کازمی بەسوێندێکی جیاواز وەڵامی میلیشیاکانی سەر بەئێران دەداتەوە
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
مستەفا کازمی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سەردانی بنەماڵەی رەیهام یەعقوب، خانمە چالاکوانی دیاری بەسڕەی کرد کە رۆژی 19ی ئەم مانگە لەلایەن گروپێکی چەکدارییەوە کوژرا، کازمی سوێندی بەخوێنی ئەو چالاکوانە خوارد، لەکاتێکدا زۆرێک لەبەرپرسان سوێند بەمەزهەبەکان و کەسایەتیەکانی دەخۆن.
کازمی وتی «سوێند بەخوێنی شەهید رەیهام، تاوانباران بەبێ سزادان دەربازیان نابێت هەرچەندە کاتیشی پێویست بێت».
هەروەها بەڵێنی دا کەتۆڵەی خوێنی رەیهام یەعقوب و هیشام هاشمی و تەحسین ئوسامە بکاتەوە.
لەماوەی چەند مانگی رابردوودا زنجیرەیەک تیرۆرکردن و رفاندن چالاکوانە عێراقیەکانی گرتۆتەوە. تەنها لەهەفتەی رابردوودا دوو چالاکوان کوژران و پێنجی دیکە لەهەوڵی تیرۆرکردن رزگاریان بوو، لەو کردەوانەدا پەنجەی تۆمەت بۆ میلیشایاکانی سەر بە ئێران رادەکێشرێت و توڕەیی دژیان برەودەسێنێت لەپارێزگای بەسڕەی باشور.
چاودیران دەڵێن تووندوتیژییهکانی ئەمدواییانە بیرخەرەوەی هەڵمەتێکی بەرنامە بۆداڕێژراوە کەبەڕێوەدەچێت لەلایەن میلیشیاکانی سەربەئێران، وەک کەتائیب حزبوڵڵا و عەسائیب ئەهل حەق و عوسبهت سائیرین، بۆ بێدەنگکردنی ئەو عێراقیانەی داوای کۆتایی هەژموونی ئێرانییەکان دەکەن لەوڵاتەکەیان.
راهێنەری وەرزش، ریهام یەعقوب، (29) ساڵ، کە بهچڕی لەخۆپیشاندانەکانی دژ بهحکومەتدا بەشداربوو، چوارشەممە (19ی ئاب) لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە لەبەسرە کوژرا، لەکاتێکدا تەقە لەو ئۆتۆمبیلە کرا کەتیایدا بوو. سێ ژن که لەوکاتهدا لهئۆتۆمبیلەکهدا بوون، برینداربوون و دواتر یهکێکیان مرد.
دوابەدوای ئەوە وەزیری ناوخۆی عێراق عوسمان غانمی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی ئهنجامدا لەبەسڕە، لە 20ی ئاب دوای برەوسەندنی ژمارەی هێرشەکان دژی چالاکوانان لەشارەکە.
هەمان رۆژ، چالاکوان فەلاح حەسناوی بەسەختی بریندارکراو دەستگیرانەکەی کوژرا کاتێک ئۆتۆمبیلەکەی بهر دهستڕێژی گوله کهوت لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە لەناوەندی بەسڕەدا.
پێنج رۆژ لەوەوبەر لە بەسڕە، چالاکوان تەحسین ئوسامە شەحمانی کوژرا دوای ئەوەی زیاد لەبیست فیشەکی پێوەنرا.
بهگوێرهی ئاژانسی فرانس پرێس، سێ چالاکوانی دیکە دووشەمە لەبەسرە بەناوەکانی لودیا ریمۆن، فەهد زوبەیدی، عەباس سوبحی، دەچوون بۆ ماڵی تەحسین ئوسامە شەحمانی بۆ پرسەو سەرەخۆشی کاتێک ئۆتۆمبیلێکی پڕ لەپیاوانی چەکدار دەستیانکرد بەتەقەکردن لێیان. ئەو سێ کهسه توانییان بهبرینداری هەڵبێن، بەڵام لەژیاندا مانهوه.
شەحمانی چالاکوانێکی بەناوبانگ بوو لەشاری بەسڕە. ئەم تیرۆرکردنه یهکێکه لەزنجیرەیەک تیرۆرکردن لەم چەند مانگەی دواییدا، کهپسپۆڕی بواری تووندوتیژیی هیشام هاشمی لەنێو ئهو کەسایەتییه بەناوبانگانهدا بوو کەکوژراون.
رۆژێک دوای کوشتنی شەحمانی چالاکوان روقیە دهوسەری لەهەوڵێکی تیرۆرکردن رزگاری بوو لەناوەندی بەسڕەدا کاتێک سێ چەکداری نەناسراو لەئۆتۆمبیلەکەیانەوە تەقەیان لێکرد.
کارە تیرۆرە بەئامانجگیراوهکان بوونەته هۆی ترس و تۆقاندن لەناو چالاکوانانی عێراقدا، کەپێشتر لەمانگی تەمموزدا ئەزمونی تیرۆری هیشام هاشمییان لەبەغدا کردبوو، کە راوێژکارێکی حکومەت و ئەکادیمییەکی ناوداربوو دەربارەی گروپە توندوتیژەکان.
هیچ گروپێک بەفەرمی بەرپرسیارێتی خۆی لەتیرۆرکارییەکان رانەگەیاندووەو دەسەڵاتداران هێشتا کەسیان بە بەرپرس رانەگرتووە.
بەڵام ئەو ئهکاونتانهی سەر ئینتەرنێت کە وادەردەکەوێت پشتیوانی ئێران و هاوپەیمانانی بن لەعێراق، لەهەڕەشەیاندا لەچالاکوانان زۆر چاونەترستر بوون.
دەیان چالاکوان لەعێراق کوژراون لەدەستپێکی خۆپیشاندانەکانەوە لەتشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، ئەوکاتەی چەندین کەسیان تیرۆرکران لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە کەچەکی بێدەنگیان بەکاردەهێنا.
نەتەوەیەکگرتوەکان و باڵیۆزخانەکانی وڵاتانی خۆرئاوا میلیشیاکان تۆمەتباردهکهن و تکایان لەبەغدا کردووه بەتەواوی ئازادی رادەربڕین بپارێزێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دوای کوشتنی یەعقوب رایگەیاند «شتێکی بێویژدانانەیە کەئەنجامدەرانی ئەم کارە قێزەونانە بەردەوامن لەکارەکانیان بەبێ لێپرسینەوە.»
حاتەم فەلاحی پسپۆڕی سەربازیی و ستراتیژی، وتی بەرزبوونەوەی ئەمدواییەی هێرشە تووندوتیژەکان دژی چالاکوانان بەشێکە لەهەڵمەتێکی گشتگیر کە لەلایەن میلیشیاکانی سهر بهئێرانەوە بەڕێوەدەبرێت بۆ «بێدەنگکردنی هەموو ئەو دەنگانەی داوای جێبەجێکردنی فەرمانڕەوایی دەوڵەت و گەڕاندنەوەی سەروەری نیشتمانی دەکەن.»
هەروەها وتی کە لەڕێی ئەم کارانەوە، میلیشیاکان هەوڵی پارێزگاریکردن لەهەژموونی رژێمی ئێران دهدهن بەکوشتنی ئەوانەی داوای ئازادی دەکەن.
وتیشی «خۆپیشاندانەکان بوونەتە سەرچاوەی نیگەرانی بۆ ئهو میلیشیایانهی ناسراون بهوهی ههرکهسێک تیرۆردهکهن کهبیروڕایان رهتبکاتهوه».
ئەو پسپۆڕە باسی لەوەکرد پێش زیادبوونی هێرشەکانی ئەمدواییە دژی چالاکوانانی عێراق، هەڵمەتێکی ناوزڕاندن و هاندان دژیان لەلایەن میدیای ئێرانییەوە دەستیپێکرد.
ئەم هەفتەیە، ئهکاونتهکانی ئینتەرنێت دەستیانکرد بەبڵاوکردنەوەی وتارێکی 2018ی میهر، که ئاژانسێکی هەواڵی ئێرانی نزیک لەپارێزگارە تووندڕەوەکانی ئێرانه، کەتێیدا یەعقوب و کهسانی تر تۆمهتباردهکهن بهوهی بەشێک بن لە «تۆڕێک کە لەلایەن ئەمریکیەکانەوە دروستکراوه بۆ بهئامانجگردنی ئێران لەناوچەکە».
فەلاحی وتی «بهکردنه ئامانجی چالاکوانان، میلیشیاکان بەشێوەیەکی ئاشکرا ئاستەنگ بۆ دەسەڵاتی حکومەتەکەی سەرەکوەزیران مستەفا کازمی دادەنێن و ئاماژە بەوەدەکەن که لەکارەکانیان ناوەستن و لەڕێی هێزەوە رووبەڕووی هەر هەوڵێک دەبنەوە که بۆ سنووردارکردنی نفوزیان بدرێت».
کازمی چوارشەممە دوای هێرشەکان بەڕێوەبەری پۆلیسی بەسڕەو ژمارەیەک بەڕێوەبەری ئەمنیی تری لهکارلابرد.
لەپۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا وتی حکومەت «هەموو شتێکی پێویست دەکات بۆ هێزە ئەمنیەکان تاکارەکانیان بەتەواوی ئەنجامبدەن».
وتیشی «هاریکاریکردن لەگەڵ بکوژران یان بڵاوکردنەوەی هەڕەشەکانیان پهسهندنەکراوە. ئەوەی پێویست بێت دەیکەین بۆ وەزارەتی ناوخۆو دەزگا ئەمنیەکان بۆ تەواوکردنی کارەکانیان لەپاراستنی کۆمەڵگە لەهەڕەشەی یاخییەکان لەیاسا.»
دواتر عوسمان غانمی وەزیری ناوخۆ، پێنجشەممە گەیشتە بەسڕە لهگهڵ شاندێکی باڵای ئەمنی.
غانمی وتی «دۆخی ئەمنی لەپارێزگای بەسڕە بههیچ شێوهیهک پهسهندناکرێت... هەمووان بەرپرسن لەم خوێنەی کە لەعێراق رژێنراوە و هەمووان دەبێت بەرپرسیارێتی لەئەستۆبگرن تائهم مەترسییه دووربخهنهوه«.
داوای لەهێزە ئەمنییەکان کرد ئۆتۆمبیلی بێ تابلۆی ژماره قەدەغەبکەن و دەستبەجێ کاربکەن بۆ دەستبەسەراگرتنیان.
غانمی داواشی لەهێزە ئەمنیەکانی پارێزگاکە کرد بۆ دامەزراندنی خانەیەکی هەواڵگری بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و پشتیوانیکردنی هەوڵە ئەمنییەکان.
بەپێی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لهعێراق که (26) چالاکوان لەلایەن چەکدارانی نەناسراوهوه تیرۆرکراون لەدەستپێکی بزووتنەوەی خۆپیشاندانەکانهوه لەوڵاتهکه لەتشرینی یەکەمەوە هەتاوەکو مانگی ئازاری ئەمساڵ.
هەروەها (13) چالاکوانی دیکە برینداربوون لەهەوڵی سەرنەکەوتووی تیرۆرکردنیانداو (15)ی دیکە بەبێ زیان لەو هەوڵانە رزگاریان بووە. بەوەش ژمارەی هەموویان دەبێتە (54) هەوڵی تیرۆرکردن لەدەستپێکی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانەوە هەتاوەکو مانگی ئازار کەداوای چاکسازییان دەکرد.
بەم دواییانەش بەسڕە بەکوشتنی چالاکوان تەحسین ئوسامە شەحمانی ورووژا. شەحمانی کە لەنێو خۆپیشاندەرانی ناوچەکەدا ناسرابوو، بە (21) فیشەک کوژرا رۆژی هەینی، لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە، کە هەڵیانکوتایەسەر دوکانەکەی لەشەقامی بەهو لهناوەندی بەسڕە.
پێش تیرۆرکردنی شەحمانی، ژمارەیەک چالاکوان و پیشەوەرانی میدیا کوژران کەپشتیوانییان لهو خۆپیشاندانانه دهکرد کە تشرینی یەکەمی رابردوو دەستیانپێکرد.
لەنێویاندا پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی دیجلە، ئەحمەد عەبدولسەمەدو وێنەگر سەفا غالی، چالاکوان حسێن عادل و ژنەکەی، سارە تالب خۆپیشاندەرو کارمەندی تەندروستی جینان مازی شەحمانی، کە ناسرابوو بە ئوم جینات.