نه‌په‌گه‌: ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ى ئێزیدیه‌کانى له‌ شه‌نگال پاراست شه‌هید بوو

عه‌گید جڤیان مزگێنى رزگارکردنى شه‌نگالى بۆ ته‌واوى گه‌لى کورد و کوردانى ئێزیدى راگه‌یاند

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

‌فه‌رمانده‌یى بڕیارگه‌ى ناوه‌ندى پاراستنى گه‌ل- نه‌په‌گه‌، شه‌هیدبوونى فه‌رمانده‌یه‌کى ڕاگه‌یاند، که‌ له‌کاتى هێرشى چه‌کدارانى داعشدا، ئێزدییه‌کانى له‌ کۆمه‌ڵکوژیى ڕزگارکرد. 

نه‌په‌گه‌ ڕایگه‌یاند، عه‌گید جڤیان (وه‌حده‌دین کارای) فه‌رمانده‌ى هه‌رێمى بۆتان، له‌گه‌ڵ دوو گه‌ریلاى دیکه‌ به‌ ناوه‌کانى "هه‌بوون و جانفه‌دا" ڕۆژى ١١ى ئه‌یلولى ئه‌مساڵ په‌یوه‌ستى کاراوانى شه‌هیدان بووه‌.
ده‌قى راگه‌یه‌ندراوى بڕیارگه‌ى ناوه‌ندى پاراستنى گه‌ل- نه‌په‌گه‌

  ڕۆژى ١١ى ئه‌یلولى ئه‌مساڵ له‌ مه‌یدانى ماسیرۆ سه‌ربه‌ ناوچه‌ى شاخێى وان، له‌ شه‌ڕێکى دژى هێزه‌ داگیرکه‌ره‌کانى ده‌وڵه‌تى تورک، فه‌رمانده‌ى ئه‌و هێزه‌ى که‌ له‌ شه‌نگال دژى فه‌رمانى سه‌ر کۆمه‌ڵگاى ئێزدى تێکۆشانى کرد و ئه‌ندامى کۆنسه‌ى فه‌رمانده‌یى هه‌په‌گه‌ و فه‌رمانده‌ى هه‌رێمى بۆتان، هه‌ڤاڵ “عه‌گید جڤیان” (وه‌حده‌دین کارای) هاوڕیى له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانمان ‘جانفه‌دا گۆیی’ (ته‌کین یڵدرم) و ‘هه‌بوون گرێسپی’ (خه‌لیل کاڤوس) شه‌هید بوون، سه‌ره‌تا سه‌ره‌خۆشى له‌ خانه‌واده‌ى به‌ڕێزى هاوڕێمان، خه‌ڵکى وڵاتپارێزیى گه‌ڤه‌ر و بۆتان، هێزه‌ قاره‌مانه‌کانى گه‌ریلا و هه‌موو گه‌لى کوردستان ده‌که‌ین، ئه‌و به‌ڵێنانه‌ى که‌ به‌و شه‌هیدانه‌مان داوه‌ جارێکى دیکه‌ له‌ که‌سایه‌تى شه‌هیده‌ قاره‌مانه‌کانمان دووباره‌ى ده‌که‌ینه‌وه‌.

هێرشه‌ داگیرکه‌رییه‌که‌ى ده‌وڵه‌تى تورک به‌ره‌به‌یانى ڕۆژى ١١ى ئه‌یلول وه‌کو هه‌موو جارێک به‌ هێرشى ئاسمانى ده‌ستیپێکرد، له‌م هێرشه‌دا زیانێک به‌ هێزه‌کانمان نه‌گه‌یشت، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى ڕێگه‌ى دیکه‌ش هه‌بوون، هه‌ڤاڵ عه‌گید بڕیارێکى مێژوویى دا بۆ چالاکى و له‌گه‌ڵ هێزه‌ قاره‌مانه‌کانى گه‌ریلاى هاوڕێی، له‌دژى گردى فه‌رمانده‌یى و کۆنترۆڵى دووژمن، به‌ ڕۆحى فیدایى ئاپۆیى چالاکیى و هێرشى به‌رفراوانى ئه‌نجامدا، ئه‌و چالاکییه‌ شۆڕشگێڕییه‌ که‌ کاتژمێر ٠٦:٣٠ خوله‌کى به‌یانى ده‌ستیپێکرد، به‌و ئه‌نجامانه‌ى به‌ده‌ستیهێنا بووه‌ چالاکییه‌کى مێژوویی، له‌ ئه‌نجامى ئه‌و چالاکییه‌دا ١٠ داگیرکه‌ر سزادران، که‌ پێنجیان فه‌رمانده‌ى باڵاى ناوه‌ندى فه‌رمانده‌یى و کۆنترۆڵى هێزى داگیرکه‌رى تورک بوون، هێزه‌کانى گه‌ریلا به‌ فه‌رمانده‌یى هه‌ڤاڵ عه‌گید سه‌رکه‌وتووانه‌ پێگه‌کانى دووژمنیان له‌ناوبرد، به‌ڵام دووژمن به‌ هێلیکۆپته‌رى کوبرا و ئامێره‌ ئاسمانییه‌کانى دیکه‌ ده‌ستێوه‌ردانى کرد و شه‌ێ‌ گه‌یشته‌ لوتکه‌، له‌و چالاکییه‌ مێژووییه‌دا که‌ بووبه‌ داستانێکى ڕاسته‌قینه‌ى قاره‌مانێتی، فه‌رمانده‌ى هه‌رێمى بۆتان ‘عه‌گید جڤیان’، فه‌رمانده‌ى تیم ‘جانفه‌دا گۆیی’ و فه‌رمانده‌ى تیم ‘هه‌بوون گرێسپی’ شه‌هید بوون.

ده‌قى چاوپێکه‌وتنێکى عه‌گید جڤیان له‌گه‌ڵ رۆژنیوز له‌ 13ى تشرینى دووه‌مى 2015 که‌ مژده‌ى رزگارکردنى شه‌نگالى راگه‌یاند

عه‌گید جڤیان فه‌رماندارى گشتى هێزه‌کانى پاراستنى گه‌ل هه‌په‌گه‌ له‌شه‌نگال له‌رێگه‌ى رۆژنیوزه‌ مزگێنى رزگارکردنى شه‌نگالى بۆ ته‌واوى گه‌لى کورد و کوردانى ئێزیدى راگه‌یاند  و ده‌ستنیشانى کرد که‌ له‌ 3ى مانگى ئابى 2014 بۆ رزگارکردنى شه‌نگال به‌رخۆدان ده‌که‌ن و ده‌ڵێت:” وه‌ک ده‌زانرێت رۆژى 3ى ئابى 2014 شه‌نگال له‌لایه‌ن چه‌ته‌کانى داعشه‌وه‌ داگیرکرا. له‌ 5ى ئابى هه‌مان سال ئێمه‌ له‌وێ ده‌ستمان به‌ تێکۆشان کرد ، ماوه‌ى نزیکه‌ى ساڵ و نێوێک به‌رخۆدانێکى مه‌زنمان کرد. ئه‌و تێکۆشانه‌ به‌خوێنى هه‌ڤاڵانى شه‌هید به‌رێوه‌چوو و به‌ئه‌نجام بوو. ئێمه‌ مزگێنى ئه‌و سه‌رکه‌وتنه‌ ده‌گه‌یه‌نینه‌ کوردانى ئێزیدى و گه‌له‌که‌مان له‌باشوورى کوردستان . خوێنى شه‌هیدانمان به‌فیرۆ ناچێت. له‌هه‌مان کاتدا تۆڵه‌ى به‌سه‌دان ئێزیدى ــ مان کرده‌وه‌ که‌ شه‌هیدبوون و به‌دیل گیراون . به‌ڵام راگه‌یاندنى نزیک له‌ پارتى دیموکراتى کوردستان ئه‌م راستیه‌ چه‌واشه‌ده‌کات . راستیه‌کان چه‌واشه‌ کراون و ده‌کرێن. به‌و شێوه‌یه‌ نیشانى ده‌ده‌ن که‌ ئێمه‌ لێره‌ ده‌سه‌لاتداریمان راگه‌یاندوه‌ و ئێمه‌ ده‌خوازین شه‌نگال له‌باشورى کوردستان داببڕێنین، به‌دڵنیاییه‌وه‌ هیچ نیازێکى له‌و شێوه‌یه‌مان نیه‌.”
( ئێمه‌ گه‌ریلاى گه‌لى کوردین)

عه‌گید جڤیان رایگه‌یاند که‌ ئه‌وان شه‌نگال وه‌ک به‌شێک له‌ باشوورى کوردستان ده‌زانن و ووتى:” ئێمه‌ گه‌ریلا و فیداکارى گه‌لى کوردین و له‌هه‌موو شوێنێک له‌خزمه‌تى گه‌له‌که‌مانین. ئێمه‌ بۆ ئازادکردنى شه‌نگال هاتین بۆ ئێره‌، ئه‌و تێکۆشانه‌ى تا ئێستا ده‌یکه‌ین بۆ ئه‌و ئامانجه‌یه‌. ئێمه‌ شه‌نگال وه‌ک به‌شێک له‌ باشوورى کوردستان ده‌بینین بێ گومان ته‌نیا ئێمه‌ رزگارمان نه‌کرد، به‌ڵام ئه‌مه‌ ناشاردرێته‌وه‌ که‌ ئێمه‌ پێشه‌نگى بووین.”

“ئێمه‌ له‌ رووى ته‌کنیک و ژماره‌دا له‌ گه‌ڵ که‌س له‌ کێبڕکێ دانین”

جڤیان ئاماژه‌ى به‌وه‌ کرد که‌ تا هه‌ڕه‌شه‌کانى داعش به‌رده‌وام بن، ئه‌وان له‌ وێ ده‌مێننه‌وه‌و وتی: “ئێستا له‌ سه‌نته‌رى شه‌نگال له‌ ته‌نیشت گه‌ریلا هێزى پێشمه‌رگه‌و شه‌رڤانانى ئێزیدیش هه‌ن. له‌ رووى ته‌کنیک و ژماره‌وه‌  خۆمان له‌ گه‌ڵ که‌س به‌راورد بکه‌ین، پێویستیه‌کى وه‌هاش نابینین. ئه‌وه‌ى گرنگه‌ ئیراده‌و گرێدانى ئێمه‌یه‌ به‌ گه‌له‌که‌مان، خاک و شه‌هیدانمان، نامانه‌وێ له‌ سه‌ر ئه‌م مژاره‌ش له‌ گه‌ڵ‌ هیچ که‌سێک بکه‌وینه‌ نێو گفتوگۆیه‌کى بێ واتا، ئه‌وه‌ى بۆمان گرنگه‌، ئه‌وه‌یه‌ که‌ هاوڵاتیانى شه‌نگال به‌ ئازادى له‌سه‌ر خاکه‌که‌یان بژین، ئه‌گه‌ر پێویست بکات ئێمه‌ وه‌ک پارێزڤانانى شه‌نگال له‌ باشورى کوردستان ده‌مێنینه‌وه‌، ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێت بمێنینه‌وه‌، تاوه‌کو هه‌ڕه‌شه‌یه‌کیش له‌ سه‌ر خاکى باشور وشه‌نگال به‌رده‌وامى هه‌بێت، لێره‌ ده‌مێنینه‌وه‌.”

“ئێمه‌ بۆ فه‌رمانده‌ى هاوبه‌ش ئاماده‌ین”

عه‌گید جڤیان فه‌رمانده‌ى هێزه‌کانى پاراستنى گه‌ل هه‌په‌گه‌ له‌ شه‌نگال له‌ کۆتایى دا سه‌نجى راکێشایه‌ سه‌ر بانگه‌وازى هاوسه‌رۆکایه‌تى کۆنسه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى کۆما جڤاکێن کوردستان(که‌جه‌که‌) که‌ بۆ فه‌رمانده‌یه‌کى هاوبه‌شى نێوان گه‌ریلا و شه‌ڕڤانان و پێشمه‌رگه‌، وتی: “ئێمه‌ بۆ ئه‌م فه‌رمانده‌ییه‌ى که‌ که‌جه‌که‌ بانگه‌وازى بۆ کرد، ئاماده‌ین. ئاماده‌ین له‌ ژێر چه‌ترى فه‌رمانده‌ى هاوبه‌شدا به‌رنامه‌یه‌ک دابنێین بۆ رزگار کردنى هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ى له‌ باشورى کوردستان هه‌ڕه‌شه‌ى چه‌ته‌کانى داعشیان له‌سه‌ره‌. هیوادارین دواى پاک کردنه‌وه‌ى شه‌نگال هاوڵاتیانى ئێزیدى بگه‌ڕێنه‌وه‌ وارگه‌ى خۆیان و بێن لێره‌ برینه‌کانیان ساڕێژ بکه‌ن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش بانگه‌وازى هاوکارى له‌ هه‌موو لایه‌نه‌کان و ده‌وروبه‌ر ده‌که‌ین و چاوه‌ڕوانى پشتگرین.”


 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار