ئۆجەلان: ڕۆژئاوای کوردستان بۆ من هێڵی سوورە

9 كاتژمێر لەمەوپێش



پەروین  بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵی و پارتی دیموکراتی گەلان - دەم پارتی رایگەیاند، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە کۆبوونەوەیەکدا پێی گوتوون، "رۆژئاوا بۆ من هێڵی سوورە و ئەوێ بۆ من جیاوازە." جەختی لەوەش کردەوە، ئۆجەلان جگە لەمە، هیچ هەڵسەنگاندنێکی دیکەی لەبارەی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لەگەڵ ئەوان نەکردووە، ئەم بابەتەی لەگەڵ شاندی دەوڵەتدا گفتوگۆ کردووە.

ئەندامی شاندی ئیمڕاڵی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) پەروین بوڵدان لە بەشداری بەرنامەیەکی (ژن تیڤی)یدا هەڵسەنگاندنی لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک و دوایین دیداری لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ کرد.

پەروین بوڵدان بە یادکردنەوەی ئەندامی شاندی ئیمرالی سری سورەییا ئۆندەر دەستی بە قسەکانی کرد و وتی: "خەباتێکی زۆری بۆ ئاشتی لە تورکیا کرد و ئەو خەباتەی لەبیر ناکرێت."

پەروین بوڵدان ڕایگەیاند، جیاوازییەکی بەرچاو هەیە لە نێوان پڕۆسەی ساڵی ٢٠١٥ و ئەو دۆخەی ئێستا هەیە، ئاماژەی بەوەدا، پشتگیری سەرۆکی گشتی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی بۆ پڕۆسەکە پێشکەوتنێکی گرنگە و وتیشی: "باخچەلی کە لە ڕابردوو دژی پڕۆسەکە وەستابوو، ئەمڕۆ بووەتە یەکێک لەو کەسانەی کە ڕێگای بۆ پرۆسەکە خۆشکردووە."

پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەدا کە پێش بانگەوازەکەی باخچەلی هیچ پەیوەندییەک لە نێوان دەوڵەت و ڕێبەر ئاپۆدا نەبووە و بەردەوام بوو: "دوای ئەوەی باخچەلی لە یەکی تشرینی یەکەمدا هاتە لای دەم پارتی و تەوقەیان کرد و هەروەها لێدوانەکانی دوای ئەوە، ئاماژەن بۆ  پڕۆسەیەکی نوێ لەسەر ڕێگای ئاشتی."

پەروین بوڵدان وتیشی، ڕێبەر ئاپۆ هەڵوێستی باخچەلی بە "عەقڵی دەوڵەت کەوتە کار" ناوبرد و ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەر تورکیا ئاشتی ناوخۆیی بەدەست بهێنێت، دەتوانێت ببێتە وڵاتێکی نموونەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

لەبارەی هەڵوێست و بۆچوونی ئۆجەلان لەسەر رۆژئاڤای کوردستان، بوڵدان گوتی، "لەگەڵ ئێمەدا، واتە لەگەڵ شاندی دەم پارتی، تەنیا باسی سیاسەتی تورکیای کرد، بەڵام چەند جارێک گوتوویەتی: 'سووریا و رۆژئاوا هێڵی سووری منن. بۆ من ئەوێ جیاوازە.' واتە چەند جارێک لەسەر سووریا ئەمەی خستووەتەڕوو؛ بەڵام جگە لەوە، لەبارەی سووریا و رۆژئاوا هیچ هەڵسەنگاندنێکی دیکەی لەگەڵ ئێمە نەکردووە. ئەو ئاماژەی بەوە کرد، بە گشتی ئەمەی لەگەڵ شاندی دەوڵەتدا تاوتوێ کردووە و کێشەکەی لەوێ گفتوگۆ کردووە و گوتوویەتی ئەگەر دەرفەت دروست ببێت زەمینە بڕەخسێنرێت، دانوستاندن لەو بارەیەوە بە گرنگ دەزانێت."
 
ئەو ئەندامەی شاندی دەم پارتی ئاماژەی بەوە دا، ئۆجەلان چەند جارێک جەختی کردووەتەوە کە دانوستاندن لەگەڵ رۆژئاوا گرنگە و گوتی، "ئەو ئاماژەی بەوە کرد، دەیەوێت لەگەڵیان گفتوگۆ بکات کە لەم بابەتەدا چ ڕێگەیەک پێویستە بگیرێتەبەر و چ بڕیارێک پێویستە بدرێت. ئەمە هێشتا بەدی نەهاتووە، بەڵام ئێمە پێشبینی دەکەین ئەگەر لە پرۆسەکەدا پێشکەوتن دروست ببێت و دەرفەت فەراهەم بکرێن و لەگەڵ بەرپرسانی رۆژئاوا پەیوەندی و کۆبوونەوە دروست ببن، من پێموایە ئەم بابەتە بە ئاسانی چارەسەر دەکرێت."

سێ چەمکی سەرەکی لە دوایین دیداردا

پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەدا کە ڕێبەر ئاپۆ لە دوایین کۆبوونەوەدا لەسەر سێ چەمکی سەرەکی وەستاوە و وتویەتی: "بۆ نموونە، ئێمە دەتوانین کێشەکانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ئاشتی و ئەنتیگراسیۆن وەک پاکێجێک ببینین. ئەگەر مرۆڤ دابەشیان بکات بۆ چەند بەشێک و بە جیا مامەڵەیان لەگەڵ بکات، ئەوا هەڵە و نادروست دەبێت، لەسەر گرنگی هەنگاوە خێراکان وەستاوە کە بەیەکەوە ئەنتیگراسیۆن بەدەست دەهێنن، من ئەمە بەم شێوەیە ڕوون دەکەمەوە، ئێستا کۆمیسیۆنێک پێکهێنراوە، ئەم کۆمیسیۆنە دەستی بە کارەکانی کردووە و ئامانجی ئەوە بووە کە دەستبەجێ یاسا دەربکات، چونکە ئەنتیگراسیۆن شتێک نییە کە بەبێ یاسا بەدی بێت، ئێمە دەتوانین باسی ئاشتی بکەین، باسی دیموکراسی بکەین، بێگومان دەتوانین باسی نادادپەروەری و نایاسایی لە تورکیا بکەین و یاسای گونجاو لەگەڵ ئەوەدا دەربکەین، ئەم بابەتانە تاوتوێ بکەین و باسیان بکەین، بەڵام ئەنتیگراسیۆن شتێکی تەواو جیاوازە، چونکە ئەمڕۆ لە چیاکاندا هەزاران کەس هەن کە چەکیان پێیە، ڕێوڕەسمێکی سیمبولی لەناوبردنی چەکەکان بەڕێوەچوو، پەکەکە خۆی هەڵوەشاندەوە، بەڵام هێشتا ئەوانەی چەکیان پێیە ماون، ئێستا پێویستە ئەو ڕێگرییەی لەبەردەم ئەوانەی چەکەکانیان پێیە نەهێڵدرێت بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە تورکیا و بتوانن بەشداری سیاسەتی دیموکراتیک بکەن، ئەمەش بە یاسا کە لە لایەن کۆمسیۆنەکە پەسەند دەکرێت ئەنجام دەدرێت."

زۆر گرنگە کۆمیسیۆنەکە لەگەڵ ئۆجالاندا کۆبێتەوە

پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەدا کە زۆر گرنگە کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجەلاندا بکات و وتی: "ئێمە ناڵێین هەموو کۆمیسیۆنەکە بچێت، ناڵێین هەموو ئەندامان بە یەکەوە بڕۆن، بەڕێز ئۆجالان داوای ئەوەی نەکردووە، وا بیر دەکەینەوە کە نوێنەرێک لە هەر گروپێکیش بچێت بەسە، کەسێک لە  ئاکەپە، کەسێک لە مەهەپە، کەسێک لە جەهەپە، کەسێک لە یەنی یۆڵ، کەسێک لە دەم پارتی، شاندێکی نوێنەرایەتی بۆ نموونە لە ٥-٦ کەس یان ٦-٧ کەس پێکبێن بچنە ئیمڕاڵی و وەک شاندی کۆمیسیۆنەکە چاوپێکەوتنی لەگەڵدا بکەن، ئەمە پڕۆسەکە خێراتر دەکات و بەشدارییەکی ئەرێنی دەکات و زەمینە بۆ پێشخستنی پڕۆسەکە ئامادە دەکات، لە ڕاستیدا ئیرادە بە گشتی لە دەوڵەتدا هەیە، هەوڵەکانی بەڕێز نوعمان کورتولموش زۆر بەنرخن، لێدوان و هەڵسەنگاندنەکانی بەشدارییەکانی لە لێژنەکەدا، جگە لە ڕێگری لە زمانی کوردی گرنگن، ڕێگری لە زمانی کوردی شتێکی جیاوازە، خۆزگە وانەبوایە، دەبوو ڕێگە بدرایە دایکێکمان لەوێ بە کوردی قسە بکات، دەتوانرا وەرگێڕێک لەوێ هەبێت، هاوڕێیانمان دەیانتوانی لەوێ وەرگێڕی بکەن، ڕێگە نەدان بەمە بە بڕوای من بۆ کۆمیسیۆنەکە بوو بە عەیبە، شتێکی ڕاست نەبوو."

پەروین بوڵدان ڕێگری کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانی لە زمانی کوردی هەڵسەنگاند و وتی: "ڕاستییەکەی ئەوەیە کە گەل کاردانەوەی لێژنەکەی بۆ پرسی کورد، نزیکبوونەوەیان لە زمانی دایک زۆر بە فراوانی پێشوازیی لێکرد و کاردانەوەیان نیشاندا، دەتوانرا لە ڕێگەی وەرگێڕێک ڕێگە بە دایکانمان بدرێت بە کوردی قسە بکەن، تەنانەت مەرال دانش بەشتاشیش وتبووی من دەتوانم وەرگێڕی بکەم، ڕێگەیان بەمەش نەدا، بەڕێز ئۆجالان سەرنجی نەخستە سەر ئەم بابەتە بەڵام بە گشتی دیدارێکی زۆر درێژمان سەبارەت بە ئەرک و قورسی کارکردنی کۆمیسیۆنەکە لە بابەتی دەرچواندنی یاسادا ئەنجامدا، بەڵام چاوەڕوانییەکی گەورە هەیە لە لایەن  گەلی کوردەوە، هەموو کەس چاوەڕوانیی هەیە، گەلەکەمان دەتوانێت بڵێت کە سەبارەت بە کورد، ناسنامەمان، کەلتوورمان، بابەتی سەرەکی چارەسەرکردنی پرسی کورد چی دەبێت، زمانی گەلی کورد، ناسنامەی گەلی کورد، کەلتووری گەلی کورد، سەبارەت بە هەموو ئەم بابەتانە، کۆمیسیۆنەکە ئەو کارانە بکات کە دەکەوێتە سەر شانی، بەڵام کۆمیسیۆنەکە ئەرکێکی جیاوازی هەیە، من هەوڵمدا باسی ئەمە بکەم، هەندێک جار بە تەواوی لە کارەکانی کۆمیسیۆنەکە تێناگەین، ئێستا ئەم کۆمیسیۆنە کۆمیسیۆنی چارەسەرکردنی پرسی کورد نیە، بۆ نموونە یاسا دیموکراتیکەکان سەیر بکەن، کاتێک دەوترێت یاسا دیموکراتیکەکان بەڕێز ئۆجەلان ئەمە وەک چارەسەری پرسی کورد نابینێت، بۆ نموونە ئێمە دەڵێین کۆمەڵگای دیموکراتیک، یاساکانی کۆمەڵگای دیموکراتیک، دەبێت ئەمە بگۆڕێت بۆ زەمینەیەک کە ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی لە زەمینەیەکی یاساییدا کاربکات و لەم زەمینە یاساییەدا بتوانین لە ساڵانی داهاتوودا گفتوگۆ بکەین، یاسا نوێکان دەرچوێنین.

بابەتی دیموکراتیکبوونی تورکیا  چووەتە قۆناغێکی نوێ کە ئێمە پێی دەڵێین کۆمەڵگەی دیموکراتیکی و ئەم کۆمەڵگەیە لە زەمینەیەکی یاساییدا جێگیر دەکرێت و لەناو ئەمەشدا پێناسەیەک بۆ ئەرکەکان دەکرێت و هەنگاو دەنرێت، ئێستا هەنگاو بە هەنگاو دەچێتە پێشەوە، بەڕێز ئۆجالان باسی لەوەکرد یەکتر بینین کۆتایی دێت،  تەکتیکی یه‌که‌م کۆتایی هات، ئێستا کاتی تەکتیکی دووەمە، تەکتیکی یه‌که‌م چەکدانانی پەکەکە، خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، پێکهێنانی کۆمیسیۆنەکە و هتد بوو، ئێستا قۆناغی دووەم، تەکتیکی دووەمە. ئەمە چییە؟ یاساکان دەردەچن، ئەنتیگراسیۆن دەست پێدەکات، یاسای دیموکراتیکبوون و یاسای ئازادییەکان دەردەچوێنرێن، بێگومان بەمەش گفتوگۆی نوێ درووست دەبێت، بۆیە ناکرێت مرۆڤ هەمووی پێکەوە ئەنجام بدات، هەمووی لە یەک جاردا چارەسەر بکات".

ئەندامی شاندی ئیمرالی دەم پارتی  پەروین بوڵدان باسی دیداری خۆی لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی کرد کە دوای ڕێوڕەسمی لەناوبردنی چەکەکان ئەنجامیداوە، پەروین بوڵدان ڕایگەیاند کە باخچەلی ڕێوڕەسمەکەی بە "شکۆدار و ڕێکوپێک" بینی، و نیگەرانی خۆشی دەربڕی کە ئەوانەی چەکەکانیان دانا نەیانتوانی لە هەمان ڕۆژدا بگەرێنەوە تورکیا.

بوڵدان ئەم دۆخەی بە "نەبوونی بنەمایەکی یاسایی و دادپەروەری" بەستەوە و وتی: "ئەگەر زەمینەیەک ئامادەکرایە ئەوا ئەمە دەکرا، بەڵام لە وڵاتێکدا کە هیچ گەرەنتییەک نییە، بەرەوپێشچونێکی وا ڕووی نەدا، ئەگەر چاکسازی یاسایی بکرێت، دەتوانرێت بنەمایەک بۆ بەشداریکردن لە سیاسەتی دیموکراتیک ئامادە بکرێت."

بوڵدان وتیشی، کە پێشکەوتنی پڕۆسەکە پەیوەستە بەو یاسا و بڕیاڕانەی کە لە کۆمیسیۆنەکەوە دەردەکرێت.

پەروین بوڵدان ڕایگەیاند کە دەبێت ناو و کاری کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان بە جیا گفتوگۆی لەسەر بکرێت و وتی: "تێکەڵییەک هەیە، هەندێک کەس وا بیر دەکەنەوە کە ئەم کۆمیسیۆنە کێشەی کورد چارەسەر دەکات یان ئەم کۆمیسیۆنە هەموو یاساکان دەردەکات، ئەمە ڕاست نییە، ئێستا ئەم کۆمیسیۆنە بۆ مەبەستێکی تایبەت دامەزراوە، بۆچی دامەزراوە؟ پەیوەندیدار بە چارەسەری کێشەی کورد دەبێت پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، چەکەکانی دابنێت و بۆ بابەتی ئەنتیگراسیۆن پێویستە هەندێک یاسا دەربکرێن و هەمواربکرێنەوە، کۆمیسیۆنەکە بۆ ئەم مەبەستە دامەزراوە، من پێم وایە زۆر بە بەهایە، چونکە لە مێژووی تورکیادا بۆ یەکەمجارە کۆمیسیۆنێک  پەیوەندیدار بە کێشەی کورد دادەمەزرێت، بەڵام سەیری بکەن من ناڵێم پەیوەندیدار بە چارەسەری کێشەی کورد، دەڵێم پەیوەندیدار بە  کێشەی کورد  کۆمیسیۆنێک پێکهێنرا. ئەو کۆمیسیۆنەی  کە لە ساڵی ٢٠١٥ دامەزرا، جەهەپە و مەهەپە و زۆر پارتی تر ئەندامیان نەبوو، بەڵام ئێستا لەم کۆمیسیۆنەدا نوێنەرایەتی هەموو پارتەکان، هەموو فراکسیۆنەکان هەیە، لەم ڕووەوە زۆر بە بەهایە، تەنانەت پارتە سیاسییە بێ فراکسیۆنەکانیش نوێنەرایەتییان هەیە، بەڵام کۆمیسیۆنەکە کەمێک بە قورسی کار دەکات، بە بڕوای من کارەکانی خاون، زیاتر بۆتە کۆمیسیۆنێک کە کاتەکانی زیاتر بۆ گوێگرتن بەسەر دەبات، ئەمە شتێکی ڕاست نییە، بە بڕوای من ئەمە هەڵەیە، دەبێت بە خێرایی گوێگرتن کۆتایی پێبێت، بێگومان گوێگرتنەکان بە نرخ بوون، بۆ نموونە شەهید، کەمئەندامانی جەنگ، دایکانی شەممە، دایکانی ئاشتی و ئەو کەسانەی کە ساڵانێکی زۆرە لە تورکیادا ئازاریان چەشتووە، ئەوانەی ستەمیان لێکراوە و داوای دادپەروەری و ڕاستی دەکەن و پارێزەرانیش گوێیان لێگیرا، ئەمە گرنگە بەڵام گۆڕینی کۆمیسیۆنەکە کە بە هەفتە و مانگ گوێ دەگرێت کۆمیسیۆنەکە سەرقاڵ و گیرۆدە دەکات".

ڕێبەر ئاپۆ: زۆر شت هەیە کە بە کۆمیسیۆنەکەی بڵێم

ئەندامی شاندی ئیمرالی پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا بکات و سەبارەت بە گفتوگۆکانی ئەم بابەتە لە دوایین دیداردا وتی: "ئێستا گرنگە کۆمیسیۆنەکە بچێتە ئیمڕاڵی، چونکە دەبێت چاوپێکەوتن لەگەڵ دانوستانکاری سەرەکی بکات، لە هەردوو لایەنیشدا دانوستانکار هەن، بەڕێز ئۆجالان هەیە کە پەکەکە دەڵێت دانوستانکاری سەرەکی ئێمەیە، بەردەنگی ئەم کارە بەڕێز ئۆجالانە، لە لایەکی ترەوە بەڕێز سەرۆک کۆمار هەیە، کە لەوانەیە هەوڵ بدەن ئەم کارە بە ئیرادەی خۆیان بەرەو پێش ببەن، بەڕێز دەوڵەت باخچەلی هەیە، پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان هەن، بە تایبەت ئۆزگور ئۆزەل هەیە، دەم پارتی هەیە ، هاوسەرۆکان هەن، لەو باوەڕەدام کە باشترە هەموو ئەمانە گفتووگۆیان لەگەڵدا بکرێت.

بۆیە ئێستا چاوپێکەوتن لەگەڵ کارەکتەرەکانی لایەنێک بکرێت و چاوپێکەوتن لەگەڵ کارەکتەری لایەنەکەی تر نەکرێت و بۆچوونەکانی وەرنەگیرێت، وەک بەردەنگی پرسەکە نەبینرێت، هەڵەیەکی گەورەیە، ئەگەر بەڕێز ئۆجالان بانگەوازی نەکردایە، ئەگەر بە پەکەکەی نەگوتایە کۆنگرەی خۆتان ببەستن، خۆتان هەڵبوەشێننەوە، ئایا پەکەکە کۆنگرەی خۆی دەبەست و خۆی هەڵدەوشاندەوە؟ ئایا دەگەیشتینە ئەو قۆناغەی ئێستا تێیداین؟ نەخێر، نەدەگەیشتین، ئەمانە بە بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالان دروست بوون و لە لایەکی ترەوە ڕێکخستنێک هەیە کە گوێڕایەڵی دەکەن، بۆیە نەچوونی کۆمیسیۆنەکە، و نەبینینی بەڕێز ئۆجالان وەک بەردەنگ و گوێنەدان پێی هەڵەیەکی گەورەیە، ئێستا بەڕێز ئۆجالان دەڵێت، چەندین شت هەیە کە من بە کۆمیسیۆنەکەی بڵێم، بەڵێ زۆر شت هەیە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار