گۆڕان: تا 10 مانگى دیکه چاکسازى نه‌کرێت له‌حکومه‌ت ده‌کشێینه‌وه
گۆڕان له‌لێوارى لێکترازانێکى دیکهدایهو فراکسیۆنەکەی له‌به‌غدا دژى مانه‌وه‌ى بزووتنه‌وه‌که‌ن له‌ناو حکومه‌تدا
4 ساڵ لەمەوپێش
ئارا ئیبراهیم
ئه‌ندامێکى جڤاتى نیشتمانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ئاماژه به‌وه‌ده‌دات که‌ئه‌و ماوه‌یه‌ى وه‌ک سه‌قفى زه‌مه‌نى دیاری‌یان کردووه بۆ چاکسازى له‌کابینه‌ى نۆیه‌مدا، به‌هۆى هاتنى ڤایرۆسى کۆرۆناو دابه‌زینى نرخى نه‌وت درێژیان کردووه‌ته‌وه‌و ده‌شڵێت:» ئه‌گه‌ر تا (10) مانگى دیکه چاکسازى نه‌کرا ئاماده‌ین بکشێینه‌وه له‌حکومه‌ت».
رۆژى شه‌ممه 5ى ئه‌یلولى 2020 له‌کۆبوونه‌وه‌ى جڤاتى نیشتمانى گۆڕاندا له‌نێوان نوێنه‌رى فراکسیۆنى گۆڕان له‌به‌غداو تیمى گۆڕان له‌کابینه‌ى نۆیه‌م، ده‌نگه ده‌نگ دروستبووه‌و به‌و هۆیه‌وه نیو کاتژمێر کۆبوونه‌وه‌که راگیرا.
هه‌ر رۆژى شه‌ممه فراکسیۆنى گۆڕان له‌په‌رله‌مانى عێراق به‌یاننامه‌یه‌کى ده‌رکردو به‌توندى ره‌خنه‌ى له‌سه‌رکردایه‌تى بزوتنه‌وه‌که گرتووه‌و ده‌ڵێن «که‌مینه‌یه‌ک له‌ناو گۆڕاندا بڕیار به‌سه‌ر زۆرینه‌ى گۆڕاندا ده‌دات».
یه‌کێک له‌ئه‌ندامانى فراکسیۆنى گۆڕان له‌په‌رله‌مانى عێراق جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه کهفراکسیۆنى گۆڕان له‌عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌م به‌شدارییه‌ى گۆڕان نییه له‌ناو کابینه‌ى نۆیه‌مدا که‌دۆخى خه‌ڵک زۆر خراپه‌و موچه بڕین هه‌یه، ناکرێت بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌مانه بێده‌نگ بێت.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ى فراکسیۆنى گۆڕان که‌نه‌یویست ناوى بهێندرێت، جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه که به‌شێک له‌ئه‌ندامانى خانه‌ى راپه‌ڕاندن ده‌یانه‌وێت ئه‌ندامانى فراکسیۆنى گۆڕان ئه‌ڵقه له‌گوێى ئه‌وان بن،»ئێمه به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵک له‌وه‌دا نابینین بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ناو حکومه‌تدا بێت و چاکسازى نه‌کرێت و گه‌نده‌ڵى له‌دۆسیه‌ى نه‌وتى هه‌رێمدا هه‌بێت و داهاته‌کان ناشه‌فاف بن و ئێمه بێده‌نگ بین».
هاوکات باسى له‌وه‌شکرد، هه‌موو ئه‌گه‌ره‌کان له‌به‌رده‌میاندا کراوه ده‌بێت به‌تایبه‌ت کهکارهکانیان له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ى خانه‌ى راپه‌ڕاندندا هه‌ڵبپه‌سێرن، وتیشى:» ئه‌وانه‌ى که‌پێشتر له‌ناو یه‌کێتیدا بوون و ئێستا گۆڕانن به‌هه‌مان عه‌قڵییه‌ت ده‌یانه‌وێت ئه‌ندامه‌کانى فراکسیۆن گوێڕایه‌ڵى ئه‌وان بن، له‌کاتێکدا ئێمه ده‌چینه ناو خه‌ڵکه‌وه‌و ده‌زانین دۆخى خه‌ڵک چۆنه«.
ده‌رباره‌ى ده‌رئه‌نجامى ئه‌و جیاوازییه‌و به‌رده‌وامى گۆڕان له‌ناو حکومه‌تدا، جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه که «بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌لێوارى لێکترازان و ناڕه‌زایه‌تییه‌کى قوڵدایه‌و جه‌ماوه‌ره‌که‌ى زیاتر له‌خۆى توڕه‌و نیگه‌رانتر ده‌کات ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بێت له‌ناو حکومه‌تدا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بکشێته‌وه به‌هاوڵاتیان ده‌ڵێت وه‌عدى چاکسازى و نه‌هێشتنى گهندهڵیمانداو پێمان نه‌کراو پارتى بهڕێکهوتنهکهیهوه پابه‌ند نه‌بووه«.
ئه‌ندامێکى جڤاتى نیشتمانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى ده‌ڵێت فراکسیۆنى گۆڕان لایانداوه له‌ده‌ستورى گۆڕان، ئه‌وه دووپاتده‌کاته‌وه ئه‌گه‌ر تا (10) مانگى دیکه کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێم چاکسازییه‌کان جێبه‌جێ نه‌کات، ئاماده‌ن ده‌نگ بۆ کشانه‌وه بده‌ن له‌ناو جڤاتى نیشتمانیدا.
نزار محه‌مه‌د، ئه‌ندامى جڤاتى نیشتمانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:» له‌کۆبوونه‌وه‌ى جڤاتى نیشتمانیدا که‌مێک موناقه‌شه دروست بوو، نه ده‌نگه ده‌نگ هه‌بوو، نه هیچ، به‌ڵام دواتر هه‌ندێ له‌براده‌رانى فراکسیۆنى گۆڕان له‌ده‌ره‌وه شته‌که‌یان گه‌وره کرد، چونکه تیمى گۆڕان له‌حکومه‌تى هه‌رێم باسیان له‌وه‌کرد له‌وه ئاسانتر نییه، ئه‌گه‌ر جڤاتى نیشتمانى گۆڕان ده‌نگ به‌کشانه‌وه بدات، ئه‌وانیش ناچنه‌وه بۆ حکومه‌ت، به‌ڵام باسى دۆخه‌که‌یان کرد به‌هۆى کۆرۆناو دابه‌زینى نرخى نه‌وته‌وه«.
ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، فراکسیۆنى گۆڕان له‌په‌رله‌مانى عێراق ده‌یانه‌وێت بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌حکومه‌تى هه‌رێم بکشێته‌وه، به‌ڵام» سه‌رکردایه‌تى گۆڕان و جڤاتى نیشتمانى به‌قسه‌ى ئه‌وان ناکات، به‌ڵکو واقعبینیانهو سیاسییانه ده‌ڕوانێته دۆخه‌که به‌هۆى بوونى کۆرۆناو دابه‌زینى نرخى نه‌وته‌وه نه‌توانراوه چاکسازییه‌کان هه‌نگاوى زیاتر بنرێت، ئه‌و سه‌قفه زه‌مه‌نییه‌ى گۆڕان دایناوه گۆڕانکارى به‌سه‌ردا هاتووه، ئه‌گه‌ر تا (10) مانگى دیکه یان دوو ساڵى ته‌واوى کابینه‌ى نۆیه‌م چاکسازى نه‌کرێت، ئاماده‌ین ده‌نگ به‌کشانه‌وه بده‌ین له‌حکومه‌تدا».
ئه‌و ئه‌ندامه‌ى جڤاتى نیشتمانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ره‌خنه‌ى توندى لهتیمى فراکسیۆنى گۆڕان له‌په‌رله‌مانى عێراق گرت و وتى:» به‌شێک له‌وانه‌ى بوونه‌ته په‌رله‌مان له‌عێراق و هه‌رێمى کوردستانیش، خه‌ڵکانى سه‌ربه‌خۆ بوون و گۆڕان پێی باش بووه کاندیدیان بکات، ناکرێت بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ئیعتماد بکاته‌سه‌ر بۆچوونى ئه‌وان بۆ کشانه‌وه‌و مانه‌وه له‌حکومه‌تدا، ته‌نانه‌ت سه‌رۆکى فراکسیۆنى گۆڕان له‌به‌غدا ده‌نگى به‌به‌شداریکردن له‌حکومه‌تدا داوه«.
نزار محه‌مه‌د، ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه که‌ده‌زانن دۆخى هاووڵاتیان خراپه‌و موچه لێى بڕدراوه، به‌ڵام به‌هاتنه ده‌ره‌وه‌ى گۆڕان له‌حکومه‌ت هیچ له‌دۆخه‌که ناگۆڕن که‌خاوه‌نى (12) کورسى په‌رله‌مانن له‌هه‌رێمى کوردستاندا.
هاوکات، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو دسپلین له‌ناو گۆڕاندا لاوازه‌و وتى:» ناکرێت هه‌ر که‌سێک هه‌ستێت له‌خۆیه‌وه قسه بکات، بۆچوونى جیاواز‌و راى جیاواز هه‌یه، به‌ڵام فراکسیۆنى گۆڕان له‌به‌غدا ده‌یانه‌وێت فه‌رزى بکه‌ن به‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌که‌دا که له‌حکومه‌ت بکشێنه‌وه«.
ئه‌ندامه‌که‌ى جڤاتى نیشتمانى گۆڕان ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه، فراکسیۆنى گۆڕان ده‌بێت کارى خۆیان بکه‌ن له‌په‌رله‌مانداو دوو مانگ جارێک کاره‌کانیان به‌ڕاپۆرت بده‌نه ژوورى حکومه‌ت و په‌رله‌مان، به‌ڵام تائێستا نه‌یانکردووه‌و هیچ که‌سێک لێپرسینه‌وه‌یان لێ‌ناکات، که ده‌بێت»ژوورى حکومه‌ت و په‌رله‌مان لێیان بپرسێته‌وه، چونکه ئه‌وان هیچیان نه‌کردووه له‌په‌رله‌ماندا، هاتوون فشار ده‌که‌ن له‌بزوتنه‌وه‌که که‌بکشێنه‌وه له‌حکومه‌تدا، که‌ئه‌وه بڕیارى جڤاتى نیشتمانى ده‌وێت».