رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ترەمپ یان بایدنی دەوێت؟

4 ساڵ لەمەوپێش



کاکەلاو عەبدوڵڵا

لەکاتێکدا نزیکەی هەفتەیەکی ماوە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا، چەندین وڵات بەوریاییەوە تەماشای دۆخەکە دەکەن بەوپێیەی سەرکەوتنی هەر کاندیدێک جیاواز دەبێت، بەتایبەتی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ژمارەیەکی بەرچاوی سەرکردە جیهانییەکان دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەیان بەلاوە گرنگە لەگەڵ ئەوەی سەرکەوتنیان پەیوەستە بەبردنەوە یاخود شکستی دۆناڵد ترەمپەوە.

دەرچوونی هەریەک لە جۆو بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان، یان دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی  کۆمارییەکان، گۆڕانکارییەکی گەورە دروستدەکات، بەتیابەتی بۆ کێشەی لەمێژینەی ئیسرائیل-فەلەستین، ئێران، هەروەها ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

تەنانەت هەندێک وڵاتی عەرەبی چاوەڕێی لێکەوتەکانی هەڵبژاردنەکەن پێش ئەوەی بڕیار بدەن بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل لەمیانی رێککەوتنی ئاشتی بەسەرکردایەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا.

وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

وڵاتە عەرەبییەکانی وەک سعودیە، ئیمارات، عومان زۆرجار بەفەرمی رەزامەندیی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە سیاسەتەکانی دەرەوەی دۆناڵد ترەمپ، بەتایبەتی کاتێک دژایەتی ئێران بووە.

شا سەلمان، پاشای سعودیەو شازادە موحەمەد بن زاید فەرمانڕەوای ئیمارات پاڵپشتیکەرێکی گەورەی ئیدارەی ئۆباما نەبوون کە تێیدا جۆو بایدن جێگری سەرۆک بوو. هەردوو وڵات دەستخۆشییان لەکشانەوەی ئەمریکا کرد لە رێککەوتنی ٢٠١٥ی چەکی ئەتۆمی ئێران و سەپاندنی سزا لەسەر تاران کە ئابوری وڵاتەکەی خستووەتە تەنگەژەیەکی گەورەوە.

هەروەها ترەمپ ڤیتۆی لەسەر بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیراندا کەکۆتایی دەهێنا بە پاڵپشتیکردنی جەنگی یەمەن بەسەرکردایەتی سعودیە و ئیمارات.

بەپێچەوانەوە بایدن بەڵێنی داوە گوێ رابگرێت بۆ داوای کۆنگرێس سەبارەت بەڕاگرتنی پشتگیری ئەمریکا بۆ ریاز و ئەبوزەبی بۆ جەنگی یەمەن.

کرسیتین فۆنتینرۆز، بەڕێوەبەری پێشووی کاروباری کەنداو لەئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لە ئیدارەی ترەمپ، بە رۆژنامەی فاینانشڵ تایمزی راگەیاند، «هەموو وڵاتێک کەسەرکردەکانیان پەیوەندییەکی نزیکی هەبێت لەگەڵ سەرۆکی ئێستا ئەوان خۆیان لە تەنگەژەدا دەبیننەوە ئەگەر بایدن ببێتە سەرۆک».

«پێموایە ئەو وڵاتانەش میسر، رەنگە تورکیا، بەدڵنیاییەوە سعودیە و ئیمارات دەبن»، فۆنتینرۆز وای وت.

تەنانەت ترەمپ بەرگری لەشازادە موحەمەد بن سەلمان کرد لەسەروبەندی کوژرانی جەمال خاشقچی، رۆژنامەنووس و ستوونووسی واشنتن پۆستی ئەمریکی، لەساڵی ٢٠١٨ لەتورکیا لەکاتێکدا ساڵی رابردوو بایدن شانشینی سعودیەی بە شانشینێکی «قێزەون» وەسفکرد و بەڵێنیدا ریاز باجی کوژرانی جەماڵ خاشقچی بدات.

هەرچەندە کۆنگرێس دژی سیاسەتەکانی ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، هەڵوێستی وەرگرتووە سەبارەت بە سیاسەتی ناوخۆ، سیاسەتی دەرەکی، هەروەها هەوڵی پاوانخوازی سەرکردەکەی تورکیا، بەڵام سەرۆکی تورکیا توانیویەتی «پەیوەندییەکی باش»ی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ هەبێت.

ئەمە لای جۆو بایدن بەپێچەوانەوەیە کاتێک لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ نیویۆرک تایمز هێرشی توندی کردەسەر ئەردۆغان.

چاوپێکەوتنەکە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مانگی کانونی یەکەمی ٢٠١٩ و بایدن دەڵێت کە «زۆر نیگەرانە» لە رێبازی ئەردۆغان لەبەرامبەر کوردو هەماهەنگی سەربازیی لەگەڵ روسیا جگە لەوەی پشتگیری خۆی دەردەبڕێت بۆ سەرکردە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا

«ئەوەی من پێموایە دەبێت بیکەین گرتنی رێبازێکی جیاوازە لەبەرامبەر ئەو [ئەردۆغان] تا لای روون بێت ئێمە پاڵپشتی سەرکردایەتی ئۆپۆزسیۆن دەکەین».

بایدن وتیشی دەبێت ئەردۆغان «باجی ئەوانە بدات» و جەختیشی لەوە کردەوە دەبێت واشنتن سەرکردە ئۆپۆزسیۆنەکان بەهێز بکات «تابتوانن رووبەڕووی ئەردۆغان بوەستنەوە و تێکی بشکێنن، نەک لەڕێی کودەتاوە بەڵکو لەڕێی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە».

لەگفتوگۆکەیدا لەگەڵ نیویۆرک تایمز بایدن باس لەوەش دەکات هەڵوێستێکی توندتری دەبوو بەرامبەر سەرۆکی تورکیا سەبارەت بەهێرشکردنە سەر کوردەکان لە سوریا بەپێچەوانەی ترەمپەوە کە رێی بۆ چۆڵکرد.

«ئەگەر من بومایە دوایین شت بمکردبا ملدان بوو بۆ ئەو سەبارەت بەکوردەکان، بەدڵنیاییەوە ئەوە دوایین شت دەبوو».

ئێران

لەچەندین بەیاننامەو چاوپێکەوتندا بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندووە بەلایانەوە گرنگ نییە کێ هەڵبژاردن دەباتەوە.

«دژایەتی ئەمریکا بەرامبەر نەتەوەکەمان لە دێرزەمانەوەیە و هیچ گۆڕانکارییەک روونادات لە سیاسەتی ئاسایی بایدن یان ترەمپ بەسەرۆک هەڵبژێردرێن»، موحەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران مانگی رابردوو ئەمەی وت.

«بەڵام ئەمە پێچەوانەی تێڕوانینێکە لەئێران کە پێیوایە ئەگەر بایدن دەسەڵات بگرێتە دەست هەوڵی ئەوە دەدەت ئەمریکا دووبارە بخاتەوە رێکەوتنی چەکی ئەتۆمی ٢٠١٥ ، لەمەشدا چەند سزایەکی توند هەڵدەگرێت لەسەر ئابوری ئێران»، ئیشان سارور ستوونوسی واشنتن پۆست لەوتارێکیدا وادەڵێت.

بەپێی راپۆرتێکی بلۆۆمبێرگی ئەمریکی، «ئەگەر بایدن سەربکەوێت هەناردەی نەوتی خاوی ئێران دوو ملیۆن بەرمیلی رۆژانە تێدەپەڕینێت».

پێگەی ئۆیڵ ریپۆرت بڵاوی کردەوە کەهەناردەی نەوتی خاوی ئێران بۆ مانگی ئەیلول یەک ملیۆن و (٥٠٠) هەزار بەرمیل بووە کە دوو ئەوەندەی مانگی ئابەو مانگەکانی پێشتریش رێژەکە زۆر کەمتر بووە. لە مانگی ئابی ٢٠١٩ بەهۆی سزا قورسەکانی ئیدارەی ترەمپ هەناردەی نەوتی خاوی ئێران دابەزی بۆ (٤٠٠) هەزار بەرمیلی رۆژانە کە کەمترین ئاست بوو لە مێژووی وڵاتەکەدا.

بایدن چەندین جار رایگەیاندووە ئامادەیە لەگەڵ ئێران دەست بەگفتوگۆ بکات ئەگەر رێز لەبەندەکانی رێککەوتنی ٢٠١٥ بگرێت، ئەمەش کارێکە کەوڵاتە ئەوروپییەکانیش پێشوازی لێدەکەن. بایدن بەڵێنی داوە کە «رێچکەیەکی باوەڕپێکراوی دیبلۆماسی» پێشکەشی ئێران دەکات.

«زۆربەی زۆری خەڵکی ئێران و نوخبەی ئێران پێیان باشە بایدن دەسەڵات بگرێتەدەست، بەڵام هەندێک جیاوازی هەیە»، عەلی ئومێدی، پرۆفیسۆر لەزانستی سیاسەتی لەزانکۆی ئەسفەهان ئەمەی بە ئەتلانتیک کاونسڵ وت.

مەبەست لەجیاوازی، پەبێی وتەی ئومێدی، ئەوەیە کە کۆمەڵیک دەمارگیری نوخبەی ئێرانی هەن کە دەستکەوتی سیاسییان دەبێت لەگرژکردنەوەی کیشەکان لەگەڵ ترەمپ.

بەڵام هەندێک پێیانوایە سەرکەوتنی بایدن نابێتە بەڵگە بۆ ئەوەی کە رێکەوتنێکی سەرتاسەری بکرێت.

سەعید گوڵکار، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لەزانستی سیاسەتی لەزانکۆی تێنەسی لە وتارێکیدا بۆ ئەلجەزیرەی قەتەری باس لەوەدەکات ئەگەری رێکەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران دوورە لەوەی رووبدات بەوپێیەی رەنگە سوپای پاسدارانی ئێران دەسەڵات بگرێتە دەست.

نزیکەی هەشت مانگی دیکە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران بەڕێوەدەچێت، چەندین بۆچوون هەیە کە کەسێکی ناو سوپای پاسداران دەبێت بەسەرۆکی وڵاتەکە.

گوڵکار پێیوایە «سەرکردایەتی سوپای پاسداران بەشێوەیەک لەئەمریکا دەڕوانێت کە ئامانجی ئەوەیە پشێویی ناوخۆیی دروستبکات و رژێمەکەی بڕوخێنێت» لەکاتێکدا کشانەوەی واشنتن لە رێکەوتنی چەکی ئەتۆمی لەساڵی ٢٠١٨ وای لەسەرکردایەتی سوپای پاسدران کردووە کە «بێ هیچ گومانێک» ئەمریکا بە «نەیارێکی متمانەپێنەکراو» ببینن.

«سەرکردەکانی سوپای پاسداران جیاوازییەکی وا نابینن لەنێوان دیموکرات و کۆمارییەکان کاتێک دێتەسەر باسی سیاسەتیان لەمەڕ ئێران. ئەوان پێیانوایە سەرکەوتنی دیموکراتەکان لەهەڵبژاردنەکان نابێت وەک هەلێک ببینرێت بۆ گەڕانەوە بۆ دانوستان، چونکە هەردوو پارتەکە هەمان ئامانجیان هەیە [بەرامبەر ئێران]»، گوڵکار وای نووسیوە.

رێککەوتنی ئاشتی

لە ١٣ی ئابی ٢٠٢٠ ئیمارات بووە یەکەم وڵات کە پەیوەندییەکانی ئاسایی بکاتەوە لەگەڵ ئیسرائیل بەسەرکردایەتی دۆناڵد ترەمپ لەچوارچێوەی «رێککەوتنی ئاشتی» یان «رێککەوتنی ئەبراهام».

دوای ئیمارات، بەحرەین و سودان بوونە دووەم و سێیەم دەوڵەت کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەنەوە، ئەمەش بووەتە رووبەڕوو رەخنەی تووند بووەتەوە لەلایەن سەرکردەکانی فەلەستینەوە.

بەپێی راپۆرتێکی پێگەی ئەکسیەسی ئەمریکی، مەغریب  و عومان چاوەڕێ دەکەن کێ براوە دەبێت لە هەڵبژاردنەکاندا پێش ئەوەی هیچ بڕیارێک بدەن بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل، لەکاتێکدا ئەگەری ئەوە هەیە سعودیە بێتە ناو رێککەوتنەکەوە لە ئەگەری دووبارە هەڵبژاردنەوەی ترەمپ بە سەرۆکی ئەمریکا.

لە راپۆرتێکی دیکەدا کە گۆڤاری تایم بڵاویکردووەتەوە هاتووە، کە هاتنە ناوەوەی سعودیە بۆ رێککەوتنەکە، بەپێی وتەی شیکەرەوان، ئەگەرێکی گەورەیە ئەگەر ترەمپ سەربکەوێتەوە.

ململانێی فەلەستین-ئیسرائیل

ترەمپ یەکەم سەرۆکی ئەمریکایە کە لە رێچکەی نەریتی سەرۆکەەکانی ئەمریکا لایداوەو لەکێشەی فەلەستین-ئیسرائیلدا پشتگیرییەکی گەورەی ئیسرائیلە.

لەماوەی چوار ساڵی سەرۆکایەتیدا، ترەمپ ئۆرشەلیم-قودس و بەرزاییەکانی جۆلانی  بەسەروەری ئیسرائیل ناساند، باڵیۆزخانەی ئەمریکای گواستەوە بۆ ئۆرشەلیم، یارمەتی دارایی بڕی بۆ رێکخراوی نەتەوەیەگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی ئاوارە  فەلەستینییەکان، رێککەەتنی ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە خۆی دەبینێتەوە لەفراوانکردنی رووبەری ئیسرائیل لەسەر کەناری خۆرئاوای فەلەستین.

رەنگە کەس هێندەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، هیوای لەسەر بردنەوەی ترەمپ هەڵنەچنیبێت. سەرکردە ئیسرائیلییەکە، کە پەیوەندییەکی خراپی هەبوو لەگەڵ ئۆباما، ستایشی ترەمپی کردووەو بە «نایابترین هاوڕێی» ئیسرائیلی وەسفکردووە کەوڵاتەکەی تا ئێستا بەخۆیە بینیبێت لەکۆشکی سپیدا.

«بۆ ناتانیاهۆ، بردنەوەی بایدن دەبێتە کارەسات»، ئیتان گیلبۆوا، شارەزا لەململانێی فەلەستین- ئیسرائیل بە ئەسۆشیەتید پرێسی وا وت.

بەهۆی ئەوەی ترەمپ فەرامۆشی کردوون، فەلەستینییەکان ئەوە ناشارنەوە کە هیوای سەرکەوتنی بایدن دەخوازن.

«ئەگەر چوار ساڵی تر لەگەڵ سەرۆک ترەمپدا بژین، ئەوا خوا یارمەتیمان بدات»، موحەمەد ئیشتییە سەرۆک وەزیرانی فەلەستین هەفتەی رابردوو وای وت.

بەپێچەوانەی راپرسییەکانی ئەمریکا کە زۆربەیان بایدن بەبراوە دادەنێن بەڕێژەیەکی زۆر، راپرسییەکان لە ئسیرائیل ترەمپ بە باشتر دەزانن تا دووبارە ببێتەوە بەسەرۆک.

بەپێی راپرسییەکی رۆژنامەی هائارتزی ئیسرائیلی، لەسەدا ٥٠٪ی ئیسرائیلییەکان دەیانەوێت ترەمپ دووبارە سەربکەوێتەوە بەبەراورد بە لەسەدا ٢١٪ کە پێیان باشە بایدن بیباتەوە لەهەڵبژاردنەکانی ٣ی تشرینی یەکەم، ئەمەش پێچەوانەی دۆخی ٢٠١٦یە کە زۆربەی ئیسرائیلییەکان هیلاری کلینتۆنیان پێ باشتر بوو لەدۆناڵد ترەمپ تا ببێتە سەرۆک.

کۆنگرەی٢٠٢٠ی  پارتی دیموکراتەکان بانگەشەی دروستکردنی دوڵەتێکی «کردەیی» فەلەستینی کرد کەتێیدا فەلەستینییەکان «پێویستە ئازادبن لە بەڕێوەبردنی خۆیان» و بەشێوەیەکی روون دژی هەر «کردەیەکی تاکلایەنانە» بوو لەلایەن هەر بەرەیەکەوە.

جۆو بایدن خۆشی پشتگیری لە چارەسەری دوو دەوڵەتی دەکات بۆ فەلەستین و ئیسرائیل لەگەڵ ئەوەی بەڵێنیداوە یارمەتی دارایی دووبارە وەگەڕبخاتەوە بۆ فەلەستینییەکان ئەگەر هەڵبژێردرێت، هەرچەندە لە ئایاری ئەمساڵ رایگەیاند باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئۆرشەلیم دەهێڵێتەوە، بەڵام بەڵێنیدا کونسوڵخانەی ئەمریکا دووبارە لە رۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم بکاتەوەو کونسوڵخانەی دیبلۆماسی فەلەستینیش لەواشنتن دووبارە بکاتەوە.

هەندێک شارەزای ئیسرائیلی پێیانوایە هاوڕێیەتی نزیکی ترەمپ لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەڕاستیدا خزمەتی بە بەرژوەندییەکانی ئیسرائیل نەکردووە.

«کاتێک دێینە سەر باسی رواڵەت وەک: باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەئۆرشەلیم یان رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ چەند وڵاتێک کەهەرگیز شەڕمان لەگەڵ نەکردوون، ئەوا ئیسرائیل بێ ئەوانە باشترە»، نیمرۆد نۆڤیک توێژەر لەئیسرائیل پۆلسی فۆروم و راوێژکارێکی پێشووی سەرۆکی ئیسرائیل ئەمەی بە واشنتن پۆست وت.

«بەڵام کاتێک دێینەسەر ناوەڕۆک سەبارەت بەگەورەترین دوو بەربەستی ئێمە – پێویستی چارەسەرکردنی ململانێ لەگەڵ فەلەستینییەکان و پێویستی کۆنترۆڵکردنی خواستە هەرێمی و هەنوکەییەکانی ئێران – حاڵمان زۆر خراپترە».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار