نوسینگەی قوباد تاڵەبانی: چەتۆ ساڵح هیچ لێدوانێکی نەداوە لەسەر دەوامی فەرمانبەران

4 ساڵ لەمەوپێش



نوسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایدەگەیەنێت؛ دوای لێکۆڵینەوە لەو لێدوانەی چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزیری ناوخۆ سەبارەت بە دەوامی فەرمانبەران، دەرکەوت کە ناوبراو دەڵێت بەهیچ شێوەیەک لێدوانی نەداوە.

نوسینگەی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە رونکردنەوەیەکدا ئاماژە بەوە دەکات، لە ماوەی رابردودا لێدوانێک بە ناوی چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزارەتی ناوخۆ لەسەر پرسی دەوامی فەرمانبەران لە هەندێک کەناڵی میدیایی بڵاو بویە‌وە‌. لەبەر هەستیاری دۆخەکە لێکۆڵینەوەیان لەو بابەتە کردوە و بۆیان دەرکەوتوە کە بریکاری وەزارەتی ناوخۆ، وەکو خۆشی دەڵێت؛ بە هیچ شێوەیەک هیچ لێدوانێکی نەداوە، لەسەر پرسی دەوامی فەرمانبەران.

ئاماژە بەوەکراوە، بریکاری وەزارتی ناوخۆ، وەکو هەمو ئەندامانی تیمی یەکێتیی لە کابینەی نۆیە‌م پابەندە بە جێبەجێکردنی دید و سیاسە‌تی حیزبەکەی لە چوارچێوەی کارنامەی پەسەندکراوی کابینەی نۆیە‌می حكومە‌تی ھە‌رێم کە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە.

لەماوەی رابردودا وتەبێژی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەکردبو کە دەوامی فەرمانبەران لە رۆژانی یەکشەممە تا پێنجشەممەیە و رۆژانە دەبێت لە سەعات (8:30) خولەک بۆ (3)ی پاشنیوەڕۆ دەوام بکەن، بەڵام دواتر لە سایتەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لێدوانێک بەناوی چەتۆ ساڵحەوە بڵاوکرایەوە کە وتویەتی:"ئەو بڕیارەی حکومەت لە سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین جێبەجێ ناکرێت".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار