هەندێک لەمردووانى کۆرۆنا گۆڕه‌کانیان دەگوێزرێنەوە بۆ گۆڕستانەکانی تر

4 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حهسهن

 

کهسوکارى مردووانى کۆرۆنا گۆڕهکانیان ههڵدهدهنهوهو مردوهکانیان دهبهنهوه گۆڕستانى ئاسایى. ئەگەرچی مۆڵەتیان وەرگرتووە لە ئیدارەی پارێزگای سلێمانی بەڵام تەندروستی هەرێم بە کارێکی نایاسایی دەزانێت و داوای سزادانیان دەکات.

دوو لەو کەسانەی کە گۆڕەکانیان هەڵدراونەتەوە یەکێکیان مەلا رەشید مەلای مزگەوتی مەحوی بوو لەسلێمانی کە یەکەم کەس بوو لەسەرەتای مانگی ئازاردا بەکۆرۆنا گیانی لەدەستدا، هەروەها گۆڕى هونهرمهند عهتا چاوشین لهلایهن کهسوکاریانهوه.

تائێستا لهههرێمى کوردستاندا زیاتر لە (62) ههزار توشبووى کۆرۆنا دهستنیشانکراون، (37) ههزار و (119) توشبوویان چاکبوونهتهوهو دوو ههزارو (161) توشبووش گیانیان لهدهستداوه.

 مردووەکان پێشتر لەلایەن  لیژنەیەکەوە لەگۆڕسانێکی تایبەت بە کۆرۆنا نێژراون، بەڵام دواتر لەلایەن پارێگاری سلێمانیەوە رەزامەندییان پێدراوە تەرمەکانیان بگوێزنەوە دوای ئەوە کەسوکاریان داوایان کردووە.

ههڤاڵ ئهبوبهکر پارێزگارى سلێمانى، لهلێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى وت «ئێمه دواى راوێژکردنمان به بهڕێوهبهرێتى تهندروستى سلێمانى، دواى (90) رۆژ لهناشتنى کهکهسوکارهکهى بیانهوێت بیبهنهوه زێدى خۆیان دهتوانن گۆڕهکهى ههڵبدهنهوهو بیگوازنهوه«.

وتیشی «ههڵدانهوهى گۆڕهکان دهبێت رهزامهندى بۆ وهربگیرێت لهههموو لایهنه پهیوهندیدارهکان، دواتر کهسوکارهکهى دهتوانن ئاسایى گۆڕهکه بگوازنهوه«.

ههر لهسهرهتاى بڵاوبوونهوهى ڤایرۆسى کۆرۆنا لهههرێمى کوردستان و تۆمارکردنى یهکهم حاڵهتى گیانلهدهستدان بهڤایرۆسهکه لهشارى سلێمانى، شوێنى تایبهت تهرخانکرا بۆ ناشتنى ئهو کهسانهى بهکۆرۆنا دهمرن. تەرمەکان لهلایهن لیژنهیى تهندروستى و شارهوانییهوه بهشێوازى تایبەت دەنێژرێن.

عهبدوڵڵا ئهحمهد، جێگرى بهڕێوهبهرى تهندروستى سلێمانى بۆ کاروبارى کارگێڕى، لهلێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى وت «ههر لهسهرهتاوه لیژنهى تایبهتمان پێکهێناوهو لهو رێگهیهوه تهرمهکان دهنێژران بۆ ئهوهى خهڵک و کهسوکارى دووربن له توشبوون بهڤایرۆسهکه لهژێر رێنمایى تهندروستیدا بهڕێوهبچێت».

جێگرى بهڕێوهبهرى تهندروستى سلێمانى، وتیشى «ئهوهى ئێمه تائێستا رێگهمان پێداون تهنیا سێ کهس بوون که لهسهرهتاشدا داوایان دهکرد تهرمهکهیان بدهینهوهو لهژێر رێنماییه تهندروستیهکان و بهمۆڵهتى پارێزگار گۆڕهکانیان ههڵداوهتهوه«.

عهبدوڵڵا ئهحمهد ئههوشى روونکردهوه «ههر هاووڵاتیهک بیهوێت و داوابکات دهتوانێت ئاگادارمان بکاتهوهو دواى تێپهڕبوونى (90) رۆژ بهسهر ناشتنى مردووهکهدا دهتوانێت گۆڕهکهى بگۆڕێت».

ئهم بهرپرسى تهندروستییه ئاماژهى بۆ ئهوەشکرد لهمهودوا ههر توشبوویهکى کۆرۆنا گیانى سپارد دهدرێتهوە بهکهسوکارى و لهژێر چاودێریى رێنماییه تهندروستییهکاندا دەنێژرێت.

تائێستا تهنیا لهپارێزگارى سلێمانى زیاتر له (400) کهس بهکۆرۆنا مردوون و لهگۆڕستانێکى تایبهت نیژراون، کهسوکارى (3) کهس لهو مردووانه گۆڕهکانیان گواستونهتهوه.

ئاسۆ حهوێزى، وتهبێژى تهندروستى ههرێم، لهلێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى وت «کهسانێک لهملاولا ئهو کارهدهکهن لهبهرچاوى ههموو کهسى دیکه،  ئهوه ناکرێت و یاسایى و تهندروستى نیهو لهلایهن وهزارهتهوه رێگهپێدراو نیه«.

وتیشی «ئیستاش لهههموو ههرێمدا بهگشتى لهڕێگهى تیمى تهندروستییهوه مردووانى کۆرۆنا دهنیژرێن و ههروهک پێشتر رێکارهکان بهردهوامهو هیچ شتێک نهگۆڕدراوه«.

ئاسۆ حهوێزى جهختى لهوهشکردهوه «بههیچ شێوهیهک رێگهپێدراو نیهو حاڵهتى زۆر زۆر کهم ههیه، که بهدهرن له رێنماییهکان و گۆڕى مردووهکان ههڵدهدنهوهو دهیکهنه ههرا لهناو کۆمهڵگهدا کهئهوه حاڵهتێکى زۆر کهمن، پێویسته رێگرییان لێبکرێت».

ههروهها وتیشى «پێویسته ئیداره سهربهخۆکان لێپێچینهوه بکهن، بهرپرسانى تهندروستى و ئیدارى  پارێزگاکان دهبێت ئیجرائاتهکان بکهن».

«ههڵدانهوهى گۆڕ بهبێ هیچ هۆکارێک کارێکى جوان نیه و  باش نیه، بهڵام لهڕووى شهرعهوه دروسته، بهمهرجێک به رێکارى گونجاو بکرێت و لهڕێزو شکۆى مردووهکه کهمنهکرێتهوهو سوکایهتى پێنهکرێت»، مامۆستا محهمهد ئێنهیى، ئهندامى باڵاى لیژنهى فتوا، لهلێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى وای وت.

ئهندامهکهى لیژنهى باڵاى فتوا ئاماژهى بۆ ئهوهشکرد «لهدوو رێگادا ئاساییه مردوو دهربهێنرێتهوه، یهکهم ئهو موڵکهى مردووهکهى لێنێژراوه، موڵکى کهسێکى دیکه بێت، یاخود واریسهکانى شوێنى تایبهتى خۆیان ههبێت بۆ ناشتنى مردووهکه و بیانهوێت بیگوازنهوه«.

وتیشى «بهڵام باشترین رێگا ئهوهیه، مردووهکه گۆڕهکهى نهگۆڕدرێت، وهک رێزگرتنێک لهمردووهکه«.

مامۆستا محهمهد ئێنهیى، ئهوهشى روونکردهوه، «بۆ ئهو کاته گۆڕستانهکهیان جیاکردهوهو بۆ ئێستا رێگا دهدهن، بۆیه پێویسته حکومهت یان رێگه نهدات بهدهرهێنانهوهى مردووهکان، یان که رێگهى دا بۆچى گۆڕستانى جیاکردهوه«.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار