کێشەکانی ئێمەیان تەواو کرد، سەرەی شەنگال هات!
4 ساڵ لەمەوپێش
سوارە محەمەد
نزیکەى (٣٥٠٠) ساڵ پێش زایین، یانی (٥٥٠٠) ساڵ لەوەپێش، لەسەر خاکی عێراق یەکەمین دەوڵەت بە ناوی ئوروق-ەوە دامەزرا. دواتر دەوڵەتۆکەی جیاجیاش پەیدابوون. دوای ئەوەش لەمێژووی مرۆڤایەتیدا یەکەمین دەوڵەتى ناوەندی بەناوی ئەکەدییەکان هەر لەسەر خاکی عێراق دامەزرا. دوای ئەوەش لەمێژووی مرۆڤایەتیدا یەکەمین ئیمپراتۆری کە ناوەندەکەى لەعێراقدا بوو بەناوی بابل-ەوە دروستکرا، بەڵام سنووری ئەو دەوڵەتە نوێیە تەنها عێراق نەبوو، ئەو دەوڵەتە ناوچەیەکی بەرفراوانی خستبووە ژێر کۆنترۆڵی خۆی. ئیدی کاتی ئیمپراتۆرییەکان هاتبوو. لە رۆژگاری ئەمڕۆشماندا ئیمپراتۆریی جیهانی بەناوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەیە. ئیدی ئێستا پلان و ئامانجی ئەوە هەیە، کە لەدەرەوەی زاڵبوون بەسەر جیهاندا دەسەڵاتکردن بەسەر ئاسمانەکانیشدا بەدەست بهێنرێت.
بەڵام سەرباری ئەوەش هەر مرۆڤایەتی لەناو قەیران، ئاڵۆزی و شەڕدایە. مرۆڤ دەتوانێت بەئاسانی بڵێت، کێشەکانی مرۆڤایەتی کەمیان نەکردووە، بەپێچەوانەوە زیاتر قوڵتر بوون. بەهەرحاڵ خوداوەند مرۆڤی بۆ ئەوە دروستنەکردووە، کە هەموو کات شەڕ بکەن، رەگ و ریشەى یەکتر دەربهێنن و ئازار بکێشن. باشە، کێشەکە چییە، بۆ ئەو هەموو کێشە، ئاڵۆزی، کوشتن و ئازار....؟ دەبێت شتێکی هەڵە هەبێت، کە ئەوەندە شتی خراپ روودەدەن و ئازادی، یەکسانی و ئارامی بەدی نایەت.
ئەوەیە، هۆکاری ئەوە هەژمونگەرایی و باڵادەستییە. هەموو دەسەڵاتداران هەموو کات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان تەنها لە یەک شت تێدەگەن، ئەویش بەهێزکردنی یەکدەستبوون و هەژمونگەراییە. ئەوە هۆکاری هەموو کێشەکان و ناچارەسەرییەکانە. تاوەکو ئەو نزیکایەتییە هەبێت ئەو کێشانەش هەر دەبن و ئەستەمە هەوڵەکانیش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەچوارچێوەی بەهێزکردنی هەژمونگەرایدا سەرکەوتو بێت. هەر خۆی دۆخی ئێستا ئەو حەقیقەتەی بە ئەندازەی پێویست بۆ ئێمە سەلماندووە.
چەند رۆژ لەوە پێش، حکومەتی ناوەندیی عێراق و پارتی رێککەوتنێکیان واژۆ کرد بۆ ئەوەى بەسەر شەنگالدا ببنە باڵادەست. بەڵام کاتێک رێککەوتنەکەیان واژۆکرد، هەرگیزاو هەرگیز نەیانوت، باشە شەنگالییەکان بیر لەچی دەکەنەوە و چییان دەوێت؟ بەو نزیکایەتییە یەکلایەنەیە بەرامبەر بەژیانی ئیزدییەکان بڕیاریان دەرکرد. ئەو شتە، کە ئێمە لەسەرەوە باسمانکرد، رێک ئەمەیە. هەندێک بەبێ ئەوەى کۆمەڵگە رێگا بدات، یان پرسیان بەکۆمەڵگە کردبێت، کاتێک بڕیار لەسەر کۆمەڵگە دەدەن لەسەر بنەمای سەپاندنی یەکدەستکردنەکەی خۆیان بەسەر کۆمەڵگەدا ئەو بڕیارە دەدەن و ئەوەش کێشەى لێدەکەوێتەوە. هەر خۆی ئێستا لەلایەن کۆمەڵگەى ئێزدییەوە ناڕەزایەتیی توند لەدژی ئەو هەوڵە هەژمونگەرایانە سەریهەڵداوە. وا دیارە ئەو رێککەوتنە یەکلایەنەیە کێشەی گەورە بەدوای خۆیدا بهێنێت.
ئەوەى روویداوە شتێکی نوێ نییە، رێبازی لەبەرکراوی هەموو دەسەڵاتدارەکانە. هەر لەبەر بەکارهێنانی ئەو رێبازە هیچ چارەسەرییەک بە دوای خۆیدا ناهێنێت و ئەو رێککەوتنەش چارەسەریی لێناکەوێتەوە. دەبێت شتێکی نوێ تاقی بکرێتەوە. هەر خۆی ئەوەى ئێستا لە شەنگال و رۆژئاوای کوردستان تاقی دەکرێتەوە شتی جیاوازن.
دەبێت هەموو هەوڵەکان بۆ چارەسەری بەپێی زمانی هەبوون بن، ئەگەر نا سەرکەوتن چاوەڕوانکراو نابێت. کۆمەڵگەش هەبوونێکەو وەکو هەموو هەبوونەکان یەکێتیی رەنگینی و دەوڵەمەندییەو لەچوارچێوەی رۆح و جەستەدا پێکدێت. یانی هەبوون هەم رۆحە و هەمیش جەستەیە. رۆحی کۆمەڵگەش یەکتر تەواوکردنە، پێکەوە ژیانەو کۆبوونەوەیە بەدەوری یەکتردا. لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا بەوە دەڵێن ‹نەتەوەی دیموکراتیک›. لەو تێگەیشتنەدا بنەما چین نییە، زایەند نییە، رەنگ نییە، ئیتنیسیتە نییەو لە یەک رەچەڵکبوونەوە نییە. خاڵی بنەڕەتی هاوبەشیکردنی عەقڵییەت و هۆشمەندیی کۆمیناڵ و بەکۆمەڵبوونە و ئەوەش بەپێی سروشتی کۆمەڵگە هەبوونە. ئەوە بەمانای رۆحە. بۆ ئەوەى ئەو رۆحە ببێت بە شتێک، یانی بۆ ئەوەى ئەو رۆحە دەربکەوێت، پێویستیی بەجەستەیەک هەیە. بۆ ئەوەش کۆمەڵگەیەک کە رۆحەکەى نەتەوەی دیموکراتیک بێت، دەبێت جەستەکەشی بەپێی ئەو رۆحە بێت. بەوەش دەوترێت «خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک».
هەموو رۆحێک ناچارە بەپێی جەوهەری خۆی بۆ خۆی جەستەیەک بدۆزێتەوە. ئەگەر جەستە بەپێی رۆح نەبێت، ئەوا ئەستەمە رۆحەکە بەئامانجەکەى خۆی بگات. بۆ نمونە ئامانجی ئازادی تەنها دەتوانرێت لەو رێگایانەوە بەدی بێت، کە بەئەندازەی ئازادی پاک بن. لەبەرئەوەش بەئامڕازو کەرەستەکانی دەسەڵاتداران ئامانجەکانی کۆمەڵگە بەدەستناهێنرێن. دیسانەوە کاتێک ئەوانەى بەناوی بەها دیموکراتیک و کۆمیناڵەکانەوە دەجوڵێنەوە، بەڵام هەوڵ دەدەن لەگەڵ دەوڵەت یان بەشێواز و رێبازی دەسەڵاتداران بە ئامانجەکانیان بگەن، ئەوە بنکەوتنە. رۆحی ئەوان بەپێی جەوهەری خۆیان جەستەیەکیان بۆ خۆیان نەدۆزیتەوە. بۆیە خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک هەوڵەکە بۆ ئەوە، کە جەستەکە بەپێی رۆحەکە بونیات بنرێت. یانی نەتەوەی دیموکراتیک دەبێتە رۆح و خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکیش دەبێتە جەستە. لێرەدا جەستە ناچارە بەپێی رۆح بێت. رۆح (نەتەوەی دیموکراتیک) دەڵێت، من هاوبەشیکردنی عەقڵییەت و هۆشمەندیی هاوبەشم، کە پشبەستووە بەسروشتی کۆمەڵگەکەم، یانی من فرە رەنگم. بۆ ئەوەش دەبێت هەموو ئەو کەسانەى عەقڵییەت و هۆشمەندیی کۆمیناڵیان بۆ خۆیان کردووەتە بنەما، بەشێوەیەکی ئازاد لەناو خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکدا خۆیان دەردەبڕن و دەردەخەن. بەو شێوەیە خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک تەنها پشتبەستوو نییە بە یەک شت، بەڵکو پشتبەستووە بەهەموو کەس و هەموو بەش و پێکهاتەکان و بەپێی سروشتی کۆمەڵگەى دەجوڵێتەوە. لێرەدا خاڵی بنەڕەتی هاوبەشیکردنی ژیانی دیموکراتیک و کۆمیناڵە.
لەسەر ئەو بنەمایانە لەناو سیستمی خۆبەرێوەبەریی دیموکراتیکدا ئایینی جیاجیا، ئایدۆلۆژیای جیاجیا، ئیتنیستە و پێکهاتەی جیاجیا، کەمەنەتەوە و کەمە ئایینی جیاجیا، لەپێش هەمووشیانەوە ژنان و گەنجان و هەموو بەش و پێکهاتەکانی کۆمەڵگەو کەسە ئازادەکان و بەکورتی هەموو رەنگ و دەنگە جیاجیاکان بە هەموو شێوەیەک و لەهەموو روویەکەوە دەتوانن خۆیان بە رێکخستن بکەن و خۆیان دەرببڕن.
باشە ئەگەر سیستمی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک بەو شێوەیە بێت، یانی تا دوایی خودی کۆمەڵگە بێت، ئەوەى بەڕێوەى دەبات کۆمەڵگە بۆ خۆی بێت، لەسەر هیچ بەش و پێکهاتەیەکی کۆمەڵگە گوشار نەبێت، ئەی لەو کاتەدا بۆ مافی چەسپاندن و ژیان بەو سیستمە نادرێت؟ وادیارە، ئەوانەى لەدژ دەوەستنەوە کەسانێکن، کە نیازیان خراپە.
ئەوانەى ناتوانن لەناوخۆیاندا یەکسانی، ئازادی و ئارامی بونیات بنێن، دابەشکراوو پەرتکراوو دەسەڵاتدارن، باشە جگە لەو شتانە چی بەشەنگال دەدەن؟
ئاشکرایە ئەو هەوڵە، هەوڵێکە بۆ دروستکردنی کێشە، هەوڵێکی دەسەڵاتداران و زۆردارانە.
ئاشکرایە، سروشتی کۆمەڵگە، کە ئازادی، یەکسانی و دادپەروەریی لە هەناوی خۆیدا حەواندووەتەوە، لەدژی ئەو ناهەقییە بەرەنگاری دەکات...
دەبێت ئێمە هەموومان دەست بخەینە سەر ویژدانی خۆمان، کە ئەوان کام یەک لەکێشەکانی ئێمەیان چارەسەر کردووە، ئەوسا لەدوای ئەو هەموو ماڵوێرانییە، چۆن دەتوانن کێشەکانی شەنگال چارەسەر بکەن؟