ئەمیرە نوێیەکەی داعش پێشتر زانیاری بەئەمریکا داوە

دوای ساڵێک لەکوشتنی بەغدادی هێشتا روون نییە ئەمیرە نوێیەکەی دەتوانێت دڵسۆزیی گروپەکە بۆ خۆی رابکێشێت

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا (10) ملیۆن دۆلاری بەخشیوە وەک خەڵات بۆ زانیاری دەربارەی سەرکردەی نوێی داعش ئەمیر محەمەد سەید عەبدولڕەحمان مەولا

سەرکردەی نوێی رێکخراوی «دەوڵەتی ئیسلامی» (داعش) ئەمیر محەمەد سەید عەبدولڕەحمان مەولا بهناوبانگه بهدڕندهیی، بەڵام هێشتا وەک نهێنییەک ماوەتەوە، ئەوەش دوای ساڵێک لەکوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی ئەمیرو دامەزرێنەری رێکخراوەکە.

ئەمیر محەمەد سەید عەبدولڕەحمان مەولا جێگەی ئەبوبەکر بەغدادی گرتەوە وەک سەرکردەی ئەو گروپە تووندڕەوە، کە لە 28ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو لەهێرشێکی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکادا لهسوریا کوژرا.

داعش سەرەتا وەک ئەبو ئیبراهیم هاشمی قورەیشی ناوەکەی ئاشکرا کرد، کە کەسایەتییەکی شاراوەیەو کەم دەربارەی زانراوە، بەڵام دواتر بەرپرسانی ئەمریکا گەیشتنە ئەو باوەڕەی قورەیشی ناوی خوازراوی مەولایە، محەمەد سەید عەبدولڕەحمان مەولا لەنێو داعشدا بە ناوەکانی وەک «پرۆفیسۆر» و «رووخێنەر» ناسراوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا مەولای خستە لیستی تیرۆریستە جیهانییە تایبەتەکانەوە، لە 24ی حوزەیران خەڵاتەکەی بهرزکردهوه بۆ (10) ملیۆن دۆلار بەرامبەر زانیاری بۆ زانینی شوێنهکهی.

بەگوێرەی شیکەرەوانی بواری تووندڕەوی لەزانکۆی ساینس پۆ لە پاریس، ژان-پیەر فیلیو، دهشێت مەولا زیاتر بهوه ناسراوبێت کهشهرعیهتی بهخشی بەکردنه ئامانجی کەمینەی ئێزیدی لهعێراق لەڕێی رەشەکوژی و دەرکردن و بەکۆیلەکردنی سێکسییهوه.

پەیوەندیەکانی بە بەغدادییەوە

پێدهچێت لە 1976 لەدایکبووبێت، لەتەلەعفەر، نزیکەی (70) کیلۆمەتر لەموسڵەوە، لەخێزانێکی تورکمان، کەوادەکات یەکێک بێت لەو ناعەرەبە دانسقانەی توانیویانە بەرزببنەوە لەڕیزەکانی داعشداو دواتر چۆتە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان لەموسڵ.

رهچهڵهکهکهی وایکرد نەتەوەیەکگرتووەکان لەکانونی دووەمدا پێشبینی ئەوە بکات کەدەکرێت «تەنیا بژاردەیەکی کاتیی بێت تا ئەوکاتەی گروپەکە ‹ئەمیر›ێکی رەواتر دەدۆزێتەوە».

ئهو کهسه گونجاوترەش بە بڕوای شیکەرەوانان بریتی دهبێت لهنهوهیهکی راستەوخۆی خێڵی هاشمیی قورەیش، کە دەکرێت بەهۆی ئەو ئیمتیازەوە «پشتیوانی تەواو بەدەستبهێنێت لەپارێزگا دوورەدەستەکاندا».

بەگوێرەی پرۆژەی دژە تووندڕەوی، محەمەد سەید عەبدولڕەحمان مەولا ئەفسەرێکی پێشتر بوو لەسوپای سەدام حسێنداو لە 2003 پەیوەندیکرد بەڕیزەکانی قاعیدەوەو رۆڵی نوێنەری ئایینی و شەرعزانی گشتیی شەریعەی بینیوە.

لە 2004 بەغدادیی بینی، لەکاتێکدا ئەو دووانە لەکەمپی بوکا دەستگیرکرابوون لەباشوری عێراق.

مەولا دواتر لەگەڵ بەغدادی مایەوە لەکاتێکدا بەغدادی فەرماندەیی لقی عێراقی قاعیدەی گرتەدەست لە 2010و دواتریش جیابووهوە بۆ دروستکردنی دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق، کە ئێستا بەداعش ناسراوە.

لە 2014، بەگوێرەی پرۆژەی دژە تووندڕەوی، مەولا پێشوازیکرد لە بەغدادی لەموسڵ «پێشئەوەی قاعیدە جێبهێڵێت و بەڵێنی دڵسۆزی و پشتیوانی تەواوی پێدا لەئەرکە تووندڕەوەکەیداو پشتیوانی بۆ داعش دابینکرد تا بەخێرایی کۆنترۆڵی شارەکە بکات».

بەگوێرەی پرۆژەی دژە تووندڕەوی، مەولا «خێرا خۆی سەپاند» لەنێو ریزەکانی داعشدا و نازناوی ‹پرۆفیسۆر› و ‹رووخێنەر›ی وەرگرت.

بهگوێرهی پرۆژهکه، ناسرابوو بە ‹کەسێکی دڕنده›ی داعش و بەرپرس بوو لە «نەهێشتنی ئەوانەی دژی سەرکردایەتی بەغدادی بوون».

هوشام هاشمی پسپۆڕی عێراقی لهبواری تووندڕەویدا، کە لەبەغدا تیرۆرکرا لەمانگی تەمموز، رایگەیاندبوو کەداهاتی مانگانەی گروپەکەی لەعێراق نزیکەی (7) ملیۆن دۆلارە کە لهوەبەرهێنان و باجگرتنەوە دەستیکەوتووە.

عەبدوڵا غەزاوی شیکاروانێکی ناوەندی جیهانی بۆ سیاسهت بە فرانس پرێسی وت «سەرەڕای لهدهستدانی زۆر لەخاک و سەرچاوە مرۆییهکانی، لەڕووی داراییەوە هێشتا توانای هەیەو داهێنەرەو کوشندەیەو جارێکی دیکە متمانەی باشی بەخۆی هەیە بۆ هەڕەشەکردن لەوانەی پێشێلی بنهماکانی دەکەن.»

ئەمە مانای وایە مەولا هاندەرو توانای هەیە بۆ خۆسەپاندنی، بەڵام هێشتا زۆر پرسیار هەیە دەربارەی تواناو شیاویی بۆ رابەریکردنی گروپەکە.

سێس جۆنس لەناوەندی تووێژینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکان لەواشنتۆن، وتی «چەندین سکاڵا هەیە لهدژی لەمبارەیەوەو چەندین پرسیار هێشتا ماون دەربارەی ئهوهی چ جۆرە رێکخراوێک بەڕێوەدەبات و دەکرێت تاچەندێک سەرکردەیەکی بەتوانا بێت.»

جۆنس وتی «چەندین ئاستەنگی لەبەردەمدا دەبێت، لەبرەودان بەمەیدانی شەڕدا، بەڵام خۆلادانیشی لهوهی بکوژرێت وهک بەغدادی.»

مەولا زانیاری هەواڵگری داوەتە ئەمریکا

لەبەندیخانەیەکی عێراقدا، سەرکردەی نوێی داعش زانیاریی گرنگی داوە بەلێکۆڵەرانی ئهمریکا کە سهریکێشا بۆ کوژرانی زۆر لهسەرکردەکانی قاعیدە.

لەکاتێکدا لە 2008 لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوه لەبەندیخانەی بوکا لەباشوری عێراق دهستبهسهر بوو، سەرکردەی داهاتوو (لهگهڵ ئێستا)ی «دەوڵەتی ئیسلامی» (داعش) زانیاریی بەنرخی دەربارەی هاوڕێ تووندڕەوەکانی بۆ لێکۆڵەران درکاندووە.

دهرخستنی زانیاری دەربارەی سەرکردەی داعش ئەمیر محەمەد سەید عەبدولڕەحمان مەولا لە 17ی ئەیلول لەلایەن ناوەندی دژەتیرۆریزمی ئەکادیمیای سەربازی ئەمریکاوه لەچەند بەڵگەیەکدا بڵاوکرایەوە.

دۆکیومێنتەکان دەریدەخەن کە مەولا زانیاری دەربارەی هەیکەلیەتی ئیداری و رێکخراوەیی قاعیدە لەعێراق بە لێکۆڵەران بەخشیوە.

لەمیانەی سێ خولی لێکۆڵینەوەدا، بەڵگەکان دەریدەخەن، مەولا ناوی (68) ئەندامی قاعیدەی داوە، وێنەی (19) سەرکردەی گروپەکەی پشتڕاستکردۆتەوەو زانیاریی کەسیشی دەرباریان درکاندووه، لهوانه کورتەباسێکی رووخساریان، ژیاننامەیەکی کورت و تەنانەت ژمارەی تەلەفۆنەکانیشیان.

بەگوێرەی بەڵگەکان، ئەو زانیارییانەی مەولا ئاشکرای کردوون وایکردووە هێزەکانی ئەمریکا لەناوچەکە سەرکهوتووانە دەیان چەکداری قاعیدە دەستگیربکەن یان بکوژن.

بیرێکی قووڵ لهزانیاری

شارەزایهکی بواری هەواڵگری، فازڵ ئەبو رەغیف وتی مەولا ئەم زانیارییانەی لەکاتێکدا بەخشیوە کە لەپرۆسەی بەجێهێشتنی قاعیدە و چوونە نێو ریزەکانی داعشدا بووە.

پێدەچێت لهژێر کاریگەریی سەرکردەی داعشدا ئەبوبەکر بەغدادی بووبێت و پەرۆشی بههێزبوونی گروپە نوێیەکه بووبێت لەموسڵ، لەسەر حیسابی قاعیدە.

ئەبو رەغیف وتی لەدیدگای سەرکردە تووندڕەوە نوێیەکاندا، شێوازەکەی قاعیدە ببووه شێوازێکی دێرین.

ھەروەھا وتی «ئهوه روونبوو کە مەولا تەنیا بەرژەوەندی و سەلامەتیی خۆی ویستووە لەمیانەی لێکۆڵینەوەکانداو ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە ددانپێدانانەکانی بووه هۆی لەناوبردنی سەرکردە تووندڕەوە باڵاکان».

لەنێوایاندا، کەسی دووەمی قاعیدە لەعێراق، مەغریبییەک کە بە ئەبو قاسوراو ئەبو سارا ناوی دەرکردبوو، لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوه لەموسڵ کوژرا هەشت مانگ دوای ئەوەی مەولا زانیاریی دەربارهی دابوو.

ئەبو رەغیف وتی «مهولا کهسایهتییهکانی پشت تیرۆرکردنەکان و رفاندنەکان و دروستکردنی ئەو تەقەمەنییانەی ئاشکراکرد کە لە بەئامانجکردنی سەربازانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا لەعێراق بەکاردههێنران».

وتیشی «مەولا بیرێکی قوڵ لهزانیاری بوو، چونکه پێگەی ‹ئەمیری شەریعەی گشتی› ههموو لەقاعیدەدا لەموسڵ و تۆڕێکی پەیوەندیی ئاڵۆزی هەبوو لەگەڵ زۆربەی ئەو سەرکردانەی متمانەیانی بەدەستهێنابوو.»

لە 2009، ساڵێک دوای دەستگیرکردنەکەی، مەولا ئازادکرا. دەیەیەک دواتر، دوای کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادی لە 27ی تشرینی یەکەم 2019، چووە جێگەکەی ئەوو وەک سەرکردەی نوێی داعش دەستبەکاربوو.

مەولا، کە لەشاری زۆرینە تورکمانی تەلەعفەر لە 1976 لەدایکبووە، چەندین نازناوی دیکەی هەیه، لەوانە ئەبو عومەر تورکمانی، عەبدولئەمیر محەمەد سەید سەلابی، حاجی عەبدوڵا و عەبدوڵا قارداش.

لەحوزەیراندا، ئەمریکا خەڵاتەکەی بۆ هەر زانیارییەک کە ببێتەهۆی دەستگیرکردنی لە (5) ملیۆن دۆلارەوە زیادکرد بۆ (10) ملیۆن دۆلار.

ئاشکراکردنی زانیاری دەکرێت متمانە تێکبشکێنێت

ماهیر عەبد جۆدا شرۆڤەکاری سیاسی، وتی «مەولا تەنیا تیرۆریستێکی فریودهرهو هەموو بانگهشهکانی و خۆههڵکێشانهکانی درۆن کە بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندیەکانی بهکاریدههێنان.»

ئاماژەی بەوەشکرد کەئاشکراکردنی زانیارییهکانی ئەمدواییە دەربارەی خیانەتەکەی مەولا لەهاوڕێ تووندڕەوەکانی «دەکرێت ببێتە هۆی تێکشکانی متمانەیان پێی».

وتیشی «بەدڵنیاییەوە چیتر وەک سەرکردەیەک نایبینن کە پابەندبێت و خەمی پەیڕەویکردنی رێساکانی گروپەکەی ههبێت، بەڵکو وەک کەسێکی تۆمەتبار کەخیانەتی لەهاوپەیمانەکانی پێشووی کردووە . ئەمە دەبێتههۆی درزێکی گەورە لەنێو داعشدا، کە خۆی لەژێر فشارێکی زۆردایە».

ههروهها وتی «داعش لهسهر زەوی زۆر بچووکبۆتهوه و هەر جموجۆڵێکی ئەندامەکانی بەتووندی سنووردار کراوە، سوپاس بۆ هەوڵە ئەمنییە بەردەوامەکانی هێزەکانی عێراق بەهەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.»

عەدنان کینانی شارەزای بواری سەربازیی وتی «سەرباری ئەوەش شانەکانی داعش بەردەوامن لە ئەنجامدانی هێرش، بەڵام بەڕێژەیەکی زۆر سنووردار.

زۆرێک لهسەرکردەو چەکدارە دەستگیرکراوەکانی داعش زوو رووخان و زانیاریی بەسوودیان دەربارەی هەیکلەیەتی گروپەکەو سەرچاوەی دارایی و ناوی نهێنیی ئەندامەکانیان درکاند.

کینانی وتی «هه‌موو ددانپێدانانەکان ئەنجامی باشیان هەبووە کە بوونەتەهۆی بەزاندنی تیرۆریزم و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکەی».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار