داعش لەنۆ مانگدا ١٧٦ جار هێرشی کردۆتە سەر ناوچە جێناکۆکەکان

4 ساڵ لەمەوپێش



ھاوڵاتی - لاڤین مەحمود

رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە «داعش» لە نۆ مانگدا (١٧٦) جار ھێرشی کردۆتەسەر ناوچە کوردستانییە جێناکۆکەکانی دەرەوەی ھەرێم، بەھۆی بوونی بۆشایی ئاسایشەوە لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگەی ھەرێم و سوپای عێراق، ئەوەش بەپێی وتەی بەرپرسێکی باڵای پێشمەرگە.

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لەحکومەتی هەرێمی کوردستان، فەریق جەبار یاوەر بە ھاوڵاتی وت «ئەمساڵیش داعش نزیکەی (١٧٦) ھێرشی کردووە بۆ ناوچە جێناکۆکەکان، لەنێویاندا مەندەلی، خانەقین، مەخمور، دەشتی نەینەوا، شەنگال و کەرکوک، ئەم هێرشانە بوونەتە هۆی دەیان قوربانی.

لەسەرەتای شەڕی داعشەوە لەحوزەیرانی 2014 ھەتاوەکو ھێرشەکانی ئەم دواییانەی گروپەکە بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە، هەزارو (٧٤٢) پێشمەرگە شەھیدبوون.

ئەگەرچی ماوەی نزیکەی سێ ساڵە رێکخراوەکە ئیفلیج بووەو زۆرینەی ئەمیرو شەڕکەرەکانی لەدەستداوە، بەڵام ھەوڵی خۆڕێکخستنەوە دەدات و ناوبەناو ھێرش دەکاتەسەر سەنگەرەکانی پێشمەرگەو سوپای عێراق، بەتایبەتی لەناوچە جێناکۆکەکان.

رێکخراوەکە بەم دواییانە چەندین ھێرشی بۆسەر گەندەکانی جەلەولاو خانەقین ئەنجامدا، جەبار یاوەر وتی «ئێستا دۆخی خانەقین و کەرکوک و جەلەولا لەڕووی ئەمنییەوە ئاساییە، بەڵام جار جار کردەی تێدا روودەدات».

دوای هەڵکشانی چالاکییەکانی داعش لەو هێڵە بەرفراوانەی هێزەکانی سوپای عێراق و پێشمەرگە لێک جیادەکاتەوە، ئەو دوولایەنە لەئێستادا گفتوگۆی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هاوبەش دەکەن.

سوپای عێراق و پێشمەرگەی کورد بەمدواییانە گفتوگۆیان کردووە بۆ دامەزراندنی چوار ناوەندی هەماهەنگیی بۆ جێبەجێکردنی هەنگاوهکانی رووبەڕووبوونەوەی هەڵکشانی چالاکییەکانی پاشماوەکانی داعش لەو ناوچانەی ئەو دوو لایەنە لێک جیادەکەنەوە.

لیژنەی باڵای ھەماھەنگی ئەمنی لەوەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ لیژنەی باڵای سەربازیی وھەماھەنگی سەربازیی لەفەرماندەیی ھێزە ھاوبەشەکانی عێراق، ئەمساڵ دوو کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە.

جەبار یاوەر وتی «گەیشتوونەتە لێکتێگەشتنێکی ھاوبەش، بەڵام نەگەیشتووینەتە رێکەوتن لەسەر سێ خاڵ».

 ئەو خاڵانەی کە تائێستا لەسەری رێکنەکەوتوون بریتین لەدروستکردنی ناوەندی ھەماھەنگی لەنێوان ھێزەکانی ئەفسەرانی ھێزی پێشمەرگەو ھێزەکانی سوپای عێراق.

ھەروەھا دامەزراندنی ھێڵێکی سەربازیی و ئەمنی ھاوبەش لەو ناوچانەی داعش جموجۆڵی زیادی کردووە. لەگەڵ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن دژی داعش بەھاوبەشی.

 جەبار یاوەر وتی «ھێشتا رێکەوتنەکە جێگیر نەبووە، یانی بەعەمەلی نەگەیشتوونەتە کۆتایی، ھێشتا تەنھا لێکتێگەیشتنێک ھەیەو دوو کۆبوونەوەمان کردووەو رەنگە لەم رۆژانە کۆبوونەوەی سێیەم بکەین».

بەپێی دەستوور هێزەکانی پێشمەرگە بەشێکن لەسیستمی بەرگری نیشتمانیی لەشەڕی دژی داعشیشدا هاوبەشێکی سەرەکیی سوپای عێراق بوون.

ئەندامانی داعش هەوڵدەدەن خۆیان رێکبخەنەوە لەو ناوچەیەی هێڵەکانی جێگیرکردنی سوپای عێراق و پێشمەرگە لێکجیادەکاتەوە، ئەو ناوچەیە شارە جێناکۆکەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لهخۆدهگرێت.

ماجد قەیسی لیوای خانەنشینکراو وتی «ناوەندەکانی هەماهەنگی عێراق-پێشمەرگە، کە بەپشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێکهاتوون، پێویستن بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیەی تیرۆریستان هەوڵی قۆستنەوەی داوە.

وتیشی «تیرۆریستان لەکەنارەکانی ناوچە جێناکۆکەکان جێگیرن و هێواش هێواش ناوچەکەیان فراوانتر دەکەن بۆ نزیکی شارۆچکەکان و گوندەکان».

قەیسی ھەروەھا وتی «هەڵکشانی کردە تیرۆریستییەکان ئاماژەن بەوەی هەڕەشەکە زیاددەکات و هەماهەنگی ئەمنی پێویستییەکی هەنوکەییە... داعش گەشەدەکات لەنێو قەیران و دووبەرەکی سیاسییداو عێراق پێویستی بەسەقامگیرییە، کە ناکرێت بەبێ هاوکاری و هەماهەنگی لەئاستە هەرە باڵاکاندا بەدەستبهێنرێت».

بەرپرسانی عێراق و پێشمەرگە بەردەوامن لەگفتوگۆکردن بۆ دامەزراندنی ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش و هێزێکی ئەمنیی هاوبەش کە بەقوڵایی هێڵی جیاکردنەوەی نێوان ئەو دوو لایەنە جێگیربکرێت.

چەند پلانێک هەیە بۆ دامەزراندنی بازگهی هاوبەش لەدەروازەی شارەکاندا

کاتیع نەجمان ریکابی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەپەرلەمانی عێراق، وتی «ئهوه زۆر پێویسته تەرکیز بخەینەسەر ئهمنییهت و هەموو هەنگاوە پێویستەکان بنێین بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی».

ھەروەھا وتی «بەرپرسان لەحکومەتەکانی ناوەندو هەرێم دەبێت دەستبکەنەوە بەهاریکاری بۆ شکستهێنان بەداعش، لەبەرئەوەی تیرۆریستان سوودیان لەبارگرژییەکان بینیوە بۆ کردنەوەی جێپێی خۆیان لەو ناوچانەی بێ ئامادەیی سەربازیی بەهێزن».

ریکابی وتی «ئۆپەراسیۆنە هەماهەنگیکراوو هاوبەشەکان تیرۆریستان دەوەستێنێت لەوهی بگۆڕێن بۆ مەترسییەکی گەورەتر».

جگە لەو جموجوڵانەی کە رێکخراوەکە دەیانکات لەناوچە جیناکۆکەکان، ھەندێ جاریش ھەندێک لەئەندامەکانی بۆ خۆحەشاردان یان ئەنجامدانی کاری سیخوڕی دزە دەکەنە ناوچەکانی ھەرێمەوە.

کۆتایی مانگی رابردوو نۆ ئەندامی شانەیەکی داعش دەستگیرکران لەپارێزگای سلێمانی لەئۆپەراسیۆنێکدا لەلایەن دەزگای دژە تیرۆری عێراقەوە، ئەوەش بەپێی وتەبێژی سوپای عێراق، یەحیا رەسوڵ سێشەممە (29ی ئەیلول) لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند.

یەحیا رەسوڵ وتی دەزگای دژەتیرۆر، بەهەماهەنگی لهگهڵ یەکەی دژە تیرۆری سلێمانی، چەکدارەکانیان دەستگیرکرد، کە سەر بەویلایەتی عێراق - بەشی باشوری؟؟؟؟؟؟ گروپەکە بوون.

وتیشی «دەستبەسەرکراوان فەرمانی دەستگیرکردنیان بەگوێرەی ماددەی (4) یاسای دژە تیرۆر هەبوو.»

عەمیدی خانەنشین، عەدنان کەنعانی کەئەفسەرێکی پێشتری دەزگای دژەتیرۆرە، وتی دەستگیرکردنەکانی 29ی ئەیلول لەسلێمانی نمونەی «دەستکەوتێکی گرنگن و پەیامێکی دڵنیاکەرەوە دەدەن بەخەڵکی عێراق کەهێزە ئەمنیەکانیان وریان».

وتیشی «ئۆپەراسیۆنەکە رەنگدانەوەی کاری پێشکەوتووی هەواڵگریی دەزگای دژەتیرۆرو تەواوی دەزگا ئەمنیەکانی دیکەیە».

لەوکاتەوەی سێ ساڵ لەمەوبەر شکستی پێهێنرا، داعش هەوڵیداوە شانەی نوستوو لەنێو شارەکاندا دروستبکات وەک بەشێک لەستراتیژێکی دوورمەودا بۆ هەڕەشەکردن لەئاسایش. گروپەکە پشتیش دەبەستێت بەو پشتیوانانەی لەشەڕ هەڵاتن و پەنایان برد بۆ ئەو ناوچانهی ئاسایشیان لاواز بوو.

ئۆپەراسیۆنەکەی سلێمانی لەئەنجامی هەماهەنگیشدا بوو لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستاندا. هەردوولا لەم چەند مانگەی دواییدا هەماهەنگییان زیادکردووەو گفتوگۆیان کردووە بۆ دروستکردنی چوار ناوەندی هاوبەشیان  بۆ رووبەڕووبوونەوەی چالاکی داعش لەو ناوچانەی ئەو دوو لایەنە لێکجیادەکەنەوە.

کەنعانی وتی «هاریکاری و ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری پێویستە بۆ هێشتنەوەی فشار لەسەر تیرۆریستان و بەرگرتن لە خۆڕێکخستنەوەیان.»

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار