هەسەدە ئێسک و پروسکی سەربازە کوژراوەکانی دەستی داعش رادەستی سوریا دەکاتەوە

چەند گۆڕێکی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە جەستەی سەربازانی سورییان تیدایە کە لە 2014 لەلایەن داعشەوە کوژراون کاتێک بێ چەک خۆیان داوە به‌ده‌سته‌وە

4 ساڵ لەمەوپێش



ھاوڵاتی

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئێسک و پروسکی جەستەی ئەو سەربازانەی سوریا رادەستی رژێم دەکهنەوە کە لە 2014 لەلایەن رێکخراوی «دەوڵەتی ئیسلامی» (داعش)ەوە کوژران. پاشماوەکان لەدوو گۆڕی بەکۆمەڵدا نێژرابوون کە بەمدواییانە لەپارێزگای رەققە دۆزرانهوه.

هێزە ئەمنییە خۆجێیە کوردییەکان (ئاسایش) بەیارمەتی دانیشتوانی گوندی فەرحانیە لە عەین عیسا ئەم گۆڕانەیان دۆزییەوە. تائێستا زیاد لە (30) جەستەیان دەرهێناوەتەوە لەو دوو گۆڕەدا.

هەفتەی رابردوو ئەندامانی تیمی فریاگوزاریی ئەنجومەنی مەدەنی رەققە گۆڕێکی بەکۆمەڵیان هەڵدایەوە کەتیایدا ئەو سەربازە سورییانە نێژراون کە لەلایەن داعشەوە لە 2014 کوژران. هەروەها ئاژانسی هاواری رۆژاڤا ڤیدیۆکەی بڵاوکردەوە.

سەربازانی سوریا کە سەر بەلیوای (93) بوون لەبنکەی فیرقەی (17) کوژران لەناوچەکە، هەرچەندە خۆیان رادهستی داعش کردبوو دوای ئابڵوقهدانێکی دوورودرێژ.

مەدەنییەکانی ناوچەکە جەستەکانیان ناشت وەک رێزێک بۆ پیرۆزی جەستەی مردوو. دوور لەچاوی ئەندامانی داعش ئەمەیان ئەنجامدا بۆ خۆلادان لەسزا.

هەرکە پرۆسەی هەڵدانەوەکە دەستیپێکرد، نوسینگەی پەیوەندیە جەماوەریەکانی هەسەدە، پەیوەندییان کرد بەهێزەکانی رژێمەوە کە لەو ناوچەیە جێگیرن نزیک بە عەین عیسا تا رادەستکردنەوەی جەستەکان رێکبخەن.

ئاسایش و هەسەدە بەمدواییانە هەوڵەکانیان برەوپێداوە بۆ بەدواکەوتنی شانە نوستووەکانی داعش، هەموو ئاسەوارەکانی وێرانکاریی کاتی شەڕی گروپەکە لادەبەن و بەدوای گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا دەگەڕێن.

لەهەمووی گرنگتر، چەندین چالاکی کۆمەڵایەتی رێکدەخەن بۆ دانیشتوانی ناوچەکە تا لەکاریگەریی دەروونی و کۆمەڵایەتی دەسەڵاتی داعش رزگاریان ببێت، بەتایبەتی چونکە رەققە بنکەی تایبەتی گروپەکە بوو لەکاتی ترۆپکی دەسەڵاتیدا.

عەمار ساڵح، چالاکوانی کۆمەڵایەتی وتی «گۆڕە تازە دۆزراوەکان بەڵگەی زیاترن لەسەر ئایدۆلۆژیا تاوانکارییهکهی داعش، چونکە سەربازەکان لەسێدارەدران لەکاتێکدا بێ چەک بوون دوای پچڕانی پەیوەندییان بەفەرماندەکەیانەوەو هەڵاتنی ئەو ئەفسەرانەی لەگەڵیان بوون».

بهئاماژهکردنی بە رەتکردنەوەی کردهوهکانی داعش، وتی لەوکاتەدا پەیوەندی نێوان خەڵکی رەققەو سەربازانی رژێم دوژمنکارانە بووە، «بەڵام دانیشتوان جەستەی سەربازە کوژراوەکانیان ناشت، سەرەڕای ئەو مەترسیەی رووبهڕووی دهبوونهوه«.

وتی «دانشیتوانی ناوچەکە ئەو گروپە رەتدەکەنەوەو هاوکاریی چڕیان هەیە لەگەڵ هەسەدە بۆ ئاشکراکردنی شانە نوستووەکان و هاوکارەکانی داعش».

رۆژنامەوانێکی سوری، محەمەد عەبدوڵا وتی «بەم دوو گۆڕە بەکۆمەڵە تازە دۆزراوەیه، ژمارەی گۆڕە بەکۆمەڵە دۆزراوەکان تائێستا گەیشتوونەتە (29).

هەروەها وتیشی دەخەمڵێنرێت که لانیکەم  شەش هەزارو (40) جەستە لەم گۆڕە بەکۆمەڵانەدا بن.

وتیشی ئاستەنگی دەستنیشانکردنی ناسنامەی جەستەکان گەورەیەو ئاماژەیکرد بەوەی تەنیا (700) جەستە تا ئەمڕۆ دەستنیشانکراون لەبەر سەختی ئەنجامدانی پشکنینی دی ئێن ئەی لەسەر جەستەکان و ئەندامانی خێزانی قوربانیان.

ههروهها وتی دۆزینەوەی ناسنامەی سەربازانی کوژراوی سوریا ئاستەنگێکی کەمترە، چونکە دواتر دەتوانرێت پشکنینیان بۆ بکرێت لە تۆماری سەربازانی ونبووی رژێمی سوریادا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار