بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق 372 قەوارە خۆیان تۆمار دەکەن
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەستیکردووە بە مامەڵەی ئامادەکردنی هەڵبژاردنە پەرلەمانیە پێشوەختەکان کەبڕیارە حوزەیرانی 2021 ئەنجامبدرێن، بەرپرسێکی هەڵبژاردن چوارشەممە (28ی تشرینی یەکەم) بەدیارونای وت.
هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بەتایبەتی بۆ عێراق گرنگن، کە لەتشرینی یەکەمی رابردووەوه خۆپیشاندانی زۆری تێدا بووە دژی گەندەڵی و کردهوهکانی میلیشیاکانی سەر بەئێران.
پەرلەمانی عێراق پڕە لەهاوپەیمانێتی هاوسۆزی ئێران کەدژی چاکسازییە سیاسییەکانن، چونکە دەیانەوێت دڵنیابن لەوەی ئامادەییەکی بەهێزیان دهبێت لەپەرلەمانی داهاتوودا، سەرەڕای ناڕەزایی فراوانبووی جەماوەری لهپێشێلکاریەکانیان کە سوود بهئێران دهگهیهنن، لەسەر حسابی عێراق.
وتەبێژی کۆمسیۆنهکه، جومانە غولای وتی کۆمسیۆن دەستیکردووە بە رێکارەکانی ئامادەکاری بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن، سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی دەبێتەوە.
باسی لەوەشکرد لەنێو ئەمانەدا نەبوونی پشتیوانی دارایی، بەربەستەکانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید-19) و ئەو راستییەی کە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن تەواو نەبووە.
پەرلەمانی عێراق پلانی دانا بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێک بۆ دەرکردنی ڤێرژنێکی هەموارکراوی یاسایەکی نوێی هەڵبژاردن کە وڵاتەکە دابەشدەکات بۆ چەندین یەکەی هەڵبژاردن، لەجیاتی یەک یەکە.
وەک بەشێک لەئامادەکارییەکان، ناوەندەکانی تۆماری هەڵبژاردن لەبەغدا و پارێزگاکانی دیکە دەرگاکانیان دەکەنەوە لە رۆژانی پشووی هەفتەو پشووە فەرمیەکاندا بۆ پێشوازیکردن لە دەنگدەران کەهەوڵدەدەن کارتی دەنگدانی (بایۆمەتری)یان نوێبکەنەوە. کارتە نوێکان وێنەیهکی کهسهکه و (10) پەنجەمۆر لهخۆدهگرن.
غولای وتی «ناوەندەکان کارتە نوێکان بۆ ئەو کەسانەش دەردەکەن کە کارتەکانیان تێکچووه یان ونبوون و وتیشی تێچووی نوێکردنەوە لەئێستادا وەرناگیرێت.»
وتیشی «ناوەندەکانی کۆمسیۆن دەستیانکردووە بە تۆمارکردنی ئەو دەنگدەرە نوێیانەی بەمدواییانە گەیشتونەتە تەمەنی دەنگدان (ئهوانهی 2001 و 2002 لەدایکبوون) لەگەڵ خەڵکانی ئاوارە».
ههروهها وتی «تیمە گەڕۆکەکان نێردراون بۆ دەزگا فەرمییەکان و گەڕەکەکان بۆ تەواوکردنی تۆمارو نوێکردنەوەی کارتەکانی ئەو کەسانەی ناتوانن سەردانی ناوەندەکان بکەن. لەنێو ئەوانەدا کەسانی نەخۆش و کەمئەندام و بهتهمهنان».
(26 ) ملیۆن کەس مافی دهنگدانیان ههیه
کۆمسیۆنەکە تائێستا داوای (300) قەوارەی پێگەیشتووە کە دەیانەوێت خۆیان بپاڵێون بۆ هەڵبژاردنی نوێ و (72) قەوارەی دیکەش لەئێستادا لە پرۆسەی خۆتۆمارکردندان.
غولای وتی «کۆمسیۆنی هەڵبژاردن مەبەستێتی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی بکات کە تایبەتمەندە لە تەکنەلۆژیای یاریدەدەری کۆمپیوتەری بۆ دەنگدان و ژماردنی دەنگەکان».
هەروەها وتی «لیژنەیەکی تەکنیکی پێکهاتوو لەنوێنەری وەزارەت و رێکخراوە پەیوەندیدارەکان، بەرپرس دەبن لە چاودێریکردنی کارەکانی کۆمپانیاکە و دڵنیاییدان لەوەی پێوەرەکانی راستگۆیی و وردێتی و شەفافیەت لەپرۆسەی ههڵبژاردنهکهدا پارێزراو دهبن.»
وتیشی کۆمسیۆنەکە «چەندین هەوڵیشی بەگەڕخستووە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری جەماوەری دەربارەی گرنگیی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا».
هەڵمەتهکهی هۆشیاری جەماوەری پۆستەرو ڤیدیۆ لهخۆدهگرێت و ناوەندی کۆمسیۆن هەماهەنگی دەکات لەگەڵ وەزارەتی پەیوەندیەکان بۆ ناردنی زانیاری بە نامە بۆ مۆبایلی دەنگدەران و بۆ گەشەدان بە بەرنامەیەکی خۆڕایی کە رێبدات بەدەنگدەران بەدوای دۆخی کارتی دەنگدانەکانیاندا بچن.
لایەنەکانی سەر بەئێران هەڕەشە لەهەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق دەکەن
پسپۆڕان هۆشداریدەدەن لەوەی میلیشیاکانی سەربەئێران بەئاسانی دەستبەرداری رووکاری سیاسیی خۆیان نابن کە رێیانپێدەدات دەستتێوەردان لەکاروباری ناوخۆی عێراقدا بکەن.
عێراقیەکان بەهیوان هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکانی داهاتوو نەخشەی سیاسی لەوڵاتەکەیاندا بگۆڕێت بەجڵەوکردنی نفوزی لایەنەکانی سەر بەئێران.
ئەو خۆپیشاندانە جەماوەریانەی لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا دەستیانپێکرد دژی گەندەڵی و کردهوهکانی میلیشیاکان بوونەتە هۆی تووڕەییهکی جەماوەریی زۆر کەدەکرێت ببنەهۆی لهدهستدانی دهنگ بۆ ئەو لایەنانە.
بهگوێرهی ئاژانسی فرانس پرێس، سەرەکوەزیرانی عێراق مستەفا کازمی لەوتارێکیدا بۆ خهڵکی وڵاتهکه لە 24ی تشرینی یەکەم وتی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکانی حوزەیرانی 2021، کە لهئهنجامی وەڵامدانەوەی داواکانی خۆپیشاندەراندا هاتهپێشهوه، ئەنجامدەدرێن.
پەرلەمانی عێراق پڕە لەلایەنەکانی سەربەئێران کە دژی چاکسازیی سیاسیی بەرچاون، لەکاتێکدا مشتومڕ لەسەر یاسایەکی نوێی هەڵبژاردن دەکرێت.
پیاوی باڵای ئاینی شیعەی عێراق عەلی سیستانی پشتیوانی لههەڵبژاردنە پێشوەختەکان کردو هانی عێراقیەکانی دا بۆ بەشداریکردنێکی بهرفراوان تێیاندا.
هۆشداریشی دا لەوەی دواخستنی هەڵبژاردنەکان یاخود ئەنجامدانیان بەبێ دابینکردنی دۆخی گونجاو بۆ دڵنیابوون لەسەرکەوتنیان «کێشەکانی وڵاتەکە قوڵتر دەکاتەوە».
ئاستەنگ بۆ دەسەڵاتی دەوڵەت
مامۆستای پەیوەندییە ئابورییەکان لەزانکۆی عێراقیە، عەبدولڕەحمان مەشهەدانی وتی خۆپیشاندانەکان دەریانخست کە لایەن و میلیشیاکانی سەربەئێران «هیچ پشتیوانییەکی جەماوەرییان نییە».
وتی «توڕەیی جەماوەریی زیاد دەکات دژی پێشێلکارییەکانی ئەم گروپانەو دەکرێت ئەمە سەربکێشێت بەزیانی ئەو لایەنانەی هاوپەیمانی ئێرانن لەڕووی دەستڕاگەیشتنهوه بەنوێنەرایەتی لە پرۆسەی سیاسییدا».
مەشهەدانی وتی «گۆڕانکاری لەدیمەنی سیاسیی عێراقیشدا پەیوەستە بەدابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەت بۆ هەڵبژاردن کە ئازادبێت لە نفوزی گروپە چەکدارەکان».
وتیشی «ئەمە ئاستەنگێکی سەرەکییە بۆ حکومەت، چونکە گروپەکانی سەر بەئێران چەکی نایاساییان پێیە و «شەرم ناکەن لە ئەنجامدانی هەر کارێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان».
پسپۆڕان دەڵێن دەسەڵاتی سیاسیی پارە و چەکی دهست گروپەکانی سەر بەئێران بوونەتە هەڕەشەیەکی جددی و گروپەکان دەکرێت نفوزیان بەکاربهێنن لەپرۆسەی سیاسییدا، وەک لە هەڵبژاردنەکانی 2018 ئەنجامیاندا.
توێژەری کاروباری سیاسی و پسپۆڕی سەربازی، ئەیاد توفان بە دیارونای وت: « لەڕێی کردەکانیانەوە، بەردەوام هەوڵیانداوە لەبایەخی هێزی یاسا کەمبکەنەوە، لە رۆڵی هیزە ئەمنی و دەزگا فەرمییەکان بدەن و زیانبدهن لەئاسایش و بەرژەوەندیی عێراقیەکان.
وتی هەروەها هەڕەشە لەئاشتی مەدەنیی عێراق دەکەن و ئاماژەیکرد بەسووتاندنی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبەغدا، دوای ئەوەی سەرکردەیەکی حزبەکە، هۆشیار زێباری، داوای ئەوەی کرد میلیشیاکان لەناوچەی سەوز دەربکرێن.
توفان وتی میلیشیاکان «بەئاسانی دەستبەرداری رووکاری سیاسی خۆیان نابن بۆ دەستتێوەردان لە پرۆسەی دروستکردنی بڕیاری نیشتمانی و پاراستنی نفوزی خۆیاندا بەمەبەستی خزمەتکردن بەپرۆژەی ئێران».
هۆشدارییدا لەوەی رەنگە هەوڵبدەن دۆخی ئەمنی بشێوێنن پێش هەڵبژاردنەکان.
پرۆسەیهکی سیاسیی نوێ
گروپەکانی دڵسۆزی ئێران، لەنێویاندا عەسائیب ئەهل حەق بەسەرکردایەتی قەیس خەزعەلی و رێکخراوی بەدر، لەئێستادا بەشێکن لەهاوپەیمانێتی فەتح، که فراکسیۆنێکی پەرلەمانییە.
پسپۆڕی بواری ئاسایش، مەجید قەیسی وتی «ئەم گروپانە نفوزیان بەکاردەهێنن بۆ دڵنیابوون لەوەی ئامادەییەکی بەهێزیان دهبێت لەپەرلەمانی داهاتوودا».
وتیشی «دەستیانکردووە بە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنەکان بەگۆڕینی سەرکردە سەربازییەکانیان بە سەرکردەی سیاسی، بەڵام سەرەڕای ئەمە، ژمارەی کورسییە پەرلەمانیەکانی ئەم میلیشیایانە دەکرێت لە (47) کورسییەوە ببنە (10 بۆ 12) کورسی».
هەروەها وتی «بۆئەوەی ئەمە رووبدات، دەوڵەت دەبێت چەند هەنگاوێک بنێت بۆ سنووردارکردنی بوونی چەک، جێبەجێکردنی یاسایەکی روون و دادپەروەردانەی هەڵبژاردن و لەهەمووی گرنگتر، تەواوکردنی رێژەی دیاریکراوی دادگای فیدراڵی».
وتیشی «گوڕی جەماوەری کە هەژموونی ئەم میلیشیایانە رەتدەکاتەوە، گرنگییەکی زۆری هەیە لە بەرهەمهێنانی پرۆسەیەکی سیاسی و دیموکراتیی نوێ لەعێراقدا».