بەھۆی کۆرۆناوە 26 ملیۆن کەس لــەئەمــریکا پێشـــوەختە دەنگیان داوە

ئەو زیانانەى کۆرۆنا بەئەمریکای گەیاندووە نزیکە لەو پارەیەی کە لەشەڕی عێراق و ئەفغانستان خەرجی کردووە

4 ساڵ لەمەوپێش



 

 

هاوڵاتى

 

نزیکەی (26) ملیۆن کەس لەئەمریکا پێشوەختە دەنگیان داوە بەھۆی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، کە یاسا رێگەیان پێدەدات (45) رۆژ پێش دەستپێکردنی دەنگدانی فەرمی لەھەندێ ویلایەت دەنگدانی پێشوەختە ئەنجامبدرێت.

رۆژی (18)ی ئەیلول لەویلایەتی ڤێرجینیای ئەمریکا لەچوارچێوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتەدا، دەنگدانی پێشوەخت دەستیپێکرد. خەڵکی ویلایەتەکە لەڕێگەی پۆستە یان سەردانی راستەوخۆ بەشدارییان کرد لەبنکەکانی دەنگدان، بۆئەوەی دەنگ بۆ کاندیدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بدەن.

بەگوێرەی رێساکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لەئەمریکا، (45) رۆژ پێش دەستپێکردنی رۆژی دیاریکراوی هەڵبژاردن، دەتوانرێت لەهەندێک ویلایەت و لەهەندێک رۆژی جیاوازدا دەنگدانی پێشوەختە بەڕێوەبچێت. تاوەکو چوار رۆژ پێش هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، لەو ماوەیەشدا نزیکەی (20) ویلایەت رێگەیان پێدراوە دەنگدانی پێشوەخت بەڕێوەببەن و تائێستا گەیشتۆتە نزیکەی (26) ملیۆن دەنگدەر.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و جۆ بایدنی رکابەرە دیموکراتەکەی دەیانەوێت کاریگەری لەسەر بەشداربووانی دەنگدانی پێشوەختە دروستبکەن لەڕێی چڕکردنەوەی هەڵمەتەکانی بانگەشەدا بەر لەئەنجامدانی دوایین دیبەیتی نێوانیان کە بڕیارە پێنجشەممەی داهاتوو بەڕێوەبچێت.

بڕیارە ترەمپ رۆژانە بەشداری لەهەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا بکات تاوادەی مێزگردەکە کە لەفلۆریدا ئەنجامدەدرێت، لەو ماوەیەشدا دەچێتە ئەریزۆنا و نۆرس کارۆلاینا، وەک ئەوەی تیم میرتۆ، وتەبێژ بەناوی هەڵمەتەکەی ئاشکرایکردووە.

بایدنیش سەرەتا روو لە نۆرس کارۆلاینا دەکات کە تائێستا (1.2) ملیۆن دەنگدەر بەشدارییان لە دەنگدانی پیشوەختەدا کردووە لەو ویلایەتەد،  تائێستا نزیکەی (26) ملیۆن کەس لەسەرتاسەری ئەمریکادا بەشدارییان لەدەنگدانی پێشوەختەدا کردووە.

هۆکاری ئەوەی ئەو ژمارەیە لەهاووڵاتییان بەشدارییان لە دەنگدانی پێشوەختدا کردووە دەگەڕێتەوە بۆ ترسیان لەدۆخی تەندروستی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە تائێستا بووەتە هۆی مردنی زیاتر لە (220) هەزار ئەمریکی و توشبوونی زیتر لە (8.1) ملیۆنی دیکە.

دیموکراتەکان بەشێوەیەکی بەرچاو لەدەنگدانی پێشوەختە لەڕێی پۆستەوە لەپێشەوەن، لەکاتێکدا ئامارەکان نیشانیدەدەن کە (5.8) ملیۆن دیموکراتی لەکۆی (10.6) ملیۆن دەنگدەریان لەڕێی پۆستەوە بەشدارییان کردووە.

زۆرێک وایدادەنێن براوە لەکێبڕکێی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کاتێک دیاری دەکرێت، هەر کە کاندیدی دۆڕاو وتاری شکستهێنان پێشکەش دەکات، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە بەفەرمی راگەیاندنی براوەی سەرۆکایەتی پرۆسەیەکە چەند مانگێک دەخایەنێت و هەتا مانگی یەک تەواو نابێت.

هەڵبژاردنەکانی رۆژی٣ی مانگی یانزەی داهاتوو لەویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (٥٩)ەمین هەڵبژراندی سەرۆکایەتییە لەئەمریکا. ترەمپ یا بایدن، هەر یەکێکیان براوەی هەڵبژاردنەکان بن، دەبنە بە تەمنترین سەرۆک لەمێژووی ئەمریکا، بایدن (٧٨) ساڵە، ترەمپ-یش بەتەواوکردنی خولی دووەم دەبێتە (٧٨) ساڵ. هەردووکیان لە رۆنالد ریگانی (٧٧) ساڵانە بەتەمەنتر دەبن.

ئەم هەڵبژاردنە، تەنها هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی نییە، بەڵکو بۆ (٣٥) ئەندامی سینات- ئەنجومەنی پیران، (١١) حاکمی ویلایەتەکان و (٤٣٥) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانە.

هەروەها لەکۆی (٩٩) ئەنجومەنی یاسادانان- نوێنەران و سینات لەسەرئاستی ویلایەتەکان (٨٦) دانەیان هەڵدەبژێردرێنەوە، کە کۆی هەمووی دەکاتە پێنج هەزارو(٨٧٦) کورسی. هەروەها (٨٢) ئەندامی دادگای باڵا لە (٣٤) ویلایەت هەڵدەبژێردرێن، لەگەڵ (١٢٠) پڕۆژەی یاسایی لە (٣٢) ویلایەتدا دەخرێتە دەنگدانەوە، لەهەموو بوارێکدا، هەر لەبیمەی تەندروستیەوە تاماددە هۆشبەرەکان، هەروەها بوارەکانی باج، ماف و یاساکانی بواری هەڵبژاردن، پەروەردەو ماف و ئازادییە مەدەنی  و سیاسییەکان .

دیموکراتەکان دەیانەوێ کۆنتڕۆڵی، سینات ( ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا) بکەن، بە بەدەستهێنانی تەنها چوار کورسی تر بۆ ئەوەی ژمارەی کورسییەکانیان ببێت بە (٥١) کورسی، لە ڕووی مێژووییەوە  لەئەمریکا روودانی ئەمە زەحمەتە، چونکە چوارساڵە  ئەمە رووینەداوەو هەروەها کۆمارییەکان زۆربەی کات سەرکەوتووبوونە لەکۆنترۆڵکردنی سینات.

پسپۆڕانی هەڵبژاردن پێشبینی دەکەن ئەمساڵ بەهۆی پەتای کۆرۆنا  (کۆڤید 19)ەوە ژمارەیەکی زۆری دەنگدەران ئەوانەی پێشبینی دەکرێن دەنگ لەڕێی پۆستەوە بدەن، بەو هۆیانەوە ژماردنی دەنگەکان ماوەی زیاتری پێبچێت.

لییا مێڕیڤاکی یاریدەدەری پرۆفیسۆر بۆ سیاسەتی ئەمەریکایی لەزانکۆی ستانی میسیسیپی دەڵێت «ئەمانە رێکاری یاسایین و دەبێت پەیڕو بکرێن».

شارەزایەکی بواری ئابووری لەئەمریکا رایگەیاندووە کە پەتای کۆڕۆنا زیانێکی گەورەی ئابووری بەوڵاتەکەیان گەیاندووە.

بەپێی هەواڵێک کە لەماڵپەری (بلۆمبێرگ)ی ئەمریکی بڵاوکراوەتەوە، دێڤید کاتلر کە پێشتر وەزیری گەنجینەی ئەمریکی بووە، رایگەیاندووە کە کۆرۆنا زیانی ئابووری گەورەی بە ئەمریکا گەیاندووەو پێشبینی دەکرێت کۆی گشتی زیانەکان (16) تریلیۆن دۆلار بێت.

ماڵپەرەکە ئاماژەی بەوەداوە، ئەو زیانانەی کە پەتای کۆرۆنا بەئەمریکا گەیاندوویەتی نزیکە لەو بڕە پارەیەی کەئەمریکا لەشەڕی عێراق و ئەفغانستان خەرجیکردووە.

ماڵپەرەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، کە لەچوار مانگی رابردوودا ئابووری ئەمریکا بەڕێژەی 32% داکەوتووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار