو پشکانەوە بکەن و چینی هەژار زیاترین زیانیان بەربکەوێت و نادادپەروەریی لەدابەشکاریی داهاتی ئێراندا زیاتر بێت.

لەلایەکی دیکەوە، بیژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران بەمیدیای وڵاتەکەی وتووە: بەهۆی سزاکانی ئەمەریکاوە داهاتی نەوتی ئێران لە (108) ملیار دۆلارەوە بۆ (8) ملیار دۆلار دابەزیوە.

دیارنەمانی (27) ملیار دۆلار

زۆربەی میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتە کە (27) ملیار دۆلار کە لەلایەن حکومەتەوە بەبەهای هەر دۆلارێک بەچوار هەزارو (200) تمەن بۆ ژمارەیەک بازرگان و خاوەن کۆمپانیا بەمەبەستی هاوردەکردن و بازرگانیی دابینکراوە چارەنووسی نادیارەو حکومەتیش حاشای لەڕاستیی ئەو هەواڵە نەکردووە و عەبدولناسر هیمەتی، بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندوە؛ هەزارو (200) دۆسیەی تایبەت بە نەگەڕانەوەی ئەو بڕە پارەیە بۆ خەزێنەی حکومەت کراوەتەوەو نزیکەی (445) تۆمەتباریش دەستگیرکراون، لەلایەکی دیکەوە ژمارەیەک لەمیدیاکانی ئێران ئاشکرایان کردووە ئەو دۆلارانە بەقاچاخ رەوانەی بازاڕەکانی شاری سلێمانی لەهەرێمی کوردستان کراوەو لەوێ کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکرێت و قازانجەکەی دەچێتە گیرفانی دەڵاڵەکانی بازاڕو بازرگانەکانی ئێران و زیانەکەشی لەسەر شانی خەڵکی ئێران دەبێت.

گەڕانەوەی سیستمی بەشەخۆراک دوای (30) ساڵ

ژمارەیەک لەبەرپرسانی ئێران لەباڵی محافزکار داوای گەڕاندنەوەی سیستمی دابەشکردنی بەشەخۆراک (کۆپن) لەوڵاتەکەیان دەکەن و لەبەرامبەردا حکومەت نایەوێت جارێکی دیکە ئەو سیستمە بەکاربهێنرێت، چونکە بەوتەی ئیسحاق جیهانگیری، جێگری سەرۆک کۆماری ئێران « نزیکەی (30) ساڵ بەسەر سیستمی دابەشکردنی خۆراک بە (کۆپن)دا تێدەپەڕێت و دۆخی جەنگی هەشت ساڵە لەگەڵ عێراق وای کردبوو کەحکومەت پێداویستییە سەرەکییەکانی خەڵک بەو شێوەیە دابەشبکات ئەگەرچی دۆخی ئابوریی ئێستای ئێران زۆر قورسترە لەسەردەمی شەڕی ئێران و عێراق، بەڵام حکومەت دژی گەڕانەوەی ئەو سیستمەیە.

لەلایەکی دیکەوە شارەزایانی بواری ئابوریی ئێران پێیان وایە دۆخی ئێستای ئەو وڵاتە لەسەردەمی جەنگی ئێران و عێراق قورسترە، چونکە لەو سەردەمەدا ئێران دەیتوانی نەوت بفرۆشێت، بەڵام لەئێستادا زۆربەی داهاتە نەوتییەکانی بەهۆی سزاکانی ئەمەریکا لەدەستداوەو بێپلانیی (30) ساڵی رابردوو بووەتە هۆی ئەوەی زۆرترین خەڵکی ئێران بکەونە ژێر هێڵی هەژارییەوە.

کۆرۆناو هەرەسی کۆمەڵایەتی ئێران

بەپێی نوێترین زانیارییەکانی ناوەندی ئامار لەئێران تەنها بەهۆی دۆخی تایبەت بەکۆرۆناوە نزیکەی شەش ملیۆن کەس کارەکانیان لەدەستداوەو بێکار بوون و ئاستی بێکاریی لەئێران گەیشتووەتە (14%) کە لەو رێژەیەش زیاتر لە (30%) بێکاربووەکان خاوەن بڕوانامەی بەرزن، هەر ئەمساڵ بەهۆی دۆخی خراپی بژێوی و داهاتەوە، نزیکەی (13) ملیۆن کەس نەیانتوانیوە پڕۆسەی هاوسەرگیریی ئەنجامبدەن کەنیوەی زیاتریان بەبێکار ئەژماردەکرێن، لەبەرامبەردا حکومەت بڕی سێ هەزار ملیار تمەنی بۆ قەرەبووی بێکاریی تەرخان کردووە، سەرەڕای ئەمانە حکومەت نرخی هەر شەوێک مانەوەی توشبووانی کۆرۆنای لەنەخۆشخانە حکومییەکان لە (100) دۆلار بۆ (200) دۆلار دیاری کردووە کە لەنەخۆشخانە ئەهلییەکان ئەو نرخانە دوو هێندەیەو هاوکات هەموو جۆرە دەرمانێکی هاوردە نرخەکانیان بۆ (15) هێندە بەرز بووەتەوە کەئەمەش بارگرانییەکی دیکەیە لەسەر شانی خەڵکێک کەزۆرینەیان داهاتی مانگێکی کارکردنیان لە (100) دۆلار بۆ (200) دۆلارە، هەموو ئەمانەو قەیرانە ئابورییەکانی رابردوو وای کردووە کۆمەڵێک دیاردە سەرهەڵبدات وەک بەکرێدانی منداڵدان و فرۆشنی تۆوی هێلکەدان بەنرخێکی زۆر کەم کەناگاتە (50) دۆلار لەمانگێکدا.

رۆژنامەی (شەرق) لەئێران راپۆرتێکی سەبارەت بەو ژنانە بڵاوکردووەتەوە کە بەهۆی دۆخی خراپی ئابورییەوە هێلکەی هێلکەدانەکانیان دەفرۆشن و منداڵدانی خۆیان بەکرێدەدەن، شەرق نووسیویەتی: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەئێران پڕبووە لە ریکلامی بەکرێدانی منداڵدان و فرۆشتنی هێلکە بۆ منداڵبوون لەکاتێکدا قوربانیانی ئەم بازرگانییە زۆربەیان ژنانی گەنجن و هەندیکجاریش جگە لەوەی لەفرۆشتنی تۆوی هێلکەدانەکانیان هیچیان دەستناکەوێت بگرە بەهۆی ئەوەی زۆربەی تۆوی هێلکەکانیان دەردەهێنرێت تووشی نەخۆشی دەبن و دەبنە قوربانیی. ئەو رۆژنامەیە لەگەڵ ژمارەیەک لەو ژنانە قسەی کردووەو بەوتەی ژنەکان ئەوان لەبەرامبەر فرۆشتنی هێلکەکانیان سێ ملیۆن تمەن و لەبەرامبەر بەکرێدانی منداڵانیان مانگانە (800) هەزار تمەنی ئێرانی وەک (نەفەقە) وەردەگرن.

داخستنی (71) میدیاو بڵاوکراوە لەسەردەمی کۆماری ئیسلامی ئێران

رۆژنامەی (ئیعتیماد) کەنزیکە لەڕیفۆرمخوازان، سەبارەت بەدۆخی خراپی میدیاو رۆژنامە و گۆڤارەکان لەژێر سایەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئاشکرای کردووە؛ لەماوەی (42) ساڵ دەسەڵات و حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامیدا (71) رۆژنامەو گۆڤارو میدیا داخراون و هەر بڵاوکراوەیەک کەژمارەی بڵاوکردنەوەی رۆژانە بێت ئەگەری داخستنی زیاتری لەسەرە لەکاتێکدا دروشمی سەرەکی کۆماری ئیسلامی ئێران (ئازادی و ئازادیی رادەربڕین)  بووە، بەڵام ئێستا پێچەوانەکەی بەدیدەکرێت.

گرەو لەسەر رێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا

«محافزکاران نایەنەوێت ئەمەریکاو ئێران رێککەون»

ئەگەرچی رۆژی هەینی رابردوو پێشنووسی سەپاندنی سزای نوێی تایبەت بەچەک و کەرەستەی سەربازیی لەلایەن ئەمەریکاوە دژ بەکۆماری ئیسلامی ئێران  لەئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەنگی پێویستی نەهێناو تەنها ئەمەریکا و کۆماری دۆمێنیکەن دەنگیان بۆ پێشنوسەکەداو نوێنەری (13) وڵات بەدەنگی پووچەڵ یان سپی بەشداریی پڕۆسەی دەنگدانەکەیان کرد، بەڵام ئەمەریکا سوورە لەسەر سەپاندنی سزای نوێ و بەکارهێنانی سیستمی (پەلەپیتکە)و (سناپبەک) واتا گەڕانەوە بۆ سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران کەپێش رێککەوتنی ئەتۆمیی لەساڵی (2015) بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپابوو، لەبەرامبەردا پەرلەمانی ئێران کەزۆرینەی لەدەست محافزکاراندایە بڕیارە پڕۆژەیاسایەک بخاتە دەنگدانەوە بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران دوای (72) سەعات لەئەگەری بەکارهێنانی سیستمی (پەلەپیتکە) و (سناپبەک) لەلایەن ئەمەریکاوە، داوای کشانەوەی تەواوەتی لەڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە بکات.

مشتی پۆڵاینی ئەمەریکا بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران

دەستنیشانکردنی ئیلیۆت ئەبرامز، نوێنەری نوێی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران لەلایەن دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەو وڵاتە بەیەکێک لەهۆکارەکانی توندبوونەوەی هەڵوێستی واشنتۆن لەدژی تاران لەقەڵەمدەدەرێت، چونکە ئەبرامز رۆڵی لەچەند رووداوێکی گرنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبووە کەبریتین لە رووداوەکانی (ئێران کۆنترا، مەک فارلین، جەنگی عێراق)، ئەو کەکەسێکی توندڕەوەو بڕوای بەکاردانەوەی سەربازیی زۆرەو پێشتر بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی لەدژی ڤەنزوێلا بووە، (100) رۆژی لەبەردەمدایە تابتوانێت ئامانجی خۆی لەدژایەتیی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بپێکێت، ئەو بەپیاوی مشتی پۆڵاینی وڵاتەکەی بەرامبەر وڵاتانی دەرەوە ناسراوە.

ئەبرامز بڕوای بەدیپلۆماسی لەگەڵ ئێران نییەو بەپێی ئەوەی لەڕابردوودا روویدا و بەئاشکرا دژایەتی پەیامی ئاشتیی وڵاتەکەی لەساڵی (2003) و (2007) لەگەڵ ئێران کردووە، چاوەڕێ دەکرێت کۆشکی سپی کۆماری ئیسلامی بخاتە ژێر گوشارێکی زیاترەوە.

چارەنووسی ئەو کۆمارەی کۆڵەکەکانی دەلەرزێت

ئەوەی بەدیدەکرێت کۆماری ئیسلامی ئێران گیرۆدەی کۆمەڵێک قەیرانی ناوخۆیی بووە کەبەرهەمی دوو باڵە سەرەکییەکەیەتی لەشێوازی بەڕێوەبردنی وڵاتەکەیان و ململانێکانیان بۆ مانەوە لەدەسەڵات، هاوکات فشارە نێودەوڵەتییەکانیش بەپێشەنگایەتی ئەمەریکا تەنگی بەکۆمارە ئیسلامییەکەی ئێران هەڵچنیوە، بەڵام هەموو ئەمانەش نەیتوانیوە ئۆپۆزسیۆنێکی راستەقینە بێنێتە ئاراوە بۆ رووخانی ئەو کۆمارە، پێدەچێت تەنها ئەنجامی فشارەکانی ئەمەریکاو ململانێی دوو باڵی سەرەکیی لەئێران چارەنووسی کۆماری ئیسلامی ئێران یەکلایی بکەنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار