ئێران لەبازاڕەکانی سلێمانی بۆ دۆلارە ونبووەکانی دەگەڕێت

4 ساڵ لەمەوپێش



ھاوڵاتی

نزیکەی سێ ساڵە قسەو باسێکی زۆر هەیە لەسەر دیارنەمانی (27) ملیارو هەندێک جار (36) ملیار دۆلار لەخەزێنەی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەشێک لەبەرپرسانی ئەو وڵاتە رایانگەیاندووە؛ زۆربەی ئەو دۆلارانەی لەخەزێنەی حکومەتەوە بەبەهای (4200) تمەن بۆ هەر دۆلارێک، بەناوی بازرگانی و هاوردەکردنەوە بەکارهێنراوە بەقاچاخ لەبازاڕەکانی سلێمانی لەهەرێمی کوردستان کڕین و فرۆشتنی پێوەکراوە.

جەواد کەریمی قدوسی، پەرلەمانتاری سەر بەفراکسیۆنی محافزکاران لەپەرلەمانی ئێران لەدانیشتنێکی تایبەت بەدۆخی ئابوریی وڵاتەکەی رایگەیاند؛ ساڵێ (2017) بەبڕیاری حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران (36) ملیار و یەک ملیۆن دۆلار لەخەزێنەی حکومەت کەوتووەتە دەست چەند باندێکی قاچاخچی و ماددە هۆشبەرەکان و لەڕێگەی ئەوانەوە ئەو پارەیە گەیەنراوەتە شاری سلێمانی لەهەرێمی کوردستان کە لەژێر دەسەڵاتی ئەمەریکاو سعودیەدایەو دوای ئەوەش نزیکەی (80) تۆن زێڕی ئێران بەهەمانشێوە رەوانەی چەند وڵاتێک لەناوچەکە کرا کەزۆربەی چووەتە هەرێمی کوردستان.

جەواد کەریمی قدوسی پەرلەمانتارەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران جەختی لەوەکردووەتە دوای بەقاچاخبردنی دۆلارەکانی ئێران بۆ سلێمانی و زۆربەی زێڕەکەشی بۆهەرێمی کوردستان و چەند وڵاتێکی دراوسێ، کتوپڕ بەهای هەر دۆلارێک لەئێران گەیشتە (18) هەزار تمەن لەو سەردەمەداو ئێستاش بووە بە (23) هەزار تمەن و رۆحانیش بەو کارەی کەهەرەسی بەبەهای دراوی وڵاتەکەی هێنا، خۆی کردە پاڵەوانی چارەسەری قەیرانەکان لەکاتێکدا ئەو پاڵەوانی هەرەسی ئابوری و ماڵوێرانکردنی خەڵکی ئێران بوو.

بۆچی زێڕی ئێران بەقاچاخ دێتە هەرێمی کورستان

جگە لەو پەرلەمانتارە، میدیاکانی ئێران زۆر جار هەواڵی باقاچاخبردنی زێرو ئاڵتونیان لەوڵاتەکەیانەوە بۆ هەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوەو رۆژنامەی (دنیای ئیقتیساد) لەئێران لەبابەتێکی تایبەت بە بەقاچاخبردنی زێڕی وڵاتەکەی روونیکردووەتەوە فرۆشتنی زێڕی ئێران لەوڵاتانی دەوروبەرو دراوسێ بەراورد بەفرۆشتنی لەناوخۆی وڵاتەکەدا (10%) سودی زیاترە، بۆیە هەندێک بازرگان پەنا بۆ بەقاچاخبردنی زێڕی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان دەبەن.

 دۆلارە دیارنەماوەکان بوونەتە بابەتی سەرەکیی رۆژنامەوانی لەئێران

رۆژنامەی (مەردۆم سالاری) سەر بە ریفۆرمخوازان لەژمارەی (5201)ی رۆژی پێنجشەممە (26/7/2020) لەمانشێتی سەرەکیی لاپەڕەی یەکەمدا نووسیویەتی گومان هەیە لەسەر بەقاچاخبردنی (27) ملیار دۆلار بۆ شاری سلێمانی  کەحکومەت بۆ مەبەستی هەناردەکردنی بازرگان و کۆمپانیاکان بەنرخی هەر دۆلارێک (4200) تمەن تەرخانی کردبوو.

رۆژنامەی (مەردۆم ساڵاری) سەر بەحزبی مەردۆم سالاری و باڵی ریفۆرمخواز لەئێران لەمانشێتی سەرەکیی لاپەڕەی یەکەمدا نوسیویەتی (گومان هەیە لە بەقاچاخبردنی دۆلار لەئێرانەوە بۆ سلێمانی لەعێراق)و لەدرێژەی راپۆرتەکەیدا هاتووە؛ بەهای هەر دۆلارێک لەئێران گەیشتووەتە (24) هەزار تمەن و ئەمەش چەند هۆکارێکی سەرەکیی هەیە کە بەوتەی زۆربەی دۆلار فرۆشەکانی تاران و بازاڕی (فیردەوسی )، بڕێکی زۆری دراوی دۆلاری ئێران بەقاچاخ رەوانەی بازاڕەکانی دۆلار لەشاری سلێمانی دەکرێت، چونکە فرۆشتنی ئەو دۆلارانە بەراورد بەبازاڕی ناوخۆی ئێران قازانجێکی زیاتر دەکات و ئەمەش وایکردووە بازرگانە ئێرانییەکان کەدۆلاری هەرزانتری حکومیی بۆ مەبەستی بازرگانیی وەردەگرن، رەوانەی ئەو بازاڕانە بکەن و بەشێکیش لەو دۆلارانە بۆ ئێران و حکومەت ناگەڕێنرێتەوە.

رۆژنامەکە روونیکردووەتەوە رەوانەکردنی دۆلاری ئێران بۆ سلێمانی کاریگەریی زۆری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخ و کەمبوونەوەی رێژەی دۆلار لەبازاڕەکانی تاراندا هەبووە، بەڵام هەموو هۆکاری بەرزبوونەوەی دۆلار بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە، چونکە لەلایەکی دیکەوە حکومەت داوای گەڕانەوەی نزیکەی (20) ملیار دۆلاری خەزێنەی وڵاتەکەی لەسەرمایەداران و کۆمپانیاکان دەکات کەپێشتر بەنرخێکی هەرزان رادەستی کردبوون و ئەوانیش بەناچاری پەنا بۆ بازاڕەکان دەبەن بۆ کڕینی دۆلارو گەڕاندنەوەی قەرزەکانیان بەحکومەت.

وەڵامی حکومەت بۆ دیارنەمانی دۆلارەکانی

عەبدولناسر هیمەتی، بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی ئێران بەبێ ئاماژەدان بەبڕی دیارنەمانی دۆلارەکە بەمیدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ حکومەت بەمەبەستی ئاسانکاریی و بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەکردنی کاڵا بۆ بازرگان و خاوەن کۆمپانیاکان، دۆلاری بەنرخی (4200) تمەن دیاری کردووەو لەو چوارچێوەیەدا (27) ملیار دۆلار رادەستی ژمارەیەک خاوەن کۆمپانیاو بازرگانەکان کراوە بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی دۆلار ئەو کەس و کۆمپانیایانە نەیانتوانیوە پارەکان لەکاتی دیاریکراودا بگەڕێننەوە خەزێنەی حکومەت و لەبەرامبەردا دەزگای داد دۆسیەی بۆ هەزارو (200) سەرپێچیکار کردووەتەوە و نزیکەی (420) کەس فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە و لەئێستادا (250) کەسیان دەستگیرکراون کە تەنها (70) کەسیان بازرگانن و تەنانەت تۆماتبار هەیە تەنها کارتی بازرگانیی بەناوی ئەوەوە دەرکراوەو دۆلاری حکومی پێوەرگیراوە، بەڵام بۆ خۆی بێماڵ و حاڵەو لەسەر شەقامەکان دەخەوێت.

هیمەتی روونیکردووەتەوە ژمارەیەک کەس و لایەن هەستاون بەتۆمارکردنی ناوی کەسانی نزیک و ناسراوی خۆیان وەک بازرگان و لەبەرامبەر بڕێک پارەدا کارت و پێناسەی بازرگانییان بۆ دەرکردوون، بەو ناوەوە دۆلاری (4200) تمەنیی حکومەتیان وەرگرتووەو روونیش نەبووەتەوە کە ئەو پارەو دۆلارەیان بەچ مەبەستیک بەکارهێناوە.

محافزکاران بیانو بۆ دیارنەمانی ئەو پارانە دەدۆزنەوە

رۆژنامەی (کەیهان) کە سەر بەباڵی توندڕەوی محافزکارانە لەچەند هەواڵ و راپۆرتی رۆژنامەوانیدا نووسیویەتی: لەڕاستیدا ئەو بڕە پارەو دۆلارەی کەچارەنووسی نادیارە تەنها (7) ملیار دۆلارە لەکاتێکدا حکومەت دەڵێت (27) ملیار دۆلاری بۆ بازرگان و کۆمپانیاکانی تایبەت بەهەناردەکردن تەرخان کردووە. هاوکات عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی لە کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاین لەگەڵ کابینەی حکومەت بەسەرۆکایەتی حەسەن رۆحانی رایگەیاند؛ دیارنەمانی ئەو پارانە رەنگە هۆکارو پاساوێکی لۆژیکی لەپشتەوە بێت، بەڵام دەبێت حکومەت رێگریی بکات لەخەرجکردنی ئەو پارانە بەمەبەستی کڕینی خانوو زەوی لەوڵاتانی دەرەوە، ئەم قسەیەی خامنەیی بەجۆرێک هاوسەنگیی راگرتن لەنێوان حکومەت و ئەو لایەنانە لەقەڵەم دەدرێت کە رەخنە لەیەکتر دەگرن سەبارەت بەدیارنەمانی پارەکانی حکومەت. خامنەیی پێشتریش رایگەیاندبوو، بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارەوە رەنگە بازرگانەکان نەیانتوانی بێت ئەو دۆلارانەی کە بەنرخێکی هەرزان لەحکومەتیان وەرگرتووە بەگەڕێننەوەو بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بۆ زیاتر لە (20) هەزار تمەن بۆ هەر دۆلارێک هۆکارێکی سەرەکیی ئەو بابەتە بووە.

ئێرانییەکان زۆرترین زەوی و خانوو لەتورکیا دەکڕن

گومان دەکرێت بەشێک لەو پارانە بەمەبەستی کڕینی خانوو زەوی لەتورکیا بەکارهاتبێت  و رۆژنامەی (شەرق) کە رۆژنامەیەکی نیمچە ئەهلی و نزیک لەڕیفۆرمخوازانە بەناونیشانی (پارەکانی ئێران بەرەو تورکیا) راپۆرتێکی سەبارەت بەکڕینی (13) هەزارو (35) زەوی و خانوو لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە لەتورکیا بڵاوکردووەتەوەو ئاماژەی بەوە کردووە کەتەنها لەماوەی چوارساڵدا ئەو ژمارەیە لەکڕینی زەوی لەتورکیا روویداوەو هاوکات لەو ماوەیەدا ئێرانییەکان دوو هەزارو (721) کۆمپانیایان لەو وڵاتە دامەزراندووە، بەتۆمارکردنی ئەم ژمارانە پێش عێراقییەکان کەوتوونەتەوە لەکڕینی ماڵ و موڵک و دامەزراندنی کۆمپانیا لەتورکیا.

رەزا کازمی، بەڕێوەبەری ژووری بازرگانیی پارێزگای تەورێز لەئێران بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە؛ تورکیا کۆمەڵێک یاساو رێسای بۆ وەرگرتنی ناسنامەی ئەو وڵاتە داناوە، کەهەر کەسێک دەتوانێ بە(250) هەزار دۆلار ببێتە هاوڵاتیی ئەو وڵاتە، ئەمەش وایکردووە سەرمایەکانی ئێران بەلێشاو بەرەو تورکیا بڕۆن.

بازرگانە قەرزارەکان بوونە هۆی بەرزبوونەوەی دۆلار

زۆربەی میدیاکانی ئێران لەکاتی بەرزبوونەوەی هەر دۆلارێکی ئەمەریکی بۆ (25) هەزار تمەن بڵاویانکردووەتەوە، چونکە بانکی ناوەندیی دوا مۆڵەتی بۆ گەڕاندنەوەی دۆلارەکانی حکومەت بۆ بازرگانە قەرزارەکان دەستنیشان کردووە، ئەو بازرگانانە بەناچاری پەنایان بۆ کڕینی دۆلار لەبازاری ئازاد بردووەو کڕینی دۆلارێکی زۆر لەلایەن ئەوانە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی دۆلار لەئێران.

هەواڵی دژبەیەک و ناڕون لەدەزگاو دامەزراوەکانی حکومەت

حەمید زادبوم، جێگری وەزیرو سەرۆکی گشتی دامەزراوەی گەشەی بازرگانیی کۆماری ئیسلامی ئێران لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی رەسمی ئیران (ئیرنا) رایگەیاند؛ تەنها نزیکەی (9.5%)ی بازرگانە هەناردەکارەکانی وڵاتەکە پابەندی بەڵێنەکانیان بوون بۆ گەڕانەوەی دۆلارەکانی حکومەت و لەماوەی ساڵێکدا نزیکەی (15) ملیارو (500) ملیۆن دۆلار گەڕێنراوەتەوە خەزێنەی حکومەت، کە بەپێی لێدوانی ئەو بەرپرسەی کۆماری ئیسلامی ئێران نزیکەی (21) هەزارو (184) بازرگان و کۆمپانیا لەماوەی ساڵێکدا لەئێران تۆمار کراوەو ژمارەی پێناسەی بازرگانیی لەوڵاتەکەی زۆر زیاتر لەژمارەی قەرزارەکان و تەنها (14)هەزارو (900) بازرگان و کۆمپانیا کەخاوەنی پێناسی بازرگانین پابەندی بەڵێنەکانیان بوون و نزیکەی (12) هەزار کەسیش کە هەریەکەیان کەمتر لە (150) هەزار دۆلاری حکومییان وەرگرتووە پابەندی بەڵێنەکانیان نەبوون و پارەکانیان نەگەڕاندووەتەوەو بەئەگەری زۆر پێناس و کارتی بازرگانییەکانیان بۆ هەمیشە بەتاڵ دەکرێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە محەمەد رەزا یەزدی، فەرماندەی سوپای (محەمەد رەسوڵەڵا)ی تاران سەر بەسوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە بەکەسێکی توندڕەوی باڵی محافزکار دەناسرێت رایگەیاندووە؛ لەماوەی (10) ساڵی رابردوودا (80) هەزار ملیار تمەن لەسیستمی حکومیدا دزی کراوە کەدەکاتە سێ ملیارو (500) ملیۆن دۆلار، ئەمەش بەراورد بەبودجەی وڵاتەکەو بوونی (120) هەزار بەڕێوەبەرو چەند ملیۆن کارمەند ژمارەکە زۆر نییە، ئەگەرچی دزینی ریاڵێکیش لەخەزێنەی حکومەت و خەڵک زۆرە.

لێدوانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران گومان لەسەر بڕی قەرزەکان دروستدەکات، پێدەچێت بڕی ئەو دۆلارەی نەگەڕێندراوەتەوە بۆ حکومەت زۆر زیاتر بێت لەو دوو ژمارەیەی کەزیاترین جار لەلایەن حکومەت و میدیاکانەوە وەک پارەی دیارنەماو یان پارەی بەقاچاخبراو بڵاوکراونەتەوە ئەویش بریتین لە(36) ملیارو (27) ملیار دۆلار، واتە دەتوانرێت بەپشتبەستن بەو لێدوانانە پارە دیارنەماوەکانی کۆماری ئیسلامی ئیران بەزیاتر لە (63) ملیار دۆلار بخەمڵێنرێت.

برامان برایی کیسەمان جیایی

هەندێک لەمیدیای ئۆپۆزسیۆن و نەیاری کۆماری ئیسلامی بڵاویانکردووەتەوە دوو باڵی محافزکارو ریفۆرمخواز هەریەکەو بەجۆرێک دەیەوێت قەیرانە ئابورییەکەی وڵاتەکەیان لەبەرژەوندیی خۆیان بقۆزنەوەو بەکەمترین زیان سەرکەوتن بۆ خۆیان و بەناوی خۆیانەوە تۆماربکەن، بۆیە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەڕێگەی سیستمی بانکی و دامەزراوەکانی خۆیەوە دوور لەچاوی حکومەت و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان خەریکی بەقاچاخبردن و فرۆشتنی بەرهەم و داهاتەو ئەمەش وایکردووە زۆر جار هەرێمی کوردستان و عێراق و ئەفغانستان و تورکیا بۆ ئەو مەبەستە بەکاربهێنێت لەبەرامبەردا تیمی حکومەت بەسەرۆکایەتی رۆحانی دەیەوێت بەبەرزبوونەوەی بەهای دۆلارو زیادکردنی هەناردەکردنی بەرهەمە نانەوتییەکان قەرەبووی کورتهینانی بودجەی وڵاتەکەی بکات کەبەهۆی سزاکانی ئەمەریکاوە بەرۆکی ئەو وڵاتەی گرتووە، کەهەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی ئەو دوو باڵە سەرەکییەی کۆماری ئیسلامی ئێران هەریەکەیان بە رێ و رێبازی خۆیان و بەسیستیمی برامان برایی و کیسەمان جیایی شێوازی خۆیان بۆ تێپەڕاندن و دەربازبوونی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان و زیادکردنی داهاتەکانیان گرتووەتەبەر.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار