ئەمریکا بەڵێنی لەتورکیا وەرگرتووە پەلاماری رۆژاڤا نەداتەوە
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لەدوایین سەردانیدا بۆ رۆژئاوای کوردستان، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا ‹دڵنیایی› داوە بەکورد تورکیا جارێکی تر هێرشی داگیرکاریی ناکاتەسەر باکوری سوریاو رۆژئاوای کوردستان و هەوڵی دامەزراندنی دەسەڵاتێکی باڵای کوردی داوە لەسوریا.
دووشەممەی رابردوو جەیمس جێفری، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا سەردانی باکوری سوریا (رۆژئاوای کوردستان)ی کردو چەندین کۆبوونەوەی جیا جیای ئەنجامدا لەگەڵ سەرکردەکانی کورد لەپارێزگای حەسەکەو دێرەزوور.
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی کە لەزاری چەند سەرچاوەیەکی ناوخۆییەوە وەریگرتووە، جێفری «دڵنیایی داوە» کەتورکیا جارێکی تر هێرش ناکاتەوە سەر باکوری سوریا، ئەو ناوچەیەی بەدەست کوردەوەیەو پێشی دەوترێت رۆژاڤا کە لەسەدا ٢٥٪ی خاکی سوریا دەکات.
لەتشرینی یەکەمی ٢٠١٩، تورکیا ئۆپەراسیۆنی ‹›کانی ئاشتی›› ئەنجامدا کە مەبەست لێی وەدەرنانی کوردو هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)و نیشتەجێکردنی ئاوارەی سوری بوو لەناوچەکەدا. لەئێستادا چەندین ناوچەی وەک گرێ سپی و سەری کانێی کۆنترۆڵکردووە.
بەپێی وتەی سەرچاوەکان، جێفری وتوویەتی ئەگەر تورکیا دیسان هێرشی داگیرکاری ئەنجام بدات «ئەمریکا رێگریی لێدەکات و سزای دەخاتە سەر بەپێچەوانەی ئۆپەراسیۆنەکانی رابردووەوە کەئەوەی ئەنجام نەدا».
جەیمس جێفری چەندین جار پێش ئۆپەراسیۆنەکەی ٢٠١٩ی ئەنقەرە هەمان دڵنیایی داوە بەکورد.
لە ٢٥ی مارسی ٢٠١٩ جێفری رایگەیاند «ئێمە لەگەڵ تورکیا کاردەکەین تاچەندین بژاردە بدۆزینەوە بۆ هێورکردنەوەی نیگەرانییەکانی ئەوان بەبێ ئەوەی سەربکێشێت بۆ کردەیەک کەئێمە قبوڵمان نییە دژی جەنگاوەرەکانی هەسەدە ئەنجامبدرێت.»
لەمانگی ئابی ٢٠١٩، پرسیاری لێکرا دەربارەی ئەگەری داگیرکاری ئەنقەرە بۆ سەر باکوری سوریا (رۆژئاوای کوردستان)و لەوەڵامدا وتی کە «هیچ گفتوگۆیەکمان نییە لەگەل تورکەکان سەبارەت بەپاراستنی کورد یاخود رێگریکردن لەداگیرکارییەک چونکە هیچ داگیرکارییەک هەست پێناکەین».
تەنانەت چەند رۆژێک بەر لەدەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە، کاتێک سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەیدا، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی ئەوەی کرد ئابوری تورکیا «دەڕوخێنێت» ئەگەر لەئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی «سنور ببەزێنێت»، بەڵام ئەم هەڕەشەیە نەبووە کردار.
تورکیا تەنها لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا سێ ئۆپەراسیۆنی دژی هەسەدە کردووە لەسوریا کەوەک «هەڕەشەی ئەمنی» دەیبینێت بۆ سەر وڵاتەکەی.
لە ٢٠١٦ ئەنقەرە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتی ئەنجامدا لەنزیک رووباری فورات لەسوریا دژی هەسەدە. پاشان لەسەرەتای ٢٠١٨، ئۆپەراسیۆنێکی تری راگەیاند بەناوی «چڵە زەیتوون» لەعەفرین.
لەپایزی ٢٠١٩ش، ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی ئەنجامدا کە بەئاگربەست کۆتایی هات بەسەرپەرشتی واشنتن و مۆسکۆو تێیدا هەسەدە لەناوچە سنورییەکانی تورکیا کشایەوە بەقوڵایی ٣٠ کم لەسەرێ کانی و گرێ سپی.
لەمیانی سەردانەکەیدا، جێفری هەوڵی دامەزراندنی دەسەڵاتێکی باڵای کوردی داوە بەڕێکەوتنی پارتە ناکۆکە کوردەکانی سوریا.
بەپێی راپۆرتێکی شەرقلئەوسەتی سعودی، چەند سەرچاوەیەکی کوردی سوریا بەڕۆژنامەکەیان راگەیاندووە «جێفری سەرپەرشتی ئیمزاکردنی رێکەوتنێکی سیاسی دەکات لەگەڵ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی باڵای کوردی لەنێوان پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) و ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی لەسوریا (ئەنەکەسە) «.
چەندین ساڵە پەیەدەو ئەنەکەسە ناکۆکن لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات لەئیدارەی سەربەخۆی باکورو رۆژهەڵاتی سوریا. ئەنەکەسە لەئیدارەی ئێستادا هیچ دەسەڵاتێکی نییە بەوپێیەی لە ٢٠١٧دا بایکۆتی هەڵبژردنەکانی کرد بەبیانوی ئەوەی پەیەدە ئامادە نییە دەسەڵات دابەش بکات و ئەندامەکانیان دەگرن لەڕۆژاڤا.
لەناوەڕاستی ئەم مانەگەدا ئەمریکا لەڕێی جێفرییەوە پێشنیازی ئەوەی کرد کەهەردوولا لەسەدا ٤٠٪ی دەسەڵات وەربگرن و هەر لایەنێکیشیان مافی ئەوەی هەیە لەسەدا ١٠٪کەی تر هەڵبژێرێت لەدەرەوەی پلەی خۆیان.
سەرچاوەکانی شەرقلئەوسەت ئەوەیان خستووەتەڕوو کە جێفری پشتگیری حکومەتی ئەمریکای گەیاندووە بەسەرکردەی پارتە کوردییەکان بەهیوای ئەوەی بگەنە رێکەوتنێکی سیاسی لەنێوان دوو پارتەکەی بزوتنەوەی کوردی لەسوریا.
سەردانەکەی جێفری بۆ دێرەزوورو حەسەکە لەکاتێکدایە سوپای ئەمریکا لەسەروبەندی توندوتۆڵکردنەوەی هێزەکانیەتی لەوڵاتەکە دوای چەندین پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی روسیا لەسوریا.
مانگی رابردوو حەوت سەربازی ئەمریکی بریندرابوون لەئەنجامی پێکدادانی زرێپۆشێکی روسی لەگەڵ ئۆتۆمبیلێکی سەربازیی ئەمریکی لەسوریا.
کاروانێکی شەش زرێپۆشی لەجۆری برادلی، سیستەمی پێشکەوتوی رادار، هەروەها (١٠٠) سەربازی دیکە بۆ خستنەسەر (٥٠٠) سەربازەکەی لەسوریادا گەیاندرا لەباکوری سوریا (رۆژئاوای کوردستان) لە ١٨ی ئەم مانگە. سەرەڕای ئەمانەش، هێزەکانی هاوپەیمانان فرۆکەکانی زیادکردووە بەسەر ناوچەکەوە بۆ دابینکردنی پێستگیری ئاسمانی لە شەڕی دژ شانە نووستووەکانی داعش.
NBC Newsی ئەمریکی لە راپۆرتێکیدا لەزاری سێ سەرچاوەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاوە ئاشکرایکرد رەوانەکردنی ئەو هێزە بۆ ساردکردنەوەی سوپای روسیایە لەبەزاندنی بۆ نێو ناوچەی ئەمنی رۆژهەڵاتی سوریا کەتێیدا هێزەکانی ئەمریکا، هاوپەیمانان، هەروەها هەسەدەی تێدا جێگیرە.
راپۆرتەکەی شەرقلئەوسەت باس لەوەش دەکات کە جێفری ئاماژەی بەوە کردووە کۆشکی سپی کار لەسەر بەهێزکردنی پێگەی ئەمریکا دەکات بۆ راگرتنی حکومەتی سوریاو هاوپەیمانەکەی کە مۆسکۆیە.
لەهەفتەی رابردوودا کێنز مەکێنزی، فەرماندەی ناوەندی فەرمانی ئەمریکا سەبارەت بەسنوربەزاندنی روسیا بە NBC Newsی راگەیاند کە «ئۆتۆمبیلێکی سەربازیی روسی هاتە نێو ناوچەی ئەمنی رۆژهەڵاتەوە کە ناوچەیەکە ئەوان رێگەیان پێنەدراوە بێنە ناوەوە».
مەکێنزی وتیشی دەورییەی ئەمنی ئەمریکا بەردەوامە لەو ناوچەیەدا بەڵام «هەمیشە لەلایەن هاوبەشەکانمان لەهەسەدەوە ئەنجام دەدرێن، هەرگیز ئەمریکییەک نابینیت بەشداربن تێیدا».
بەپێچەوانەی ناردنی هێزی نوێ بۆ سوریا، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لەنوێترین لێدوانیدا لەهەینی رابردوو وتی: «ئێمە لەسوریا دەرچووین جگە لەپاراستنی نەوتەکە. من نەوتەکەم پاراست و ئێمە سەربازمان هەیە لەوێ بۆ پاراستنی نەوتەکە، جگە لەوە ئێمە لەسوریا نەماوین».