خوێندنی ئاوێتە؛ نە شیش بسووتێ نە کەباب
هەندێک بەهۆی باری داراییەوە دەستیان بەئینتەرنێت ناگات و نیگەرانن لەخوێندنی ئۆنلاین، بەڵام بۆ هەندێکی تر دەرفەتە لەگەڵیدا کاربکەن
4 ساڵ لەمەوپێش
ھاوڵاتی
وەزارەتی خوێندنی باڵاو تووێژینەوەی زانستی بڕیار لەسەر خوێندنی ئاوێتە دەدات بۆ ساڵی نوێی خوێندن، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، بەجۆرێک هەندێک لەڕۆژەکان بەئۆنلاین بێت و هەندێک رۆژیش خوێندکار ئامادەبێت لەزانکۆکان.
دوای هاتنی شەپۆلی ڤایرۆسی کۆرۆناو داخستنی دەوامی فەرمی لەگشت دامودەزگا حکومییەکان و شوێنە گشتی و تایبەتەکان لەهەرێمی کوردستان، بەهۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا پرۆسەی خوێندن وەستێندرا، پاشان بەسیستەمی ئەلیکترۆنی بەردەوامی بەخوێندنی ساڵی ٢٠١٩-٢٠٢٠ درا، وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ ساڵی نوێ سیستمی ئاوێتە پەیڕەودەکات.
ئەم سیستمە جێگەی خۆشحاڵی هەندێ لەخوێندکارانە، بەوپێیە بەدەرفەتیکی دەزانن سوود لەکاتەکانیان وەرگرن بۆ کاری دیکە، بەڵام هەندێکیان سیستمەکەیان پی باش نیە، چونکە لەلایەک پێی رانەهاتوون، لەلایەکی تریشەوە پێویستیان بەئینتەرنێتی خێراو بەردەوامە کە رەنگە بۆ هەموویان دەستنەدات بەهۆی قەیرانی داراییەوە، لەکاتیکدا هەندێک شوینی دوورە دەست ئینتەرنێتی پێنەگەیشتووە.
سۆلاف گۆران، خوێندکاری زانکۆیە بە ھاوڵاتی وت «خوێندنی ئۆنڵاینم ١٠٠% پێ باشە، چونکە دەتوانم کاریش بکەم، نزیکەی دوو ساڵ دەبێت لەبەر خوێندنەکەم نەمتوانیوە کاربکەم و هیچ جێگایەک کارم پێنادات کەدەزانێت خوێندکارم، هەمووان دەزانین بارودۆخی ئابوری وڵاتەکەمان باش نیە، بۆیە نابێت پشت بەو موچەیە ببەسترێت کە چەند مانگ جارێک دێت، دەبێت خۆمان هەوڵبدەین کاربکەین».
سۆلاف پێیوایە خوێندنی ئۆنلاین دەبێتە دەرفەتێک بۆ کارکردنی و دەڵێت «گەنجان زیاتر دەرفەتی کارکردنیان دەبێت لەتەنیشتی خوێندنەکەیان، چونکە رۆژانە کاتژمێرێک یان دوو کاتژمێر خوێندن بەئۆنلاین هیچ لەکاتی من ناگرێت گەر کارێکی قورسیشم هەبێت».
وتیشی «رەنگە بەتەواوی تێنەگەم، بەڵام خراپیش نابێت گەر مامۆستاکان بەهەمان شێوەی ناو کڵاس وانە بڵێنەوەو گرنگی بەبابەتەکان بدەن».
بەپێچەوانەی سۆلاف، سارا ئەحمەد پێیوایە ئەم سیستەمە «زیانی» دەبێت و ناتوانێت بەباشی وانەکان تێبگات، سارا وتی «من هەرگیز ناتوانم بەم سیستەمە خوێندن بکەم چونکە رانەهاتووم، هەموو کاتێک هێڵی ئینتەرنێتم نیەو لەڕووشم نایات بچمە ماڵی کەسێک داوای ئینتەرنێت بکەم «.
وتیشی «بارودۆخی خێزانەکەم باش نیە تابتوانن ئینتەرنێت بۆ من دابین بکەن، هەروەها ناتوانم لەکاتی پێویستدا پرسیار لەمامۆستاکەم بکەم».
بەرپرسانی خوێندنی باڵاو زانکۆکان دەڵێن پێویستە خۆیان بگونجێنن لەگەڵ بارودۆخە تەندروستیەکەداو رێگایەک بدۆزنەوە هەم لەگەڵ خوێندکارو هەم لەگەڵ توانای زانکۆکانی کوردستان بگونجێت، بۆیە سیستمی ئاوێتەیان هەڵبژاژدوە.
رەزا حەسەن، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی لەلێدوانێکیدا بە ھاوڵاتی وت «ئێمە تووشی حاڵەتێکی نائاسایی بووین لەجیهان و کوردستانیش بەتایبەتی وە لەناویاندا زانکۆکان کەتووشی حاڵەتێک بوون پێویستە خۆیان بگونجێنن لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە ئێمە رێگایەک بدۆزینەوە هەم لەگەڵ خوێندکار، هەم لەگەڵ توانای زانکۆکانی کوردستان بگونجێت، ئێمە بۆ ساڵی داهاتوو لەبەرنامەماندایە لەماوەیەکی کەمدا کە رێگەیەک بێت ئۆنلاین بێت و خوێندکار وانەکانی بەئۆنلاین بخوێنێت».
وتیشی «چەند سیستەمێکی جیهانی هەیە کەزۆربەی زانکۆکانی کوردستان لەسەر ئەو سیستەمە دەڕۆن، پێمان وایە ئەو خوێندنە سەرکەوتوو دەبێت، چونکە تەجروبەی پێشترمان هەیەو پێشتر کردوومانە بەئەلیکترۆنی، هەموو خوێندکارێک لەگەڵ مامۆستاکەی و بەشەکەیدا ئیمەیلی هەیە، دەتوانین بەشێوەی ئەلیکترۆنی بخوێنین، بەڵام کێشەمان لەگەڵ وانە پڕاکتیکییەکاندایە، ئەو وانانەی پێویستە لەتاقیگەدا بخوێندرێت».
سەرۆکی زانکۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد هەوڵدەدەین بەرنامەیەک دابنێین بەئەلیکترۆنی وانە بەخوێندکار بدرێت و لەهەمان کاتیشدا وانە پراکتیکییەکان بخوێندرێت لەهەفتەیەکدا، بەلایەنی کەمەوە جارێک وانەی پراکتیکی بخوێنن بەپێی رێنماییە تەندروستیەکان.
وتیشی «رەنگە خۆشمان لەم رێگایە رازی نەبین، بەڵام ناچارین رێگەیەک هەڵبژێرین کە لەهەموو رێگاکانی تر باشتر بێت، راستە لەوانەیە هەندێ خوێندکار کێشەی هەبێت، بەڵام هیوادارین ئەم بارودۆخە بەزوویی تێپەڕێنین».
لەم بارەیەوە وتەبێژی خوێندنی باڵا عەباس ئەکرەم بە ھاوڵاتی وت «هەتا ئێستا هیچ بڕیارێکمان نەداوە بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندنی ساڵی تازەو هێشتا لەگفتوگۆداین».
ئەگەرچی سیستمی ئۆنلاین سیستمێکی تازەیە بۆ خوێندکار، بەڵام بەشێک لەخوێندکارەکان بەسیستمێکی گونجاوی دەزانن. بەڵام هەندێک مامۆستا پێیان وایە هیچ شتیک ناتوانێ ببێتە جیێگرەوەی ناو پۆل.
ئاشتی حەمە ساڵح، مامۆستای زانکۆی سلێمانی سەبارەت بەسیستمی ئۆنلاین بە ھاوڵاتی وت «هیچ شتێک ناتوانێت جێگرەوەی ناوپۆل بێت، چونکە لەپۆلدا داتاشۆ هەیە، پەیوەندی راستەوخۆت هەیە لەگەڵ خوێندکاردا، دەزانیت کاردانەوەیان چیە بۆ وانەکە، بەتایبەتی لەوانە پڕاکتیکییەکاندا، تەعاروف یەکێکە لەبنەما سەرەکییەکان بۆ ئەوەی بەرامبەر گوێت لێبگرێت و لێت تێبگات».
وتیشی «لە سیستمی ئۆنلاین ئەم شتانە زەحمەتە و بۆ کۆمەڵگای ئێمە قورسە، چونکە رانەهاتوین، من بەڕێگایەکی ناچاری دادەنێم بۆ زانست، چونکە پڕۆسەیەکە زۆر قورسە بەئۆنلاین بکرێت، هیوادارم بتوانرێت سەرکەوتوو بێت، ئەگەر بەدەرەجەیەکی بەرزیش نەبێت با لە ١٠٠% نەبێت، لە ٥٠% بێت، بەڵام چارەنووسی خوێندکار بە فیڕۆ نەڕوات».
وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی شەممەی رابردوو رایگەیاند بەڕەچاوکردنى بارودۆخى تەندروستى هەرێمى کوردستان، لەکۆبوونەوەکەدا چەندین پێشنیاز بۆ ئەنجومەنى وەزیران بەرزکرایەوە بەمەبەستى پەسەندکردنیان، کەبریتین لە:
یەکەم: خوێندنى ساڵى نوێى ئەکادیمى لە 1/9 دەستپێدەکات و پێویستە ساڵى ئەکادیمى لە 30/6 کۆتایی پێبێت.
دووەم: لەنێوان 20/9 تاوەکو 4/10 پرۆسەى خوێندن لەزانکۆو پەیمانگەکانی هەرێمى کوردستان دەستپێدەکات، بەشێوەیەک زانکۆکان سەرپشکن و دەسەڵاتیان پێدەدرێت لەنێوان ئەم دوو رێکەوتە رۆژێک بۆ دەستپێکردنى خوێندنى ساڵى 2020-2021 دەستنیشان بکەن.
سێیەم: سیستمى خوێندن بۆ ساڵى خوێندنى 2020-2021 بریتییە لەخوێندنى ئاوێتە واتە لەیەک کاتدا لەڕێگەی ئۆنلاین و هەروەها ئامادەبوونی خویندکار لە هۆڵەکانی خوێندن ئەنجامدەدرێت.
چوارەم: خوێندنى وانە پراکتیکییەکان و تاقیکردنەوەى کۆرسەکان و کۆتایى ساڵ و تەتبیقاتى ناو نەخۆشخانەو تاقیگەکان و وانە تیۆرییە سەرەکییەکان لەناو کامپەس دەخوێنرێت، بەو واتایەى زۆربەى خوێندنى ساڵى نوێ لەناو کامپەس دەبێت.
پێنجەم: ماوەى نێوان 1/9 تاوەکو 4/10 ئەو ماوەیە بۆ راهێنانى مامۆستایان بەکاردەهێنرێت، یاخود رێکخستنەوەى ساڵنامەى زانکۆو قەرەبووکردنەوەى وانە فەوتاوەکان.
شەشەم: هیچ کۆرسێکى خوێندن لەزانکۆو پەیمانگەکان نابێت لە (15) هەفتە کەمتربێت.
حەوتەم: بەهۆى بارودۆخى تەندروستى و بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆرۆنا، تەنها بۆ ئەمساڵى خوێندنى (2020-2021) لەنێوان زانکۆکانى هەرێمی کوردستان سیستمى میواندارى دەکرێتەوە، ئەویش لەنێوان بەش و سیستمى هاوشێوەدا دەبێت.
هەشتەم: بۆ خوێندنى ئاوێتە، هەر زانکۆیەک ئەو پلاتفۆرمە ستانداردانەى خوێندن بەکاردەهێنێت کەیونسکۆ راسپاردەى دەکات.
نۆیەم: لە 11/10/2020 پرۆسەى خوێندنى باڵا/ ماستەرو دکتۆرا دەستپێدەکات.
وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژە بەوەدەدات، کۆى ئەم پێشنیازانەو چەندین پێشنیازى دیکەى پەیوەست بەپرۆسەى ساڵى نوێى خوێندن تاووتوێکران و دەخرێـتە بەردەم ئەنجومەنى وەزیران بەمەبەستى تاووتوێکردن و پەسەندکردنیان