تورکیا شەڕکەری سوری وەک داشی دامە بەکاردەهێنێت

لەکۆی هەزارو 200 شەڕکەری سوری کەتازە گەیشتوونەتە ئازربایجان 72 کەسیان کوژراون

4 ساڵ لەمەوپێش



 ‌هاوڵاتى

 

کاتێک لەهەفتەی رابردوودا ململانێیەکی کۆن تەقییەوە بۆ جەنگی راستەوخۆ، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا یەکەم سەرکردەی جیهانی بوو کە خۆی بخاتە نێو ئاژاوەکەوە.

خۆفڕێدانە نێو جەنگەکە بۆ راگرتن و هێورکردنەوەی لایەنە نەیارەکان نەبوو، بەڵکو بۆ راگەیاندنی پاڵپشتی تەواوەتی وڵاتەکەی بوو بۆ ئازربایجان، کە هاوپەیمانی نزیکی تورکیایە و دانیشتوانی بەڕەگەز تورکین. تەنانەت ئەرمینیای تۆمەتبار کرد بەفەرامۆشکردنی چەندین هەوڵی چارەسەرکردنی ململانێی نێوان دوو وڵاتەکە.

«دووبارە ئیدانەی ئەرمینیا دەکەمەوە بۆ هێرشکردنە سەر خاکی ئازربایجان. تورکیا بەردەوام  دەبێت لەپشتگیری ئازربایجانی هاوپەیمان و برای بەهەموو توانایەوە»، ئەردۆغان وای وت لەکاتێکدا ھێشتا سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەرمینیاو ئازربایجان بوو لە ٢٧ی ئەیلولی ٢٠٢٠.

تائێستا دەیەها کەس مردوون لەهەردوولا لەیەکشەممەی رابردووەوە کاتێک جەنگ لەنێوان ئازربایجان و ئەرمینیا دەستپێکرد لەسەر ناوچەی جێناکۆکی ناگۆڕنۆ قەرەباغ. ئەرمینیا باس لەوەدەکات (١٥٨) سەربازی کوژراون، لەکاتێکدا ئازربایجان هیچ ئامارێکی کوژراوانی سەربازی نەخستووەتەڕوو، بەڵام رایگەیاندووە (١٩) سڤیلی کوژراون.

ناگۆڕنۆ قەرەباغ هەرێمێکی کێشە لەسەری چەندین ساڵەیە کە دەکەوێتە ئازربایجانەوە بەڵام لەلایەن دانیشتوانی رەسەنی ئەرمەنییەوە بەڕێوەدەبرێت بەپاڵپپستی ئەرمینیا. لەڕووی نێودەوڵەتییەوە ناوچەکە بە بەشێک لە ئازربایجان هەژماردەکرێت، بەڵام لەساڵی ١٩٩١ەوە هەرێمەکە سەربەخۆیی خۆی راگەیاند لەئازربایجان، بەڵام چەندین وڵات بە فەرمی دانی پێدانانێن لەوانە ئەرمینیا.

ناوە ناوە شەڕ لەهەرێمەکەدا دروست دەبێت و بەشێوەیەکی بەرچاو گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی ململانێکە لەساڵی ١٩٩٤ەوە راوەستاوە بەهۆی ئاگربەستەوە بەسەرپەرشتی ئەمریکاو فەرەنساو روسیا.

تائێستا دیار نییە ئەم جەنگە نوێیە چۆن هەڵگیرسا بەوپێیەی هەردوولا یەکتری تۆمەتبار دەکەن بەدەستپێکردنی شەڕ. ئازربایجان باس لەوە دەکات ئەرمینیا هەوڵی توندوتیژی داوە لەکاتێکدا ئەرمینیا دەڵێت هێزەکانی ئازربایجان هێرشیان کردوونەتە سەر.

لەدووشەممەی رابردوودا ئەرمینیا ئەنقەرەی بەوە تۆمەتبار کرد کەپاڵپشتی راستەوخۆی سەربازی ئازربایجان دەکات. لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینیا رایگەیاند تورکیا «ئامادەییەکی راستەوخۆی هەیە لەمەیدانی جەنگدا»و شارەزایانی سوپای تورکی «شانبەشانی» ئازربایجان «شەڕ دەکەن» و سوپای ئازربایجان فڕۆکەی جەنگی و بێفڕۆکەوانی تورکی بەکاردەهێنێت. باکۆو ئەنقەرە هەموو ئەم تۆمەتانەیان رەتکردەوە.

لەهەفتەی رابردووەوە چەندین راپۆرت بڵاوکراونەتەوە لەسەر ناردنی شەڕکەری سوری بۆ ئازربایجان لەلایەن تورکیاوە.

بەپێی راپۆرتێکی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی کە بەشێکی لەتویتی موزەهیم ئەلسالوم، وتەبێژی پێشووی سوپای مەغاویر ئەلپەور کە فەیلەقێکی ئۆپۆزسیۆنی سوریایە، وەریگرتووە باس لەوە دەکات شەڕکەرانی سوری پێش هەفتەیەک لە دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئازربایجان و ئەرمینیا نێردراون بۆ ئازربایجان. سالوم باسی لەوەش کردووە شەڕکەرەکان لەسەنتەرێکەوە دامەزراون کە لەلایەن فەیلەقی سوڵتان مورادەوە لەباکوری سوریا دروستکراوە.

هەر بەپێی زانیارییەکان، گروپێکی (١٥٠) شەڕکەری فەیلەقی شام لەعەفرینەوە چوونەتە تورکیاو دواتریش لەڕێی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەدەنەوە گەیەندراونەتە ئازربایجان. ئەلسالوم باس لەوەش دەکات شەڕکەرەکان براونەتە کەمپی راهێنان لەدوو دوورگەی دەریای قەزوین بۆ راهێنانی تەکتیکی و بەڵێنی هەزارو (٥٠٠) دۆلار مووچەیان پێدراوە بۆ هەر مانگێک و زۆربەی زۆریان لەتورکمانی سوری هەڵبژێردراون تا زمان نەبێتە بەربەست بۆ قسەکردن لەگەڵ ئازەرییەکان کەتورکن. ئەلسالوم ئەوەشی خستووەتەڕوو بڕیارە فەیلەقی سوڵتان موراد دوو هەزار شەڕکەری خۆی بنێرێت بۆ ئازربایجان لە دوو هەفتەی داهاتوودا.

رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لەڕاپۆرتێکیدا رایگەیاند شەڕکەرانی سوری «ناوی خۆیان تۆماکردووە لە کۆمپانیایەکی ئەمنی تورکی تا وەک پاسەوانی سنوور لە ئازربایجان کار بکەن» و راهێنانەکانیان مانگێک لەمەوبەر دەستیپێکردووە. دوو برای سوری کە بەشدارییان کردووە لەپرۆگرامەکەدا بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە لەناوچەی عەزیز دەژیان پێش ئەوەی سەرکردەکانیان یارمەتیان بدەن بگەنە عەفرین کە لەوێ گرێبەستی سێ مانگ بۆ شەش مانگیان پێشکەشکراوە بەمووچەی مانگانەی (٨٠٠) بۆ هەزار و (٢٠٠) دۆلار تا پاسەوانی دامەزراوەی نەوت و گازی سروشتی بکەن لەئازربایجان.

«سەرکردەکەمان پێی وتین شەڕناکەن تەنها یارمەتیدەر دەبن لە پاسەوانیکردنی چەند ناوچەیەک»، یەکێک لەبراکان بە گاردیانی وا وتووە. «مووچەکانمان ئەوەندە نین پێی بژین، بۆیە ئەمە بەهەلێکی گەورە دەزانین تا پارە پەیدا بکەین».

«کاتێک یەکەمجار ئۆڤەری ئەوەمان پێدرا لە لیبیا کاربکەین، دەترساین کە بچین بۆ ئەوێ بەڵام ئێستا بەدڵنیاییەوە هەزارەها کەس لە ئێمە هەیە ئامادەن بچن بۆ لیبیا یان ئازربایجان»، فەرماندەیەکی سوپای نیشتمانی سوریا ئەمەی بە گاردیان وت.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزو سی ئێن ئێنی ئەمریکیش راپۆرتی هاوشێوەیان بڵاوکردەوە، لەڕاپۆرتەکەی سی ئێن ئێن دا کە لێدوانی شەڕکەرێکی سوری وەرگرتووە، باس لەوە دەکات ئەوانەی وەرگیراون وایانزانیوە ئەرکەکەیان تەنها پاسەوانی دەبێت «بەڵام دوای گەیشتنی یەکەم کاروانی شەڕکەران زانیمان ئەرکمان شەڕکردنە وەک شەڕی سوریاو لیبیا».

جگە لەمانەش، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لەڕاپۆرتێکیدا رایگەیاند سەدەها شەڕکەری فەیلەقی سوڵتان مورادو ئەلئەمشەت لەعەفرینەوە نێردراون بۆ ئازربایجان بەبەڵێنی وەرگرتنی هەزارو ٥٠٠ -٢٠٠٠ دۆلار مووچەی مانگانە. لەڕاپۆرتێکی تری هەمان روانگەدا ئەوە هاتووە ژمارەی کوژراوانی شەڕکەرانی سوری سەر بەتورکیا لەشەڕی ئازربایجان و ئەرمینیادا تادوێنێ یەکشەممە گەشتووەتە (72) کەس لەکۆی هەزارو (٢٠٠) شەڕکەر کەنێردراون و ئێستا لەئازربایجاندان.

لەلایەکی ترەوە ئەرمینیا ئەم دەنگۆیانەی گەورەتر کرد کاتێک باڵیۆزەکەی لەڕوسیا رایگەیاند ژمارەی شەڕکەرەکان گەیشتووەتە نزیکەی چوار هەزار.

پێنجشەممەی رابردوو ئیمانیۆل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند زانیارییان هەیە شەڕکەرانی جیهادی سوری لەتورکیاوە گەیەندراونەتە ئازربایجان بۆ شەڕکردن لە ناگۆرنۆ- قەرەباغ.

هەینی رابردووش لەپەیوەندییەکی تەلەفونیدا سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی، جەواد زەریف، نیگەرانی خۆیان دەربڕی سەبارەت بەبەشداریکردنی شەڕکەری سوری لەشەڕی ئازربایجان و ئەرمینیا.

ئازربایجان هەموو ئەو هەواڵ و راپۆرتانەی رەتکردووەتەوە کە باس لەچوونی شەڕکەرانی سوریا دەکەن بۆ وڵاتەکەو بە «هەواڵی ساختە» ناوی بردوون لەکاتێکدا تورکیا لەوەڵامدانەوەی بۆ ئەو راپۆرتانە ئەرمینیای تۆمەتبارکرد بە ڕاهێنانپێکردنی شەڕکەری کوردی سوری و بڵاوەپێکردنیان لەناوچە «داگیرکراوەکاندا».

خلوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا، بەئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی راگەیاند دەبێت ئەرمینیا «ئەو بەکرێگیراوو تیرۆرستانە بگەڕێنێتەوە لەدەرەوە هێناونی و لەو ناوچانەی ئازربایجان بکشێتەوە کەداگیری کردوون».

ئەمە لەکاتێکدایە لەسەروبەندی جەنگی ناوخۆی لیبیا راپۆرتی هاوشێوە بڵاوبووەوەو تێیدا باس لەوە دەکرا تورکیا شەڕکەری سوری دەنێرێت بۆ وڵاتەکە تا هاوشانی سەربازانی حکومەتی ویفاقی لیبیا بەسەرکردایەتی فایز سەراج دژی خەلیفە حەفتەر شەڕ بکەن.

لەمانگی شووباتی ئەمساڵ، دوای چەندینجار نکۆڵیکردن، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا ناردنی شەڕکەری سوری بۆ لیبیا پشتڕاستکردەوە.

هەواڵی ناردنی شەڕکەری سوری بۆ ئازربایجان ناکۆکی دروستکردووە لەنێوان گروپە جیاوازەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا. هەندێک بەرە تورکیا بەوە تۆمەتبار دەکەن کە بۆ بەرژەوەندی خۆی شۆڕشی سوریای قۆستووەتەوە و لاوازی کردووە.

ئەبو ئەقزان ئەلمیسری، موفتی حەیات تەحریرلشام ئیدانەی کەمپینی ناردنی هێزی کرد بۆ ئازربایجان و رایگەیاند، «فەرامۆشکردنی جیهان بۆ بەشداریکردن لە جەنگی نێوان سوپایەکی مەسیحی و مەزهەبی شیعە یەکێکە لەتاوانە گەورەکان».

ئازربایجان، کە دانیشتوانەکەی (١١) ملیۆنەو بەڕەچەڵەک زۆرینەیان تورکن، وڵاتێکی زۆرینە شیعە مەزهەبە لەکاتێکدا ئەرمینیا زۆرینەیان لەسەر ئایینی مەسیحن و دانیشتوانەکەی نزیکەی سێ ملیۆنە.

لەتۆمارێکی دەنگیدا کەهێشتا پشتڕاستنەکراوە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، شەڕکەرێکی سەر بەسوپای نیشتمانی سوریا رەخنە دەگرێت لەناردنی شەڕکەر بۆ ئازربایجان. لەتۆمارەکەدا بەئاماژەکردن بۆ سوپای ئازربایجان کە زۆرینەیان شیعەن دەڵێت: «ئەوان زیاتر لە مەسیحی و جوولەکە دوژمنمانن، بەهیچ جۆرێک هاوشانیان ناوەستین و شەڕیان بۆ ناکەین».

بەناردنی هێز بۆ ئازربایجان، تورکیا لەئیستادا لەسێ بەرەوە دژی روسیا وەستاوەتەوە کەدوانەکەی تر لیبیاو سوریان. روسیا پەیوەندی دیبلۆماسی  باشی لەگەڵ هەردوو ئازربایجان و ئەرمینیا هەیە، بەڵام چەندین بنکەی سەربازیی لەئەرمینیایە و هاوکاری سەربازیی بۆ وڵاتەکەش دەنێرێت و تا رادەیەک پشتگیری خۆشی بۆ ئەرمینیا دەربڕیوە.

ئوناڵ چیڤکۆز، دیپلۆماتکارێکی خانەنشینی تورکی، لەڕۆژنامەی دەچ ویڵی ئەڵمانی باس لەوە دەکات «پێشبینی سەرەکی ئەوەیە ئەنقەرەو مۆسکۆ ململانێکە هێوربکەنەوەو هەردوولا بگەیەننە دانوستان» بەڵام «ئەگەر تورکیا وێنایەکی وەها دروست بکات بۆ ئازربایجان کە بەڕاستی هاوشانی دەبێت بۆ جەنگ ئەوکات ئەمە دەبێتە رووبەڕووبوونەوەی تورکیا-روسیا».

«هەموان دەزانن خۆهەڵقورتاندنی تورکیا بۆ نێو ململانێیەکی کۆنترۆڵکراوی روسیا وەک لەسێدارەدانی خۆیەتی»، چیڤکۆز وای وت.

هەرچەندە تۆماس دی واڵ، شارەزا لەهەرێمی قەوقازی لەناوەندی تووێژینەوەی کارنەیجی ئەوروپا، پێیوایە ململانێکە بەمزووانە کۆتایی نایەت.

«بەڕەچاوەکردنی هیوای باڵای هەردوو وڵاتەکە، کارێکی سەخت دەبێت بۆ سەرکردەکان بەمزووانە بوەستن و بردنەوە رابگەیەنن. مەترسی قووڵبونەوەی ململانێکە و وێرانکاری گەورە زۆر بەرزە»، دی واڵ وای نووسیوە.

دی واڵ ئاماژەش بەوە دەکات دوو هۆکاری نوێ وا لەدۆخی ئێستا دەکات زیاتر مەترسیدارتر بێت وەک لەجەنگەکانی پێشووی نێوان ئەرمینیاو ئازربایجان: پاڵپشتی راستەوخۆی تورکیا بۆ یەک لایەن و «دەستتێوەرنەدانی نائاسایی» ئەمریکا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار