یه‌کێتى و گۆڕان به«مه‌رج» پاڵپشتى رێککهوتنهکهى شەنگال ده‌که‌ن
"هێنانى دەستى دەرەکى و دروستکردنى توندوتیژى لەناو شەنگال رەتدەکەینەوه"
4 ساڵ لەمەوپێش
ئارا ئیبراهیم
رێککه‌وتنى حکومه‌تى هه‌رێم و عێراق له‌باره‌ى دۆخى شه‌نگاله‌وه کاردانه‌وه‌ى لێکه‌وتووه‌ته‌وه‌و یه‌کێتى و گۆڕان که‌هاوبه‌شى پارتین له‌کابینه‌ى نۆیه‌مدا سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى پاڵپشتى ده‌که‌ن، ده‌ڵێن «هێنانى ده‌ستى ده‌ره‌کى و دروستکردنى توندوتیژى» له‌ناو شارەکە رهتدهکهنەوە.
رۆژى 9ى تشرینى یه‌که‌مى 2020 رێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیرى ناوخۆ گه‌یشته به‌غداو دواى چه‌ند کاتژمێرێک رێککه‌وتنى له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق راگه‌یاند له‌سه‌ر دۆخى شه‌نگال.
یه‌کێک له‌خاڵه‌کانى داواى کۆتاییهێنان به‌په‌که‌که ده‌کات و ناشبێ له‌هێزى نوێى شه‌نگالدا هیچ که‌سێکى نزیک په‌که‌که‌ى تێدابێت.
دوێنێ یه‌کشه‌ممه کۆما جڤاکێن کوردستان که‌جه‌که په‌یامێکى توندئامێزی له‌باره‌ى شه‌نگال بۆ پارتى نارد‌و ده‌ڵێت «جێگه‌ى قبوڵکردن نییه، ئه‌و که‌سانه‌ى ئێزدیه‌کانیان له‌ناو کۆمه‌ڵکوژیدا هێشته‌وه، بڕیاریان له‌سه‌ربده‌ن».
حکومه‌تى عێراق و هه‌رێمى کوردستان ده‌قى رێککهوتنهکهى نێوانیان له‌باره‌ى شنگال بڵاوکرده‌وه‌و تێیدا هاتووه، حکومه‌تى فیدراڵى ئیداره‌ى پرسى ئه‌منى شاره‌که ده‌کات و ده‌بێت کۆتایى به‌بوونى په‌که‌که‌و هه‌موو ئه‌و گروپانه بێت که‌په‌یوه‌ندییان پێوه‌یه‌تی.
بڕیارەکانیش بریتین لەههڵبژاردنى قایمقامى نوێ، حکومه‌تى فیدراڵى ئیداره‌ى پرسى ئه‌منى ده‌کات.
هەروەها دامه‌زراندنى دوو هەزارو (500) که‌س له‌خه‌ڵکى شنگال و ئاواره‌کان و دروستکردنى هێزێکى نوێ، کۆتاییهێنان به په‌که‌که‌و هه‌موو ئه‌و گروپانه‌ى په‌یوه‌ندییان پێوه‌یه‌تی.
لەخاڵێکی تردا هاتووە؛ هیچ که‌سێکى سه‌ر به‌په‌که‌که نابێت له‌و هێزه ئه‌منییه نوێیه دابمه‌زرێت. هەروەها دەڵێت هه‌ولێرو به‌غدا هه‌ماهه‌نگى بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى شنگال و ئیداره‌کردنى ده‌که‌ن.
بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و یه‌کێتى له‌باره‌ى رێکه‌وتنه‌که‌ى نێوان حکومه‌تى هه‌رێم و عێراق به‌پێویستى داده‌نێن لایه‌نه‌کانى به‌شدار له‌کابینه‌ى نۆیه‌م ئاگادارى ورده‌کاریی رێکه‌وتنه‌که بن.
محه‌مه‌د شوانی، ئه‌ندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و رێکخه‌رى ژوورى ناوچه کوردستانییه دابڕێنراوه‌کان ده‌ڵێت «هه‌موو رێککه‌وتنێکمان پێباشه کهناوچهى شه‌نگال له‌کاره‌سات و دووباره ئاواره‌بوونى خه‌ڵکه‌که‌ى بپارێزێت».
محه‌مه‌د شوانى، رێکخه‌رى ژوورى ناوچه کوردستانییه دابڕێنراوه‌کان له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت «ئه‌گه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌کانى نێو حکومه‌تى هه‌رێم به‌شداربن له‌و رێکهوتنهداو ئاگادارى ورده‌کارییه‌کان بن زۆرباشه‌و هه‌نگاوێکه بۆ جێبه‌جێکردنى مادده‌ى 140 «.
هه‌روه‌ها له‌باره‌ى گومانکردن له‌ڕێکه‌وتنه‌که‌و به‌شدارى کردنى تورکیا بۆ ده‌رکردنى هێزه‌کانى نزیک لهپارتى کرێکارانى کوردستان (په‌که‌که) وتى «ئه‌وه زۆر خراپه، مادام ئه‌و که‌سانه خه‌ڵکى ناوچه‌که‌ن پێویسته ئازادى موماره‌سه‌ى سیاسى بکه‌ن، به‌کارهێنانى به‌زۆر سه‌پاندن و توندوتیژى و ده‌رکردنیان له‌و ناوچه‌یه ده‌بێته سیاسه‌تى پیلانگێران».
رێکخه‌رى ژوورى ناوچه کوردستانییه دابڕێنراوه‌کان پێشیوابوو پێویسته کورد خۆشه‌ویستى له‌و ناوچه‌یه دروستبکات له‌نێوان ئێزیدى و موسوڵمان و عه‌ره‌ب و هه‌موو پێکهاته‌کانى دیکه‌دا له‌ناو شه‌نگالدا.
لهڕێککهوتنهکهى نێوان حکومه‌تى هه‌رێم و عێراقدا له‌به‌غدا، خالید شوانى، وه‌زیرى هه‌ماهه‌نگى و په‌یوه‌ندییه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێم و عێراق به‌شداربوو که له‌سه‌ر ئیستحقاقى یه‌کێتى ئه‌و پۆسته‌ى وه‌رگرتووه.
هاوڵاتى چه‌ند جارێک په‌یوه‌ندى به خالید شوانى کرد، به‌ڵام وه‌ڵامى په‌یوه‌ندییه‌کانى نه‌دایه‌وه.
زیاد جه‌بار، سه‌رۆکى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌په‌رله‌مانى کوردستان له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت «یه‌کێتى له‌گه‌ڵ ئاساییکردنه‌وه‌ى هه‌موو ناوچه دابڕێندراوه‌کانى هه‌رێمى کوردستاندایه‌و شه‌نگال خاکى کوردستانه‌و یه‌کێتى خۆى به‌خاوه‌نى جه‌ماوه‌رو خه‌ڵکى ئه‌وێ ده‌زانێت و چه‌ندین شه‌هیدو قوربانى له‌پێناویدا داوه«.
ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى گومان ده‌کرێت له‌پشت ئه‌م رێککه‌وتنه‌وه تورکیا بهێندرێته ناو شه‌نگاله‌وه، سه‌رۆکى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌په‌رله‌مانى کوردستان وتى «به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک ئه‌وه ره‌تده‌که‌ینه‌وه ده‌ستى ده‌ره‌کى ته‌ده‌خولى رێکه‌وتنى حکومه‌تى عێراق و هه‌رێمى کوردستان بکرێت».