ئەمریکا کارتی سوور دەداتە میلیشیا عێراقییەکانی نزیک لەئێران
پێشبینی دەکرێت ئەو جێگایە بێت کە لەچەند هەفتەی داهاتوودا بەریەککەوتنی ئەمەریکاو ئێرانی تێدا روودەدات
4 ساڵ لەمەوپێش
ھاوڵاتی
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریداوە کە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لەبەغدا دادەخات ئەگەر «میلیشیاکانی پشتیوانیکراو لەلایەن ئێرانەوە» بیکەنە ئامانج. هاوکات واشنتۆن چوار هەڕەشەی وەک پەیام لە رێگەی بەرهەم ساڵح سەرکۆماری عێراقەوە گەیاندووە بەمیلیشیاکان کەدیارترینیان بەئامانجگرتنی سەرکردەی گروپەکانە هاوشێوەی کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس.
هەروەها رۆژنامەنووسێکی ئەمریکی لەواشنتۆن پۆست نووسیویەتی، عێراق ئەو جێگایە دەبێت کە لەچەند هەفتەی داهاتوودا بەریەککەوتنی ئەمەریکا و ئێرانی تێدا روودەدات، ئەوەشی بە «سوپرایزی ئۆکتۆبەر» ناوبردووە کە بەر لەهەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا روودەدات.
سایتی یەکشەممە 27ی ئەیلول CNN لەسەر زاری سەرچاوەکەوە رایگەیاند، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا یەکشەممەی رابردوو لەمیانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆمار دوا هۆشداری داوەتە حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی هەنگاوی کردەیی بۆ وەستاندنی هێرشی سەر کۆمەڵگای دامەزراوەکانی ئەمریکا لەبەغدا بگرێتەبەر.
بڵاوبوونەوەی هەواڵی هۆشدارییەکەی پۆمپیۆ هاوکاتە لەگەڵ سەردانەکەی فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ ئێران کەماوەی دووڕۆژی خایاند.
پێشتر شارەزایان بەدوریان نەزانی لەسەردانەکەیدا فوئاد حسێن پەیامی واشنتن بەبەرپرسانی تاران بدات، بەتایبەت لەهێرشکردنەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەناوچەکە.
سایتەکە لەسەر زاری وتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاشەوە رایگەیاندووە، هەڵدانی کاتیۆشا بۆ سەر باڵیۆزخانەکەیان لەلایەن «گروپەکانی پشتیوانیکراو لەلایەن ئێرانەوە» مەترسیدارە نەک تەنها لەسەر حکومەتی عێراق، بەڵکو بۆ سەر نێردراوە دیبلۆماسییەکانی دەوروبەرو دانیشتوانی ناوچەکەش.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتی «لەو کاتەی ئەمریکا کاردەکات لەسەر زامنکردنی پشتیوانی دارایی بۆ عێراق لەکۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دامەزراوە جیاکانی کەرتی تایبەتەوە، بوونی نایاساییانەی میلیشیاکانی پشتیوانیکراو لەلایەن ئێرانەوە تاکە هۆکاری گەورەیە بۆ لێدان لەهەوڵەکانی وەبەرهێنان لەعێراق».
هێرشی مووشەکی ناوبەناو بۆ سەر ناوچەی سەوز لەبەغدا ساڵانێکە بەردەوامە، بەڵام دوابەدوای کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لەسەرەتای ئەمساڵدا لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە، هێرشی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا زیادیکردووە.
هاوکات یەکشەممە، 27ی ئەیلولی 2020، رۆژنامەی (أخبار الخلیج) کەزمانحاڵی دەوڵەتی بەحرەینە لەڕاپۆرتێکدا ئەوەی ئاشکراکردووە کە مایک پۆمپیۆ لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق پەیامێکی هەڕەشەئامێزی بۆ میلیشیا شیعەکانی عێراق ناردووە ئەگەر بەردەوام بن لەهێرشی موشەکی بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا و ناوەڕۆکی پەیامەکەش چوار خاڵی سەرەکی لەخۆی گرتووە کەبریتین لە:
یەکەم: داخستنی باڵیۆزخانەى ئەمریکا لەبەغدا ئەگەر هاتوو هەر هێزێکی ئەمریکی یان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رووبەڕووی هێرش ببنەوە.
دەشڵێت، بەرهەم ساڵح پەیامەکەى گەیاندووە بەمیلیشیاکان و وتوویەتی، بڕیاری داخستنی باڵیۆزخانە ئامادەیە و چاوەڕێی واژۆیەکی ترەمپ دەکات، ئەگەر ئەوەش رووبدات واتە عێراق دەبێتە دەوڵەتێکی دژە ئەمریکا.
وتووشیەتی، لەوکاتەدا (12) وڵاتی تر باڵێۆزخانەکانیان دادەخەن، واتە عێراق دەبێتە وڵاتێکی داخراو.
دووەم: پێکان و سەرکردە شیعییەکان و فەرماندەکانی گروپە چەکدارییەکان هاوشێوەی لەناوبردنی قاسم سولەیمانی و مەهدی موهەندیس.
سێیەم: ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی وردو چڕ بۆ سەر پێگە و بارەگاکانی گروپە چەکدارەکان و بەردەوامیش دەبێت تاوەکو هەڵوەشاندنەوەى ئەو گروپانەو کوژران و هەڵهاتنی فەرماندەکانیان.
چوارەم: وشککردنی پارەی تۆمارکراوی ئەو سیاسییانەى کە تێوەگلاون یاخود پەیوەندییان هەیە لەگەڵ ئەو میلیشیایانەى کە شوێنە دیبلۆماسی و ئەمنییەکانی ئەمریکایان کردووەتە ئامانج.
هاوکات دیڤید ئەگناتیۆس، نووسەری ئەمەریکی شارەزا لەکاروباری دەرەوە لەمیانەی وتارێکدا لەڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست کەشەممە، 26ی ئەیلولی 2020، بڵاویکردووەتەوە ئەوە دەخاتەڕوو کە «داخستنى باڵیۆزخانەى ئەمریکا لەعێراق دەکرێت ببێتە هۆى هێرشى ئاسمانى فڕۆکەکانى ئەمریکا بۆ سەر میلیشیا چەکدارەکان کە ئێران پاڵپشتیان دەکات.»
ئەوەتا مایک پۆمپیۆ، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا ئەم هەفتەیە هۆشدارى ئەوەی داوەتە عێراق کە وڵاتەکەى باڵیۆزخانەکەى لەبەغدا دادەخات گەر بێتو حکومەت هەوڵى راگرتنى ئەو هێرشانە نەدات کە لەلایەن تارانەوە دەکرێنەسەر بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا.
ئەگناتیۆس لە نووسینەکەیدا ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە، ئێران بەئاگایە لەکارە بێزارکەرە راستەوخۆکانى ترەمپ بەڵام وتەکانى پۆمپیۆ ئەگەرى بەریەککەوتنەکانی بەکراوەیى هێشتووەتەوە.
دەشڵێت، ئەگەری شەڕی بەردەوام لەعێراق لەهەموو روویەکەوە کراوەیە، ئەگەر بێتو هێرشی میلیشیاکانی نزیک لەئێران یەک یان دوو ئەمریکی بکوژن، ئەوە بەدڵنیاییەوە ئیدارەى ترەمپ هێرشی پێچەوانە دەستپێدەکات.
هەروەها، ئەگەر کازمی هێرش بکاتەسەر میلیشیا چەکدارە شیعەکان، ئەوەى کە پۆمپیۆ داوای دەکات، ئەوا ئێرانیش بەتوندى وەڵامدەداتەوەو ئەگەرى رووخانى کابینەکەى کازمیش دێتە ئاراوە.
بەرپرسێکى گەورە لەوەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا جەخت دەکاتەوە کە «مەترسییەکى ئاشکرا لەسەر ژیانى هاووڵاتیانى ئەمریکا هەیە گەر بێتو ئەو هێرشانە بەردەوام بن، هەروەها لەو باوەڕەشدان کە «کازمی بژاردە راستەکە جێبەجێ بکات و دەبێت کارى زیاترو پەلەتر بکات».
لەچەند هەفتەى دوایشدا سەربارى بەڵێنەکانى کازمی بەهێرشکردنە سەریان بەڵام کارى توندوتیژى لەلایەن میلیشیاکانەوە بەردەوامە.
هاوکات بەپێى راپۆرتێکى جویل وێنج، شیکارى سیاسى عێراقى، (25) هێرش کراوەتەسەر کاروانى سەربازیى ئەمریکاو هاوپەیمانى نێودەوڵەتى، سەربارى هێرشەکان بۆ سەر ناوچەى سەوز کەباڵیۆزخانەى ئەمریکاش دەکەوێتە ئەو ناوچەیەوە، هەروەها ئەو هێرشانەى کەفڕۆکەخانەى بەغدا دەکەنە ئامانج.
بەپێى ماڵپەڕى عێراقى 24، مایک پۆمپیۆ لەپەیوەندییەکەیدا لەگەڵ بەرهەم ساڵحى سەرۆککۆمار هۆشدارى ئەوەی داوە کەبڕیارى داخستنى باڵیۆزخانەى ئەمریکا لەدەستى ترەمپدایە و ئامادەشکراوە، گەر هێزەکانیان بکشێننەوەو باڵیۆزخانەکەیان بەو شێوەیە دابخەن ئەوا دەستدەکەن بەحساب و کتاب لەگەڵ ئەوانەدا کە تێوەگلانیان لەو هێرشانەدا سەلماوە.
پۆمپیۆ دوو میلیشیاى بەئەنجامدەری هێرشەکان دەستنیشانکردووە کە لەلایەن تارانەوە پاڵپشتى دەکرێن، ئەوانیش کەتیبەکانى حزبوڵاى عێراقى و عەسائیبى ئەهلى حەقە.