کوردانی عەفرینو سەرێکانی دەردەکرێن و ماڵەکانیان دەکرێنە ناوەندی فێرکردنی قورئان
نەتەوە یەکگرتووەکان: دەستدرێژیی سێکسی دەکرێتە سەر ژنان و منداڵە کچە کوردەکان لەلایەن میلیشیاکانی سەر بەتورکیاوە
4 ساڵ لەمەوپێش
ھاوڵاتی
کۆمیسیۆنی لێپرسینەوەی سەربەخۆی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی جەنگی سوریاوە راپۆرتێکی ئامادەکرد. لەڕاپۆرتەکەدا کۆمەڵێک بەڵگە لەسەر تاوانەکانی تورکیاو میلیشیاکانی لەژێر ناوی ‹سوپای نیشتمانی سوریا› کە لەعەفرین و سەرێکانی ئەنجامیان داوەو لەڕێگەی مانگی دەستکردەوە گیراون، بڵاوکردەوە.
بەپێی ئەو وێنانەی لەڕاپۆرتەکەدا بڵاوکراونەتەوە پەرەستگای ئاین دارا لەعەفرین کەتەمەنی (3) هەزار ساڵەو لەلایەن یونیسێفەوە دەپارێزرا، ئاشکرا دەبێت کە بەچی شێوەیەک رووخێنراوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەتاوانەکانی جەنگی و مرۆڤایەتی تورکیاو گرووپەکانی لەعەفرین و سەرێکانی کردو رایگەیاند، تاوانی دەستدرێژی، دزی، دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵک و لەناوبردنی میراسی کەلتوری دەکرێت.
راپۆرتەکە لەنێوان ٢١ی کانونی دووەم و حوزەیراندا ئامادەکراوە. لەلایەن پاولۆ پینهیرۆ سەرۆکی کۆمسیۆنی لێپرسینەوەکەوە ئاشکراکرا کە لە (٤٥)مین دانیشتنی مافەکانی مرۆڤ لەئۆفیسی جنێفی نەتەوەیەکگرتووەکاندا قسەی لەسەرکرابوو.
لەڕاپۆرتەکەدا دەستنیشانکرا کەهەموو لایەنە چەکدارەکانی سوریا خەڵکی مەدەنی دەکەنە ئامانج و وتی، «لەگەڵ راگەیاندنی ئاگربەستیش، بەڵام خەڵکی سوریا دەکوژرێن و رووبەڕووی توندوتیژی و پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانیان دەبنەوە.»
لەڕاپۆرتەکەدا کە لە (٢٥) لاپەڕە پێکدێت ئاماژە بەهەموو پێشێلکارییەکان لەلایەن هێزەکانی هەرێمەکە کراوەو باسی ئەوەکراوە کەهێرشی زایەندی لەسەر ژنان و منداڵانی کچ، توندوتیژی دژی خەڵکی مەدەنی، بەزۆر دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکی هاوڵاتیان رۆژ بەڕۆژ زیاتر دەبن.
هەروەها لەڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەپێشێلکردنی مافەکان لەلایەن هێزەکانی حکومەتی سوریاو گرووپە جیهادیەکان لەئیدلب کراوەو هەروەها باسی تاوانەکانی تورکیا لەعەفرین و سەرێکانیش کراوە.
لەڕاپۆرتەکە ئاماژە بەم خاڵانەی خوارەوە کراوە:
ئەشکەنجە، دەستبەسەرداگرتن و تاڵانکردن
هێزەکانی سوپای نشتیمانی سوریا، بەفشارو ئەشکەنجەو بەزۆر دەیانەوێت کوردو هاووڵاتیان لەهەرێمەکە دەربکەن. کەلوپەلی تایبەتی زۆر کەس تاڵانکراون و دزران. ئەو ماڵانەی کە بەزۆر دەستیان بەسەردا دەگیرێت چۆڵ دەکرێن و چەکدارەکانی سوپای نشتیمانی سوریا لەو ماڵانەدا جێگیر دەکرێن. هاووڵاتییە کوردەکان بەشێوەیەکی سیستماتیک ئەشکەنجە دەدرێن.
هێزەکانی سوپای نشتیمانی سوریا لەهەرێمی عەفرینی کوردان جێگیر دەکرێن، بەزۆر دەست بەسەر موڵک و ماڵی ئەواندا دەگیرێت، هێزەکانی سولەیمان شا ماڵ بەماڵ دەگەڕێن بۆ ئەوەی ئەوانەی لەدەرەوە هاتوون لەعەفرین نیشتەجێ بکرێن، خیزانە کوردەکان کە لە سێ کەس کەمترن بەزۆر لەماڵەکانیان دەردەکرێن. هاووڵاتیە کوردەکان بۆ ئەوەی لەسەر خاک و زێدی خۆیان بژین باج دەدەن.
سوپای نشتیمانی سوریا لە عەفرین ماڵ بەماڵ دەگەڕێن و داوا لەهاووڵاتیە کوردەکان دەکەن کە تاپۆی موڵک و خانووەکانیان پیشان بدەن و ئەوانەی بەڵگە و تاپۆیان نەبێت، بەزۆر لەماڵەکانیان دەردەکرێن و ئاوارە دەبن.
بەزۆر ئاوارەیان دەکەن و دەست بەسەر ماڵ و موڵکیاندا دەگرن
وەک عەفرین لە سەرێکانیش کە بەئۆپەڕاسیۆنی ‹کانی ئاشتی› لەتشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا هێرش کرایەسەری و هاووڵاتیە کوردەکان بەناچاری شارەکەیان بەجێهێشت، هێزەکانی سوپای نیشتمانی سوریا دەست بەسەر ماڵ و موڵکیاندا دەگرن، بەو شێوەیە رێگا بەگەڕاندنەوەی هاووڵاتیان نادرێت، هێزە چەکدارەکان ماڵی کوردەکان دیاری دەکەن و مەدەنییەکان بەناچاری ئاوارە دەکەن، ئەوانەی دەشگەڕێنەوە جارێکی تر ناچاریان دەکەن کەکۆچبەر ببن.
کەلوپەلی ناو خانووەکان دزراون و لەشارەکانی تر دەفرۆشرێن، گروپی سوڵتان موراد ئەو کەلوپەلانەی کەدەیاندزن لەکۆگایەکدا کۆیان دەکەنەوەو دواتر بەخاوەنەکانیان دەفرۆشنەوە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە پێشتر سیاسەتەکە داڕێژراوە.
هێزەکانی هەمزە بەزۆر دەست بەسەر ماڵی کوردەکاندا دەگرن و دواتریش ماڵەکان دەکەنە بارەگای دەزگایەکی دەوڵەتی تورک یان دەکاتە ناوەندی فێرکردنی قوڕئان، کردنەوەی ئەو ناوەندانە لەلایەن پارێزگاری روحاوە ئامادەکراون، هێزە چەکدارەکان ماڵی خەڵکی مەدەنی لەگوندی داوتیە بۆ ئامانجی سەربازیی بەکاردەهێنن، رێگا نادەن کەهاووڵاتیان بگەڕێنەوە بۆ گوندەکەیان. سوپای تورک لەمانگی نیسان و حوزەیراندا هەندێک ماڵی ئەو گوندەی سووتاندو هەندێکیشیانی بەمەبەستی سەربازیی بەکارهێناوە.
هاووڵاتیانی عەفرین و سەرێکانی بەشێوەیەکی سیستماتیک ماڵ و موڵکیان دەدزرێن و هاووڵاتیان کاتێک سەردانی بەرپرسە پلە باڵاکانی سوپای نیشتمانی سوریا دەکەن، لەجێگەی ئەوەی هاوکارییان بکرێت، ئەشکەنجە دەدرێن و دەڕفێنرێن و دوای رفاندنیش لەبەرانبەر پارە ئازادیان دەکەن.
بەرپرسە تورکەکان لێپرسینەوەو ئەشکەنجە بەکاردەهێنن
بەپێی راپۆرتی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەو کەسانەی کە لەعەفرین و سەرێکانی لەلایەن هێزەکانی سوپای نیشتمانی سوریاوە دەستگیردەکرێن و دواتر سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت و ئەشکەنجەدەدرێن بەبیانووی ئەوەی پەیوەندییان بەبەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریاوە هەیەو بەرپرسانی تورکیا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکەن.
ئەو کەسانەی لەعەفرین دەستگیردەکرێن لەزیندانە ناوەندیەکانی عەفرین یان لەباڵەخانەی خوێندنگایەکی عەفرین کەوەک بارەگای پۆلیسی سەربازیی سوپای نیشتمانی سوریا بەکاردەهێنرێت لەزیندانەکانی ژێر زەویدا رادەگیرێن. چارەنووسی هەندێک کەسیش نادیارەو زانیاری بەخێزانەکانیان نادرێت.
هەروەها هاووڵاتیانی بەنەژاد کوردو هاووڵاتیانی تر بەهۆی نەتەوەو ئایینەکەیانەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت و چەندین رۆژ ئەشکەنجە دەدرێن و برسی و تیبوو لەزیندانەکاندا دەهێڵرێنەوە.
دوو ژن کە لەتشرینی دووەمی ٢٠١٩ دەستگیرکرابوون لەلایەن هێزەکانی سوپای نیشتمانی سوریاوە لەسەرێکانی کاتێک لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرا هێزەکانی سوپای نشتیمانی سوریا هەڕەشەی دەستدرێژییان لێکردبوو.
ئایینی ئیسلام بەزۆر بەسەر ژنانی ئێزدیدا دەسەپێنرێت
لەسەرێکانی ژنان و زۆر کەس لەلایەن هێزەکانی سوپای نیشتمانی سوریاوە دەستگیرکران و بەبیانووی پەیوەندییان بەتیرۆرەوە لەلایەن بەرپرسانی تورک لەهەرێمەکەوە بۆ تورکیا گواستراونەتەوەو چارەنووسیان نادیارە.
ژنانی ئێزدی لەسەرێکانی و عەفرین لەلایەن سوپای نشتیمانی سوریاوە دەستگیرکراون و لەژێر کۆنتڕۆڵی بەرپرسانی تورکدا ئایینی ئیسلام بەسەریاندا سەپێنراوە، لەناوەڕاستی کانونی دووەمی ٢٠١٩و تەمموزی ٢٠٢٠دا لەسەرێکانی و عەفرین (٤٩) ژنی ئێزدی لەلایەن هێزەکانی سوپای نیشتمانی سوریاوە دەستگیرکراون.
دەستدرێژیکردن بۆ سەر ژن و پیاوان
بەپێی راپۆرتەکە داهاتووی ژنانی کورد لەعەفرین و سەرێکانی لەمەترسیدایە، بەهۆی مەترسی هێزەکانی سوپای نیشتمانی سوریا کە سەر بەتورکیان ژنان دەترسن لەماڵەوە بێنە دەرەوە، ژنان و منداڵە کچەکان لەلایەن هێزەکانی سوپای نیشتمانی سوریاوە دەستگیردەکرێن و دەستدرێژی دەکرێتە سەریان.
لەزیندانەکانی عەفرین توندوتیژی لەبەرانبەر ژن و پیاوەکان ئەنجامدەدرێت، هێزەکانی سوپای نیشتمانی سوریا پیاوێکیان ناچار کردووە کەدەستدرێژی بکاتە سەر منداڵێک و بەکۆمەڵ دەستدرێژی کراوەتە سەر منداڵان.
لەمانگێکدا دەستدرێژی کراوەتەسەر (٣٠) ژن
لەمانگی شوباتدا دەستدرێژی کرایەسەر (٣٠) ژن، هێزەکانی سوپای نیشتمانی سوریا لەئەنجامی هەڵکوتانەسەر ماڵاندا دەستدرێژییان کردەسەر ژنان، ئەوانەی ئەو کارەش دەکەن سزا نادرێن.
گروپی سوڵتان موراد ژنانی کورد دەڕفێنێت و بەناچاری وایان لێدەکات کەهاوسەرگیری بکەن. لەمانگی کانوونی دووەمدا ئەندامێکی ئەو گروپە ژنێکی رفاند و بەزۆر هاوسەرگیری لەگەڵ کرد، دوای مانگێکیش لێی جیابووەوە.
میراتی کەلتوری لەناودەبرێت
لەو هەرێمانەی کە لەژێر کۆنتڕۆڵی تورکیاو میلیشیاکانیدایە میراتی کەلتوری لەناودەبرێت، هێزەکانی سوپای نیشتمانی سوریا لەعەفرین زۆر شوێنەواری کۆن و کەلتوری و ئایینیان لەناوبردووە، لەهەرێمی قەستەل ژیندۆ، قبار، جندرێس، شارام و زۆر گۆڕستانی کۆن و گۆڕی ئێزدییەکان دزراون و تاڵانکراون.
هەموو پێشێلکاریەکان و تاوانەکانی شەڕ لەعەفرین و سەرێکانی بەئاشکرایی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەو تورکیا بەرپرسیاری تاوانەکەیە.
هێزەکانی تورکیا ئاگاداری دزینی موڵکی مەدەنییەکان و رووداوەکانن، دەستگیرکردن و ئەشکەنجەکردنی خەڵکی مەدەنی لەژێر کۆنتڕۆڵی بەرپرسانی تورک ئەنجامدەدرێت و بەرپرسانی تورک رێگرییان لێناکەن.
کۆمسیۆنەکە ئاماژەی بەوەشکرد ئەوانەی لەسوریا دەستگیرکراون، بۆ ئەوەی دادگایی بکرێن بەشێوەیەکی نائاسایی بۆ تورکیا رەوانە دەکرێن کەئەوەش لەچوارچێوەی تاوانەکانی جەنگدا دەبینرێت.
لەڕاپۆرتەکەدا هاتووە «ئەم دۆخە پیشانی دەدات کەئەو تاوانانەی جەنگ کەئەو گروپانە ئەنجامیانداوە هەریەکە لەسوپای نشتیمانی سوریاو هێزەکانی تورکیا بەهاوبەشی ئەنجامیدەدەن».