داوا لەئەنجومەنی ئاسایش دەکرێت؛ دەروازەیەکی مرۆیی بەڕووی رۆژئاڤای کوردستاندا بکاتەوە

گروپێکی کۆمه‌کی نێودەوڵەتی، داوای چوونه‌ناو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەکات بۆ هاوکاریکردنيان

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى، فرانس پرێس

 

کۆمیتەی فریاگوزاری نێودەوڵەتی داوای لەئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کردووه بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووریی یهعروبییەو رێدان بەهاوکاری پزیشکیی پێویست.

  (رێکخراوهی کۆمهکی مرۆیی کۆمیتەی فریاگوزاری نێودەوڵەتی) داوای لەنەتەوەیەکگرتووەکان کرد بۆ کردنەوەی دەروازەیەکی سنووری بەرەو باکوری خۆرهەڵاتی سوریا (رۆژاڤا) بۆ زیادکردنی ئهو پێداویستییە پزیشکیانهی لهکهمبوونهوهدان لەمیانهی زیادبوونی حاڵەتەکانی تووشبووندا بەڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید-19).

دەروازەی سنووریی یەعروبییە، کەدەکەوێتە نێوان سوریاو عێراق، لەکانونی دووەمدا داخرا دوای ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لەژێر فشاری روسیادا دەنگیدا، ئەمەش بووەهۆی کورتهێنانی هاوکاری بۆ ئهو ههرێمه سورییەی ژێردەسەڵاتی کوردەکان.

رژێمی سوریا بەپشتیوانی روسیا  ئەو هاوکاریانەی دابەشدەکرێن لەڕێی دەروازە سنوورییەکانەوە بەبێ رەزامەندی ئەوان؛ وەک «پێشێلکاریی» بۆ سەر سەروەرییەکەی دەبینێت.

کۆمیتەی فریاگوزاری نێودەوڵەتی رایگەیاند «کۆمیتەکە داوای لەئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووریی یەعروبییە بهڕووی هاوکارییەکاندا بۆ رێگریکردن لەبڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید-19.»

سەرۆکی کۆمیتەی فریاگوزاری نێودەوڵەتی، دەیڤد میلیباند وتی راگرتنەکە، لەتەمموزدا نوێکرایەوە، «کە ملیۆنان کەسی بهبێ دەرمانی پێویست و کەرەستە تەندروستییەکان هێشتۆتەوە لەناوەڕاستی ئەو پەتایەدا».

دەسەڵاتە کوردییەکە (478) حاڵەتی تووشبوونی بە کۆڤید-19 لەناوچەکە تۆمارکرد، لهنێویاندا (28) حاڵەتی گیانلەدەستدان، بەڵام کۆمیتەی فریاگوزاری نێودەوڵەتی رایگهیاند که ژمارەکان لەبەرزبوونەوەدان بەهۆی کەمیی رێژەی پشکنینهوه بۆ ڤایرۆسەکە.

گروپە مرۆییەکە رایگهیاند که راگرتنە چەند مانگییەکەی دەروازەی یەعروبییە بۆته هۆی بەربەستدانان بۆ خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لەناوچەکە، کەتەنیا (13) هەناسەدەری دەستکردو رێژەیەکی کەمی کەرەستەی خۆپارێزیی لێیە.

کۆمیتەی فریاگوزاری نێودەوڵەتی بەتایبەتی نیگەرانی دۆخی کەمپی هۆل بوو لهپارێزگای حەسەکە.

کۆمیتەی فریاگوزاری نێودەوڵەتی رایگهیاند کهناوەندی جیاکردنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەکەمپەکە دووچاری کەمیی کەرەستەی خۆپارێزی و «ژمارەیەکی کەم وێستگەی دەستشووشتن، قەرەباڵغیی قەرەوێڵەکان و سنوورداربوونی توانای ستافەکە» بووەوە.

نەتەوەیەکگرتووەکان لەم مانگەدا رایگەیاند کە سێ کارمەندی تەندروستی لەهۆل تووشی ڤایرۆسەکە بوون، دەسەڵاتی کوردیش پێنجشەممە حاڵەتێکی دیکەی تووشبوونی لەوێ راگەیاند.

سەرچاوەیەکی پزیشکی لە هۆل وتی دواهەمین حاڵەتی تووشبوون یەکەمین بوو لەنێو دانیشتوانهکهدا.

گروپە مرۆییەکان هۆشدارییاندا لەبڵاوبوونەوەیەکی بەرفراوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەباکوری خۆرهەڵاتی سوریا کە ئهو قەیرانه مرۆییهی ههیه هێندهی دی سهختتر دهکات، لهنێویاندا کورتهێنانی ئاوو خواردن و دەرمان.

چوار هەفتە لەمەوبەر بەڕێوەبەرییە خۆسەرییەکەی باکورو خۆرهەڵاتی سوریا قەدەغەکردنی هاتوچۆی تەواوی لەناوچەی جەزیرە راگەیاند بۆ رێگریکردن و هێواشکردنەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید-19) دوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆری تووشبوون تۆمارکران.

بەڕێوەبەرییەکە داخستنی تەواوی دامەزراوەکانی راگەیاند، جگە لەوانەی خزمەتگوزاری پزیشکی و لۆجستی دابیندەکەن.

جەمیل عەبد چالاکوانێکی دێرەزوور، وتی رێوشوێنەکان پێویستن بەوپێیەی ناوچەی جەزیرە پەیوەندیی راستەوخۆی هەیە بەناوچەکانی دێرەزوورهوه کە لەژێر کۆنتڕۆڵی رژێمدان.

عەبد وتی «رژێم شەفاف نەبووە سەبارەت بەبڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لەناوچەکانی ژێردەسەڵاتیدا، کە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاویان لە رێژەی حاڵەتەکانی تووشبووندا بەخۆوە بینیوە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی میلیشیاکانی سەر بەسوپای پاسدارانیان لێ جێگیرن».

وتیشی «ئەندامانی ئەو میلیشیایانە دێنە ناوەوەو دەچنە دەرەوەی خاکی سوریا بەبێ ئەوەی بەپشکنینی تەندروستیدا تێپەڕببن.»

 ئاماژەی کرد بۆ ئەوەش کە چەند حاڵەتێکی تووشبوون لەمدواییەدا لەڕیزەکانیاندا تۆمارکراوه.

وتیشی «هێشتا هەر بەردەوامن لەتێکەڵبوونیان بەمەدەنییەکان لەبازاڕو بۆنە ئایینیەکاندا، کەبهردهوام بەڕێوەدەچن.»

عەبد وتی ئەمە بۆتەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لای مەدەنییەکان کەئەوانیش تێکهڵ بهخێزان و ناسیاوەکانیان دهبن لەو ناوچانەی لەژێر کۆنتڕۆڵی بەڕێوەبەرییە خۆسەرییەکەدان.

وتی داخستن و تووندکردنی چاودێری لهدەروازە سنوورییەکان بڕیارێکی دروستە بۆ پاراستنی مەدەنییەکان.

عەبد وتی چاوەڕواندەکات «لەداهاتوودا کارەساتێک ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی رژێم بگرێتەوە بەهۆی گوێپێنەدانی رژێم و رێگری لهئاشکرابوونی زانیارییەکان».

بەرپرسانی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی حکومەت، (999) حاڵەتی توشبوونیان راگەیاندووە کە (48) لهوانه مردوون،  بەڵام وەزارەتی تەندروستی ئەم هەفتەیە دانی بەوەدا نا کە «توانای پشکنینی بەرفراوانیان لەپارێزگاکان» نییە.

لە 30ی تەمموز تا 6ی ئاب، وەزارەتی تەندروستی سوریا زیاتر لە (260) حاڵەتی تووشبوونی بەڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکرد.

وەزارەتەکە دانی پێدانا «ڤایرۆسەکە بەشێوەیەکی بەرچاو بڵاوبۆتەوە»و رایگەیاند کەتەنیا (25) هەزار قەرەوێڵەی نەخۆشخانە لەناوچەکانی ژێردەسەڵاتی حکومەت لهبەردەستدان.

بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، لەدیمەشق دکتۆرەکان رایانگەیاند کە دامەزراوە گشتییەکان پڕبوون و ناتوانن نەخۆشی دیکە وەربگرن.

سەرۆکی خوێندنگهی پزیشکی لهزانکۆی دیمەشق، دکتۆر نبوغ عەوا وتی «ئەمە زۆر ترسناکە.»

عهوا بەپهیجێکی فەیسبووکی تایبهت بهتەندروستی، کهگۆڕانکارییەکان لەسەر حاڵەتەکانی تووشبوون بەڤایرۆسی کۆرۆنا لەوڵاتەکەیاندا بڵاودەکاتهوه، وت «زۆربەی خەڵک دەچنە نەخۆشخانە حکومییەکان بەڵام بەداخەوە هەموو شوێنەکان پڕن.»

وتی «ئەو نەخۆشانەی لەدۆخێکی خراپدان ناخرێنە بەشی چاودێریی چڕەوە تا لانیکهم نەخۆشێکی تر نەمرێت.»

لەحوزەیراندا، رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند کە «نیگەرانە» لهبڵاوبوونەوەی کۆڤید-19 لەسوریاو ئاماژەیکرد بە «خراپی ژێرخان و لاوازی سیستمی تەندروستی کە بەهۆی بارگرژییەکانەوە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار