وەزارەتی تەندروستی: ئاهەنگەکەی هەولێر بەهۆی ساڵیادی ریفڕاندۆمەوە ئاڕاستەکراو نەبوو

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى، ماردین نورەدین

بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستی رایدەگەیەنێت بەڕێوەچوونی ئاهەنگێک لەساڵیادی ریفراندۆمدا لە بازاڕی هەولێر کە شارەکە ڤایرۆسی کۆرۆنای تێدا بەربڵاوە، بەئاراستەی  هیچ کەس و لایەنێکی فەرمی نەبووە.

ماکوان عیزەت لەڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی بە هاوڵاتى  وت «ئەو کۆبوونەوەیە کە روویدا بە ئاراستەی  هیچ کەس و لایەنێکی فەرمی نەبوو، حکومی نەبووە، کاتەکەشی درەنگ بووە کە روویداوە».

هەینی رابردوو ئاهەنگێک لەناو بازاڕی هەولێر بەڕێوەچوو لە ساڵیادی ریفراندۆمدا، ئەوەش لەکاتیکدایە بەرپرسانی تەندروستی کۆتوبەندی توندیان داناوە بۆ زۆرێک لە کۆبوونەوەکان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید 19)ەوە.

بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکە کاردانەوەی خەڵکی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدوای خۆیدا هێنا لەکاتێکدا وەزارەتی تەندروستی چەند مانگێک خەڵکی کەرەنتین کردو گردبوونەوەی سنوردار کردووەو رێگەی بەهیچ ئاهەنگ و خۆپیشاندانیکی جەماوەریی نادات بەهۆی پەتاکەوە کە تائێستا بەهۆیەوە نزیکەی هەزارو (700) کەس گیانیان لەدەستداوە.

لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسانی تەندروستی پیشبینی دەکەن ئامارەکانی توشبوون لەچەند هەفتەی رابردوودا بەرزببنەوە بەهۆی وەرزی پایزەوە.

ماکوان عیزەت بە ‌هاوڵاتى  وت  «ئەگەرێک هەیە لەوەرزی پایزدا ڤایرۆسی کۆرۆنا جارێکی دیکە شەپۆلی دووەمی دەستپێبکات ئەوە جیهانییە، بەڵام جارێ ئەوە روون نەبووەتەوە ئەگەرێک هەیە کە وابێت لەبەرئەوەی هیچ پێکوتەیەک نەدۆزراوەتەوە، ئێمە تەنها دەبێت هاووڵاتیان هۆشیار بکەین بۆ خۆپارێزی».

رۆژی هەینی کەدەکاتە بەرواری 25/9/2020 بەرزترین ئاماری توشبووانی کۆرۆنا لەهەرێمی کوردستان تۆمارکرا کەژمارەیان بەنزیکی (955) کەس دەبوو.

ماکوان عیزەت وتی «هەندێ جار ئامارەکان کە تۆزێ زیادو کەم دەکەن پەیوەندی بەچڕی پشکنینەکان هەیە».

وتیشی «هەندێ رۆژ هەیە رەنگە خەڵک چووبنە چەند شوێنێک پابەند نەبووبن بەڕێنماییەکان، بۆ نموونە تەعزێیەکیان بەنهێنی کردبێ یان چووبنە شوێنێکی قەرەباڵغی، ئیتر پاش ماوەیەک نیشانەکانیان لێ دەردەکەوێت و بەڕێژەیەکی بەرچاو سەردانی سەنتەرەکانی کۆرۆنا دەکەن بۆ پشکنین».

ماکوان عیزەت  «کاتی خۆی وەزارەت رێگریی دەکرد وەک ئەوەی کەرەنتین کراو شوێن داخرا، بەڵام ئێستا حاڵەتەکان لەدەست دەرچوون».

 ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی داوای لەهاووڵاتیان کرد پابەندبن بەڕێنماییەکان و وتی «خۆپارێزیی تاکە چەکە».

تائێستا هیچ پێکوتەیەک نەگەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی، کە جیهان چاوەڕوانی دەکات بۆ دەربازبوون لەپەتاکەو دروستبوونی بەرگری گشتی، بۆیە هەموو دەزگا تەندروستییەکان جەخت لەخۆپارێزی دەکەنەوە.

هاووڵاتیان لەدوو رۆژی رابردوودا زۆرترین رەخنەیان لەحکومەت گرت لەبەرامبەر قەدەغەکردنی چالاکی و کۆبوونەوەکان، لەکاتێدایە لەسێیەم ساڵیادی ریفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستاندا گەنجانێکی زۆر لە بەردەم قەڵای هەولێر  کۆبوونەوەو یادەکەیان بەتێکەڵی و قەرەباڵغییەکی زۆرەوە کردەوە.

ماکوان عیزەت وتی «کێشەکە ئەوەیە ئەو حاڵەتانە خۆڕسکن تەنانەت تەندروستیش و هێزە ئەمنیەکانیش فریا ناکەون لەو حاڵەتانە کۆنتڕۆڵ بکەن».

ئەوەش لەکاتێکدایە ئەو کۆوبوونەوەیە دوای ئەوە هات چەندین بەرپرسی پارتی دیموکراتی کوردستان لەڕێگەی لێدوانەکانیانەوە وەکو دەستکەوتێکی گرنگ یادی ریفراندۆمیان کردەوە.

ماکوان عیزەت وتی «کاتی خۆی وەزارەت رێگریی دەکرد وەک ئەوەی کەرەنتین کراو شوێن داخرا، بەڵام ئێستا حاڵەتەکان لەدەست دەرچوون».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار