پارتی: یهکگرتوو به دوو ئاواز دهخوێنێت
پارتی لەساڵیادی ریفراندۆمدا کۆنە هاوپەیمانێکی بێبەش دەکات لەئیدارەی دهۆک
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى-لاڤین مەحمود
پارتی دیموکراتی کوردستان لەساڵیادی ریفراندۆمدا یەکگرتووی کۆنە هاوپەیمانی بێبەشکرد لەئیدارەی دهۆک لەڕێگەی وەرگرتنەوەی پۆستەکانی پارێزگاکە لێی، ئەوەش بەپاساوی ئەوەی ویستوویەتی لەڕێگەی پەرلەمانەوە سەرۆکی حکومەت بانگهێشتی پەرلەمان بکات بۆ لێپرسینەوە کە سەر بە پارتییە.
ئاری هەرسین، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی بە هاوڵاتى وت «کاتێک رێکەوتن دەکەیت لەسەر کارنامەیەک دەیکەیت، ناکرێت لایەکی یەکگرتوو لەشوێنێک دژی ئێمە بێت، لایەکەی تری لەحکومەتێکی خۆجێیدا لەگەڵماندا بێت».
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان یەکێک بوو لەپاڵپشتیکارانی ریفراندۆم بەسەرۆکایەتی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی، کەئەوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو، بەڵام دوای سالێک یەکگرتوو لەهەڵبژاردنەکاندا دەنگەکانی بۆ نیوە کەمی کرد.
بەرپرسانی حزبەکە پێیانوابوو ئەوان باجی نزیکیان لەپارتی دەدەن، بۆیە بەشداریی کابینەی نۆیەمی حکومەتیان نەکرد، تەنها بەشداری حکومەتی خۆجێی دهۆکیان کرد بەوەرگرتنی چەند پۆستێک لە رێکەوتنێکی نێوان یەکگرتوو و پارتیدا.
ساڵی 2016 رێککەوتنێک لەنێوان یەکگرتووی ئیسلامی و پارتی دیموکراتی کوردستان لەحکومەتی خۆجێی دهۆک واژۆکرا، کەپارتی (25) پۆستی دابووە یەکگرتوو، بەڵام (17) پۆستیان پڕکرابوونەوە لەوانە، یاریدەدەری پارێزگاری دهۆک، دوو بەڕێوەبەری گشتی و سێ بەڕێوەبەری ناحیە.
سەباح باپیری، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک وتی ئەوان پێیان باشبووە لەحکومەت بەردەوام بن، بەڵام پارتی ئاگاداری کردوونەتەوە کە «رێککەوتنەکە هەڵوەشاوەتەوە».
یەکگرتوو و پارتی لەدهۆک پەیوەندی رق و خۆشەویستییان هەیە، هەتا یەکگرتوو هاوئاوازی پارتی بێت ئەندامەکانیان بێ کێشە دەبن، بەڵام کاتێک دەبێتە نەیار دووچاری گرفت دەبنەوە.
لایەنگرانی پارتی چەند جارێک بارەگاکانی یەکگرتوویان لەدهۆک سوتاندووەو ئەندامەکانیان رووبەڕووی ئەشکەنجەو گرتن و تەنانەت کوشتنیش بوونەتەوە، ئەوەش کاتێک روویدا ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکگرتوو لەناو مەڵبەندی دهۆک بەدەمانچە کوژرا کاتێک لایەنگرانی پارتی چەند رۆژێک پیش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 2005 گڕیان لەبارەگای یەکگرتوو بەردا.
ئەم فشارانە وایکرد لەم چەند ساڵەی دواتردا یەکگرتووەکانی دهۆک کەمتر وەکو ئۆپۆزسیۆن دەرکەون، لەبەرئەوەی لایەنگرانی حزبەکە لەو پاریزگایە حەز بەدەردەی سەری ناکەن، بەڵام ئەمە لای هەموو یەکگرتووەکان وانییەو هەندێکیان مەیلیان بۆ ئۆپۆزسیۆن بوون گەرمە.
لەچەند هەفتەی رابردوودا پەرلەمانتارانی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان واژۆیان کۆکردەوە بۆ بانهگێشتکردنی سەرۆکی حکومەت کە سەر بەپارتیە، ئەوەش کاردانەوەی حزبەکەی لێکەوتەوەو رێکەوتنەکەی دهۆکیان هەڵوەشاندەوە.
ئاری هەرسین بە هاوڵاتى وت «ئەوان لەدوو ئاواز دەخوێنن، فراکسیۆنەکەیان ناتوانێت ئەو باڵانسە رابگرێت لەگەڵ ئێمە، ئێمە دژی ئەوە نین کەس ئۆپۆزسیۆن بیت، بەڵام ئۆپۆزسیۆنی وا ناکرێت».
وتیشی « یەگرتووی ئیسلامی لەگەڵ ئێمەدا بەشداریی ریفراندۆمی کردووە ئەوە ئەرکێکی نیشتیمانی بەجێهێناوە بۆ خاتری پارتی نەیکردووە، من کە دەنگم بەبەڵێ داوە بۆ خاتری خاکی پیرۆزی کوردستان داومە نەک پارتی».
لەگەڵ ئەوەی یەکگرتوو بەشداریی کابینەی نۆیەمی نەکردووە، بەڵام لەگەڵ پارتیدا لەزۆر پرسدا ناتەبا نین. بەڵام لە هەینی رابردووەوە پەیوەندی ئەم دوو حزبە گۆڕانی بەسەردا هاتووە.
«وەرگرتنەوەی پۆستەکانی یەکگرتوو لەپارێزگای دهۆک ناکۆکی دروست دەکات لەنێوانمان، چۆن دروستی ناکات؟ لە دنیادا لەئەمریکاو لەئەوروپا لەهەموو دنیاداسیاسییەکان بەینیان باش دەبێت، خراپ دەبێت، دیسان باش دەبێت، سیاسەت ئەوەیە» ئاری هەرسین وای وت
بەرپرسانی پارتی دیموکاراتی کوردستان لەچەند رۆژی رابردوودا لەئاستی میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وەکو دەستکەوتێک یادی ریفراندۆمیان کردەوە، دواتر لەشەوی هەینیدا ئاهەنگێک بەهۆی ساڵیادی ریفراندۆمەوە لەهەولێر سازکرا کەتێیدا ئاهەنگێڕەکان وێنەی بارزانی و ئالای پارتییان بەرزکردەوە.
ئاری هەرسین وتی «ئەوە پەیوەندی بەپارتییەوە نیە، ریفراندۆم مافی دەوڵەتێکی قوڕبەسەرە، دەیەوێت ببێتە دەوڵەت».