تووشبووانی کۆرۆنا چەندە پارەیان پێویستە تا چاک دەبنەوە؟
گەنجێک دەڵێت دایکی بەهۆی بێ پارەییەوە مردووە چونکە پارەی چارەسەریان نەبووە لەنەخۆشخانەی ئەهلی
4 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حه‌سه‌ن
پێشڕه‌و به‌کر، (35) ساڵ، که ماوه‌ى مانگێکه دایکى له‌ده‌ستداوه، باس له‌وه‌ده‌کات به‌هۆى نه‌بوونى پاره‌وه نه‌یانتوانیوه دایکى ببنه نه‌خۆشخانه‌یه‌کى ئه‌هلى و گیانى له‌ده‌ستداوه دوای تووشبوونی بۆ کۆرۆنا.
پێشڕه‌و وتى «دایکم به ئازاره‌وه ده‌یناڵاند، سویندی منى دا نهیبهمه نه‌خۆشخانه‌ى ئه‌هلى، چونکه تێچووى زۆره و خه‌مى منى بوو».
دایکى پێشڕه‌و ته‌مه‌نى هه‌بووه و نه‌خۆشى درێژخایه‌نى بووه، دواى مانه‌وه‌ى زیاتر له (40) رۆژ له‌نه‌خۆشخانه‌ى تایبه‌تى کۆرۆنا له‌سلێمانى بارودۆخى ته‌واو تێکده‌چێت و ده‌مرێت.
پێشڕه‌و، شۆفێرى بارهه‌ڵگرێکه رۆژانه به (35) هه‌زار دینار، وتى «من و دایکم پێکه‌وه ده‌ژیاین، ده‌یزانى چه‌نده به نه‌هامه‌تى پاره په‌یدا ده‌که‌م و بارى داراییمان باش نیه، بۆیه نه‌مبرده نه‌خۆشخانه‌یه‌کى ئه‌هلى و به‌هۆى بێ پاره‌ییه‌وه مرد».
زیاتر له‌هه‌شت مانگه ڤایرۆسى کۆرۆنا له‌هه‌رێمى کوردستاندا بڵاوبۆته‌وه‌و به‌پێى ئاماره‌کانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى تائێستا له‌هه‌رێم نزیکه‌ى (77) هه‌زار که‌س تووشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بوون، زیاتر لە (41) هه‌زاریان چاکبوونه‌ته‌وه‌و دوو هه‌زار و (400) کەس گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و (29) هه‌زار تووشبوو له‌ژێر چاره‌سه‌ردان.
پزیشکان دەڵێن تووشبووەکان سێ جۆرن، (ئاستى سوک، مامناوه‌ند، توند)، جۆرى چاره‌سه‌ره‌کان بۆ هەر جۆرێکیان ده‌گۆڕێت، به‌و پێیه‌ش تێچووى چاره‌سه‌رکردنه‌که‌ى ده‌گۆڕێت.
ئه‌وانه‌ى به‌ئاستى سوک تووشى ڤایرۆسه‌که ده‌بن، له‌دواى پشکنینى یه‌که‌م ته‌نیا دوو جۆر حه‌ب و ڤیتامینێک وه‌رده‌گرن و چاکده‌بنه‌وه.
دووه‌م و سێیه‌م ئاستى تووشبوونى کۆرۆنا به ئاستى مامناوه‌ندو توند ناوده‌برێت، که تووشبووه‌که نیشانه‌کانى هه‌مووى تێدا ده‌رده‌که‌وێت و به‌پێى ئاستى به‌رگرى که‌سه‌که ده‌رمان و پشکنینى بۆ ده‌کرێت.
له‌ئێستادا به‌هۆى زۆرى ژماره‌ى تووشبوون له‌هه‌رێمى کوردستان زۆربه‌ى هاوڵاتیان له‌نه‌خۆشخانه‌ى ئه‌هلى یاخود له‌ماڵه‌وه چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن، که‌ئه‌وه‌ش بڕه پاره‌یه‌کى زۆرى ده‌وێت.
هه‌ڵگورد عوسمان، ته‌مه‌ن (40) ساڵ، تووشبویه‌کى کۆرۆنایه‌و دوو جار تووشى ڤایرۆسه‌که بووەو جارى یه‌که‌م له‌نه‌خۆشخانه‌ى تایبه‌ت به‌کۆرۆنا بووه و دووه‌م جار له‌ماڵه‌وه له‌ێگه‌ى پزیشکى تایبه‌ته‌وه، چاودێریى کراوه.
ئه‌م نه‌خۆشه، باس له‌وه ده‌کات سه‌ره‌تا ته‌نیا پشکنینى کۆرۆناى دووجار به پاره بۆ دووباره کراوه‌ته‌وه‌و به‌کۆى ئه‌و تێچووه‌ى له‌ماوه‌ى تووشبوونیدا تا چاکبوونه‌وه‌ى زیاتر بووه له (200) دۆلار، به‌ڵام جارى دووه م له‌ڕێگه‌ى پزیشکى تایبه‌ته‌وه‌و له‌ماڵه‌وه زیاتر له‌سێ هەزارو (400) دۆلاری تێچووه.
ئه‌م پیاوه بەتەلەفۆن قسەی بۆ هاوڵاتی کرد، ئێستاش هه‌ڵگرى ڤایرۆسى کۆرۆنایه‌و له‌ماڵه‌وه چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرێت، باس له‌وه ده‌کات ته‌نیا پزیشکه‌که رۆژانه به (100) هه‌زار دینار دووجار سه‌ردانى کردووه‌و کۆرسى ده‌رمانه‌کانى بۆ دیاریکردووه.
هه‌ڵگورد، له‌ماوه‌ى دوو هه‌فته‌ى تووشبوونیدا، زیاتر له چوار جار پشکنینه‌کانى دووباره کردۆته‌وه‌و هه‌ر جاره‌ى زیاتر له (135) هه‌زار دینارى تێچووه.
چوار رۆژ به به‌رده‌وامى ئۆکسجینی بۆ به‌کارهاتووە، بە ملیۆنێک دینار.
ئه‌م نه‌خۆشه تائێستا زیاتر له (23) ده‌رزى بۆ به‌کارهاتووه، نرخه‌کانیان له (42) دۆلارەوە تا (499) دۆلار بووە بۆ هەر یەکێکیان بەپێی جۆری دەرزییەکان.
هه‌ڵگورد عوسمان وتی «نرخى ده‌رمان و ده‌رزى و ئۆکسجین زۆر گرانن و پێویسته هاوکارى خه‌ڵک بکرێت، نه‌ک خه‌ڵک بمرێت، به‌هۆى نه‌بوونى پاره‌وه بۆ دابینکردنى ده‌رمان و ئۆکسجین».
به‌رپرسانى ته‌ندروستى ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ده‌که‌ن هه‌ر تووشبوویه‌کى کۆرۆنا داخڵى نه‌خۆشخانه ببێت هه‌موو ده‌رمان و پێداویستى و پشکنینێکى بێ به‌رامبه‌ر بۆ ده‌کرێت، دەشڵێت بەڵام زۆر تووشبووش هه‌یه له‌ماڵه‌وه یاخود له‌نه‌خۆشخانه‌ى ئه‌هلى چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن.
هه‌مزه ره‌زیفى، به‌رپرسى راگه‌یاندنى ته‌ندروستى دهۆک، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتی وت» له‌ناو نه‌خۆشخانه‌کاندا هه‌مووى له‌سه‌ر حکومەته، ته‌نیا پشکنین بۆ ئه‌وه به‌پاره ده‌کرێت که سه‌فه‌رێکیان هه‌یه‌و به‌په‌له پێویسته له‌کاتى رۆیشتن و گه‌ڕانه‌وه پشکنین بکه‌ن».
له‌پارێزگاى دهۆک زیاتر له (11) هه‌زار که‌س له‌ماڵه‌وه که‌ره‌نتین و چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن، به‌رپرسى راگه‌یادنى ته‌ندروستییه‌که‌یان وتى» ئه‌گه‌ر حاڵى هه‌ر نه‌خۆشێک دژوار بوو له‌ڕێگه‌ى تیمه‌کانى ئێمه‌وه ده‌هێنرێنه نه‌خۆشخانه«.
هه‌مزه ره‌زیفى، وتیشى «نه‌خۆشێک له‌نه‌خۆشخانه‌ى تایبه‌ت چاره‌سه‌ر وەربگرێت، بێگومان زیاترى تێچوو ده‌بێت وه‌ک له‌نه‌خۆشخانه حکومییه‌کان».
هه‌روه‌ها ئازاد محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستى هه‌ڵه‌بجه، وتى»تێچووى نه‌خۆشێک رۆژانه ده‌گاته یەک ملیۆن دینار به‌پێداویستى پزیشکى و ده‌رمان و ئۆکسجینى به‌رده‌وام».
باسى له‌وه‌شکرد «له‌پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه رۆژانه دوو ته‌ن ئۆکسجینى شل به‌کاردەهێنین و ده‌توانین ئه‌و نه‌خۆشانه‌ى داخڵى نه‌خۆشخانه ده‌بن پێداویستى پێویستیان بۆ دابین بکه‌ین».
ئه‌و تووشبووانه‌ى له‌ماڵه‌وه چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن، پشت به نۆرینگه و پزیشکى تایبه‌ت ده‌به‌ستن.
خاوه‌نى نۆرینگه‌یه‌کى پزیشکى، باس له‌وه ده‌کات نه‌خۆش هه‌یه له‌ماڵه‌وه چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرێت و زیاتر له دووهەزار دۆلاری خه‌رجکردووه له‌دابینکردنى ده‌رمان و پشکنین.
دکتۆر هاوڕێ جه‌زا وتی «ڤایرۆسى کۆرۆنا ڤایرۆسێکى نوێیه و به‌پێى بارودۆخى که‌سه‌که و ئاستى به‌رگرى له‌شى تووشبووه‌که ده‌رمانه‌کانى که پێویستیه‌تى تا چاکبوونه‌وه‌ى ده‌گۆڕێت، جۆرى ئه‌و پشکنینانه‌ى که بۆشى ده‌کرێت جیاوازه«.
وتیشی «هه‌موو تووشبوویه‌کى کۆرۆنا به‌هۆى زۆرى نرخى ده‌رمان و پشکنینه‌کانه‌وه، پێویستى به پێنج گه‌ڵا به‌ره‌و سه‌ره‌وه ده‌بێت تا چاکده‌بێته‌وه‌و ته‌ندروستى جێگیر ده‌بێت».
هاوڕێ جه‌زا، به‌و پێیه‌ى وه‌ک پزیشک و خاوه‌ن نۆرینگه‌یه‌ک چه‌ندین نه‌خۆشى کۆرۆناى بینیوه‌و چۆته ماڵه‌وه بۆ سه‌ردانیان و چاره‌سه‌رى بۆ کردون، ئه‌وه روونده‌کاته‌وه، نه‌خۆشێک که پێویستى به ئۆکسجین و ئامێرى هه‌ناسه‌دانى ده‌ستکرد بێت، زیاتر له‌دوو هەزار دۆلاری پێویسته تا چاکبوونه‌وه‌ى، حاڵه‌تیشمان هه‌یه که ده‌رزی وایان پێویسته نرخه‌که‌ى زۆر گرانه‌و تێچووه‌که‌ى ده‌گاته سێ هەزار دۆلار بۆ سه‌ره‌وه«.
ئه‌م خاوه‌نى نۆرینگه‌یه، وتى «ئه‌و نه‌خۆشانه‌ى سه‌ردانى ئێمه ده‌که‌ن، به‌پێى بارى دارایى نه‌خۆشه‌که له ده‌رمانه زۆر پێویسته‌کانه‌وه کۆرسه‌که‌ى بۆ دیاریده‌که‌ین و هاوکارى ده‌بین و به‌پێى حاڵه‌تى زۆر پێویستى پشکنینه‌کانى بۆ دووباره ده‌که‌ینه‌وه«.
دکتۆر هاوڕێ وتیشى «نه‌خۆش هه‌یه بارى ته‌ندروستى خراپه‌و هه‌ژاریشه، که سه‌ردانى نه‌خۆشخانه حکومییه‌کان ده‌کات هیچ جۆره ده‌رمان و پشکنینێکى بۆ ناکرێت به‌بێ پاره، ته‌نیا ئۆکسجین هه‌یه«.
وتیشی «ئه‌گه‌ر نۆرینگه‌کان نه‌بن، تواناى ئێستاى که‌رتى ته‌ندروستى حوکمى ناتوانێت فریاى ئه‌و تووشبووه زۆره‌ى کۆرۆنا بکه‌وێت و دۆخه‌که له‌کۆنتڕۆڵ ده‌رده‌چێت».
هه‌ر نه‌خۆشێکى کۆرۆنا سه‌ره‌تا تووشى کۆرۆنا ده‌بێت پێویسته پشکنینى کۆرۆنا بکات که‌نرخى (60) هه‌زار دیناره، که ده‌رکه‌وت هه‌ڵگرى ڤایرۆسه‌کەیە پێویسته دواى دووهه‌فته دووباره‌ى بکاته‌وه، واته دووجار پشکنینى کۆرۆناى پێویسته که‌تێچووى هه‌ردوو پشکنینه‌که ده‌کاته (120)هه‌زار دینار بۆ یه‌ک توشبوو.
دواى یه‌ک هه‌فته له پشکنین که‌سى تووشبوو ئه‌گه‌ر له‌ناو نه‌خۆشخانه‌کانى کۆرۆنادا چاره‌سه‌ر وه‌ربگرێت رۆژانه یاخود دوو رۆژ جارێک پشکنینى ( پشکنینى خوێن، مادده‌ى ئاسن، خه‌ستبوونه‌وه‌ى خوێن)ى بۆ دووباره ده‌کرێته‌وه که به کۆى گشتى نرخه‌که‌یان ده‌گاته (50 بۆ60) هه‌زار دینار بۆ هه‌ر جارێک.
له‌حاڵه‌تى تووشبوودا که به‌ئاستى مامناوه‌ند یان توند دیاریده‌کرێت، تووشبووه‌که به‌پێى ئیلتیهاباتى سه‌ر سنگى رێژه‌ى وه‌رگرتنى ئۆکسجینى بۆ دیاریده‌کرێت، که هه‌ر بتڵێکى بچووکى ئۆکسجین له (18بۆ30) هه‌زاره‌وه ده‌ستپێده‌کات تا (100)هه‌زار دینار، که تووشبوویه‌ک هه‌ر پێویستى به ئۆکسجین بێت، رۆژانه پێویستى به (5) بتڵ ئۆکسجین ده‌بێت.
ده‌رزی بۆ تووشبوویه‌کى کۆرۆنا هه‌ریه‌که‌ى نرخى (5) هه‌زار دیناره، که‌هه‌ر تووشبوویه‌ک پێویستى به‌ده‌رزى بێت له (10) ده‌رزى که‌مترى بۆ به‌کارنایه‌ت، واته نرخى ( 10)ده‌رزى بۆ تووشبوویه‌ک (50) هه‌زار دیناره، ئه‌گه‌ریشى هه‌یه ئه‌م ده‌رزیانه‌ى بۆ دووباره بکرێته‌وه.
له‌حاڵه‌تى زۆر توندى تووشبوون به‌ڤایرۆسى کۆرۆنا ئه‌گه‌رى هه‌یه تووشبووه‌که پێویستى به‌ئامێرى هه‌ناسه‌دانى ده‌ستکرد ده‌بێت، که له‌ده‌ره‌وه‌ى نه‌خۆشخانه‌کانى کۆرۆناو نه‌خۆشخانه حکومییه‌کاندا نرخه‌که‌ى ته‌نیا بۆ شه‌وێک یه‌ک ملیۆن و (700) هه‌زار دیناره.
پزیشکه‌که‌ى کۆرۆنا ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه له‌ئێستادا نه‌خۆشخانه‌یه‌کى ئه‌هلى تایبه‌ت نیه که تووشبووى کۆرۆنا وه‌ربگرێت، به‌ڵام له‌ماڵه‌وه چاودێریى ده‌کرێن و ده‌رمان وه‌رده‌گرن.
بژار مو‌سا، وته‌بێژى ته‌ندروستى هه‌ولێر، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتی وت «تیچووى نه‌خۆشى کۆرۆنا ناتوانرێت به‌خه‌مڵاندنیش دیاری‌بکرێت، چونکه به‌پێى ئاستى تووشبوون و به‌رگرى نه‌خۆشه‌که ده‌گۆڕێت».
هه‌روه‌ها وتیشى «له‌سنورى پارێزگاى هه‌ولێر هه‌موو پشکنین و ده‌رمانه‌کان بۆ ئه‌و نه‌خۆشخانه‌ى له‌ناو نه‌خۆشخانه‌کانن به‌بێ به‌رامبه‌ر ده‌کرێت و هیچ بڕه پاره‌یه‌ک له‌نه‌خۆش وه‌رناگیرێت».
هەندێ لەپزیشکان دەڵێن تێچووى تووشبوویه‌کى کۆرۆنا زۆر گرانترو قورستره له تووشبوویه‌کى شێرپه‌نجه یان هه‌ر نه‌خۆشییه‌کى دیکه‌ى درێژخایه‌ن.
هەندێک لەو چارەسەرانەی بەکاردەهێنرێن بریتین لەدژه به‌کتریا و ڤیتامینات و چارەسەر بۆ به‌رگرى و رێگەگرتن لەخه‌ستبوونەوەی خوێن و ده‌رزى هەوکردن.
پزیشکێک له‌نه‌خۆشخانه‌ى تایبه‌ت به‌چاره‌سه‌رى کۆرۆنا، داوای کرد ناوی نەهێنرێت، وتی «ماوه‌ى پێشتر ده‌رزى هه‌بوو له (200) دۆلاره‌وه تا (800) دۆلار، هه‌ر نه‌خۆشێک (7بۆ10) ده‌رزى پێویست ده‌بوو، بۆیه تێچووه‌که له نه‌خۆشێکه‌وه بۆ نه‌خۆشێکى دیکه جیاواز ده‌کات».
ده‌رزى ئهکتێمرا هه‌یه که بۆ هه‌موو نه‌خۆشێک ناکرێت، ئه‌م ده‌رزییه نرخى هه‌زار دۆلاره، ته‌نیا به‌و تووشبووانه ده‌درێت که نیشانه‌ى قورسیان هه‌یه یان له‌به‌شى چاودێرى چڕدان.
ئه‌م پزیشکه وتیشى « ئه‌م ده‌رزیه بۆ هه‌موو نه‌خۆشێک ناکرێت، به‌ڵام نه‌خۆش هه‌یه دووجار وه‌ریگرتووه«.
جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه «نه‌خۆشمان هه‌یه رۆژانه پشکنینى بۆ دووباره ده‌کرێته‌وه و هه‌مانه دوو رۆژ جارێک یاخود هه‌فتانه، بۆیه ئه‌گه‌ر به‌زانستى بکرێت ده‌بێت رۆژانه پشکنینه‌کان دووباره بکرێته‌وه، به‌ڵام ئێمه له‌به‌ر گیرفانى خه‌ڵک چاوپۆشى له‌بابه‌ته زانستییه‌که ده‌که‌ین».