دوای ساڵ و نیوێک لەھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم، لایەنەکان چۆن سەیری کارەکانی دەکەن؟
4 ساڵ لەمەوپێش
ھاوڵاتی
نزیکەی ساڵ و نیوێکە نێچیرڤان بارزانی بەسەرۆکی ھەرێم ھەڵبژێردراوە، لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە بەشداربووانی حکومەت و ئۆپۆزسیۆنەوە بۆچوونی خۆیان لەسەر کارەکانی دەخەنەڕوو.
لایەنە سیاسییەکان دەڵێن نێچیرڤان بارزانی ھەوڵی دروستکردنى په‌یوه‌ندییه‌کى ھاوسه‌نگ و ھاوتا دەدات له‌گه‌ڵ دراوسێکان له‌سه‌ر بنه‌ماى رێزگرتنى دوولایه‌نه‌و ده‌ستتێوه‌رنه‌دان له‌کارووبارى یه‌کتر و بوونى ھه‌رێم وه‌ک به‌شێک له‌چاره‌سه‌ر، نه‌ک ته‌ره‌ف له‌کێشه .
لەگەڵ ئەوەشدا لەناوخۆدا رووبەڕووی رەخنەی ئەوە بۆتەوە کەسەرجەم ھێلکەکانی ئابوری خستۆتە سەبەتەی تورکیاوە. ئەمەش وایکردووە کەمترین پەیوەندی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)دا ھەبێت.
بەڵام لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ ئەوەشدا پێیوانیە کە نێچیرڤان بارزانى کار بۆ تۆخکردنه‌وه‌و جێگیرکردنى بیر‌و ئاراسته‌یه‌ک ده‌کا که بنه‌ماکانى (ئاشتى، ته‌بایى، پێکه‌وه‌یى، ھه‌ره‌وه‌زیى، پێکه‌وه‌ھه‌ڵکردن)ە.
ھەروەھا داوای لێدەکەن کەمشورخۆر بێت بۆ نه‌هێشتنى بارگرژى و ته‌بایى و یه‌کڕیزى له‌نێو لایه‌نه سیاسییه‌کاندا.
نازم عه‌بدوڵا، که‌سایه‌تى ئیسلامى له‌هه‌رێمى کوردستان له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت "نێچیرڤان بارزانى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌کان باش بووه‌و نه‌چووەته ناو ململانێ ورده‌کانه‌وه، دڵ گه‌وره‌و سنگ فراوان بووه‌و پێویسته رۆڵى زیاترى هه‌بێت بۆ ته‌بایى و نه‌هێشتنى گرژییه‌کان".
ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد هه‌رێمى کوردستان حه‌وت ساڵه به‌ره‌و گرژى ده‌ڕوا له‌گه‌ڵ به‌غداو عێراق به‌رده‌وام داواى داهات و نه‌وت ده‌کات، "گرنگه نێچیرڤان بارزانى که ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێکردنى هه‌یه رۆڵى هه‌بێت له‌چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى نێوان هه‌رێم و عێراق، چونکه رۆڵى سه‌رۆکى هه‌رێم هاوتاى سه‌رۆکایه‌تى کۆمارى عێراقه".
نازم عه‌بدوڵا پێشیوابوو که هه‌رێمى کوردستان خاوه‌نى ده‌ستورى خۆى نییه تاده‌سه‌ڵاته‌کانى دامه‌زراوه‌کانى هه‌رێم به‌ته‌واوه‌تى جیابکرێته‌وه‌و ده‌ستور بۆ هه‌رێمى کوردستان گرنگه هه‌بێت" ئه‌وکات به‌پێى ئه‌وه‌ى له‌ده‌ستوردا ئاماژه‌ى پێ ده‌کرێت سه‌رۆکى هه‌رێم هه‌نگاوى زیاتر بنێت، به‌ڵام ئایا سه‌رۆکى هه‌رێم ده‌توانێت ئه‌و رۆڵه ببینێت به‌تایبه‌تى که له‌ئێستادا گله‌یى و ره‌خنه‌یه‌کى زۆر له‌لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه هه‌یه له‌سه‌ر دۆخى حوکمڕانى له‌هه‌رێمى کوردستاندا".
لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کاتێک لەگەڵ پارتیدا دووچاری کێشە دەبنەوە، یەکەم کەس کە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵیدا کۆدەبنەوە نێچیرڤان بارزانیە.
بۆ نموونە کاتێک کە لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان بارەگاکانی یەکگرتوویان لەبادینان سوتاند لەساڵی 2005 بەھۆی بەشداریکردنی یەکگرتوو لەھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە دەرەوەی لیستە ھاوبەشەکەی یەکێتی و پارتی. یەکەم کەس کە لەگەڵ یەکگرتوو کۆبووەوە بۆ رەوانەوەی ئەو بارگرژییە نێچیرڤان بارزانی بوو.
ئه‌بوبه‌کر هه‌ڵه‌دنى، ئه‌ندامى فراکسیۆنى یه‌کگرتوو له‌په‌رله‌مانى کوردستان ده‌ڵێت:" له‌ناو هه‌موو حزبه‌کان جیاوازى له‌نێوان کاراکته‌ره سیاسییه‌کاندا هه‌یه حه‌تمه‌ن کاک نێچیرڤان بارزانى مرونه‌تترو کراوه‌ترو تواناى مناوه‌ره‌ى هه‌یه، به‌ڵام هێشتا ئه‌مانه که‌سایه‌تى نیشتمانى هه‌موان نین، پێویسته ده‌ست له‌حزبه‌که‌ى خۆى بکێشێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى به‌فعلى ببێته سه‌رۆکى هه‌موان".
ئەو لایەنانە دەڵێن کە نیچیرڤان بارزانی مه‌به‌ستێتى له‌کایه‌ى سیاسیى و کۆمه‌ڵایه‌تیى و ژیانى گشتى کۆمه‌ڵگاى کوردستاندا، ئه‌و بنه‌مایانه وه‌ک کولتورێک جێگیربکات .
ھەروەھا وه‌ک سیاسى و وه‌ک بڕیاردروستکه‌رێک له‌کوردستان، له‌مامه‌ڵه‌ى سیاسیى و دیبلۆماسیى و حزبیشدا، باوه‌ڕى به (سفر کێشه) ھه‌یه .له‌ھه‌موو جووڵه‌کانیدا، ھه‌وڵ بۆ (به‌یه‌کگه‌یشتن، له‌یه‌کگه‌یشتن، سازان، رێککه‌وتن) ده‌داو توانا‌و وزه‌ى خۆى له‌و پێناوه‌دا ده‌خاته‌گه‌ڕ.
ھەروەھا پێیان وایە کە لاى نێچیرڤان بارزانى، (سفر کێشه)، له‌سه‌ر ئاستى کوردستان، به‌ئامانجى پاراستن و مانه‌وه‌و پێشخستنى ھه‌رێمى کوردستانه .
سه‌عدى ئه‌حمه‌د پیره، ئه‌ندامى مه‌کته‌بى سیاسى یه‌کێتى به‌هاوڵاتى وت "هه‌موو یه‌کێک له‌به‌رپرسه باڵاکانى حکومه‌ت ده‌توانن رۆڵ ببینن له‌سه‌رۆکى حکومه‌ت و سه‌رۆکى هه‌رێم و سه‌رۆکى په‌رله‌مان و جێگره‌کان، وه‌زیفه‌یان ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌وره ببینن که‌کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌و رۆڵه نه‌بینن خراپ ده‌که‌ن".
ئه‌و ئه‌ندامه‌ى مه‌کته‌بى سیاسى یه‌کێتى وتیشى "نێچیرڤان بارزانى بۆ خاوکردنه‌وه‌ى گرژییه‌که و کۆتایى هێنان به‌و سه‌نگه‌ر به‌ندیه، ئیشى سه‌رۆکى هه‌رێمە لایه‌نه سیاسییه‌کان کۆبکاته‌وه".
سه‌عدى ئه‌حمه‌د پیره پێشیوابوو له‌ئێستادا "شه‌ڕى ئیراده هه‌یه له‌نێو داموده‌زگاکانى هه‌رێم، وتیشى "پێویسته سێ سه‌رۆکایه‌تییه‌که کۆببنه‌وه‌و رێککبکه‌ون له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌کانیان و هه‌نگاوه‌کانى یه‌که‌م کێ ده‌ینێت و هه‌نگاوى دووه‌م و سێیه‌م کێ ده‌بێت، ره‌نگه ئه‌وکاته ئاسانتر بێت بۆیان".
نێچیرڤان بارزانی له‌سه‌ر ئاستى عێراق، بڕوای وایە کەپاراستنى مافه‌کانی کوردستان لەڕێگەی ده‌ستورەوە دەبێت، له‌سه‌ر ئاستى په‌یوه‌ندییه ده‌ره‌کییه‌کانیش بڕوای بەناساندنێکى شایسته‌و سه‌رده‌مییانه‌ى دۆزى کورد، ھەروەھا دۆزینه‌وه‌ى پشتیوانان بۆ ھه‌رێمى کوردستان و حوکمڕانییه‌که‌ى .
ھەروەھا ھەوڵی به‌کارھێنانى په‌یوه‌ندییه‌کان دەدات به‌ئاراسته‌ى گه‌شه‌پێدان و پێشخستنى ھه‌مه‌لایه‌نه‌ى ھه‌رێم . لەگەڵ دورخستنه‌وه‌ى ھه‌رێم له کێشمه‌کێشمه سیاسییه‌کانى ناوچه‌که .
سەبارەت بە وڵاتانی دەوروبەریش ئەگەرچی بەوە ناسراوە پەیوەندی بەھێزی لەگەڵ تورکیادا ھەیە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ھەوڵی دروستکردنى په‌یوه‌ندییه‌کى ھاوسه‌نگ و ھاوتا دەدات له‌گه‌ڵ دراوسێکان له‌سه‌ر بنه‌ماى رێزگرتنى دوولایه‌نه‌و ده‌ستتێوه‌رنه‌دان له‌کاروبارى یه‌کترو بوونى ھه‌رێم وه‌ک به‌شێک له‌چاره‌سه‌ر، نه‌ک ته‌ره‌ف له‌کێشه .
ئاراس وه‌لى، ئه‌ندامى جڤاتى نیشتمانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت "ئه‌م خوله‌ى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم، کاک نێچیرڤان بارزانى و هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ى له‌سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم ته‌واجودیان هه‌یه ده‌توانن رۆڵ ببینن له‌په‌یوه‌ندییه سیاسییه‌کان و په‌یوه‌ندییه دبلۆماتییه‌کان له‌ناوخۆو له‌سه‌ر ئاستى عێراق و ناوچه‌که".
ئاراس وه‌لى پێشیوابوو، ده‌ستوور گرنگه بۆ جیاکردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌کان له‌یه‌کترى تائه‌وانه‌ى له‌سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمدان رۆڵى زیاتریان هه‌بێت بۆ هه‌ر ئاڵانگارییه‌ک که روو له‌هه‌رێمى کوردستان ده‌کات.
لەماوەی رابردوودا نێچیرڤان بارزانى ھەوڵیداوە دەرکەوێت وەکو خاوەن بیرێکى کراوه لەبارەی (ئابوورى، کایه‌ى کۆمه‌ڵایه‌تیى، ژیانى مه‌ده‌نیى، جێنده‌ریى)، لایەنگرانیش پێیانوایە کە به‌رھه‌م و لێکه‌وته‌کانیى، به‌ژێرخان و سه‌رخانى ھه‌رێم به‌گشتى و پارێزگاکانى ھه‌ولێرو دھۆک به‌تایبه‌تى، دیارن .
ھەروەھا پێیوایە کەخاوه‌نى چه‌مکى (چاره‌سه‌رى ریشه‌یى)ه له‌نێوان ھه‌رێم و به‌غدادا که‌چوارچێوه‌که‌ى ده‌ستورى عێراق بێ بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ى کێشه‌کانى ھه‌ولێر ـ به‌غدا، له‌گه‌ڵ میکانیزمى باوى (ده‌ستى ده‌ستى)و سپاردنى کێشه‌کان به‌فاکته‌رى ( زه‌مه‌ن) نیه .
ئه‌وه‌ى له‌ماوه‌ى ساڵێک و پێنج مانگی سه‌رۆکایه‌تى بۆ هه‌رێم، وه‌ک به‌رهه‌م و لێکه‌وته بیر‌و ئاڕاسته‌ى نێچیرڤان بارزانى ئه‌بینرێ، درێژکراوەی کارەکانین لەکابینەی پیشوودا کەبریتین لەوەی کەهه‌وڵه‌کانى نێچیرڤان بارزانى لە رابردوودا هه‌رێمى له‌گۆشه‌گیرى رزگارکردو جارێکى تر جێگه‌و پێگه‌ى هه‌رێمى بۆ نێو مه‌حفه‌لى نێوده‌وڵه‌تى گه‌ڕانده‌وه .
ھەروەھا جوڵه‌کانى نێچیرڤان بارزانى له‌مامه‌ڵه‌کرنى له‌گه‌ڵ به‌غدا، هه‌رێمى کوردستانى له‌مه‌ترسى هه‌ڕه‌شه‌کانى له‌باربردن دوورخسته‌وه، کاتێک بۆ ماوه‌یه‌ک چه‌مکى (شیمال) هاته نێو ئه‌ده‌بیاتى سیاسى و میدیاى عێراق، ئه‌و توانى ده‌سته‌واژه‌ى (هه‌رێم) بۆ قه‌واره‌ى کوردستانى عێراق بگه‌ڕێنێته‌وه.
ھەندێک لەچاودیرانی سیاسی پێیانوایە کە واقیعییانه سیاسه‌ت ده‌کا، واقیعییانه له‌دیوى ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ى رووداوه‌کان ورد ده‌بێته‌وه، دۆخه ناوخۆیى و ئیقلیمى و ناوخۆییه‌کانیش واقیعییانه هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت، هه‌ر ئه‌وه‌ش ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ى لا دروست کردووه که‌هه‌رێمى کوردستان و ده‌وڵه‌تى فیدڕاڵى عیراق، ده‌کرێ سه‌رچاوه‌ى به‌هێزبوونه‌وه‌ى یه‌کترى بن، نه‌ک یه‌کتر بڕین، رێککه‌وتننامه‌که‌ى هه‌ولێرو به‌غداد له‌سه‌ر شنگال، جددیه‌ت و کۆنکرێتى دانوساندنه‌کان له‌سه‌ر بودجه، میکانیزمى هاوبه‌ش بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆر‌و هه‌ماهه‌نگییه سه‌ربازیى و ئه‌منیه‌کان، وه‌ک به‌رهه‌مى ئه‌و قۆناغه تازه‌یه‌ى په‌یوه‌ندیه‌کانى هه‌ردوولا ته‌ماشا ده‌کرێت که نێچیرڤان بارزانى داڕێژه‌ریه‌تى .
زیره‌ک که‌مال، چاودێرى سیاسى له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت "ده‌مێکه له نێچیرڤان بارزانىەوە نزیکم، بڕواى به‌پێکه‌وه‌ژیانی حزب و لایه‌نه سیاسییه‌کان هه‌یه که پێیوایە به‌جیاوازییه‌کانیانه‌وه ده‌توانن له‌چوارچێوه‌ى دیالۆگ و لێکتێگه‌شتن جیاوازییه‌کان یه‌کلایی بکه‌نه‌وه".
باسى له‌وه‌کرد لە کوردستان ئەگەرچی چاره‌نووسى سیاسى له‌ده‌ست پارتى و یه‌کێتیدایه‌و به‌ته‌نها یه‌ک کاراکته‌رى سیاسى و یه‌ک سه‌رکرده به‌ڕێوه‌ى نابه‌ن بەڵام نێچیرڤان بارزانی لەچەندین وێسیتگه‌ى ئاڵۆزدا که خه‌ریک بووه پێکدادان رووبدات، ده‌ستپێشخه‌رى کردووه‌و هه‌ردوولای له‌سه‌ر مێزى گفتوگۆ کۆکردووەته‌وه".
نێچیرڤان بارزانیه له‌گه‌رمه‌ى ناکۆکییه سیاسى و ناوخۆییه‌کانى هه‌رێمدا، یه‌کڕیزیى و یه‌کهه‌ڵوێستیى کوردستانى له‌به‌غداد پاراست و هاوپه‌یمانیى فراکسیۆنه کوردستانیه‌کان له‌ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق پێکهێنا .
له‌ناکۆکى نێوان لایه‌نە سیاسییه‌کانیشدا، به‌یه‌ک مه‌سافه له‌گەڵ هه‌مووان راوه‌ستاوه، به‌وه‌ش متمانه‌ى هه‌موانى به‌ده‌ستهێناوه، ھه‌مووان وه‌ک سه‌نته‌ر ئه‌یبینن نه‌ک ته‌ڕه‌ف، بەدانایی نه‌ک دوژمنکاری .
ھەروەھا له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆیى، ھه‌رێمى کوردستانى له‌ترازانى لایه‌نه ناکۆکه‌کان (به‌تایبه‌تى پارتى و یه‌کێتى) پاراستووه‌و ھه‌میشه به‌ئاراسته‌ى سازانیان، ھه‌وڵیداوه‌و ئه‌دا .
دامه‌زراوەى سه‌رۆکایه‌تیى ھه‌رێم، وه‌ک ھه‌ردوو سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ى تر، له‌سه‌ر بنه‌ماى موحاسه‌سه‌ى حزبى پێکھێنراوه، به‌ڵام به‌وجوودى نێچیرڤان بارزانى، جگه له‌وه‌ى یه‌کگرتووترین و مونسه‌جمترین دامه‌زراوه‌ى باڵایه، ھاوکات چه‌قى به‌یه‌کگه‌یشتن و چه‌ترى کۆکه‌ره‌وه‌ى ھه‌مووانه به‌بێ جیاوازیى حزبى، بیروباوه‌ڕیى، جوگرافیى، نه‌ته‌وه‌یى، ئاینیى.
ھەروەھا لایەنگرانی پییانوایە کە له‌م تێکڕژان و کێشمه‌کێشمه سیاسیى و سه‌ربازییه‌ى که لەناوچه‌که‌دا ھه‌یه، ھه‌رێمى کوردستانى له‌سه‌نگه‌ربه‌ندیى و چوونه به‌ره‌یه‌ک له‌دژى ئه‌وى تر، دوور راگرتووه، بۆیە وەکو سه‌رۆکێکى ھاوسه‌نگى ناو ھاوکێشه ئاڵۆزه‌کانى ناوچه‌که دەیبینن .
لەگەڵ ئەوەشدا نێچیرڤان بارزانى به‌رده‌وام له‌سه‌ر سیاسه‌تى په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و تورکیا ره‌خنه‌ى لێده‌گیرێت که نه‌یتوانیوه سه‌رکه‌وتوو بێت.
زیره‌ک که‌مال له‌باره‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌رێم و تورکیا‌و رۆڵى نێچیرڤان بارزانى وتى "ئێران و تورکیا دراوسێمانن ده‌کرێت مه‌ترسى بن له‌سه‌رمان، ده‌کرێت پابه‌ندى ئاستى دراوسێیەتى بن ئه‌و سیاده قانونه‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان دایناوه، به‌ڵام تورکیا وڵاتێکى به‌هێزه‌و گوێ به‌سه‌رۆکى هه‌رێم و هه‌رێمى کوردستان نادات".
زیره‌ک که‌مال پێشیوابوو تورکیا له‌ڕێگه‌ى هێزه‌وه له‌قوبرس، له‌سوریاو لیبیا، له‌لوبنان و یه‌مه‌ن و ئازه‌رباینجان ئاماده‌یى هه‌یه، به‌ڵام هه‌رکاتێک سه‌رۆکى هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى تورکیا کۆبووبێته‌وه داواى لێکردوون که به‌پێى یاساى نێوده‌وڵه‌تى مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستاندا بکه‌ن.
"ئێران و تورکیا دوو وڵاتى دراوسێمانن، به‌ڵام دیموکراتییانه مامه‌ڵه ناکه‌ن، خاوه‌ن هێزن و به‌مه‌نتقى هێز بیرده‌که‌نه‌وه، ره‌نگه بیرکردنه‌وه‌ى ئێمه به مه‌نتقى هێز پێیان ناوێرین، لەپاراستنى قه‌واره‌ى هه‌رێمى کوردستان"، زیره‌ک که‌مال وا ده‌ڵێت.
وتیشی "نێچیرڤان بارزانى نایه‌وێت بچوکترین پێکدادان له‌نێوان په‌که‌که‌و تورکیادا هه‌بێت و به‌رده‌وام له‌ئه‌نقه‌ره‌و له‌ئەسته‌نبوڵیش ته‌کیدى کردووه‌ته‌وه به‌ڕێگه‌ى ئاشتى کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکرێت نه‌ک به‌ڕێگاى هێز".
پێشیوابوو که دواى ریفدراندۆم کێشه‌و گرفته‌کان روویان له‌هه‌رێمى کوردستان کردووه‌و نێچیرڤان بارزانى قه‌واره‌ى هه‌رێمى کوردستانى پاراستووه.
وتى "دواى ریفراندۆم کێشەکان گه‌یشته سنورى سڕینه‌وه‌ى قه‌واره‌ى هه‌رێمى کوردستان، ئه‌مه به‌رنامه‌یه‌کى ترسناک بوو، نێچیرڤان بارزانى یارییه‌کى دبلۆماسیانه‌ى زیره‌کى کرد له‌په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ وڵاتانى هه‌رێمی و وڵاتانى ئه‌وروپى و فه‌ره‌نسا، چه‌ند جارێک له‌وکاته‌دا بینیم بە جەستە زۆر هیلاک و ماندوو بوو ، بەڵام له‌ناخه‌وه بە ئیراده بوو، وره‌ى بەرزو باش بوو".