دووکەڵ باڵای گۆیژەی گرتووەو ریشۆڵەکان بەرەو ژوور کۆچ دەکەن

سووتاندنی هەزاران سنەوبەر لە سلێمانی تووڕەیی خەڵکی بەرامبەر دەسەڵاتداران زیاد کردووە، بەرپرسانیش نیگەرانی دەردەبڕن، بەبێ ئەوەی هیچ بکەن

4 ساڵ لەمەوپێش



ھاوڵاتی، لاڤین مەحمود

هەزاران سنەوبەری باڵابەرز لەمبەرو ئەوبەری شەقامێکی سەرەکیی دەروازەی سلێمانیدا چوون بەناخی ئاسماندا، دارەکان بەڕەنگە سەوزە تۆخەکانیان پێشوازی لەو گەشتیارانە دەکەن کە بۆ دیتنی شارەکە لەدووەرەو هاتوون.

ئەو دارانە تەمەنیان زیاتر لەنیو سەدەیە، یەکەم شوێنن کەچاوی گەشتیاری دوورەڕێ بۆخۆیان رادەکێشن، هەر لەو سنەوبەرانە تێدەپەڕیت وردە وردە نزیک دەبیتەوە لەسەنتەری شار، لەوێش هەتا چاو بڕدەکات تێکەڵەیەکە لەسەوزایی و باڵەخانەی بەرز.

ئەو باڵەخانانە کە لەم ساڵانەی دواییدا وەکو پرۆژەی بازرگانی و نیشتەجێبوون دروستکراون زۆرجار لەشوێنە سەوزاییەکانی شارەکەدا دروستکراون و بەبێ ئەوەی شوێنی تر لەجێگەیان سەوز بکرێت، دواترین هەوڵیش سوتاندنی هەزاران سنەوبەری دەروازەی شارەکەیە کەشوێنێکی دڵگیربوون بۆ گەشتیاران، جگە لەسودەکانی پاککردنەوەی هەوای شارەکە.

لەچەندڕۆژی رابردوودا ئەو گەشتیارانەی کە لەدوورەڕێوە دەهاتن، یەکەم جار چاویان دەکەوتەسەر دیمەنی ئەو دوکەڵە رەشانەی کە لەناو دارسنەوبەری سەر شەقامەکەوە دەچوون بەناخی ئاسمانی شارەکەدا.

سنەوبەرەکان بەمەبەستی کردنی بەپرۆژەی بارزگانی دەسووتێنرێن، ئەوەش نیگەرانی بەرفراوانی خەڵکی لێکەوتەوە، زۆرێک لەبەرپرسە دەستڕۆیشتووەکان لەگەڵ خەڵکیدا نیگەرانی دەردەبڕن بەبێ ئەوەی هەنگاو بۆ راگرتنی بنێن. کۆمەڵێک لەچالاکوانان سکاڵایان تۆمارکردووەو داواکاری گشتیش چاودێریی دۆخەکە دەکات.

بەشێک لەلایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم سکاڵایان دژی سوتاندنی دار سنۆبەرەکان کردووە، لیژنەیەک پێکهاتووە بۆ دەستگیرکردنی بکەرانیان، دوای ئەوەی عهلی حهمهساڵح، پهرلهمانتاری گۆڕان ئاشکرایکرد، ئهو بهرپرسانه دهیانهوێت شەوانە بەدزییەوە سنەوبەرەکان بسوتێنن، پاشان نزیکەی (١٢٠) دۆنمە بیکەن بەپێشانگای ئۆتۆمبیل و (١٠٠) ملیۆن دۆلار قازانج بکەن و پلانەکەش ئەوەیە لەڕێگای شارەوانی سلێمانیەوە رێگەپێدانی بۆ وەربگرن.

سەرۆکی شارەوانی سلێمانی رۆژی شەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا نەیشاردەوە ئەو زەویانەی کەدەکەونە سەر رێگای سەرەکی (راپەڕین _ تاسڵوجە) لەلایەن سەرۆکایەتی شارەوانییەوە نەخشەی سێکتەری بۆ کراوەو مۆڵەتی ئاسایی بۆ کاری بازرگانی یان وەبەرهێنان دەدرێت.

بەڵام وەزارەتی کشتوکاڵ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تیایدا ئاماژەی بەوەکرد پێشتر چەندین جار هەوڵدراوە ئەم ناوچەیە بکرێت بەپڕۆژە، بەڵام وەزارەت لاری نەبوونی نەداوە بۆ ئەوەی بکرێت بەپرۆژەی بازرگانی.

لەگەڵ بەرزبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان هەندێک بەرپرسی دەستڕۆیشتوو دەنگیان خستۆتەپاڵ دەنگی خەڵکەکە، بەڵام هەندێک لەهاووڵاتیان لەتۆڕە کۆمەڵایەتییان بەو بەرپرسانەی وت پڕۆژەکە بەئەوان نەدراوە، بۆیە دژی وەستاونەتەوە.

حکومەت کەسی لەسەر ئەوە دەستگیرنەکردووە و هیچ هەڵوێستێکی فەرمیشی نیە، ئەمەش ئەو گەمانەی لای خەڵکی تۆختر کردووەتەوە کە رەزامەندی حکومەت و بەرپرسانی شارەکەی بۆ وەرگیرابێت.

هاوڵاتی لە رێگەی واتس ئەپەوە پەیوەندی کرد بە هەڤاڵ ئەبوبەکر پاریزگاری سلیمانی کەئەوکات لەتورکیا بوو بۆ بەشداری لە کۆڕبەندی ئابوری عێراقی تورکی، بەڵام لەگەڵ ئەوەی نامەکانیشی بینی وەڵامی نەدایەوە.

پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی دەڵێت سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی شارەکە سکاڵایان کردووە، بەڵام بۆیان روون نەبووەتەوە کێیە.

هێمن کەمەرخان، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بەهاوڵاتی وت «ئێمە ئەوەی لەئەستۆماندایە وەک بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دارستان کەسی سەرپێچیکار دەستگیر دەکەین و رووبەڕووی دادگای دەکەینەوە، بەڵام تاکو ئێستا بۆمان دەرنەکەوتووە بەچ هۆکارێک سوتاندویانە».

داواکاری گشتی چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکە بۆئەوەی لەسەر ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە رێوشوێن بگرێتەبەر، ئەوەش بەوتەی بەرپرسێکی داواکاری گشتی.

بەشدار مەجید ئەندامی داواکاری گشتی و بەرپرسی راگەیاندن بە هاوڵاتی راگەیاند «هەتا ئەنجامی ئەو لیژنانە نەبێت ئێمە نازانین چی بڵێین ئەگەر ئیسپات بێت هەرکەسێک بە ئەنقەست، بەغەیری ئەنقەست یان هەر مەرامێک دژی بەرژەوەندی گشتی بێت».

بڕیارە دوای ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان داواکاری گشتی راپۆرتێک بەرزبکاتەوە بۆ دادگای لێکۆڵینەوەی ناوچەی زیان بەرکەوتوو بۆ گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان.

 بەشدار مەجید وتی «بەڵام ئەو قسانەی تائێستا وتراوە کەگوایە دەستێکی لەپشتە بۆ کردنی بەپرۆژەی بازرگانی، بەڵام هەتا ئێستا یەکلایی نەبووەتەوەو هەر کەسێک و لایەنێک بێت وەک داواکاری گشتی هەڵوێستی یاسایی توندمان دەبێت».

وتیشی»هەتا ئێستا بەفەرمی هیچ سەرەداوێک نیە تاداواکاری گشتی رێکاری یاسایی بگرێتە بەر و دەبێت لێکۆڵینەوە بکرێت کە ئەکەو کەسە نیەتی هەبووە یان دەستێکی لەپشتە، دەبێت بەبەڵگە بسەلمێندرێت، ئێمە پشتگیری ئەوە دەکەین ناوچەی سەوزایی زیادبکرێت، نەک بسوتێندرێت».

زیاتر لەنیو سەدە بەسەر چاندنی ئەم سنۆبەرانەدا تێپەڕیوە کەزیاتر لە (١٠٠) دۆنمە، بەڵام لەئێستادا بەشێکی زۆریان سوتاون و هەتا ئێستاش کەس دەستگیرنەکراوە لەسەری.

هاووڵاتیان لەچەندڕۆژی رابردوودا  دیمەنی ئەو دوکەڵانەیان تۆمارکردبوو کە لەسەر شەقامی سەرەکی سلێمانی - تاسڵوجە بەرزدەبووەوە، ئەو دارانە کەتەمەنیان زیاتر لەنیو سەدەیە دیمەنێکی جوانیان بەشارەکە داوە، دیمەنەکان لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستاودەستیان کردووە، هەندێ ئەوەیان بەبیر دەهێنایەوە کەچۆن دوو هەفتە لەوەوپێش لەنیوەشەوێکدا ئاگر لەسەر شاخی گۆیژە بەرز دەبووەوە، ئەو شاخەی کەدەڕوانێت بەسەر سلێمانیدا.

 هەندرێن شێخ راغب، وتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان لەلێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتی وتی «سووتانی دارستانەکان زیانی بۆ ژینگە هەیەو تەندروستی مرۆڤ دەکەوێتە مەترسییەوە».

وتیشی «لەبەرئەوەی شارەکانمان بوونەتە گەراجێکی گەورەو ئۆتۆمبێل زۆرەو گازی ژەهراوی تێکەڵاوی هەوای شارەکان دەبێت، لەبەرئەوە پێویستیمان بەپارک و رێژەی سەوزایی دەبێت بۆ ئەوەی جارێکی تر ئەم هەوا پیسە هەڵمژن و ئۆکسجینی پاکمان بدەنێ، لەناوبردنی دارستانەکان وادەکات هاوسەنگی ژینگە تێکبچێت، ئەمەش بەبیابان بوون روودەدات ئەو خاکەی سەوزایی نەبێت».

 هەروەها وتی «ئێمە بەردەوام هەڵوێستمان هەبووە، نەک تەنها لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگاداردەکەینەوە، بەڵکو دەستەیەکی چاودێرین و بیروبۆچوونمان دەکەینە نوسراوو دەیدەینە دەزگا پەیوەندیدارەکان و چاودێر دەبین تاکۆتایی، لەڕووی یاساییەوە تۆمەتباران رووبەڕووی دادگا دەبنەوە».

لەیاسا کارپێکراوەکاندا سوتاندنی دارو دارستان وەکو تاوان تەماشا دەکرێت، چونکە زیانیان بۆ بەرژەوەندی گشتیی هەیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار