زنجیرەیەک هێرشی گروپە گوماناوییەکان تهگهره دهخهنه بهردهم چاکسازییەکانی کازمی
شرۆڤەکاران دەڵێن حکومەت چەند نزیکتر ببێتەوە لەئامانجەکانی، ئەو چەکدارانەی گومانی پەیوەندییان لەگەڵ ئێران لێدەکرێت، زیاتر هێرش دەکەن
4 ساڵ لەمەوپێش
ھاوڵاتی
عێراق هیواخوازە ریفۆرم ئەنجامبدات و ئابورییە رووخاوەکەی ببووژێنێتەوە، بەڵام بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە بەهۆی ئەو شەپۆلی تووندوتیژییەی دەخرێتە پاڵ گروپە گوماناوییەکانی سەر بەئێران، لەسەر رێڕەوی خۆی لادەبرێت.
سەرەکوەزیران مستەفا کازمی کە لەئایاردا دەسەڵاتی گرتەدەست، بەڵێنیدا کۆنتڕۆڵی میلیشیا دوژمنکارهکان بکات، دژی گەندەڵی بوەستێتەوە و دهستبکات بهدووباره رێکخستنهوهی دامودهزگاکان، کهدهمێکه چاوهڕێدهکرێت.
شرۆڤەکاران و بەرپرسە باڵاکانی عێراق وتیان حکومەت ههرچەند نزیکترببێتەوە لە ئامانجەکانی، ههرچی زیاتر ئهو چەکدارانهی گومانی پەیوەندییان لەگەڵ ئێران لێدهکرێت، هێرشدەکەن.
بەرپرسێکی باڵای حکومەت وتی «ههر جارێک ئەو گروپانە دهمانبینن لەبەرژەوەندییە سەربازی و ئابورییەکانمان نزیکدەبینەوە، هەوڵدەدەن هێرشی موشەکی و هەڵمەتی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە بۆ ساردکردنەوەمان ئەنجامبدەن.»
رۆژی سێشەممە 15ی ئەیلول، ناوچەی سەوز لەبەغدا بەدوو مووشەکی جۆری کاتیۆشا کرایە ئامانج، بەڵام مووشەکەکان هەر لەئاسمان بە سیستمی سیرام کرانە ئامانج و رووداوەکە هیچ زیانێکی لێنەکەوتەوە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی لەعێراق وتی کاتژمێر یەکی بەرەبەیان ئەو دوو مووشەکە لە ناوچەی عەلی ساڵح لە بەغداوە ئاراستەی ناوچەی سەوز کران.
هەفتەیەک پێشووتر لەو بەروارەو بەدیاریکراوی لە رۆژی 8ی ئەیلول، بۆمبێک کاروانێکی کردە ئامانج کە بە ئاڕاستەی بنکەیەکی عێراقی دەڕۆیشتن کەسەربازانی ئەمریکی لێ نیشتەجێن و بووە هۆی کوژرانی ئەندامێکی هێزەکانی عێراق.
هەروەها لە 3ی ئەیلول، هێرشێک بنکەکانی کۆمپانیای G4Sی ئەمنیی بەریتانی-ئەمریکی لەبەغدا کردە ئامانج. ئەفسەرێکی هەواڵگری وتی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان تەقەمەنییەکی فڕێداوەتە سەر بیناکە.
هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی هێرشەکەی نەگرتە ئەستۆ، بەڵام گروپەکانی سەر بە ئێران G4Sیان تۆمەتبارکرد بەتێوەگلانی لەهێرشەکەی کانونی دووەمی ئەمریکا کە بووە هۆی کوشتنی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران قاسم سولەیمانی.
چەند رۆژێک پێشتر، کارمەندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بریندارکرا کاتێک تەقەمەنییەکی دەستکرد بەیەکێک لە کاروانە مرۆییەکاندا تەقییەوە لەباکوری شاری موسڵ.
میلیشیایهک کەخۆی وەک بەشێک لە «بەرگری ئیسلامی» دەناسێنێت بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی گرتە ئەستۆو لەسەر ئینتەرنێت هەڕشەی بڵاوکردەوە. «بەرگری ئیسلامی» دەربڕینێکی گشتگیرە بۆ یەکەکانی سەر بەئێران.
رووپۆشی دووکەڵی
ژمارەیەک میلیشیا کە پێشتر دەرنەکەوتبوون هەڕەشەی لەم جۆرەیان ئەنجامداوە لەچەند مانگی رابردوودا لەژێر ناوی «بەرگری ئیسلامی»دا، بەڵام بەرپرسان دەڵێن ئەوانه تەنها رووپۆشی دووکەڵین.
ئەفسەرێکی هەواڵگریی عێراق وتی «پێنج گروپ، کە پێکدێن لە کەتایب حزبوڵا، عەسایب ئەهل حەق و گروپی دیکە، لەپشت ئەو ناسەقامگیرییەی ئەمدواییەی وڵاتەکەوهن.»
کەتائیب حزبوڵای عێراق، میلیشیایەکی سەر بەئێران، ماوەیەک دوای کوشتنی قاسم سلێمانی چەندین هەڕەشەی بڵاوکردۆتەوە، یەکێک لەوانە لەدژی مستەفا کازمی بوو، کەئەوکات سەرۆکی دەزگای هەواڵگری عێراق بوو.
لە (2ی ئازاری ئەمساڵدا) لەتوویتێکدا، لێپرسراوی ئەمنیی کەتائیب حزبوڵا، ئەبو عەلی عەسکەری، کازمیی تۆمەتبارکرد بە «بەشداریکردن لەکوشتنی فەرماندەی هێزی قودسی سەر بەسوپای پاسداران، قاسم سولەیمانی و جێگری سەرۆکی حەشدی شەعبی، ئەبو مەهدی موهەندیس».
ئەو گروپە تووندڕەوانە ئەندامی حەشدی شەعبین، که تۆڕێکی پشتیوانیکراون لەلایەن دەوڵەتەوە کەمیلیشیاکانی نزیک لە ئێران تێیدا باڵادهستن.
بەرپرسانی ئەمریکا پێشتر تۆمەتبارکردنی هاوشێوەیان ئەنجامداوه، کە کەتایب حزبوڵا و عەسایب ئەهلی حەقیان بەئەنجامدەری راستەقینەی هێرشە موشەکییەکان لهقهڵەمداوه بۆ سەر دامەزراوهکانی ئەمریکا لەعێراق.
هەمان دوو گروپ کازمییان تۆمەتبارکرد بەپلاندانان دژی سولەیمانی کاتێک ناوبراو ئەفسەرێکی باڵای پێشووتری دەزگای هەواڵگری بوو، زۆر تووڕە بوون کاتێک بوو بەسەرەکوەزیران.
شرۆڤەکاران و بەرپرسان وتیان ئەو گروپانه لە بەڵێنەکەی کازمی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو گروپانە وەک هەوڵێک تێگەیشتوون بۆ بەستنەوەی باڵەکانیان.
سەرباری زیادبوونی هێرشە موشەکییەکان، گروپەکان لەڕێی دەزگاکانی راگەیاندنیانەوە فشارەکانیان زیاترکردووە.
کەناڵە بێ ناوو نەناسراوەکانی سەر نەرمەکاڵای تەلەگرام ئاگادارکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە کە نیازی چەندین هێرش بۆسەر کاروانە سەربازییەکان هەیە پێش ئەوەی ئەنجامبدرێن، ئەمەش ئهو ههسته دهبهخشێت که پارێزبهندییان ههیهو بەئازادانە دەسووڕێنەوە.
هەمان گروپ ئەو تەلەڤیزیۆنە عێراقیانەیان کردۆتە ئەمانج کە رەخنە لەئێران دەگرن.
دیجلە تیڤی دوو هەفتەی رابردوو ئاگری تێبەردرا دوای ئەوەی کەناڵەکانی تەلەگرام رووی دەمیان ئاراستهی ئهو کهناڵه کردو شەپۆلێکی نوێی هەڕەشەکانیش تەلەڤزیۆنی یو تیڤییان کرده ئامانج، کە سوننەکان خاوەندارێتی دەکەن.
هەڵمەتەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە حکومەتی ئەمریکا دەستیگرت بەسەر دۆمەینی وێبسایتەکانی (ئیتیجاه)دا، که تەلەڤزیۆنێکی عێراقییهو سەر بە کەتایب حزبوڵایە.
‹کوژانهوهی ئاگرهکان›
وتەبێژی کازمی ئەحمەد مولا وتی حکومەت خۆی لە رووبەڕووبوونەوەیهکی راستەوخۆ لادهدات لەگەڵ ئەو گروپانەدا.
مولا وتی «لەجیاتی ئەوە، ئێمە چاومان لەوشککردنی سەرچاوە داراییەکانیانە لەڕێی بەئامانجکردنی ئەو دەروازە سنوورییانەوه« که بۆ قاچاخچێتییهکی پڕقازانج لەئێرانەوە بەکاردەهێنرێن.
بەرپرسان دەیانزانی دەکرێت ئەمە مەترسیداربێت. کاتێک کازمی هەڵمەتی راوەستانەوەی دژی گەندەڵی راگەیاند لەسەر ئەو سنوورانەی عێراق کە کەلێنیان تێدایە، خۆیان بۆ هاتنەئارای خراپترین دۆخ ئامادەکرد.
ئەفسەرێکی باڵا بەئاژانسی فرانس پرێسی وت «ئەوانه هەڕەشە لەکاربهدهستان دەکەن، خێزانەکانیان دەترسێنن، خێڵەکان دەجوڵێنن و تەنانەت رەنگە کردەوەی تیرۆرکردنیش ئەنجامبدەن.»
وەک چاوەڕواندەکرا، دوو چالاکوانی ناودار تەقەیانلێکراو کوژران، چەند هەفتەیەک دواتر لهشاری بەسرەی باشورو تووندوتیژی خێڵەکیش لەباکوری بەغدا هەڵگیرسا.
بەرپرسێکی دیکەی عێراق، دەربارەی هەوڵەکانی بەغدا بۆ ئەنجامدانی ریفۆرم لەدەوڵەتداو بوژاندنەوەی ئابورییەکەی کە بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناو دابەزینی نرخی نەوتەوە زیانی بەرکەوتووە، وتی «ئێمە بەبەردەوامی ئاگر لەخۆمان دووردەخەینەوە، بۆیە ناتوانین بەتەواوی تەرکیز بخەینهسەر ستراتیجێکی گەورەتر.»
بەرپرسێکی دیکەش وتی وەزیری دارایی عێراق، عەلی عەلاوی، نەیتوانی سەرکەوتووبێت لەپێشکەشکردنی پلانێکی ریفۆرمی ئابوری بهپەرلەمان لەدوا وادەیدا له 24ی ئاب، بەهۆی پشێوییەکەی ئەمدواییەوه.
هەفتەی رابردوو، کازمی ئەنجومەنێکی دژەگەندەڵی پێکهێناو دەسەڵاتی دا بەسەربازانی نوخبهی ئاژانسی دژەتیرۆر بۆ دەستگیرکردنی ئەو بەرپرسانەی لەئاستێکی زۆر باڵادان و ناتوانرێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
هێزەکەی چەند ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و پشکنینیان لە بەسرەو بەغدا ئەنجامدا بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەکی نایاسایی، بەڵام ژمارهیهکی کهم دەرکەوتن.
شارەزایهکی بواری ئەمنی لهعێراق، فازڵ ئەبو رەغیف وتی دۆخەکە «مەترسیدارە».
وتیشی «پێویستە کازمی دیالۆگێکی راستەقینە دهستپێبکات لەگەڵ سەرکردە رۆحییەکانی ئەو گروپانە تا رێنهدات بەپێکدادان.»