تورکیا راگەیەنراوێکی لەسەر مەزڵوم کۆبانی بڵاوکردەوەو ئەویش وەڵامیان دەداتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش



ھاوڵاتی

وەزارەتی دەرەوەی تورکيا نيگەرانی دەربڕی لەبارەی کۆبوونەوەی مەزڵوم کۆبانی فەرماندەی گشتی هەسەدە لەگەڵ بەرپرسێکی نەتەوە يەکگرتووەکان. ھاوکات مەزڵوم كۆبانی رایگەیاند، هێشتا تەواوی تاوانەكانی گروپە چەكدارەكانی نزیك لە توركیا لە جەنگی دژ بە رۆژئاڤا ئاشكرانەبوە.

وەزارەتی دەرەوەی تورکيا لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ڤێرجينا گامبا نوێنەری تايبەتی نەتەوە يەکگرتووەکان بۆ کاروباری منداڵان و ململانێ چەکدارييەکان، لەگەڵ مەزڵوم کۆبانی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوريای ديموکرات کۆبووەتەوە و ئەوەش، جێگەی نيگەرانی تورکیایە.

وەزارەتی دەرەوەی تورکيا راشيگەياندووە، ئەم هەڵسوکەوتە لادانە لە بنەماکانی نەتەوە يەکگرتووەکان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی تيرۆر، داواشی لە نەتەوە يەکگرتووەکان کرد، دەستبەجێ هەنگاوی پێويست بگرنەبەر سەبارەت بە کۆبوونەوەکە.

باسی لەوەشکردووە، لە ماوەی ٣٠ ساڵ شەڕکردنيان لە دژی پەکەکە، ئەمريکا و نەتەوە يەکگرتووەکان بەرپرسيارن لە گيانلەدەستدانی ٤٠ هەزار کەس.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لەگەڵ ئەوەی تورکیا مەزڵوم کۆبانی و هێزەکانی سوریای دیموکرات بە تیرۆریست ناودەبات، بەڵام ئەمریکا و بەشێک لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە فەڕمی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن و گوێ بە نیگەرانییەکانی ئەو وڵاتە نادەن.

لەبەرامبەردا مەزڵوم كۆبانی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، راپۆرتی لیژنەی سەبەخۆی لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی، بەشێكی كەمی لە تاوانەكانی گروپە چەكدارەكان لە جەنگی دژ بە گەلەكەمان لە عەفرین و سەرێ كانی و گرێ سپی ئاشكراكردوە، ئەوەش بەرگێكی سیاسی لە توركیاوە هەیە.

ئاماژەی بەوەشكرد، پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لێپرسینەوە لە لایەنەكانی تاوانباری جەنگەكە بكات و کاری جددی بکات بۆ بەسزادان و دادگایی کردنی ئەنجامدەرانە ئەو تاوانانە.

سەبارەت بە لێكۆڵینەوەكان لە كەمپی هول كە خێزان و منداڵی چەكدارانی داعشی تێدا دەستبەسەرە رایگەیاند، زیاتر لە 84 دەوڵەت رەتیانكردوەتەوە كە هاوڵاتییەكانیان كە نیشتەجێی كەمپەكەن وەربگرنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار