هەر تاکێک لەسلێمانی مانگانە کیلۆیەک گۆشت دەخوات
4 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حه‌سه‌ن
پاریزگای سلێمانی لەخواردنی گۆشتدا به‌هه‌موو جۆره‌کانیه‌وه لەپلەی یەکەمدا دێت به‌به‌راورد بهپارێزگاکانى دیکه‌ى عێراق و هه‌رێمى کوردستان، بەتێکڕا هەر هاووڵاتیەک مانگانە یەک کیلۆ گۆشتی سورو کیلۆو نیوێک گۆشتی مریشک دەخوات.
پارێزگاى سلێمانى مانگانه به‌تێکڕا (70) ته‌ن گۆشتى سور به‌کارده‌هێنێت، که ساڵانه ده‌کاته (22) بۆ (25) هه‌زار ته‌ن گۆشتى سور. به‌ڵام گۆشتى سپى سێ هه‌زار و (50) بۆ چوار هه‌زار ته‌ن له‌مانگێکدا به‌کارده‌هێنرێت، که‌ساڵانه ده‌کاته (40) هه‌زار تۆن.
به‌پێى کۆى ژماره‌ى دانیشتوانى هه‌رێمی که‌پێنج ملیۆن و (309) هه‌زارو (592) که‌سه، ژماره‌ى دانیشتوانى پارێزگاى سلێمانى، دوو ملیۆن و (162) هه‌زارو (279) که‌سه.
بەو پێیەش بەتێکڕای هەر کەسێک لەپاریزگای سلێمانی بەگەورەو بچووکەوە مانگانە کیلۆیک گۆشتی سورو کیلۆو نیوێک گۆشتی مریشکی بەردەکەوێت، کەهەرتاکێک لەساڵەکەدا (12) کیلۆ گۆشتی سورو (18) کیلۆ مریشکی بەردەکەوێت.
ئاوات ئه‌حمه‌د سه‌رۆکى ئه‌ندازیارى کشتوکاڵى پێشکه‌وتوو ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌کرد که‌مى هاتنى گهشتیارو نه‌بوونى موچه و بارى دارایى هاووڵاتیانیش کاریگه‌رى له‌سه‌ر زۆرى و که‌مى به‌کارهێنانى ده‌بێت و وتى «ئێمه پێشبینى ده‌که‌ین ئه‌مساڵ به‌هۆى ئه‌و هۆکارانه‌وه که‌متر به‌کارهێنرابێت».
ئاوات ئه‌حمه‌د سه‌رۆکى ئه‌ندازیارى کشتوکاڵى پێشکه‌وتوو له‌پارێزگاى سلێمانى، باسی له‌وه‌کرد ئه‌و گۆشته‌ى له‌سنورى پارێزگاى سلێمانى لهقهسابخانهکان به‌شێوه‌یه‌کى یاسایى سه‌رده‌بڕدرێت و به‌پێى پلانى عێراق، بەڵام له‌سه‌دا (30)ى مه‌ڕو بزن لەدەرەوەی سەربڕینخانەکان سه‌رده‌بڕدرێن و له‌سه‌دا (20) ی ره‌شه‌وڵاخیش بەهەمان شێوە، کە 4%ی ئەوانە بە گۆشتی هاوردە ئەژماردەکرێن.
ئاوات ئه‌حمه‌د وتی»سلێمانى یه‌کێکه له‌و شوێنانه‌ى که گۆشت خۆره و زۆر به‌کاریده‌هێنن، به‌تایبه‌تیش گۆشتى سور».
«ده‌بێت له‌به‌کارهێنانى هه‌ر که‌ره‌سته‌و خواردهمهنى و به‌رهه‌مێکدا ئه‌وه ره‌چاوبکرێت که ئایا به‌رهه‌مه‌که هى ناوخۆى وڵاته کهسودهکهى له‌داهات و دابینکردنى هه‌لى کار زیادده‌کات و بازاڕه‌که ده‌بوژێنێته‌وه بۆ ناوخۆیه یاخود به‌رهه‌مى هاورده‌یه‌و داهاته‌که ده‌چێته ده‌ره‌وه، چونکه ئێستا وایلێهاتووە به‌رهه‌مه خوارده‌مه‌نیه‌کانیش به‌شێکى له‌ده‌ره‌وه دێت، بۆیه ئه‌مه ده‌بێته به‌هه‌ده‌ردانى داهاتى هه‌رێمى کوردستان دووباره«. نه‌به‌رد که‌ریم، پسپۆرى دارایى وای وت.
نەبەرد کەریم به هاوڵاتى وت «به‌هۆى بابه‌تى سۆشیال میدیاوه وایلێهاتووه بابه‌تى بازاڕکردن فراوانبووه‌و له‌ڕێگه‌ى ریکلامکردنه‌وه، واده‌کات سه‌رنجى هاوڵاتى بۆ خۆى رابکێشێت».
وتیشى «به‌شێکى زۆرى موچهخۆرانى هه‌رێم که‌وتۆته پارێزگاى سلێمانیه‌وه، بۆیه داهاتى تاک که‌متره، به‌ڵام بابه‌تى به‌کارهێنانى به‌رهه‌مه خۆراکییه‌کان زیاتر په‌یوه‌ندى بهکهڵچهرى ژیانکردنه‌وه هه‌یه له‌پارێزگاى سلێمانى کهجۆرى ژیانکردنه‌که جیاوازتره وه‌ک لهپارێزگاکانى دیکه«.
هەروەها وتی «ئه‌مه ده‌کرێت خاڵێکى ئیجابى بێت ژیان بۆ خۆشگوزه‌رانى خۆیان ده‌که‌ن و سلبیهکهشى ئه‌وه‌یه ئه‌و که‌سانه داهاته‌که‌یان زیادناکات».
له‌هه‌رێمى کوردستاندا ساڵانه (144) هه‌زار ته‌ن به‌رهه‌مى گۆشتى مریشک به‌رهه‌مده‌هێنرێت و به‌رهه‌مى گۆشتى سور (87) هه‌زار ته‌ن به‌رهه‌م ده‌هێنرێت.
هاوکات فیراز سه‌عید، به‌ڕێوبه‌رى سامانى ئاژه‌ڵى هه‌رێم، له لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت"له‌هه‌رێمى کوردستاندا ساڵانه 144هه‌زار ته‌ن به‌رهه‌مى گۆشتى مریشک به‌رهه‌م ده‌هێنرێت و به‌رهه‌مى گۆشتى سور 87هه‌زار ته‌ن به‌رهه‌م ده‌هێنرێت".
ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد هه‌ر تاکێک له گۆشتى مریشک 23کیلۆ و 9غرامى بۆ دانراوه به‌پێى ستاندارى جیهانى و وتى" ئه‌و ڕێژه‌ییه ستاندارى جیهانییه و تاک هه‌یه زیاتر یان که‌متر به‌کارده‌هێنێت".
هه‌روه‌ها وتیشى"به‌پێى ستاندارى جیهانى، گۆشتى سور بۆ هه‌ر تاکێک 14کیلۆ و 4غرام دانراوه".
گۆشتى سور واته گۆشتى ره‌شه‌وڵاخ و مه‌ڕو بزن و گا‌و گۆشتى سپى، واته گۆشتى باڵنده و په‌له‌وه‌ره‌کان و گۆشتى ماسى.
د. دارا محه‌مه‌د جه‌میل، پسپۆر له بوارى شیکارى و کۆنتڕۆڵى جۆرى خۆراک، راوێژکار له سه‌رۆکایه‌تى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌سه‌ر خواردنى گۆشت و گرنگى و سوده ته‌ندروستیه‌کان و لێکه‌وته‌کانى زۆرخواردنى گۆشت له‌لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى وتی:"گۆشت به هه‌ر سێ جۆره‌که‌یه‌وه (گۆشتى ئاژه‌ڵ، باڵنده و ماسی) سه‌رچاوه‌ى پرۆتینه‌کانن، به‌پێى جۆرى گۆشته‌که جیاوازى له نیوان پرۆتینهکانیشدا هه‌یه".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد یه‌که‌ى بنچینه‌یى پرۆتینه‌کانیش، پێیان ده‌وترێت ترشه ئه‌مینیه‌کان Amino acids، ئه‌و ئهمنۆئهسیدانهى که جه‌سته‌ى هه‌مو که‌سێک پێویستى پێیه‌تى بۆ جێبه‌جێکردنى تێکڕاى چالاکیه‌کانى رۆژانه، دروستبونى خانه‌کان و شانه‌کان و ماسولکه‌و ئۆرگانه‌کان وهه‌موو به‌شه‌کانى تر‌ى مرۆڤ.
دکتۆر دارا هێماى بۆ ئه‌وه‌کرد که پێکهاته‌ى سه‌ره‌کى هۆرمۆنه‌کان و ئه‌نزیمه‌کانیش هه‌ر ئهمینۆئهسیدهکانن. گرنگه بزانرێت که نۆلهم ئهمینوئهسیدانه بنچینه‌یین و جه‌سته‌ى مرۆڤ خۆى ناتوانێت دروستیان بکات، وتیشى:" له‌به‌ر ئه‌وه ده‌بێت له سه‌رچاوه‌ى ده‌ره‌وه وه‌ریبگرێت، ده‌وڵه‌مه‌ندترین سه‌رچاوه‌ى ئه‌م ئه‌مینۆئه‌سیده بنچینه‌ییانه‌ش سه‌رچاوه‌کانى پرۆتینى ئاژه‌ڵین که گۆشت سه‌ره‌کیترینیانه".
پسپۆر له بوارى شیکارى و کۆنتڕۆڵى جۆرى خۆراک، باسى له‌وه‌شکرد به پێچه‌وانه‌وه سه‌رچاوه‌کانى پرۆتینى روه‌ک هه‌موو ئه‌مینۆئه‌سیده بنچینه‌ییه‌کانى تیا نیه و لانى که‌م یه‌کێک یان زیاتریان تیا ونه. "ره‌نگه هه‌مومان ئاشنا بین به‌و ڕاستیه‌ى که خواردنى گۆشت ده‌ورێکى گرنگى هه‌بوه له گه‌شه‌کردنى مێشکى مرۆڤدا له کۆرسى مێژوییدا. هه‌روه‌ها گۆشتى سور ده‌وله‌مه‌نترین سه‌رچاوه‌یه به ئاسن، به‌هۆى ئاسنه‌وه ئۆکسجینى ههڵمژراوى ناو هه‌وا، له ڕێى خوێنه‌وه ده‌نێردرێت بۆ تێکڕاى خانه‌کانى جه‌سته و به‌وه‌ش پرۆسه‌ى ژیان به‌رده‌وام ده‌بێت".
"گۆشتى سور ده‌وڵه‌مه‌ندیشه به ڤیتامینێکى گرنگ ڤیتامین B12، که ده‌ورێکى گرنگى هه‌یه له ته‌ندروستى خانه‌کانى هه‌سته ده‌مارو پاراستنى فرمانه‌کانى مێشک و گه‌شه‌پێدانى خرۆکهسورهکانى خوێن، که‌مى ئه‌م ڤیتامینه ئه‌بێته هۆى لاوازى و نه‌خۆشى که‌مخوێنی، که زۆرجار له روهکیهکاندا ده‌بینرێت، هه‌ر بۆیه پێویسته له‌سه‌ر روه‌کیه‌کان که ئه‌م ڤیتامینه به شێوه‌ى سه‌پلیمێنت (حه‌ب) بخۆن"، دکتۆر دارا وا ده‌ڵێت.
هاوکات زیاتر روونکردنه‌وه‌ى له‌سه‌ر گۆشت دا‌و وتى:" گۆشت سه‌رچاوه‌یه‌کى ده‌وڵه‌مه‌نده به زینک و فسفۆر و ڤیتامینه‌کانى گروپى B ، هه‌رچه‌نده هه‌ندێک له ڤیتامین و کانزا‌کان ده‌توانێت له‌ڕێگه‌ى سه‌وزه‌کانه‌وه ده‌ست بکه‌وێت، به‌ڵام هیچ سه‌رچاوه‌یه‌کى سه‌وزه جێگه‌ى گۆشتى سور له ئاسن و ڤیتامین B12 ناگرێته‌وه".
دکتۆر دارا ده‌شڵێت، سه‌ره‌ڕاى ئه‌م ڕستیانهش، نابێت زێده‌خۆرى له گۆشتى سوردا بکرێت، چونکه بڕێکى زۆر له چه‌وریه تێره‌کانى تێدایه‌و ئه‌وانیش سه‌رچاوه‌ى ده‌وڵه‌مه‌ندن به کۆلسترۆڵ" گه‌رچى کۆلسترۆڵ پێکهاته‌یه‌کى پێویسته بۆ خانه‌کانى جه‌سته‌ى مرۆڤ و هۆرمۆنه‌کانى نێرینه (Testosterone)، له‌به‌ر ئه‌وه گه‌ر که‌سێک که چالاکى رۆژانه‌و وه‌رزشى ته‌واو بکات، دڵنیا بێت له‌وه‌ى کێشه‌ى دڵ و بۆریه‌کانى خوێنى نیه، له‌گه‌ڵ له‌به‌رچاوگرتنى ته‌مه‌ن و مێژوى خانه‌واده‌یی، ئه‌توانێت زیاتر چێژ له خواردنى گۆشت وه‌ربگرێت وه‌ک له‌وانه‌ى کێشه‌یان هه‌یه به یه‌کێک یان زیاتر له‌و فاکته‌رانه".
" به‌پێى راسپارده‌ى سیستمه جیهانیهکان بۆ خۆراک، گۆشتى سور له هه‌فته‌یه‌کدا له سێ جار زیاتر نه‌خورێت و هه‌ر جاره‌ش بڕى 80 غرام زیاتر نه‌بێت، که ده‌کاته یه‌ک شیش گۆشت یان که‌باب، دکتۆ دارا واى وت.
له‌باره‌ى زۆر به‌کارهێنانیه‌وه دکتۆر دارا ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد په‌یوه‌ندى به کلتورى شاره‌که‌وه هه‌یه، به‌تایبه‌ت له‌وه‌رزى چونه‌ده‌ره‌وه‌دا کهوهرزى هاوینه له‌دێر زه‌مانه‌وه وابوه، چونه‌ده‌ره‌وه‌و سه‌یران و گه‌شت به‌رده‌وام بووه، که تیایدا گۆشت برژاندن و یاپراخى پر له‌گۆشت زیاتر به‌کارهێنراون ته‌نانه‌ت له‌هه‌لومه‌رجه ناهه‌مواره‌کانیشدا هه‌ندێک له خه‌ڵک هه‌ر ده‌چنه ده‌ره‌وه و مقهڵى دهگهشێننهوهو گۆشتى برژانى خۆیان ده‌که‌ن.
وه‌ک پسپۆرێکى خۆراک وتیشى"زۆر خواردنى گۆشت یه‌کێکه له‌هۆکاره‌کانى شێرپه‌نجه‌ى کۆلۆن، به تایبه‌ت گۆشتى زۆر بر‌ژاو (که‌مێک سوتاو) و گۆشتى پرۆسه‌کراو، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى زۆر خواردنى گۆشت ده‌بێته هۆى زۆربونى یۆریک ئه‌سید و ئازار‌و سوربونه‌وه‌ى جومگه‌کان به تایبه‌ت له ئێسکه‌کانى پێدا، که پێى ئه‌وترێت نه‌خۆشى جومگه‌کان یان النقرس (Gout).
دکتۆر دارا جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه باشترین شێوه‌ى خواردنى گۆشت کوڵاندنه، ئنجا به فڕنکراو، بر‌ژاو به‌ڵام نه‌سوتاو. وتیشى:"باشتر وایه گۆشتى سوره‌وه‌کراو تا بکرێت خۆتى لێ بپارێزیت".
به شێوه‌یه‌کى گشتى گۆشتى سور نزیکه‌ى 68 % ئاوه، له 20 % پرۆتین، 9 % ى چه‌ورییه و که زیاتر چه‌ورى تێر و کهمێکیشى ناتێره و ئه‌وه‌شى ئه‌مێنێته‌وه کانزاکانه به شێوه‌ى خوێ کانزاییه‌کان.
پێشى وابوو باشتره خه‌ڵکى روبکه‌نه خواردنى گۆشتى باڵنده و په‌له‌وه‌ره‌کان وه‌ک له خواردنى گۆشتى سور، به‌ڵام پێستى په‌له‌وه‌ره‌کان نه‌خۆن به تایبه‌ت که‌سانى به‌ته‌مه‌ن و ئه‌وانه‌ى کێشه‌ى نه‌خۆشیه‌کانى دڵ و بۆریه‌کانى خوێنیان هه‌یه. به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه خواردنى گۆشتى ماسى ده‌ریا له‌هه‌ردو جۆره‌که‌ى گۆشت سودبه‌خشتره، به‌ڵام تامیان جیاوازه، گه‌رچى ماسى سه‌رچاوه‌یه‌کى باشه به کانزاى یۆد، به‌ڵام ئاسنى که‌متر تیایه.
ده‌رباره‌ى ئه‌و هاوڵاتیانه‌ى سیستمى کیتۆ به‌کارده‌هێنن، دکتۆر دارا روونکردنه‌وه‌ى دا‌و وتى:" به پێویستى ده‌زانم ئه‌وه بڵێم ده‌رباره‌ى ئه‌و که‌سانه‌ى ده‌چنه سه‌ر سیستمى کیتۆ Keto بۆ دابه‌زینى کێش، پێشتر پشکنینى ته‌واویان بۆ خوێن کردبێت، نابێت که‌سێک کۆلسترۆڵى به‌رز بێت و بچێته سه‌ر کیتۆ، یان که‌سێک کێشه‌ى دڵ و بۆریه‌کانى خوێنى هه‌بێت ئه‌و سیستمه په‌یڕه‌و بکات، ڕه‌نگه زیان به ته‌ندروستى و ژیانى خۆى بگه‌یه‌نێت. له‌به‌ر ئه‌وه پێش ده‌ستپێکردنى به‌و سیستمه پێویسته پزیشکى پسپۆرى خۆى لێ ئاگادار بکاته‌وه".
تووێژینەوە زانستییەکان دەریدەخەن زۆر خواردنی گۆشتی سور ئەگەری مردن بەڕێژەی ٢٦٪ زیاد دەکات و هۆکارێکی سەرەکییە بۆ دروستبوونی گرێی شێرپەنجەیی.